سەرەکی » ئەدەب و هونەر » چیرۆكی به‌رخودان، فیله‌كان و مێرووه‌شه‌له‌ی ریشسوور

چیرۆكی به‌رخودان، فیله‌كان و مێرووه‌شه‌له‌ی ریشسوور

رۆژدا ئاڵاك

له‌ توركییه‌وه‌: فه‌رهاد چۆمانی

«ئه‌گه‌ر گه‌لێك جگه‌ له‌وه‌ی شێوازی مه‌رگی خۆی هه‌ڵبژێرێت هیچی تری بۆ نه‌مابێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر تاكه‌ دیارییه‌ك له‌ داپڵۆسێنه‌ره‌كانییه‌وه‌ بۆی مابێته‌وه‌ بێ هیوایی بێت، كه‌واته‌ ئه‌و گه‌له‌ چی هه‌یه‌ له‌ ده‌ستی بدات؟» ژان پۆڵ سارته‌ر

یه‌شار كه‌مال چیرۆكی داگیركه‌ر و گه‌لێكی داگیركراو ده‌گێڕێته‌وه‌. «فیلم وه‌ك گه‌وره‌ترین گیاندار وه‌ك داگیركه‌ر هێنا. بۆ نیشاندانی زۆرینه‌ و خاوه‌ن داهێنانیش له‌ كاركردندا مێرووله‌م هێنا. له‌ حیكایه‌تی زۆر میلله‌تانیشدا به‌و شێوه‌یه‌« واده‌ڵێت و زیاتر له‌سه‌ری ده‌ڕوات: «ده‌زانی چ شتێك غه‌مگینم ده‌كات، ئه‌وانه‌ی ئه‌و كتێبه‌ ده‌خوێننه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت منداڵان هه‌رگیز فیله‌كانیان خۆش ناوێت، ئه‌مه‌ زۆر ئازارم ده‌دات…» ئه‌گه‌رچی وه‌ك چیرۆكی منداڵان نووسراوه‌، به‌ڵام به‌و په‌یكه‌ربه‌ندییه‌ خوازه‌یی و ئاماژه‌داره‌ی هه‌یه‌تی واده‌كات به‌وچاوه‌ سه‌یری بكه‌ین كه‌ بۆ گه‌ورانیش قووڵاییه‌كی كۆمه‌ڵناسانه‌ی هه‌یه‌. له‌وه‌ته‌ی دنیا دنیایه‌ هه‌میشه‌ ململانێ و شه‌ڕی نێوان چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه‌ هه‌ر هه‌بووه‌ و هه‌ر ده‌بێت، كاتێك له‌و ره‌هه‌نده‌وه‌ ده‌یخوێنینه‌وه‌، ئه‌وا یه‌شار كه‌مال له‌ جیاتی هه‌موو چه‌وساوه‌كانی دنیا قسه‌ ده‌كات. ره‌نگبێ ئه‌م رسته‌یه‌ی كۆتایی، كه‌ پڕیه‌تی له‌ ئومێد و بوێری و زات وه‌به‌ر مرۆڤ ده‌نێت، ره‌نگه‌ خه‌ونی یه‌شار كه‌مال بێت «ئه‌گه‌ر هاتبا و هه‌موو مێرووله‌كانی دنیا یه‌كیان گرتبا…» كتێبه‌كه‌ به‌م رسته‌یه‌ ده‌ستپێده‌كات «قسه‌ بكه‌« و سه‌ركرده‌ی په‌پووه‌كان ده‌ست به‌ قسه‌ ده‌كات. سه‌ركرده‌ی په‌پووه‌كان باڵنده‌یه‌كه‌. هه‌م زمانی مێرووله‌كان ده‌زانێت هه‌م هی فیله‌كان. ماوه‌یه‌ك له‌ وڵاتی مێرووله‌كاندا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وان ده‌خوات و ده‌خواته‌وه‌ و دۆستانه‌ كاتیان له‌گه‌ڵ به‌سه‌ر ده‌بات. كاتێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئیتر ده‌بێته‌ گه‌وره‌ترین یاریده‌ده‌ری سوڵتانی فیله‌كان. سوڵتانی فیله‌كان زانیارییه‌ به‌راییه‌كانی خۆی له‌ سه‌ركرده‌ی په‌پووه‌كان وه‌رده‌گرێت. نه‌ك ته‌نیا زانیاری پێده‌دات، به‌ڵكو بیرۆكه‌ی چۆنیه‌تی داگیركردن و پاكتاوكردنی مێرووله‌كانیش ده‌داته‌ سوڵتانی فیله‌كان. سوود و قازانجی ره‌چاوكراویش له‌ پشتگرتنی فیله‌كان ئه‌وه‌یه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی كار بكات و ماندووبێت له‌ نێو ئه‌و كۆشكه‌دا بژی كه‌ خه‌ونیه‌تی. تراژیدیای ئه‌مه‌ له‌وه‌دایه‌ مێرووله‌كان واده‌زانن سه‌ركرده‌ی په‌پووه‌كان نێوه‌ندگیرێكی دۆستیان هه‌یه‌. یه‌كه‌م هه‌نگاوی سیاسه‌تی داگیركارانه‌ی دژ به‌ مێرووله‌كان ئه‌وه‌یه‌ شاری مێرووله‌كان وێران بكرێت و به‌بێ ئه‌وه‌ی مێرووله‌كان بكوژن و پێپه‌ست بكرێن بیانترسێنن و وایان لێ بكه‌ن ملكه‌چیان بن. ترس گه‌وره‌ترین هۆكاری هۆگرییه‌. داگیركاری ده‌ستپێده‌كات. فیله‌كان هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر وڵاتی فیله‌كان، وێرانی ده‌كه‌ن، زۆربه‌ی مێرووله‌كان ده‌كوژن. دواتر دێنه‌ به‌رده‌م مێرووله‌كان و «ئه‌وه‌ ئێوه‌ بوون ده‌ستتان به‌شه‌ڕكرد. فێڵبازانه‌ هێرشتان كرده‌ سه‌رمان. ئێمه‌ش رۆژی ره‌شمان نیشاندان.» وایان گوت. له‌وه‌ودوا هه‌ر مێرووله‌یه‌ك ملكه‌چیان نه‌بێت ده‌كوژرێت. مێرووله‌كان له‌پێناوی رزگاركردنی سه‌ری خۆیان ملكه‌چیان بۆ سوڵتانی فیله‌كان به‌یان ده‌كه‌ن. یه‌كه‌م داواكاری سوڵتانی فیله‌كان له‌ مێرووله‌كان ئه‌وه‌یه‌ كۆشكێكی رازاوه‌ی بۆ دروست بكه‌ن.

