سەرەکی » وتار » دڵشاد ئه‌حمه‌د » حه‌مه‌ی تۆفیقی شاوه‌یس وای ووت!

حه‌مه‌ی تۆفیقی شاوه‌یس وای ووت!

له‌كه‌لی په‌یكوڵی-ی ه‌وه‌، كۆپته‌ره‌كان به‌سه‌ر «زه‌رده‌»دا، ده‌چوونه‌ سه‌ر لوتكه‌ی «حه‌ره‌م» ‌و «په‌ڵك» ده‌چوونه‌ سه‌ر ده‌شتی ته‌نوره‌‌و بانی جۆ‌و سێ كه‌رتلان. سوپاكه‌ی عێراق «ده‌ره‌دوێن» و «به‌ركه‌ل» ‌و «چرچه‌ قه‌ڵا» ‌و «ته‌په‌ گه‌روس»ی‌ له‌ناو ئیڤانا بوو. ئا…ئا، هه‌مووشی روخاندبوو. (مله‌ی قۆچی باشی) كه‌ جاران رێڕه‌وی ره‌شماڵانی جاف بوو، پڕ بوون له‌سه‌رباز، سه‌ربازه‌كان گه‌رمێن‌و كوێستانیان نه‌ده‌كرد، ئه‌وان له‌ وڵاتی موحه‌مه‌ده‌وه‌ له‌بیابانه‌كانی نیوه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌به‌وه‌ هاتبوون، كووشتنی كورد‌و سوتانی وڵاته‌كه‌یان بۆ «خودا» ده‌كرد. سوپا له‌سه‌ره‌تای وێرانكردنی(24) ئاواییه‌كه‌ی هۆزی شاوه‌یس رۆغزایی بوون، رۆغزایی جاف به‌ره‌ی حه‌وت برا بوون، له‌گه‌ڵ هه‌ور‌و باعه‌باعی به‌رخ‌و هۆره‌ی كورد هاتبوون، شاوه‌یس‌و سه‌رحه‌د‌و سمایل‌و شه‌ڕه‌‌و ڕوخزاد‌و حه‌مه‌جاف‌و وه‌یس وه‌یس بوون، حه‌مه‌ی شاوێسی رۆغزایی عه‌زیز‌و تۆفیقی بوو، هاتبوون له‌ ته‌په‌گه‌ڕوس هه‌واری زستانه‌یان لێهه‌ڵدابوو، بۆنی ده‌واری هه‌شت ستوونی‌و كولێره‌ به‌ڕۆن (نۆمای ماینی) له‌ قه‌ڵازنجیر‌و ده‌ره‌وار ده‌برده‌وه‌ به‌ر ڕه‌شماڵان، ساڵحی مام نه‌سره‌دینی ده‌ره‌وار وای گێڕایه‌وه‌:
وای له‌من، زرێپۆشه‌كان له‌وبه‌ر له‌ «تم تمه‌» ڕووه‌‌و ئاوایی وێسان، پیاده‌ی سه‌ربازی ئومه‌ی عه‌ره‌بی، كه‌ په‌یامی ئه‌نفالیان بۆ شه‌پۆله‌ وردیله‌كانی چه‌م‌و توته‌ڵه‌میرانی سه‌ر گژوگیا‌و منداڵانی به‌ده‌سرازه‌ به‌سراوی ناو بێشكه‌ هێنابوو، چوارده‌وری ئاوایی» براوه‌ل»ی بناری چیای زه‌رده‌ گرت، ده‌رگا ته‌نه‌كه‌كان داخرابوون، سه‌گه‌كان، ئه‌و سه‌گانه‌ی له‌ئومه‌ی عه‌رب به‌وه‌فاتر بوون، پێیان وه‌ڕین‌و په‌لاماریاندان، ئه‌فسه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ كه‌ به‌ «قائد» بانگیان ده‌كرد، بڕیاری كووشتنی سه‌گی دا، له‌ناو حه‌په‌ی سه‌گ‌و ئه‌نفال‌و فیشه‌كه‌ روسییه‌كانی هاورێ لینین، ده‌رگایه‌كی ته‌نه‌كه‌ ترازا، هه‌موو چاوه‌ عه‌ره‌بیه‌كان به‌ره‌و جیڕه‌ی ده‌رگاكه‌ بوو، پیاوێك، كه‌واو سه‌ڵته‌پۆش، مشكی‌و جامانه‌ تێكه‌ڵاو سه‌عاتی به‌زنجیر شۆڕه‌وه‌ بووی‌ به‌رباخه‌ل، خه‌نجه‌ری ده‌بان له‌به‌ر پشتوێن، هاته‌ به‌ر لوله‌ی تفه‌نگه‌كانی نه‌جد‌و حیجاز، به‌كوردییه‌كی ڕه‌وانی ئێڵی جاف فه‌رموی لێكردن پشوویه‌ك بده‌ن، چایه‌ك، نانێك بخۆن، سه‌ربازه‌ كورده‌كه‌ بۆ قائدی وه‌رگیڕایه‌ سه‌ر عه‌ره‌بی.
«قائد» گوتی: كاتی ئه‌وانه‌ نییه‌، ده‌بێ فرمانه‌كانی خه‌لیفه‌ی هه‌شته‌می ئیسلام جێ به‌جێ بكه‌م، حه‌مه‌ی تۆفیقی شاوه‌یسی پێی وت: لای كورد، نه‌نگییه‌، ئه‌گه‌ر دوست بی دوژمن بی، ده‌بێ نمه‌كمان بكه‌ن.
