سەرەکی » دۆسێ » لیوای موسڵ لە كتێبەکەی عەبدولڕەزاق حەسەنی-دا

لیوای موسڵ لە كتێبەکەی عەبدولڕەزاق حەسەنی-دا

ئامادەکردنی: رزگار حاجی حەمید

2 – 2
تێڕوانینێكی گشتی لە سەر لیواكە
ئەم لیوایە زۆر بە پیتە و خێروبێری زۆرە، چواردەوری فراوانە و شارەدێ‌ و شارۆچكەكانی لەیەكەوە دوورن، پێكدێت لە (8) قەزای گرنگ هەندێكیان دراوسێی سوریان، هەندێكی تریان هاوسنوورن لەگەڵ توركیادا.

دەكەوێتە باكووری عیراقەوە، زۆربەی خاكەكەی شاخاوییە و سنوورەكەی لە باكوورەوە هێڵی جیاكەرەوەیە لە نێوان توركیا و عیراقدا كە ناسراوە بە هێڵی (برۆكسل)، لە خۆرهەڵاتیشەوە لیوای ئەربیل و بەشێك لە لیوای كەركوك و لە باشوورەوە لیوای دلێمە و بەشێك لە لیوای بەغدایە، هەروەها لە خۆرئاواوە سنووری جیاكەرەوەیە لە نێوان سوریا و عیراقدا، هاوكات باشترین جۆری دەغڵ و دانی تێدا دەڕوێت، لە گەنم و جۆ و نیسك و ماش …. هتد. نایابترین جۆری میوەی هەیە وێڕای بەرووبوومی شاخاوی بەناوبانگ لە گوێز و بادام و فستق و بندق و هەنجیر و زەیتون و عفس و سماق …. هتد.

3 – قەزای دهۆك
كەوتۆتە باكووری موسڵەوە و (73) كیلۆمەتر لێیەوە دوورە، لەسەر ئەو رێگایەیە كە بۆ ئامێدی دەچێت، گوندێكی گەورە دەبینرێت لە دۆڵێكی قووڵدا چواردەوری باخ و گژوگیایە، رووبارێكی پێدا تێپەڕدەبێت، ئاوەكە لە كانیاوی زۆر كۆدەبێتەوە لە سێ لاوە دەوری گوندەکە دراوە، ئەم رووبارەش ناوی (رووبار)ە، گوندی (دهۆک) ناوەندی ئەو قەزایەیە كە بە ناوییەوە ناونراوە، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی (3500) كەسە، دوو لەسەر سێی كوردن و یەك لەسەر سێی دیكەی كریستیانن، لە نزیكییەوە چیای زۆر بەرز هەن، تەپۆڵكە بەرزەکان وا لە دیمەنەكان دەكات، چێژبەخش بێت، بە تایبەتی لە بەهاراندا كاتێك درەختە شاخاوییە بە ناوبانگەكان پێدەگات، بەتایبەت بەڕوو.

بەپێی تۆماری سەرژمێریی گشتی ساڵی (1947) «ژمارەی دانیشتوانی كۆی قەزاكە هەمووی (39.248) كەسە، هیچ باڵەخانە و دامودەزگایەك لە دهۆك نییە، شایەنی باسكردن بێت، جگە لە خانووە نوێییەكان كە (موسڵییەكان) دروستیان كردبوو بۆ نیشتەجێبوونی خۆیان و بە كرێدان، جگە لەو بازاڕەی كە تازە دروستكراوە، هاوكات دانیشتوانە رەسەنەكەی لەناو خانووی بچووكدا نیشتەجێن، كە بە رێژەیەكی كەم نەبێت رووناكی سروشتییان پێ ناگات.

بازاڕەكانی زۆر كۆنن، ئەوانەی سەردانی دەكەن هیچ شتێك نادۆزنەوە جگە لە شتومەك و كەلوپەلی سەرەتایی نەبێت، بەڵێ لێرە نێردراوی ئەمریكی (تەبشیری) باڵەخانەیكی مەزنیان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا حكومەت میوانخانەی جوانی هەیە و بینای زۆر باش و قوتابخانە و مەڵبەندی تەندروستی و فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن، لەسەر ئەو گردەی كە دەڕوانێتە دەروازەی دهۆك، چەند خانوویەك هەن هی ئەو كەسانەن كە خۆیان دەنوێنن، ئەوە سەرچاوەی گلەیی و بێزارییە لەلایەن دانیشتوانی رەسەنی شارەكەوە، هاوكات (ئەنجومەنی ئاوەدانكردنەوە) دەستی كردووە بە درووستكردنی باڵەخانەی نوێ و جوان بۆ ئیشوكاری حكومەت وەكو قوتابخانەكان و نەخۆشخانە و باڵەخانەكانی حكومەت رۆشناییە لە نێوچاوانی ئاوەدانی قەزاكەدا، لە دهۆكدا باخی سەوز و گژوگیای چڕی هەیە كە پێشتریش باسكرا. خاكەكەی زۆر بەپیت و یارمەتیدەرە بۆ پێگەیاندنی ترێ، لە تەنیشتییەوە شوێنەواری ئاشووریی كۆن هەیە دەكەوێتە جێگایەكەوە بە ناوی (اشكفتا هلامت) لە چیای (شندوخە) بەرامبەر گوند (كفركی)، ئەم شوێنەوارانە پێكهاتوون لە پەیكەر و وێنەی دیار، كە بەڵگەی كۆنیی دهۆكە و گرنگی ستراتیژییەتی».