هه‌نگاوی دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌بیریان بچێته‌وه‌ كه‌ مێرووله‌ن ده‌بێ زمانی خۆیان له‌بیر بچێته‌وه‌. بۆ ئه‌مه‌ش خوێندنگه‌ی بوونه‌ فیل بنیات ده‌نێن و زمانی مێرووله‌كان قه‌ده‌غه‌ ده‌كه‌ن. له‌بیرچوونه‌وه‌ی زمانه‌كه‌یان یه‌كسانه‌ به‌ كوشتنی ته‌واوی مێرووله‌كان. هه‌ر كه‌ مێرووله‌كان له‌دایك ده‌بن فێریان ده‌كه‌ن و ره‌مه‌كی ئه‌وه‌یان ده‌خه‌نه‌ به‌ر گوێ كه‌ فیلن. هه‌نگاوی سێیه‌میش ئه‌وه‌یه‌ مێرووله‌كان له‌نێو خۆیاندا په‌رته‌وازه‌ بكه‌ن و به‌گژ یه‌كترییانه‌وه‌ بنێن و كینه‌یان له‌ نێواندا دروست بكه‌ن. یه‌شار كه‌مال له‌م به‌شه‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌كی گرنگی سۆسیۆلۆژیانه‌ ده‌كات. له‌ نێو مێرووله‌ زه‌رده‌كاندا، ته‌مبه‌ڵترین و بێ به‌رهه‌مترین مێرووله‌كان، ئه‌وانه‌ی كه‌ ناتوانن به‌ڕی خۆیان له‌ ئاو ده‌ركه‌ن گرووپی ملكه‌چی بۆ فیله‌كان و هه‌واڵده‌رییان تێدا دروست ده‌بێت. چونكه‌ ئه‌وان برسی و ته‌مبه‌ڵ بوون. سوڵتانی فیله‌كان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر سكیان تێر بكه‌ین و پشتیان به‌ چاكی بگرین، هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن. بۆیه‌ له‌گه‌ڵیان رێكده‌كه‌وێت. مێرووه‌ زه‌رده‌كان به‌وپه‌ڕی خۆشحاڵییه‌وه‌ قبووڵی شۆڤاری ده‌كه‌ن. هه‌ر ته‌نیا ئه‌وه‌ی بمێنن و خواردنیان هه‌بێت، هۆكاری بوون بۆ ئه‌وان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه‌. هه‌نگاوی چواره‌م بڕیاردانه‌ له‌ جیاتی مێرووله‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چی راسته‌ و بڕوایان به‌چی هه‌بێت. بۆ ئه‌وه‌ی وابكه‌ن هه‌ر بیر نه‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ بیركردنه‌وه‌ ترسناكه‌، هه‌نگاوی یه‌كه‌می ئازادبوونه‌. بۆئه‌مه‌ش رۆژنامه‌، ته‌له‌فیزیۆن و كتێب دێنه‌ نێو باسه‌كه‌.

