سەرەکی » ئەدەب و هونەر » جەلال سەعید، ئاوازێكی باڵابەرز

جەلال سەعید، ئاوازێكی باڵابەرز

قەهار شێخانی

لە نێو دنیای گۆرانی وتندا هەمیشە دەنگی تازە بەدەردەكەون، بەڵام كەمیان دەتوانن تا سەر لە گۆڕەپانی گۆرانی وتندا بمێننەوە، ئەوانەی كە دەمێننەوە ئەوانەن كە بە هەموو ماناكانییەوە هونەرمەند و داهێنەرن و تەواو شارەزای بوارەكەن و لە بنەما و خاسیەت و گرنگی هونەر تێگەیشتوو و پێگەیشتوون. بۆیە توانیویانە بەردەوام بن و لە كاروانەكە دانەبڕێن. كاتێكیش كۆچی دوایی دەكەن كەلێنێكی گەورە دەكەوێتە نێو بوارەكە و كاتێكی زۆریشی دەوێت تاكو هونەرمەندێكی وا دروست دەبێتەوە، یەكێك لەو هونەرمەندانەی كە خاسیەت و سیفاتەكانی هونەرمەندی لێ‌ بەدیدەكرا و دوای ئەو، بواری هونەری گۆرانی وتن كەلیێنێكی تێكەوت. ئەویش هونەرمەند جەلال سەعید بوو.

هونەرمەند جەلال سەعید ناوی تەواوی جەلال سەعید رەمەزان حوسین-ە لە ساڵی (1953) لە شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. لە ساڵی (1956) ماڵیان دێتە شاری هەولێر و لە تەمەنی شەش ساڵیدا دەچێتە بەرخوێندن تاكو پۆڵی دووی ناوەندی دەخوێنێت دواتر لەبەر هەژاری و نەداری نەیتوانیوە درێژە بەخوێندن بدات، واز لە خوێندن دێنێ‌. هەر لە قوتابخانە بەهرەی دەنگخۆشی تێدا دەردەكەوێت، بۆیە مامۆستاكان لە كاتی ریزكردنی قوتابیاندا دەریان دەهێنا و گۆرانیان پێ‌ دەوت تاوای لێهات وەكو كەسێكی دەنگ خۆش ناسرا. مامۆستاكانیشی بەردەوام هانیان دەدا بۆ ئەوەی بەردەوام بێ‌ لەسەر گۆرانی وتن ئەمە بووە پاڵپشتییەكی باش بۆ ئەوەی ببێ‌ بە گۆرانیبێژ. بۆیە بەردەوام لە رادیۆی كوردی بەغدا گوێی لە گۆرانی دەگرت تاكو كەوتە ژێر كاریگەری دەنگی هونەرمەندانی وەك حەسەن زیرەك و تاهیر تۆفیق و برایانی زی زی لەگەڵ ئەوەشدا خۆی فێری ژەنینی ئامێرەكانی (زەڕب و دەف) دەكات تاكو بە تەواوی دەبێتە باشترین ژەنیاری هەردوو ئامێرەكە.

هونەرمەند جەلال سەعید لە ساڵی (1971) یەكەم كاسێتی خۆی بە هاوكاری ژەنیاری ساز (فازل دێوانە) تۆمار دەكات دوای بڵاوبوونەوەی ئەو كاسێتە ناوبانگێكی باش پەیدا دەكات. بۆیە بەردەوام لە ئاهەنگە تایبەتییەكاندا بانگهێشت دەكرا. دواتر لە ساڵی (1977) گۆرانی (كاڵێ‌ وەی كاڵێ‌) كە لە ئاواز و شیعری فۆلكلۆر بوو بۆ تەلەفزیۆنی كەركوك تۆمار دەكات. بەڵام ئەو گۆرانییە تەنها یەك جار پەخشكرا بە هۆكارێكی نادیار گۆرانییەكە راگیرا.