شاری دهۆک لە کۆندا

سێ ناحیە دەکەونە سنووری کارگێڕیی ئەم قەزایەوە کە بریتین لە: ناحیەكانی دهۆك ، دۆسكی و مزوری.

1–ناحیەی دهۆك:
ئەمە ناحیەیەكی ناوخۆییە، بەڕێوەبەرەكەی لە ناوەندی قەزاكەدا نیشتەجێیە، ئەو كەسانەی سەردانی دەكەن، خاوەن باخ و كشتوكاڵن، پەیوەستن بە ناحییەكەوە، ژمارەی ئەو گوندانەی دەكەونە سنووری ئەو ناحیەیەوە، ژمارەیان نزیكەی (100) گوندە لە نێوان قەبارەی گەورە و بچووكدا، ژمارەی دانیشتوانەکەیان، نزیکەی (10000) كەسە.

2– ناحیەی دۆسكی:
بریتییە لە (54) گوند، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی (5000) كەسە، ناوەندەكەی گوندی (مانگێش)ە، كە دەكەوێتە باكووری دهۆكەوە و (25) کیلۆمەتر دوورە لێیەوە، كە گوندێكی مامناوەندە و زۆربەی دانیشتوانەكەی جووتیار و ئاژەڵدارن.

3–ناحیەی مزوری:
ژمارەی گوندەكانی (66) گوندە، ژمارەی دانیشتوانی (4800) كەسە، ناوەندەكەی گوندی (ئەتروشە) كە چواردەوری بە كڵێسای كۆن دەورەدراوە.
تێبینی: لە قەزای دهۆكدا هاوینەهەواری زۆر جوان هەن وەكو (زاوێتە) كە داری سنەوبەری زۆری تێدایە، هەروەها گوندی (كەرەم ئادە) كە خاوەن ئاوی كانزاییە و هی تریش.

-4قەزای ئامێدی
شارۆچكەیەكە شێوە و پێگەیەكی نامۆی هەیە، بریتییە لە قەڵایەكی سروشتی قەشەنگ، زیاتر شێوەی لە هێلانەی (واشە) دەچێت، دەكەوێتە سەر لوتكەی شاخێكی زۆر بەرز، كە (1250) پێ لە ئاستی دەریاوە بەرزە، رووبەرەكەی سنووردارە و ناتوانرێت فراوان بكرێت، شێوەی هێلكەییە، تەخت و رووتە، بێ ئاو و رووەكە، بەڵكو بریتییە لە تاكە بەردێکی گەورە، لە چواردەوریدا چیای زۆر هەیە، ئاوی زۆر و كێڵگەی زۆری هەیە و ناتوانرێت پێی بگەیت یان بچیتە ناوییەوە، تەنیا لە دوو دەرگاوە نەبێت، یەكێكیان كە لە خۆرهەڵاتییەوە ناوی (دەرگای زێبار)ە، لەبەرئەوەی ئەوەی كە لەوێوە دەرچێت روو دەكاتە قەزای زێبار و دووەمیان لە خۆرئاواوەیە ناوی (دەرگای ئامێدی) یان (دەرگای موسڵ) یان (دەرگای سەبنە)ە، چونكە دەڕوانێتە دۆڵی سەبنە، هەروەها ناوی (دەرگای بادینان) یشی پێ دەوترێت، لەسەر ئەم دەرگایە نەخش و پەیكەری زۆر هەیە، لەگەڵ وێنەی دیاری چەند پاسەوانێکە کە رم و شمشێریان بە دەستەوەیە، لەژێر پێیاندا مارێكی گەورەیە ئاڵاوەتەوە تاقی دەرگاكەوە، وەكو ئاماژەیەك بۆ دانایی حكومەت و هێزی بۆ پارێزگاریكردن لە شارەكە، پێش ساڵی (1940) رێگایەك كرایەوە لە سۆلاڤەوە بۆ ئامێدی دەڕوات و تەخت و قیرتاوكراوە، ئۆتۆمبیل دەتوانێت بە ئاسانی بچێتە ناو ئەو شارە مێژووییەوە هەروەها جموجۆڵی چوونە ناوەوە و هاتنە دەرەوە گواسترایەوە بۆ ئەم رێگایە.

