سەرەکی » ئاراستە » هۆزی‌ غه‌فران داوای‌ ره‌گه‌زنامه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌

هۆزی‌ غه‌فران داوای‌ ره‌گه‌زنامه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌

ره‌سیف22

له‌م دواییانه‌دا داواكاریی هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانی‌ هۆزی‌ غه‌فران له‌ كۆمه‌ڵی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ زۆر بووه‌، تا فشار بخرێته‌ سه‌ر حكومه‌تی‌ قه‌ته‌ر، بۆ پێدانه‌وه‌ی‌ مافه‌ زه‌تكراوه‌كانیان، به‌ تایبه‌تی‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ ره‌گه‌زمانه‌ بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی‌ هۆزه‌كه‌، كه‌ ره‌گه‌زنامه‌یان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌. تۆ بڵێی‌ چیرۆك‌و به‌سه‌رهاتی‌ هۆزی‌ غه‌فران چی‌ بێت؟
دواهه‌مین جار كه‌ به‌ندامانی‌ هۆزی‌ غه‌فران داواكارییه‌كه‌یان دووباره‌ كرده‌وه‌، له‌ كۆڕێكدا بوو كه‌ فیدرالیزمی‌ عه‌ره‌بی‌ تایبه‌ت به‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ یانه‌ی‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ جنێڤی‌ سویسرا رێكی‌ خستبوو، ئاماده‌بوانی‌ كۆڕه‌كه‌ رایانگه‌یاند، كه‌ هیچ چارێكیان نه‌ماوه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ داوا له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بكه‌ن مه‌سه‌له‌ی‌ هۆزی‌ غه‌فران بخنه‌ به‌رنامه‌‌و بایه‌خبه‌ندی‌ پله‌ یه‌كی‌ خۆیانه‌وه‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا زیاتر له‌ 40 رێكخراو كه‌ له‌ ژێر چه‌تری‌ فیدرالیزمی‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ مافی‌ مرۆڤدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ نامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ی‌ كۆمیساری‌ باڵای‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ مافی‌ مرۆڤ كرد‌و تیایدا داوایان كرد، دادپه‌روه‌رانه‌ كار له‌سه‌ر كه‌یسی‌ هۆزی‌ غه‌فران بكرێت.

سه‌ره‌تای‌ چیرۆكه‌كه‌
كێشه‌ی‌ هۆزی‌ غه‌فران تازه‌ نییه‌‌و وه‌ك پیاوماقوڵانی‌ هۆزه‌كه‌ باسی‌ ده‌كه‌ن، ره‌گ‌و ریشه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی‌ 1996، له‌و ساڵه‌دا حه‌مه‌د بن خه‌لیفه‌ ئال سانی‌ به‌ كوده‌تایه‌ك به‌سه‌ر باوكیدا ده‌سه‌ڵاتی‌ گرته‌ ده‌ست‌و دوای‌ كوده‌تاكه‌ش ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ هۆزی‌ غه‌فران هه‌وڵیان دا یارمه‌تی‌ خه‌لیفه‌ بن حه‌مه‌د ئال سانی‌ باوكی‌ حه‌مه‌د بن خه‌لیفه‌ بده‌ن تا كوده‌تاكه‌ پێچه‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌، به‌هۆی‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یانه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ كه‌سایه‌تی‌‌و ئه‌ندامانی‌ هۆزه‌كه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار كران كه‌ به‌ نیازن كوده‌تا به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ تازه‌كه‌ی‌ قه‌ته‌ردا بكه‌ن.
له‌ نامه‌كه‌ی‌ فیدرالیزمی‌ عه‌ره‌بی‌ بۆ مافی‌ مرۆڤدا به‌و جۆره‌ باسی‌ كێشه‌ی‌ هۆزی‌ غه‌فران كرابوو، ئه‌ندامانی‌ هۆزه‌كه‌ش له‌ لێدوان‌و قسه‌كانیاندا هه‌ر به‌و جۆره‌ باسی‌ ده‌كه‌ن، جابر عه‌بدولهادی‌ ئه‌لموڕی‌ له‌ لێدوانێكدا بۆ بی‌ بی‌ سی‌ وتی‌: ئێمه‌ نامانه‌وێ زیان به‌ قه‌ته‌ری‌ نیشتمانمان بگه‌یه‌نین، به‌ڵام رووبه‌ڕووی‌ حوكومدارێك بووینه‌ته‌وه‌ كه‌ دڵێكی‌ پڕ له‌ رق‌و كینه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر غه‌فرانییه‌ك. ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ قه‌ته‌ر له‌ ساڵی‌ 1996دا ره‌گه‌زنامه‌ی‌ له‌ خۆی‌‌و خێزانه‌كه‌ی‌و سیان له‌ خوشك‌و براكان‌و خێزانه‌كانیان سه‌ندۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها ره‌گه‌زنامه‌ی‌ له‌ شه‌ش ئامۆزا‌و خێزانه‌كانیان سه‌ندۆته‌وه‌.
هۆزی‌ غه‌فران په‌لێكن له‌ هۆزی‌ ئال موڕه‌، سه‌رده‌مانێك له‌ پانتاییه‌كی‌ جوگرافی‌ فراواندا له‌ باشووری‌ نیوه‌دوورگه‌ی‌ عه‌ره‌بی‌ ده‌ژیان‌و به‌ دوای‌ ئا‌و‌و له‌وه‌ڕدا ده‌گه‌ڕان، به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌ سییه‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردوودا له‌ قه‌ته‌ر نیشته‌جێ بوون، له‌وانه‌ش هۆزی‌ غه‌فران بوو، پاشان تا ساڵی‌ 1971 كه‌ قه‌ته‌ر سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت كۆچیان به‌ره‌و ئه‌وێ به‌رده‌وام بوو، ئیتر ئه‌وانیش وه‌ك هه‌ر هۆزێكی‌ تری‌ عه‌ره‌بی‌ بوون به‌ هاووڵاتی قه‌ته‌ر.