له‌هه‌رچوار لای وڵاتدا بڵندگۆ داده‌نرێن، به‌درێژایی رۆژ ئه‌وه‌ به‌یان ده‌كرێت كه‌ فیله‌كان سروشتێكی له‌بانتر و به‌رزتریان هه‌یه‌. په‌سنی فیل بوون ده‌درێت. به‌ تێپه‌ڕبوونی كات ئه‌و فیلانه‌ی له‌ خوێندنگه‌كانی فیله‌كان په‌روه‌رده‌كراون ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن. دێنه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و مه‌د و سه‌نای فیل بوون ده‌كه‌ن. مێرووه‌كان زمانی خۆیان له‌بیر ده‌كه‌ن، مێرووله‌بوونی خۆشیان. به‌ یه‌ك نه‌وا پڕ به‌ ده‌میان به‌یه‌كه‌وه‌ هاواریان ده‌كرد:»مێرووله‌كان هه‌موویان فیلن، مێرووله‌كان هه‌موویان فیلن…» ئه‌مه‌ ئه‌و ساته‌یه‌ كه‌ سوڵتانی فیله‌كان درێژترین قاقای تێدا ده‌كێشا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شتێك هه‌بوو له‌بیری نه‌كردبوو. ئه‌وه‌ی له‌بیری نه‌كردبوو مێرووله‌یه‌ك بوو كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ساتی یه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌موو شتێك به‌گوێری ویست و خواستی چووبووه‌ پێش، به‌ڵام ئه‌و مێرووله‌یه‌ ترسی له‌ گیانی سوڵتان گێڕا بوو. مێرووه‌ شه‌له‌ی ریشسوور، كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاوه‌ ملكه‌چی سوڵتانی فیله‌كان نه‌بووبوو، دواتر له‌به‌رچاوان ون بووبوو. له‌گه‌ڵ مێرووه‌ ریشسووره‌كانی تر رووی له‌ چیاكان كردبوو. سه‌رقاڵی بیركردنه‌وه‌ بوو له‌وه‌ی چۆن بتوانن له‌ژێر داگیركاری فیله‌كان قوتاریان ببێت. غه‌مگین و بێ هیوا بوو. چونكه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ی بێ سره‌وت كتێبی ده‌خوێنده‌وه‌ و بیری ده‌كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ربازێكی بۆ رزگاركردنی مێرووله‌كان له‌ داگیركاری فیله‌كان نه‌ده‌دۆزییه‌وه‌. رۆژێك نه‌وایه‌ك به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ دڵییه‌وه‌ڕا دێت. ئه‌مه‌ ئه‌و نه‌وایه‌ بوو هه‌ر كه‌ مێرووله‌كان گوێیان لێ ده‌بێت مێرووله‌كان مێرووێتی خۆیان دێته‌وه‌ بیر. مێرووه‌شه‌له‌ی ریشسوور هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌، سه‌رجه‌م مێرووله‌كان یه‌ك ده‌خات. ریشسوور له‌ هه‌مانكاتدا ئاسنگه‌ریشه‌، خوازه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ره‌. به‌هه‌مان شێوه‌ی كاوه‌ی ئاسنگه‌ر چی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر پاشای ئاشووردا سه‌ربكه‌وێت، ئه‌میش هه‌ر وا ده‌كات.

له‌سه‌ر دووندی كێوه‌ به‌رزه‌كانی ده‌وروبه‌ری شار ئاگر ده‌كاته‌وه‌. دووكه‌ڵ به‌رز ده‌بێته‌وه‌. مانای ئه‌مه‌ش رووخانی كۆشكه‌كان، شكستی زاڵمان و كۆتایی زوڵـه‌. ئاماژه‌ی ده‌ستپێكی ژیانی ئازادی، یه‌كسانی و برایه‌تییه‌.