لە ناوەڕاستی ئەم قەڵایەدا بیرێكی قووڵ هەیە لەناو مزگەوتێكی دێرینی گەورەدا كە هەر پێنج فەرزە نوێژی تێدا دەكرێت، كە خەڵكەكە ئاویان لەم بیرەوە دەبرد، هەروەها لەو تەنگانەدا كە هەڵكۆڵراون لەناو ئەو بەردەی كە باسی لێوەكرا، ئەگەر لەنێو ماڵەكانی خۆیاندا ئابڵوقەدران، هەروەكو چەندین جار روویداوە، بەڵام كە رۆژانی دیكە هەندێكیان ئاویان لەو بیر و تەنگیانەوە دەبرد و هەندێكیان ئاوی كانی و ئەو ئاوانەی كە لە دۆڵەكان كۆدەبنەوە، ئاو دەبەن. حكومەت ئاگاداری ئەوەبوو لەبەر زیانە تەندروستییەكان، بۆیە شارەوانی حەوزێكی گەورەی لە قەڵاكەدا دروستكرد، ئاوی بۆ رادەكێشرا لە رێگەی ماتۆڕ و لە دۆڵی (سۆلاڤ)ەوە كە قووڵییەكەی لە (200) مەتر زیاترە.

هەروەها پڕۆژەیەكی دیكە بۆ كارەبا دروستكرا، حكومەت بینایەكی جوانی دروستكرد كە بریتیبوو لە فەرمانگە رەسمییە جۆراوجۆرەكان، هەروەها فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن و قوتابخانەی كوڕان و كچانی دروستكرد، دوای ئەوەی رێگاكە خراپ بوو، بەڵام سەرا شوێنەوارییە كۆنەكە پشتگوێ‌ خرا بۆ مێژوو كە هێشتا لە ناوەڕاستی قەڵاكەدایە.

شارۆچكەی ئامێدی كەوتۆتە باكووری موسڵەوە كە (162) كیلۆمەتر لێیەوە دوورە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیكەی (3500) كەسە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی قەزاكە (43318) كەسە، باڵەخانەكانی زۆر سادەیە و بازاڕەكەی كۆنە و روو لە داڕمانە، ئاو و هەوای لە هاویندا گەرم و خراپە وێڕای بەرزییەكەی، هەربۆیە خەڵكەكەی دەگوێزنەوە بۆ ناوچەی سۆلاڤ کە یەك كیلۆمەتر لێیەوە دوورە، كە دیمەنێکی ئەفسوناویی هەیە و ئاو و هەوای پاكە و ئاوەكەی شیرینە.

سۆلاڤ پەناگەی سروشتی خەڵكی ئامێدییە، لە هاوینی (1955)دا سەردانمان كرد (المطرانیة) كە ماڵەكەی خۆی دەڕوانێتە سەر دۆڵێكی جوان میوانداریی كردین، لە دووریی (9) کیلۆمەتر لە شارۆچكەكەوە گوندێكی جوان هەیە بە ناوی (بیباد) كە كرابووە بارەگایەك بۆ جموجۆڵە سەربازییەكان لە سنووری توركیا، ئەو شوێنە بە ناوبانگە بە باشی ئاو و هەواكەی و سازگاریی ئاوەكەی، وابڕیاربوو بكرێتە ناوەندی قەزاكە، بەڵام بارودۆخەكە رێگەی نەدا.

شارۆچكەی ئامێدی زۆر كۆنە و وادیارە لە شارە ئاشورییەكانە و پێشتر ناوی (قەڵای ئاشب) بوو دوای ئەوەی دەوڵەتی ئەتابەگی حوكمی موسڵیان كرد، (عیمادەدین زەنكی كوڕی ئاق سەنقەر) ئاوەدانی كردەوە و لە ساڵی ( 1142)دا كردییە بارەگای خۆی و قەڵاكەی كە لێوە بەرپەرچی هێرشبەرەکانی دەدایەوە.

بە بۆچوونی (الحمداللە مستوفی القزوینی) ئەوەی كە ئامێدی نۆژەنكردەوە (عماد الدولة الدیلمي) بوو كە لە ساڵی ( 949) ناوی نا (عەمادییە) ئامێدی.

سێ ناحیە دەكەوێتە سنووری كارگێڕیی قەزاکەوە:
ئامێدی، نێروا ریكان وبەرواری باڵا.

-1ناحیەی ئامێدی:
شارەدێیەكی ناوخۆییە و بەڕێوەبەرەكەی لە ناوەندی قەزاكەدا کارەکان بەڕێوە دەبات و لە ( 135) گوند دەکەونە سنوورە کارگێڕییەکەیەوە.

2-ناحیەی نێرواریكان:

ئەم ناحیەیە بریتییە لە (74) گوند نزیكەی (4000) كەسی تێدا نیشتەجێیە، ناوەندەكەی گوندی (بیبو)یە كە قوتابخانەیەكی رەسمی و هەندێک باڵەخانەی حكومی تێدایە و دانیشتوانەكەی بریتین لە هاوپەیمانی ( 3) هۆز كە (مزوریی زور، رێكان، نێروا) یە.

-3ناحیەی بەرواری باڵا:
ئەم ناحیەیە بریتییە لە (9) گوند، نزیكەی (4500) كەس تێیدا نیشتەجێیە و ناوەندەكەی گوندی (كانی ماسی)ە كە دەكەوێتە دووریی (22) كیلۆمەتر لە باكووری قەزاكەوە.

