سەرەکی » مانشێت » ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی نوێنەران بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ یەكەم كۆبوونەوەی خولی نوێی نوێنەران بەڕێوەدەچێت

وەفدی هاوبەش: پێكهێنانی حكومەتی نوێ و دەستەبەركردنی ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان

وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان، تەئكید لە دوو خاڵ دەكاتەوە «كورد دەیەوێت لایەنێكی چارەسەر بێت. هەروەها كورد بە وەرەقەیەكی هاوبەش بەشداری دەكات، تا بۆ حكومەتی داهاتوو بەرچاوڕوون بێت، بەتایبەتی لە پرسی دەستەبەركردنی ماف و داخوازییەكانی خەڵكی كوردستاندا».

پەیامی وەفدی هاوبە بۆ لایەنەكان
لە چەند رۆژی رابردوودا، وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بەسەرۆكایەتیی عیماد ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لە بەغدا چەندین كۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ لایەنە عیراقییەكاندا (سەرۆك كۆمار، دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی هاوپەیمانیی تەقەدوم، خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم، نوری مالكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتح، چوارچێوەی هەماهەنگی، عە‌ممار حە‌كیم سە‌رۆكی رە‌وتی حیكمە‌) كردووە، بەپێی لێدوانی ئەندامانی وەفدەكە «دوو پەیاممان بۆ لایەنە عیراقییەكان هەیە و پێمانڕاگەیاندوون، كە یەكەمیان ئەوەیە كورد دەیەوێت ببێتە چارەسەرێك لەنێو ماڵی شیعەدا، نەك لێكترازانی زیاتر، كە رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی، پەیامی دووەمیش ئەوەیە كە كورد بە وەرەقەیەكی هاوبەش بەشداریی دەكات و بۆ حكومەتی داهاتووش مەبەستێتی بەرچاوڕوونی هەبێت».

كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆمار
وەفدی هاوبەش پێكهاتووە لە وەفدی یەکێتی، عیماد ئەحمەد و رزگار حاجی حەمە و خالید شوانی و هەرێم كەمال ئاغا، وەفدی پارتی، هوشیار زێباری و عەرەفات كەرەم و نازەنین وسوو، سەرەتا لەگەڵ د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق کۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەی سەرۆك كۆمار و وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی، تاوتوێی دواپێشهات و بەرەوپێشچوونەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كرا.

كۆبوونەوەی وەفدی هاوبەش و رەوتی سەدر
دواتر، وەفدی هاوبەش لەگەڵ رەوتی سەدر كۆبوونەوە و ئامانجی سەردانەكەیان خستەڕوو و تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی نوێیان كرد.

دوای كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، سەرەتا، هوشیار زێباری ئەندامی وەفدی هاوبەش، ئەوەی خستەڕوو كە لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان كرد لەسەر یەكخستنەوەی خاڵە هاوبەشەكان و چۆنێتی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، تەئكیدیش كرایەوە لەسەر لەبەرچاوگرتنی مافە نەتەوایەتییەكان لە حكومەتی نوێی عیراقدا.

لای خۆیشییەوە، نەسار روبەیعی ئەندامی دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر، رایگەیاند: كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی، تەواوكەری لێكتێگەیشتنەكانمان بوو، وتیشی: هەڵوێستی یەكگرتوومان دەبێت لە یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا و لە پێكهێنانی حكومەتی نوێشدا، كە هیوادارین بە زووترین كات تەواوی لایەنەكان بگەینە رێكەوتن لەسەری.

وەفدی هاوبەش لەگەڵ تەقەدوم و عەزم كۆبوونەوە
لە درێژەی كۆبوونەوەكانی وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی، لەگەڵ كوتلەی تەقەدوم بەسەرۆكایەتیی محەمەد حەلبوسی و كوتلەی عەزم بەسەرۆكایەتیی خەمیس خەنجەر كۆبوونەوە، كە نوێنەرایەتیی سوننەكانی عیراق دەكەن و تەئكید لەسەر ئەو خاڵە كرایەوە كە پێویستە هەموو لایەنەكان زیاتر لێكنزیكببنەوە و پەلەبكرێت لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا، بەوەش وڵات دەگەیەنرێتە كەناری ئارامی و ئاسایش و سەقامگیریی دێتەدی.

كۆبوونەوەی وەفدی هاوبەش و چوارچێوەی هەماهەنگی
وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی، لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، تەئكیدی لەسەر نزیكبوونەوەی لایەنەكان كردەوە بەو ئامانجەی لە زووترین كاتدا حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، لە راگەیەنراوێكدا دەربارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی، ئەوەی خستۆتەڕوو كە لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی داهاتوویان كردووە، كە بەشێوەیەك بێت هیچ پێكهاتەیەكی وڵات پەراوێزنەخرێت.
راگەیەنراوەكە، جەختدەكاتەوە لەسەر لێكتێگەیشتنی هاوبەش بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو لە نزیكترین كاتدا بەبەشداریی تەواوی پێكهاتەكان.

كۆبوونەوە لەگەڵ نوری مالكی
هەر لەچوارچێوەی سەردانەكەیاندا بۆ بەغدا و كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییە عیراقییەكاندا، وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی لەگەڵ نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، كۆبۆوە و گفتوگۆیان كرد دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و تەواوكردنی ئەو هەنگاوانەی دەنرێن لەوبارەیەوە.

كۆبوونەوەكانی وەفدی هاوبەش لەكاتێكی گرنگدایە
لەبارەی سەردانەكەوە، هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی وەفدی هاوبەش، بە PUKmediaی راگەیاندووە: سەردانی وەفدی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بۆ بەغدا و كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەكاتێكی هەستیار و گرنگدایە.

ئاماژەی بەوەشكرد كە وەك كورد ئامانج لە سەردان و كۆبوونەوەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ گەیاندنی دوو پەیامە، یەكێكیان ئەوەی كورد ببێتە چارەسەرێك لەنێو ماڵی شیعەدا، نەك لێكترازانی زیاتر، چونكە رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی و سەركەوتنی پڕۆسەكە، پەیامی دووەمیش ئەوەیە كورد بە وەرەقەیەكی هاوبەش بەشداریی دەكات و دەیەوێت بۆ حكومەتی داهاتوو بەرچاوڕوونی هەبێت تا دواتر بتوانێت پێداگریی لە ماف و داخوازییەكانی گەلی كوردستان بكات.

 132 جار بینراوە