سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » بروسكه‌كانی‌ ده‌م ره‌شه‌با

بروسكه‌كانی‌ ده‌م ره‌شه‌با

محه‌مه‌د عه‌زیز

له‌ عه‌رعه‌ره‌وه‌ بۆ چه‌می‌ زه‌ڵم و
لێره‌وار و گوڵزاره‌كانی‌ ئه‌وێ
هه‌ر له‌و ساڵه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ قه‌عقاع
به‌خزمه‌تتان گه‌یشتم
ئیتر من عاشقی‌ سه‌رمه‌ستی‌ تۆم
شه‌و نییه‌ نه‌بیته‌ هاوسه‌رم و
دوای ماندوویی هه‌ر فه‌رزێكیش پێیه‌كانم
له‌ ئاوی‌ شله‌تێنا نه‌شۆی‌
بیرت نه‌چێ‌.. تۆ بۆ منی‌ یا بۆ گڵ ..

له‌ ئاسۆی‌ ده‌مكه‌له‌وه‌ بۆ شار
هه‌موو به‌یانییه‌ك من شه‌پۆله‌تیشكی‌
قژی زه‌ردم
ده‌خسته‌ نێو ده‌سته‌كانت
ساڵ هات و چوو
هه‌ر نه‌هاتی‌ و منت له‌ خۆت ماره‌ نه‌كرد
له‌ بری‌ من به‌زم و ره‌زمی‌ ژه‌مێكی‌
ناپاكییت هه‌ڵبژارد.
من وه‌ڕس بووم..
ته‌نانه‌ت له‌ شاعیری‌ چاو له‌ گزنگی‌ ده‌مكه‌لیش!

له‌ نێرگزه‌جاڕی‌ كوێستانه‌وه‌
بۆ گوڵفرۆشی‌ به‌دمه‌ست
ئه‌ی‌ نازانن دوای‌ ته‌زین و زوقمی‌ وڵات
له‌ دوای‌ كڕێوه‌ و زریاندا
به‌ چ ده‌ردێك سه‌رده‌رێنم؟
ئه‌ی‌ ناڵه‌ و نوزه‌ی‌ من نابیستن كه‌
له‌گه‌ڵ حه‌ماسی‌
هه‌موو سه‌ره‌تایه‌كی‌ به‌هاردا
ئێوه‌ له‌ خاكم داده‌بڕن و
بۆ چه‌ند كاژێرێك بۆنكردن ده‌مكوژن؟

له‌ تاشه‌به‌ردێكی‌ سه‌فینه‌وه‌ بۆ كوڕگه‌لی‌ ئازا
ئای‌ كه‌ سه‌یره‌
ئه‌و رۆژگاره‌ی‌ به‌ نوكه‌شه‌ق چه‌ند گینگڵتان
به‌ من دا
كه‌چی‌ من هه‌ر خۆشمویستن و
له‌ ئامێزما بۆنمكردن
سنگی‌ خۆم بۆ دانه‌ به‌ر گولله‌ی دوژمن..
كاتێكیش له‌ ناكاوا
یه‌ك یه‌ك هه‌نگاوه‌كانتان دووركه‌وتنه‌وه‌ و
له‌ چاو ون بوون
بۆ یه‌ك جاریش نه‌هاتنه‌وه‌!

له‌ چڵه‌ زه‌یتونی‌ گاورباخییه‌وه‌
بۆ كوڕانی‌ مانگرتوو
له‌و ڕۆژه‌وه‌ چڵ چڵ خۆمان خزانده‌ ده‌ستی‌
پڕ حه‌ماس و
به‌ره‌و ئاسمانی‌ ئێوه‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌.
كه‌چی‌ ئاشتی‌ هه‌ر نه‌هات و ئێمه‌ش
ساڵ به‌ ساڵ وه‌كو قه‌قنه‌س ره‌ش بووینه‌وه‌.

print

 39 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*