زاخۆ

5-قەزای زاخۆ
لەوانەیە (زاخۆ) یەكێك بێت لە شارە رەسەنەكان لە كۆنیدا، جێگاكەی لەلای نووسەرە (ئارامییەكان) ناوی (بیت نوهدرا) وە، عەرەبەكان ناویان لێنا (بانهزرا)، لەوانەیە ناوی ئەم شارە (ئارامی) بێت و (زاخوتا) وەرگیراوە لە زاخۆ، كەواتە باڵادەستی و سەركەوتن، كە تەنیا (114)كیلۆمەتر لە موسڵەوە دوورە و دەكەوێتە باكوورییەوە، ژمارەی دانیشتوانەكەی (7500) كەسە، ژمارەی دانیشتوانی كۆی قەزاكە (36155) كەسە بە پێی سەرژمێریی گشتی ساڵی ( 1947).

هەروەها رووباری خاپوور پێیدا تێپەڕدەبێت لە دەروازەكەی لقێكی لێ جیادەبێتەوە و دەبێت بە دوو بەشەوە و دەڕوات و لە كۆتاییەکەیدا یەكدەگرنەوە.

چیایەكی بێ سەوزایی دەڕوانێت بەسەریدا بە ناوی (بێ خێر) یان چیای بێ خێر، دیمەنێكی تایبەتی پێ دەبەخشێت، هەروەها بە چواردەوریدا باخێكی زۆر دەوری داوە و بەروبوومی بە تامی هەیە، هاوكات میوەهاتە زۆرەكەی دیمەنێكی رەنگاوڕەنگی پێ دەبەخشێت و ئاو و هەواكەی نایابە و ئاوەكەی شیرین و سازگارە، لەگەڵ ئەوەشدا بیناكانی زۆر سادەن، چونكە دانیشتوانەكەی هێشتا لە حاڵەتی سەرەتاییدان، ئەوان بە پێی شوێنی جوگرافیی خۆیان لە خانووی سادەی وەكو داڕماودا نیشتەجێن، بەڵام لەم دواییانەدا دەستكرا بە دروستكردنی كۆمەڵێك باڵەخانەی نوێ بۆ پارەدار و شوێنكەوتوان و فەرمانبەران و پلان دانرا لە كەنارەكانی گەڕەكێكی هاوچەرخ بەناوی (كیستە) دروستبكرێ‌، بەڵام باڵەخانە حكومییەكان وەكو سەرا و بنكەی پۆلیس و مەڵبەندی تەندروستی و فەرمانگەی پۆستە و گەیاندن و دەزگای شارەوانی، هاوكات لە ژێرەوەش میوانخانەك، كە هەموویان نوێن، لەگەڵ ئەمانەشدا باڵەخانەیەكی فراوانی (مەتران و كلدانەكان)ی تێدایە، كە لە ساڵی (1947)دا سەردانیمان كرد، چەندین كڵێسای تر بۆ سەرجەم تایفە مەسیحییەكان هەبوو لە دووریی (2) کیلۆمەتر لە خۆرئاوایەوە، كەواتە لە (گوندی بێدار) كڵێسەیەكی جوانی كلدانەكان هەیە، كە تەلارسازیی هاوچەرخ و جوانی تێدا رەچاو كراوە و بۆتە یەكەمین كڵێسای مەسیحییەكان لە لیوای موسڵدا.

هەروەها پردێكی ئاسنینی جوان لە زاخۆدا هەیە كە خاكی عیراق بە خاكی توركیاوە دەبەستێتەوە كە ناوی (پردی سەعدون)ە، هەروەها پردێکی تری ئاسنینی هەڵواسراو هەیە، كە هەردوو دیووەكەی پێكەوە دەبەستێتەوە بە ناوی (پردی فاروق)ەوە، پردی سێیەمی بەردین هەیە كە دەیبەستێتەوە بەو رێگا گشتییەوە كە دەچێت بەرە و موسڵ.

هاوكات لە دووریی یەك كیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتییەوە، پردێكی بەردینی شوێنەواریی هەیە، كە دەوترێت پاشماوەی عەباسییەكانە، لە هەمان ساڵدا سەردانمان كردووە و هیچ نووسراوێكمان لەسەری نەدۆزیەوە بۆئەوەی رێنمایمان بكات دەربارەی ئەو زەمانەی كە دروستكراوە، هەرچەندە گوندەكە بەڵگەیە بۆ كۆنی، قەزای زاخۆ سێ ناحیە دەكەوێتە سنووری كارگێڕییەکەیەوە وەک ناحیەكانی (سلێڤانی، سندی و گەلی).

1-ناحیەی سلیڤانی:
پێكدێت لە (93) گوندی قەبارە جیاواز، بە پێی جیاوازیی ژمارەی دانیشتوان، لە بە ناوبانگترین ئەم گوندانەش (فیشخاپوور و دیرەبوون )ە كە تیایدا لە ساڵی(1933) رووداوی فڕۆکەکان ڕوویدا، ناوەندی ناحیەكە گوندێكی جوانە كە (20) كیلۆمەتر لە ناوەندی قەزاكەوە دوورە، ناوی گوندی (عاصی) یە، كەشوهەوای زۆر خراپە و ئاوی كەمە، خەڵكەكەی بیروباوەڕی تایبەتیان هەیە.

