سەرەکی » راپۆرت » هەولێر، داوای پاکڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان دەکرێت

هەولێر، داوای پاکڕاگرتنی شوێنە گشتییەکان دەکرێت

راپۆرتی، سەباح شوکر

ساڵ لە دوای ساڵ بەهۆی پێشکەوتنی زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم دەسەڵاتی مرۆڤ بەسەر ژینگە زیاتر دەبێت، بە تایبەتی دوای زیادبوونی داواکاری بۆ خۆراک و شوێنی حەوانەوە ئەمەش وای کرد مرۆڤ پەنا بۆ بڕینەوەی دارستانەکان بە مەبەستی دابینکردنی شوێنی حەوانەوە، پیشەسازی و… هتد ببات، بێگومان خاشاکێکی زۆر لەمانەوە پەیدابووە، هاووڵاتیان هەندێک جار خۆیان کەمتەرخەمن لە پاکراگرتنی ژینگە بە کۆنەکردنەوەی پاشماوەی کار و خۆراکی ماڵەکانیان و لەلایەکی تر فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەکو شارەوانی و گەشتوگوزار و ژینگەپارێزی بەرپرسیارن.

رۆژانە بەردەوام هەرچی پاشماوە دەمێنێتەوە لە مەقەبا و نایلۆن کۆی دەکاتەوە و قەفەزێکی گەورەی بۆ کۆکردنەوەی خاشاکی مارکێتەکەی دروستکردووە و زەوییەکەش بەردەوام بەفڵچە و ماسیحە خاوێندەکەنەوە، ئەمە وتەی ئەحمەد کەریمە کە خاوەنی سۆپەر مارکێتێکە لە هەولێر، هەروەها خاڵە کەریمی دوکانداری سەوزە و میوە دەڵێت بەشێک لە سەوزەکانمان دەمێنێتەوە و خراپ دەبن ناچارین فرێیاندەینە ناو حاویەکان، ئەوان دەڵێن کە ئۆتۆمبێلی فرێدانی پاشماوەکان درەنگ دێن خۆڵ و خاشاک کۆدەبێتەوە و زەوییەکە پیس دەکات .

هاوژین دوکانی مۆبایلی هەیە بۆ کوردستانی نوێ وتی ئێمە پاشماوەی زۆرمان نییە، بەڵام هەندێ کەس سەرەڕای بونی حاویە، کەچی پاشماوەی جگەرە و ماسک یا شووشەی ساردی فڕێدەدەنە سەر زەوی، ئەوەش نیشانەی ناهۆشیاری تاکە لە ئاست ژینگە پارێزی.

هۆشیاری ژینگەیی نییە
هۆشیاری تاک نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی ژینگە پارێزی بخاتە بەرنامەی ژیانیەوە، پسپۆڕانی ژینگە لای خۆیانەوە دەڵێن دەبێت بەردەوام هاووڵاتیان هۆشیاربکرێنەوە ژینگەیان بپارێزن، سەبارەت بەم بابەتە روومانکردە فەرمانگەی ژینگە پارێزی هەولێر، لەیلا عومەر لەوێ بەرپرسی بەشی هۆشیارییە، بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئێمە بەردەوام لە کاروچالاکیداین بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە چۆنیەتی پاراستنی ژینگەکەی، ئەویش لە رێگەی کۆڕ و چاوپێکەوتنی کەناڵە ناوخۆییەکان، هەروەها هەڵواسین پۆستەر لە شوێنە گشتیەکان تەنانەت باخچەی ساوایان و خوێندنگەکانیش، هەر شوێنە و بەپێی ئاستی خۆی لە باخچەکان بە پۆستەر و وێنەی گەورە و لە خوێندنگەکانیش بە وێنە چیرۆک و کۆڕ لە ژێر ناونیشانی چۆنیەتی پاراستنی ژینگەی خوێندنگە و دەرەوە سازدەکرێت، وتیشی ئێمە بەردەوامین لە هۆشیارکردنەوە و دوابەدوای ئەوە بۆ سەرپێچیکردن سزا هەیە، ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن لە پاراستنی ژینگە، جۆرە سزایەک دانراوە لە پیسکردنی شەقام و دوکەڵی رەشی ئۆتۆمبێل و شتنی ئۆتۆمبێل لە نزیک رووبارەکان و هەڵنەگرتنەوەی پاشماوەی خۆڵ و خاشاک یان تێکدان یان دروستکردنی خانوو، سزا لە 100 هەزار دینارەوە تا ملیۆنێک دانراوە.

ژینگە پارێزی هەر پاکوخاوێنی نییە
هەموو ئەوانەی لە دەوروبەرماندایە و هەستی پێدەکەین ژینگە پێکدەهێنن، لە گیاندار بێت یان بێگیان و هێزی بایۆلۆجی و فیزیایی و کیمیایی و چەند هێزێکی دیکەی سروشتی پێکهاتووە، زرار عەزیز لە دەستەی پاراستن وچاکردنی ژینگە و بەرپرسی دەستەکە بۆ کوردستانی نوێ وتی: ژینگە پێکهاتووە لە هەوا، ئاو، دارستان و خاک، تا ئێستا هاووڵاتیان شارەزانین لە فراوانی ژینگە، ژینگە پارێزی هەرپاک و خاوێنی نییە، بۆ ئەو بابەتانەش چەندین کۆڕ وسیمینارمان سازکردووە.