هونەرمەند جەلال سەعید لە ساڵی (1978) بە هاوكاری هەردوو هونەرمەندی موزیكژەن مامۆستا وریا ئەحمەد و رزگار خۆشناو لە ستۆدیۆی پێنجی بەغدا توانی دوو گۆرانی بە ناوی (چاوی رەشی جوانە و پەروانەی سووتاو) تۆمار بكات. هونەرمەند توانی لە رێی ئەم دوو بەرهەمەوە لە هونەری گۆرانی وتندا رێچكەی تایبەت بە خۆی بدۆزێتەوە. پاشان لە ساڵی (1981) جارێكی تر بەیارمەتی هونەرمەند وریا ئەحمەد توانی گۆرانییەكی تر بە ناوی (تۆی نازەنینم) تۆمار بكات. هەر لەو ساڵە تیپی هونەرە میللییەكانی هەولێر دامەزرا جەلال سەعیدیش وەك گۆرانبێژ بووە ئەندامی ئەو تیپە هونەرییە و چەندین تابلۆی هەڵپەركێ‌ بە دەنگی ئەو تۆمار كران. هەر لەگەڵ ئەو تیپە بەشداری چەندین ئاهەنگ و فێستیڤاڵی هونەری كرد لە ناوە و دەرەوەی كوردستان بەتایبەت وڵاتانی وەك ئەڵمانیای رۆژهەڵات و ئەڵمانیای رۆژئاوا و و روسیا و نەمسا و چیكۆسلۆفاكیا و پۆڵۆنیا و یۆنان و چەند وڵاتێكی تر.

هونەرمەند جەلال سەعید لە ساڵی (1983) بە هاوكاری هونەرمەند قادری سیاحی توانی (10) گۆرانی تۆمار بكات و بیخاتە بەر گوێچكەی گوێگران و هەوادارانی خۆی. بۆ گۆرانییەكانی سوودی لە شیعری ئەم شاعیرانە وەرگرتووە وەكو نالی، وەفایی، خەیام، هەژار، هێمنی موكریانی، عەبدوڵڵا پەشێو، رۆستەم باجەلان، حەسیب قەرەداغی، فەرەیدون عەبدول بەرزنجی، عەبدولڕەحمان بێلاف، جەبار حەبیب، سەركەوت رەسوڵ، خاڵەڕەش رواندزی، قەهاری شێخ… و چەندانی تر.

گۆرانییە هەرە بە ناوبانگەكانی هونەرمەند جەلال سەعید بریتین لە گۆرانییەكانی (چاوی رەشی جوانە، بێریڤان، ئەوا دەڕۆم، نەمزانی، پەروانەی سووتاو، دڵی تۆ، خێلەسات، كچی لەباری رەوەند، منت دۆڕاند، گەورە كچ، تۆی نازەنینم، خەڵوەت، بۆچی دەگری، كیژی جوان، ساقی، دەروێشی تۆم و شەو لە گریانم دەكا…)

هونەرمەند جەلال سەعید دۆستایەتی لەگەل زۆربەی هونەرمەندانی كورد هەبوو، لەگەڵ بەشێكیان لە چەندین ئاهەنگی تایبەت و فێستیڤاڵ و بۆنە و یادە نەتەوەییەكان بەشدار بووە، خاوەنی چەندین ئاوازی خۆیەتی و لە ژیانی هونەریدا توانی زیاتر لە (100) گۆرانی بۆ ئێزگە و تەلەفزیۆن تۆمار بكات، هەروەها توانی چەندین گۆرانی فۆلكلۆری رەسەنی كوردی دووبارە بڵێتەوە و لە فەوتان رزگاریان بكات.

هونەرمەند جەلال سەعید یەكێك بوو لەو هونەرمەندانەی كە هەمیشە ئەو كارە هونەریانەی كە دەیكردن دەچوونە چوارچێوەی رەسەنایەتی، لەبەر ئەوەی تۆنی دەنگی ئەو هونەرمەندە یەكێك بوو لەو تۆنە دەنگییە زۆر تایبەتیانەی كە لە كەم هونەرمەندی گۆرانبێژدا بەدی دەكرا. لە ژیانی هونەریدا توانی خزمەتێكی بەرچاو بە بواری هونەری گۆرانی وتن بكات و ببێت بە قوتابخانەیەكی زۆر تایبەت لەو بوارەدا بۆیە لە زۆربەی كۆڕە هونەرییەكان گۆرانییەكانی ئەم هونەرمەندە وێردی سەرزاری هونەرمەندان و چەندین هونەرمەند و ئارەزوومەندی هونەر هەن لەسەر رێچكەی ئەو گۆرانی دەڵێن.

بەداخەوە هونەرمەند جەلال سەعید دوای ملمڵانێیەكی زۆر لەگەل نەخۆشی لە رۆژی (9/12/2013) بۆ دواجار چاوە پڕ لە هیواكانی لێكنا و ماڵئاوایی لە ژیان و لە هونەر كرد. بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و جەماوەریكی زۆر لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە شاری هەولێر بەخاكی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

 285 جار بینراوە