2–ناحیەی سندی:
ئەم ناحیەیەش لە (67) گوندی مامناوەند پێكدێت، ناوەندەكەی گوندی (شەرانش)ە، كە بە جوانترین هاوینەهەوار لەو ناوچانەدا دادەنرێت، لە ناوەندی قەزاكەوە نزیکەی (23)كیلۆمەتر دوورە و دانیشتوانەكەی هەموویان كوردن.

3– ناحیەی گەلی:
زۆربەی زەوییەكانی ئەم ناحیەیە، شاخاوییە و لەوەڕگای زۆرە و هەروەها لە كانییەكانییەوە ئاو هەڵدەقوڵێ، (43) گوند دەكەوێتە سنووری كارگێڕیی ئەم ناحیەیەوە كە دانیشتوانەكەی (5300) كەسە، ناوەندی ناحیەكەش گوندی (دیمەكە)یە، کە (30) کیلۆمەتر دوورە لە ناوەندی قەزاكەوە کە ناوەندێکی چۆڵە و جگە لە فەرمانبەرانی ناحیەكە نەبێت، ئەوە لەکاتێکدا کە بە گوندی ئاوەدان دەوردراوە.

6-قەزای تەلەعفەر:
هەندێك دەنووسن (تلعفر) کە زاراوەیەكی ئارامییە لە دوو وشە پێكهاتووە ( تەل) واتا تەپە یان گرد و (عبرە) واتا خۆڵ واتاكەی دەبێتە ( گردی خۆڵ) كە ناوی شارۆچكەیەكی كۆنە دەكەوێتە خۆرئاوای موسڵەوە (65) كیلۆمەتر لێیەوە دوورە. چیای شنگال لە خۆرهەڵاتەوە كە (55) كم لێیەوە دوورە لەسەر زەوییەكانی بەردەڵان و كڵێسایەکە، لە ناویدا دۆڵێكی گەورە هەیە كە دەیكات بە دوو بەشەوە، لە ناوەڕاستیدا كانیاوێك هەیە ئاوەكەی شۆری بەرچاوە، بەڵام تەندروست و پەسەندە، چونكە بڕێكی زۆر لە سلفات و سۆدا و مەگنسیۆمی تێدایە.

ئاوی ئەم كانییە بەناو دۆڵی ناوبراودا دەڕوات و دەیگۆڕن دەیخەنە سەر كێڵگەی بەرفراوانی هەنجیر و ئارد، ژمارەیەك ئاسیاو لەسەری كاردەكات و لە ناوەڕاستیدا گردێكی بەرز هەیە خەڵكەكەی ناویان ناوە (قەڵا) كە حكومەت فەرمانگەكانی لەسەر دروستكردووە، هەروەها شارەوانی هەندێك خانووی تێدا دروستكردووە لەسەر ئەركی خۆی بۆ نیشتەجێبوونی فەرمانبەرەكانی، بەڵام خانووی دانیشتوانەكەی پەرتەوازە و لێرەو لەوێیە و هەمووی بە بەردی پتەو بنیاتنراوە.

لەم شارۆچكەیەدا مەسیحی و بیانی تێدا نییە، بەڵام لە نزیكیدا سەرچاوەی نەوتێكی زۆر هەیە كە لەلایەن كۆمپانیای نەوتی موسڵەوە دەردەهێنرێت و بڕێك باج دەداتە حكومەتی عیراق، ئەم سەرچاوانە پێی دەوترێ‌ی (عین زالة). لە ساڵی ( 1952)دا هێڵێكی بۆری دامەزرا كە تیرەكەی (12) گرێیە، كێڵگەی (عین زالة) لەلای (بێجی) دەگەیەنێتە ئامێرەكانی هێڵە سەرەكییەكان، كە لە كەركوكەوە درێژ دەبێتەوە بۆ (تەرابلوس) لە لوبنان و بانیاس لە سوریا، بەو شێوەیە نەوتی موسڵ بە ئاسانی دەنێردرێت بۆ كەناری دەریای ناوەڕاست.

شارۆچكەی تەلەعفەر لە (9) گەڕەك پێکدێت، سیانیان لە سەرەوەیە كە گەڕەكەكانی سەرا و قەڵا و حەسەن كۆییە، شەشەكەی دیكەشیان لە خوارەوەیە گەڕەكەكانی (سنجار و سۆ و گەرگەری و چەلەبی و كوردعەلی و چۆلاق)ە، هاوكات لە ساڵانی دواییدا لە بەشی خوارەوەی گەڕەكێكی نوێ‌ بە ناوی (قەنبەر درە) دروستكرا كە بە واتای (دۆڵی قەنبەر) دێت. كاتێک ئاوەدانیی وڵات بەرەو فراوانی چوو و دەستی بە فراوانبوون كرد، هەروەها لەنێوان گەڕەكەكانی سەرەوە و خوارەوەدا رق و كینەی شاراوە هەیە، كە دەگاتە لێكترازان و شەڕ كە دەیان كەسی تێدا دەكوژرێت، بەڵام لەم دواییانەدا كەمبۆتەوە بەهۆی باڵا دەستیی حكومەتەوە، ئەوەی زانراوە دەربارەی دانیشتوانی (تەلەعفەر) كە (مەغۆلن) مەنگولی، كە وا پێدەچێت ئەوان لە پاشماوەی سەربازەكانی (تەیمور لەنگ) بن كە رووی كردە موسڵ لە ساڵی (1639) بۆئەوەی لەدەست فارسەكانی وەربگرێتەوە، دەیانبینی ئەستوورە و میزاجیان زبرە ، بە توركمانی قسە دەكەن و بە جل و بەرگی عەرەبی خۆیان دەڕازێننەوە، خەڵكی بێگانە ناتوانێت تێكەڵیان ببێت و لەگەڵیاندا بژی، هەرچەندە موسڵ و سروشتی خەڵكەكەی دەناسن.