رۆژانە نزیکەی 200 تەن پاشماوەی زبڵ وخاشاک لە رێگەی کۆمپانیای تایبەتەوە کۆدەکرێتەوە و لە ناوچەی کانی قرژاڵە لە دەرەوەی هەولێر دەخرێتە ژێرخاکەوە، هاوکات لە سلێمانی کارگەیەکی سوود وەرگرتن لەو پاشماوانە دامەزراوە و بەشێکی بەکاردێن بۆ ووزە و کارگەی چیمەنتۆ، بریارە لە هەولێریش کارگەیەکی لەو جۆرە دامەزرێ. زرار عەزیز وتیشی: رێکخراوێکی ژاپۆنی بە هاوکاری حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ دانانی نەخشەیەکی گلدانەوە و سوود وەرگرتن لە پاشماوەی ئاوی ماڵان، بڕیارە هەولێر بکرێ بەچواربەش و هەر بەشەی سندوقێکی ئاوەڕۆی بۆ دابین بکرێت و بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەیە کێشەی پاشماوەی ئاوی پیس چارەسەردەکرێ و لەهەمانکاتدا سوود لەو ئاوە دەبینرێ بۆ ئاودانی دار و باخچەکان و بریاریشە پشتێنەیەکی سەوزایی و دارچاندن لە چواردەوری شاربکرێ و بەو ئاوە ئاوبدرێ.

سزا بۆ پیسکردنی ژینەگە هەیە
لەبارەی جۆرەکانی سزاوە هەر کارگەیەک یان کۆمپانیایەک دادەمەزرێ دەبێ بە فلتەرەکانی ژینگەپارێزیدا تێپەڕێت، هەریەک لەو کارگانە دەبێ 25 ٪ دار یا سەوزایی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی زیانی پاشماوەکانی کارگەکە لە گاز و دوکەڵ، ئەگەر لەو شوێنە رووبەری سەوزایی نەبوو، دەبێ خاوەن کارگە لە شوێنێکیتر ئەو بڕە سەوزاییە هەر بچێنێت کە شارەوانی دیاری دەکات، ئەو بابەتەش پێیدەوترێت لەبری سەوزکردن.

هەروەها بەپێی یاسای ژمارە42ی ساڵی 2008 سزای سەرپێچی ژینگەیی هەیە، بۆ فڕێنەدانی پاشماوەی کارگەکان، پاڵاوک و توانەوەی ئاسن، لیژنەیەک بۆ چۆنیەتی سەرپێچیەکە پێکهاتووە ماوەی 10رۆژ دیاری دەکرێ کە پاشماوەی کارگەکە فرێبدا، ئەگەر خاوەن کار داوای کاتی زیاتریکرد ماوەیەکی تری بۆ دیاریدەکرێ، ئەگەر هەرجێبەجێی نەکرد ،ئەوە سزای ماددی بۆ دیاریدەکرێ ئەویش لە800 هەزار دینار وە دەستپێدەکات تا چەند ملیۆنێک.

بەشێکی هاووڵاتیان لە خەمی ژینگەدان، چەند رێکخراوێک بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێم دامەزاراوە و بەشێکیان خۆبەخشانە کاردەکەن، رێکخراوی یەسناو و ئاڤیار دوو رێکخراون لە هەولێر، ئاوات محەمەد، یەکێکە لە ئەندامانی رێکخراوی یەسنا بۆ پاراستنی ژینگە وتی رێکخراوەکەمان لەساڵی2014ەوە دامەزراوە، کاروچالاکیمان لە بواری ژینگەییدا خۆی لە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە پاراستی ئاو، گیانداران خۆی دەبینێتەوە، هەموو ئەندامەکانانیشمان بە خۆبەخشی کاردەکەین، هەروەها ئاسۆ شکاک سەرپەرشتی رێکخراوی ئاڤیار بۆ ژینگە پارێزی، وتی رێکخراوەکەمان لەساڵی2013 ەوە دامەزراوە و خۆبەخشیین کاروچالاکیمان هۆشیاری هاووڵاتیە و پاراستنی ژینگەیە، لەو بوارەدا کۆڕ سازدەکەین، هەڵمەتی پاکردنەوەی ژینگە رادەگەینین و پۆستەری هۆشیاری ژینگەیی بڵاودەکینەوە، بەدواداچوون بۆ پیسکردنی ژینگە دەکەین لەلایەن هاووڵاتیانەوە و بەردەوام پەیوەندیمان هەیە لەگەڵ دەزگا ژینگەییەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ژینگەییکان.

پاراستنی ژینگە و رێزگرتن لە ژینگە ئەرکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە. دەبێت سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵ بە وشیارییەوە بەرامبەر بە ژینگە هەڵسوکەوت بکەن و هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی. تێکدانی ژینگە وێرانکردنی سەرچاوەکانی ژیانە. پێویستە دڵسۆزانە بەرامبەر بە ژینگەی خۆمان هەڵسوکەوت بکەین.

 686 جار بینراوە