«قائد» چووه‌ ژورێ، نان‌و چای خوارد‌و هاته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌(حه‌مه‌ی تۆفیقی براوه‌ل)ی گوت: تۆ‌و 19 سه‌ر خێزانه‌كه‌ت ڕێت بۆ كراوه‌یه‌، بڕۆ، هاواری كرد، ده‌ی خێزانه‌ كورده‌ یاخییه‌كان بكه‌نه‌ ناو ئیڤاكانه‌وه‌، حه‌مه‌ی تۆفیقی براوه‌ل وه‌جافانه‌ به‌ سه‌ركرده‌ی ئه‌نفاله‌كه‌ی وت: ئوهوو براله‌، جه‌نابی قائد، چۆن قه‌ومه‌كه‌ی خۆم ده‌خه‌مه‌ ناو ئیڤاوه‌‌و به‌ره‌و مه‌رگ ڕه‌وانه‌یان ده‌كه‌ن‌و منیش رزگارم بێ‌و بژیم، ده‌ته‌وێ شه‌ره‌فی كورده‌واریم بشكێنێ به‌ ژیانێكی زه‌لیلی، منیش له‌گه‌ڵ قه‌ومه‌كه‌مم، جاف هه‌رگیز سه‌رشۆری هه‌ڵنه‌بژاردووه‌، تا ئێستا من هه‌ڵیبژێرم، كه‌واكه‌ی خسته‌به‌ر پشتوێن‌و یه‌كه‌م كه‌س سه‌ركه‌وته‌ سه‌ر ئیڤا سه‌ربازییه‌كه‌ی سۆڤیه‌تی هاورێ، له‌ناو ترومبێله‌كه‌وه‌ هاواری كرد ده‌ی كوڕه‌كانم، كه‌نیشكه‌كانم، ژنان، سه‌ركه‌ون، خوا ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر داوه‌‌و هه‌ر ئه‌مه‌ به‌شمانه‌، له‌وه‌ته‌ی هه‌ین، به‌شمان هه‌ر ئه‌مه‌ بووه‌، خاك سوتماك، ماڵوێران، كوڕ كوژریا‌و بین، بێن ئه‌مه‌ قه‌ده‌رمانه‌، ده‌ی برا، روی كرده‌ فه‌رمانده‌ی سه‌ربازه‌كانی ئومه‌ی عه‌رب: ده‌ی قائد فه‌رمانی خه‌لیفه‌كه‌ت جێ به‌جێ كه‌، حه‌یات فارس، ئایله‌ سڵه‌مان، ژنه‌كانی لاله‌ حه‌مه‌‌و 8 كه‌نیشی عازه‌ب، كه‌ریمی كوڕی به‌پێنج منداڵه‌وه‌ سه‌ركه‌وتن، پێڵاوه‌كانیان به‌ سه‌ر سه‌ری قائده‌وه‌ له‌به‌رزی بوون، 46 كه‌س سه‌ركه‌وتن، له‌خواریشه‌وه‌ 18 كه‌س، بۆنی خاكی براوه‌ل به‌سه‌ر كه‌واو سه‌ڵته‌كه‌ی حه‌مه‌ی تۆفیقی شاوه‌یسه‌وه‌ له‌ نوگره‌ سه‌لمان، به‌و بۆنه‌ یه‌كتریان ده‌ناسیه‌وه‌، له‌وێ (ده‌ هه‌زار دیناری سویسری) پێ بوو، ده‌ی به‌خشییه‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ژاره‌ ئه‌نفال كراوه‌كاندا. ئێستا له‌ دێبه‌ره‌كه‌ی به‌راوه‌ل، حه‌مه‌ی تۆفیق به‌خۆو بێڵه‌كه‌یه‌وه‌، به‌یانیان زوو له‌گه‌ڵ باڵنده‌‌و په‌پووله‌ ده‌بینرێ لای ماڵه‌كه‌ی مام ره‌سول، هه‌مان ده‌ستووری باوكی په‌یڕه‌و ده‌كرێ‌و برایمی كوڕی مه‌زراكان سه‌وز ده‌كاته‌وه‌، سه‌رحه‌د ‌و حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌‌و شاسوار، زۆرابی حه‌مه‌شاسوار‌و ره‌فیقی مام فه‌ریقی ره‌حیم‌و عه‌داله‌ت جه‌بار‌و رێبوار جه‌بار، گوڵاڵه‌ سووره‌ی شه‌هیدانی ده‌شت‌و ده‌ری «براوه‌ل» ن، خاك ده‌ڵێ، هه‌تا چیاو براوه‌ل‌و جوامێری مابێ، حه‌مه‌ی تۆفیقی شاوه‌یسی ئێڵی جاف هه‌ر ناوی ده‌مێنێ..هه‌ر ده‌مێنێ‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گوندی ئاوه‌كه‌ڵه‌ _ بناری‌ شاره‌زوور

شاره‌زوور له‌كورته‌یه‌كی مێژوودا ئاشوری یه‌كان به‌شاره‌زووریان گوتووه‌ (زاموا)، له‌هه‌زاره‌ی‌ سێیه‌می ...