لە نێوان تەلەعفەر و شنگالدا كانیاوی زۆر هەیە كە ئاوەكەی هەڵدەقوڵێت، هەندێک ئاسیاو لەسەری كار دەكات و بەناوبانگترینیان كانیاوەكانی (الحصان و سینو و الغزال و صولاخ و عبرەی بچووك و گەورە)، ئەم شارۆچكەیە (34) گوندی هەیە و ژمارەی دانیشتوانی قەزاكە (44300) كەسە بەپێی سەرژمێریی ساڵی (1947). قەزاكە دوو ناحیە دەكەوێتە سنوورەكەیەوە: كە بریتین لە (ئەلعەیازییە و زومار).

1-ناحیەی ئەلعەیازییە:
ئەمە ناحیەكی ناوخۆییە، بەڕێوەبەرەكەی لەناو تەلەعەفەردا نیشتەجێیە و (30) گوند بۆ كاروباری رۆژانە سەردانی دەكەن كە ژمارەی دانیشتوانی (78000) كەسە.

2-ناحیەی زومار:
ئەم ناحیەیە پێكدێت لە (30) گوند ژمارەی دانیشتوانەكەی دەگاتە نزیكەی (8000) كەس و زۆربەی دەكەوێتە كەناری راستی دیجلەوە و هۆزەكانی (گەرگەری و جحێش و جبور و میران و موساڕەش و حسێنات) لەخۆ دەگرێت.

گەرگەری هۆزێكی كوردە زمانی تایبەتی خۆیان هەیە، زمار (33) كیلۆمەتر لە تەلەعفەرەوە دوورە.

6-قەزای شنگال
مسیۆ ماسبیرۆ لە كتێبی (مێژووی كۆنی گەلانی خۆرهەڵات)دا و لە لاپەڕەكانی ( 342 و 776 ) دەڵێت: «شنگال شارۆچكەیەكی ئاشووریی كۆنە و زیاتر لە شەش هەزار ساڵە هەیە، كە كلیلی موسڵە و قەڵای پارێزراوێتی، هەروەها (یاقوت ئەلحەمەوی) لە كتێبەكەیدا بەناونیشانی فەرهەنگی وڵاتان (معجم البلدان)دا دەڵێت: شنگال شارێكی بەناوبانگە لە لێوارەكانی جەزیرە و دووریی لە نێوان خۆی و موسڵدا سێ‌ رۆژە، لە سەردەمی دەوڵەتی حەمدانیدا لەساڵی (903-977) ئاوەدانییەكی فراوان و گوندی زۆری هەبوو، بەڵام كاتێک (ئەرتە بەگی سەلجوقی هاتە موسڵ لە (1057) بیناكانی رووخاند تا كردییە وێرانەیەكی چۆڵ، لە رۆژانی دەوڵەتی ( ئەتا بەكی) لە ساڵی (1170 تا 1220 ) ئاوەدانییەكەی پاشەكشەی كرد تا ئێزدییەكان خۆیان تیایدا حەشار دا.

لەساڵی (1828)دا حكومەتی عوسمانی هێزێكی گەورەی ناردە سەریان و گەڕاندنییەوە بۆ كاتی گوێڕایەڵبوون، ئەمڕۆش شوێنەواری وێرانەی گرنگی پاراستووە و خانووی زۆر، ئەوەش بەڵگەیە بۆ فراوانییەکەی لە رابردوودا، هەروەها لە دەرەوەیدا منارەیەكی كۆن هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سیازدەیەمی زاینی كە لە ناوەندی مزگەوتی گەورەی شارەكەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا گەڕیدەی بەناوبانگ (ئیبن بەتوتە) لە ساڵی (1326)دا سەردانی كردووە، كە لە وەسفیدا وتوویەتی: «شارێكی گەورەیە، میوە و درەختی زۆرە و كانیاوی كوێرەوەبوو و رووبار، لە لاپاڵی چیایەكدا دروستكراوە هاوشێوەی (دیمەشق) لە زۆری رووبارەكان و باخەكانیدا … هتد»