له‌ كتێبه‌كه‌دا یه‌شار كه‌مال به‌شاره‌زایی و وه‌ستایی خۆیه‌وه‌ ئه‌م به‌شانه‌ی نووسیوه‌:
1
كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ زمانه‌. سه‌ره‌تا زمانه‌كه‌یان له‌بیر ده‌كه‌ن و به‌مه‌ش بیریان ده‌چێته‌وه‌ كه‌ مێرووله‌ن. له‌ جیاتی سه‌ربڕینی مێرووله‌كان وا باشتره‌ زمانیان ببڕین.
2
نه‌بێ هیچ مێرووله‌یه‌ك چاوی ببنه‌وه‌، ده‌بێ یارییه‌كی وه‌ها دابێنین بیر له‌ تاكه‌ یه‌ك وشه‌ش نه‌كه‌نه‌وه‌. هه‌ر بیر بكه‌نه‌وه‌ دره‌نگ یان زوو رێگه‌ی گه‌یشتن به‌ رزگاری ده‌دۆزنه‌وه‌.
3
سه‌ربازی فیله‌كان به‌زه‌یی نییه‌. سه‌ربازی فیل بۆ پاراستنی دوایین وڵاتی فیله‌كان هه‌ر دڵی به‌لای به‌زه‌ییدا ناچێت. سه‌ربازه‌كان فریاد و فیغانی ئه‌وان نابیستن، ئه‌و خوێنه‌ی ده‌ڕژێ نابینن، ئه‌و سه‌رانه‌ی په‌ل ده‌درێن. هه‌ر باشه‌ نابینن و به‌م شێوه‌ بێبه‌زه‌ییانه‌ درێژه‌ به‌ شه‌ڕه‌كه‌ ده‌ده‌ن.
4
مرۆڤ دڵی خۆی فرۆشتووه‌، دڵ وه‌ك دڵ نه‌ماوه‌ته‌وه‌. عه‌شق، خۆشه‌ویستی، دۆستایه‌تی، برایه‌تی، ئاشته‌وایی، گه‌رمایی خوێن و جوانی هه‌ڕاج كردووه‌، مرۆڤ له‌ مرۆڤبوون كه‌وتووه‌. بووه‌ته‌ شتێكی تر.
5
ترسی زیاتر بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌. هه‌زاران خوداوه‌ند له‌ ترس دروست ده‌كه‌ین. ئاگری تاكگه‌رایی به‌ ترسه‌وه‌ په‌رش ده‌كه‌ینه‌وه‌. له‌و شوێنه‌ی خۆشه‌ویستی لێیه‌ تاكگه‌رایه‌تی ناگیرسێته‌وه‌. زینهار نابێ رێگه‌ به‌ خۆشه‌ویستی بده‌ن. ئه‌گه‌ر ئه‌وان یه‌كدیان خۆشبوێت، زوو یان دره‌نگ رێگه‌یه‌ك ده‌دۆزنه‌وه‌ بۆ شكستپێهێنانی ئێمه‌.
6
نابێ ده‌رفه‌تی سه‌رخوراندنیش به‌و مێروولانه‌ بده‌ین. ده‌بێ به‌رده‌وام كار و برسیه‌تی و نه‌بوونیان بێت، ده‌بێ به‌رده‌وام له‌ داهاتوویان بترسن. ئه‌م ترسه‌ ئه‌وان كه‌ڕ و كوێر و شێتگیر ده‌كات و واده‌كات مێشكیان كار نه‌كات.
7
یه‌كه‌م كاری ئێمه‌ كوشتنی ئومێدی ئه‌وانه‌. ئه‌و رۆژه‌ی به‌ته‌واوی هیوابڕاو ده‌بن، هه‌مان رۆژ مێرووله‌ییبوونیشیان دوایی دێت.
8
خوێندنگه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مێرووله‌كان بكه‌ین به‌ فیل. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان مێرووله‌ش بن، به‌ڵام واده‌كه‌ین خۆیان لێ ببێ به‌ فیل. ده‌بێ زیاتر له‌ فیله‌كان وابه‌سته‌ی فیلبوون بن. سه‌دان ساڵه‌ له‌ مرۆڤستانێ ئه‌م شێوازه‌ی په‌روه‌رده‌كردن په‌یڕه‌و ده‌كرێت.

9
سه‌دان بوقیه‌ ده‌خه‌ینه‌ نێو شاری مێرووله‌كان، بوقیه‌كان به‌ر له‌هه‌ر شتێك هیوایان ده‌شكێنێت، دوپاتی ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ خودایه‌ كه‌ ئاسته‌كانی به‌م جۆره‌ داناون و هه‌رگیز ناگۆڕێت، ته‌نیا به‌وه‌ی كار بكه‌ن و جێپه‌سندی فیله‌كان بن، مێرووله‌كان ده‌بنه‌ فیل، به‌ڵام هه‌ر هێنده‌ی مێرووله‌ییان ده‌بنه‌ فیل.

10
بوقیه‌كان گۆرانی خه‌ولێخه‌ر ده‌ژه‌نن، ساز ده‌ژه‌نرێن، هه‌مووی ده‌بێته‌ خه‌ولێخه‌ری بێهیوایانه‌. مێرووله‌كان ده‌پووكێنه‌وه‌.

* سوڵتانی فیله‌كان و مێرووه‌ شه‌له‌ی ریشسوور، یه‌شار كه‌مال، وه‌رگێڕانی: سه‌ڵاحه‌دین بایه‌زیدی، ناوه‌ندی غه‌زه‌لنووس- 2018
https://oggito.com

 135 جار بینراوە