ئەمە كورتەی كاروباری شنگال لە رابردوودا، بەڵام ئێستا شارێكی گەورەیە و دەكەوێتە سەر گردێك لە لێواری چیای سنجار و دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشدا: سەرەوە كە ئێزدییەکانی تێدا نیشتەجێیە، خوارەوەش تایفەكانی تری تێدا نیشتەجێیە، هاوكات دۆڵێكی جوان بە ناوەڕاستییدا دەڕوات، بەناوی (بستە) لافاوی باران لێژ دەبێتەوە بۆی لەچیای سنجارەوە لە وەرزی زستاندا رووبارێكی مەزن دروست دەكات تێیدا، هەندێکجار زۆر دەبێت و زیان بە باخەكان دەگەیەنێت لە هەردوو كەنارەكەیدا كانیاوی زۆر دەتەقێت و ئاودێریی كێڵگەكان دەکات و شوراو جووڵە دەكات و باخە بەناوبانگەكان بە هەنجیری نایاب و زەیتوونی باش و ترێی زۆری میوەهاتی بە چێژ. دواتر دەچێتەوە ناو دۆڵی (بستە) كە دەڕژێتە ناو دۆڵی (پرپار) و بەناویدا دەڕوات بەرەو شارەكانی دیكە لەڕۆژانی لافاودا.

شنگال كەوتۆتە خۆرئاوای موسڵەوە كە نزیکەی (120) كیلۆمەتر لێوەی دوورە، ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی (12700) كەسە، بەڵام ژمارەی دانیشتوانی قەزاكە (31708) كەسە لە نێوانیاندا (18198) كەسیان ئێزدین، هاوكات لە رابردوو و لە ئێستاشدا بە یەکێک لە هاوینەهەوارە كۆنەكان دادەنرێت بەهۆی جوانیی پێگەكەی و سازگاریی ئاوەكەی و دڵنیابوون لە خاوێنی و زۆری دیمەنە سروشتییەكانی. لەگەڵ ئەوەشدا ئاوەدان (پان و بەرینە) و رێكخراوە، كە چەند چینێكی شارستانی تێدا نیشتەجێیە و لە موسڵ و ماردینەوە كۆچیان كردووە بۆ ئەوێ.

خانووەکانی دڵگیرن و باڵەخانەی جوان و ژمارەیەك باخ و باخات و قاوەخانە و گەرماو و مزگەوت و كڵێسای تێدایە، هاوكات باڵەخانە حكومییەكان و جێگای حكومەت و ماڵی قایمقام و قوتابخانەی كوڕان و كچان و پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە و بەرهەمهێنانی كارەبا … هتد.

ناحیەكانی قەزاكە:
دوو ناحیە دەكەوێتە سنووری كارگێڕیی شنگالەوە: شەنگال و شیمال.

ناحیەی شنگال:
ئەم ناحیەیە ناوخۆییە و بەڕێوەبەرایەتییەكەی لە ناوەندی قەزاكەدایە و (60 )گوند لە نێوان گەورە و بچووكدا دەکەونە سنووری کارگێڕییەکەیەوە.

2 – ناحیەی شمال:
پێكهاتووە لە (42) گوند لە نێوان گوندی گەورە و بچووكدا و ناوەندەكەی گوندێكی گەورەیە كە (20) كیلۆمەتر لە شنگالەوە دوورە و دەكەوێتە باكوورییەوە، پێی دەوترێت (گەرسی) گوندەكانی ئەم ناحیەیە بەناوبانگن بە هەنجیرە بە ناوبانگەكەی كە ناوی (بردحلی)یە، هەروەها سێوی گەورە و ترێی بەتامی هەیە.

8-قەزای ئاكرێ‌
ئاكرێ‌ شارێكی كۆنە، مێژوونووسان نەگەیشتوونەتە راستیی ئەوەی ئەو سەردەم و زەمانە دەستنیشان بكەن كە تێیدا دامەزراوە. لەڕووی لێكۆڵینەوەوە لە كتێبەكانی عەرەبدا باسكراوە بەناوی (عقر الحمیدیة) دەڵێت عەقر قەڵایەكی پارێزراوە لە چیاكانی موسڵ خەڵكەكەی كوردن، لە خۆرهەڵاتی موسڵەوە ناوی (عقر الحمیدیة) دەكەوێتە ناوی لەوەڕگاكان، یان لەوەڕگاكانی (مێرگ) موسڵەوە، دەكەوێتە سەرلێژی چیای ئاكرێی رووت، ئەم چیایە لە پێكهاتەی سروشتیدا شێوەی لە شانۆی رۆمانی دەچێت، ئەوەی كە لە دوورەوە بینەری بێت واخەیاڵ دەكات كە پێكهاتووە لە چەند چینێك لەسەر یەكتریی، دەڕوانێت بەسەر دۆڵێكی فراواندا و باخەكانی پڕن لە گوڵزار و درەختی پڕ بەرهەمی میوە، ئەگەر زستان باڵی بەسەردا كێشا، چیای ناوبراو بەرگێكی تازە و جوان لە بەفر دەپۆشێت، ئەم قەزایە میوەهاتی بەتام و درەختی بەرداری زۆری هەیە كە لە پێداویستی خۆی زیاتر و رەوانەی دەكات بۆ ئەو گوندانەی كە پەیوەستن پێیەوە، كاڵەكەكەی باشترین جۆرە لە عیراقدا، هەنجیرەكەی بەناوبانگە بەتام و شیرین، برنج كە لە خاكەكەی دەڕوێت ناوبانگێكی زۆری پەیداكردووە، خانووەكانی هێشتا لەسەر سادەییەكەی ماون، جگە لەو خانووانەی كە ئامادەكراون بۆ نیشتەجێبوونی فەرمانبەران و ئەو باڵەخانانەی كە حكومەتی تێدایە بۆ بەڕێوەبردن و پۆلیس و قوتابخانەكان.

ژمارەی دانیشتوانەكەی (9300) كەسە، زۆربەیان كوردن و تایفەیەك لە کریستیانی کلدانی و سریانی و ئەردۆسەدۆكسی تێدایە، ژمارەی دانیشتوانی قەزاكە هەمووی (32095) كەسە بەپێی سەرژمێریی گشتی ساڵی 1947.

لە باشووری ئاكرێدا تاڤگەیەكی زۆر جوان هەیە، شارۆچكەكەی رازاندۆتەوە و باخەكان و باخچەكان ئاودەدات، ئاوەكەی بەخوڕ هەڵدەقوڵێت و زۆر بەرز دەبێتەوە، خەڵكەكەی ناویان ناوە (سی بە) كە زاراوەكە كوردییە بەواتای (30) لەوانەیە مەبەستیان لە ناوەكە ئەوە بێت كە بەرزایی تاڤگە كە (30)مەترە، هەر واشە، هەندێک جار وەكو ئەوەی كە بینیمان لەكاتی سەردانیكردنمان بۆ ئاكرێ‌ ساڵی (1955) ئەگەر خوا كەسێكی بۆ دەستەبەربكات بۆئەوەی سوودی لێ‌ ببینێت لە رووناكردنەوەی ئاكرێ‌ و ئەو رێگایانەی بۆی دەچێت جوانی زیاتری پێ دەبەخشێت‌.

ئاکرێ دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی موسڵەوە (20) كیلۆمەتر لێیەوە دوورە، لە مانگەكانی هاویندا گەرماكەی توند دەبێت، دانیشتوانەكەی ناچارن لە دۆڵەكەدا نیشتەجێ ببن، بەڵام لە وەرزی زستاندا ئاو و هەوای ساردە و بارانەكەی بەخوڕە. سێ‌ ناحییە دەكەونە سنووری کارگێڕیی ئاکرێ-وە کە بریتین لە:
سورچی، عشائر السبعة و پیرە كەپرە

1-سورچی:
ئەم ناحیەیە لە (90 ) گوند پێكدێت، دەكەوێتە گۆشەی باكووری خۆرهەڵاتی قەزاكەوە، زۆربەی شاخاوییە و دانیشتوانەكەی زۆربەیان ئاژەڵ بەخێو دەكەن، رێز لە سەركردە و شێخەكانی (بجیل) دەگرن، كە بجیل ناوی گوندێكە كە خەڵكی ئەو شوێنەن كە ناوەندی ناحیەكەیە و (18) كیلۆمەتر لێیەوە دوورە و دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی موسڵەوە.

2-ناحیە عشائر السبعة (حەوت عەشیرەتەكە) :
ئەم ناحیەیەش بریتییە لە (68) گوند کە دەكەوێتە گۆشەی باشووری خۆرئاوای قەزاكەوە هەردوو رووباری (خازر و زێی گەورە) چواردەوری داوە، زۆربەی زەوییەكانی تەختاییە و فراوانە و بەپیتە، برنج و گەنمە شامی دوو بەرهەمی زۆرباشن هەربۆیە ناوی (حەوت عەشیرەتەكەی) لێ نراوە، چونكە هۆزەكانی بریتییە لە حەوت تیم، كە (كبیرە، رزكری، شایلو، شێخ تبرینی، لوما‌و، خنت بری، شارك) هەموو ئەم هۆزانە كوردن، جگە لە ( 10%)یان كە قزڵباش و شەبەك و نەستوورین، ناوەندی ناحیەكە گوندی (بەردە ڕەش)ە كە دەكەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی (ئاكرێ‌)وە.

3-ناحیە پیرە كەپرە:
ناوەندی ناحیەكە گوندی (پیرە كەپرە)یە دەكەوێتە باكووری (ئاكرێ‌)ەوە ، بریتییە لە (67) گوندی گەورە و بچووك، ئاسان نییە ناوەكانیان لێرەدا یاداشت بكرێت، گرنگترینیان گوندی (هرن)ە.

سەرنج : ئەم بابەتە وەرگێڕانە ناوی نووسەرەكە و سەرچاوەكە دیاریكراوە، رەنگە مێژووی نووسینی زۆر كۆن بێت، بە دڵنیاییەوە لە ئێستادا گۆڕانكاریی زۆر بەسەر پارێزگای نەینەوادا هاتووە کە ناوەندەکەی شاری موسڵە چ لە رووی كارگێڕی و ژمارەی دانیشتوانەوە و تەنانەت ناوی شارۆچكە و شارەدێیەكان و پێکهاتە نیشتەجێکانی سنوورەکەی.

سەرچاوە:
السید عبدالرزاق الحسني، العراق قدیما و حدیثا دار الیقضة العربیة ، بغداد طبعة السابعة، 1982 ص246-265

 93 جار بینراوە