دوو ره‌گه‌زنامه‌
كێشه‌ی‌ غه‌فرانییه‌كان له‌ ساڵی‌ 2005دا وه‌رچه‌رخانێكی‌ بنه‌ڕه‌تی‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینی‌، ئه‌و كاته‌ی‌ قه‌ته‌ر به‌ كۆمه‌ڵ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ لێ سه‌ندنه‌وه‌، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا 972 سه‌رۆك خێزان به‌ سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی‌ خێزانه‌كانیانه‌وه‌ ره‌گه‌زنامه‌یان لێ سه‌ندرایه‌وه‌، سه‌ره‌نجام ژماره‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ره‌گه‌زنامه‌یان لێ سه‌ندرایه‌وه‌ گه‌یشته‌ پێنج هه‌زار‌و 266 كه‌س له‌ هۆزی‌ غه‌فران. ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ قه‌ته‌ر بیانوویان بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئه‌وه‌ بوو، كه‌ یاسای‌ قه‌ته‌ر رێگه‌ نادات هاووڵاتی‌ ره‌گه‌زمانه‌ی‌ دوو وڵاتی‌ هه‌بێت. هه‌ر ئه‌و كات حه‌مه‌د بن جاسم ئال سانی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی‌ رێكه‌وتنی‌ ئاسایشی‌ كه‌نداوی‌ بۆ چه‌ند ساڵێك ئیمزا نه‌كرد، تا ئه‌و به‌نده‌ی‌ بۆ زیاد كرا كه‌ رێگه‌ نادرێت هاووڵاتییه‌ك دوو ره‌گه‌زمانه‌ی‌ هه‌بێت، كه‌ دواتر ئه‌نجومه‌نی‌ هاریكاری‌ كه‌نداو قبوڵی‌ كرد، ئه‌ویش له‌به‌ر كه‌مكردنه‌وه‌‌و رێگرتن بوو له‌ دیارده‌ی‌ تیرۆر بوو.
هه‌ندێك له‌ هاووڵاتیان مه‌سه‌له‌ی‌ دوو ره‌گه‌زنامه‌كه‌یان ته‌نها به‌ بیانوویه‌ك زانی‌، ئه‌وانه‌ش كه‌ هه‌ر به‌ راستی‌ به‌هۆی‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌وه‌ زیانیان پێ گه‌یشتبوو، به‌ ئاشكرا ده‌یانوت مه‌سه‌له‌ی‌ دوو ره‌گه‌زمانه‌ جگه‌ له‌ درۆ‌و ده‌له‌سه‌ هیچی‌ تیر نییه‌‌و جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ زۆر هاووڵاتی‌ قه‌ته‌ر هه‌یه‌ له‌ هۆزه‌كانی‌ تر كه‌ تا ئێستاش جگه‌ له‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ قه‌ته‌ر، ره‌گه‌زنامه‌ی‌ سعودیه‌، یان به‌حرێن، یان ئێرانیشیان ماوه‌، ده‌سه‌ڵاتی‌ قه‌ته‌ریش هیچ رێوشوێنێكی‌ دژی‌ ئه‌وانه‌ نه‌گرتۆته‌به‌ر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌سه‌ر هۆزی‌ غه‌فران دێت جیاكاری‌ ره‌گه‌زی‌‌و پاكتاوی‌ ره‌گه‌زییه‌.
دوای‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی‌ قه‌ته‌ر دژی‌ غه‌فران‌و دروستبوونی‌ هه‌ڵا‌و مشتومڕ له‌باره‌ی‌ مه‌سه‌له‌كه‌وه‌، حكومه‌ت رایگه‌یاند، كێشه‌ی‌ یه‌ك له‌سه‌ر سێی‌ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌وانه‌ی‌ ره‌گه‌زنامه‌یان لێ سه‌ندراوه‌ته‌وه‌، به‌ كه‌یسه‌كانیاندا ده‌چێته‌وه‌، خالید عه‌تیه‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ قه‌ته‌ر-یش رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌كه‌ی‌ به‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوی‌ ده‌مێنێته‌وه‌، لیژنه‌كه‌یان به‌دواداچوونی‌ بۆ ده‌كات‌و به‌ پێی‌ بنه‌مای‌ مافی‌ مرۆڤ‌و یاساكانی‌ قه‌ته‌ر كاریان بۆ ده‌كات.

سه‌رۆك هۆزیشی‌ گرته‌وه‌
ساڵی‌ 2017 تالیب بن لاهوم بن شریم شێخی‌ هۆزی‌ ئال موڕه‌ له‌ گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆییدا رایگه‌یاند، ده‌سه‌ڵاتی‌ قه‌ته‌ر ره‌گه‌زمانه‌ی‌ له‌ خۆی‌‌و 55 كه‌س له‌ ئه‌ندامانی‌ هۆزه‌كه‌ی‌ سه‌ندۆته‌وه‌، به‌ وته‌ی‌ خۆی‌ هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هۆزه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان-ی‌ شازاده‌ی‌ سعودیه‌دا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ كردووه‌. لێره‌وه‌ كێشه‌ی‌ غه‌فرانییه‌كان دووباره‌ سه‌ری‌ هه‌ڵدایه‌وه‌‌و به‌ تایبه‌ت دوای‌ دابڕانی‌ نێوان قه‌ته‌ر وڵاتانی‌ كه‌ندا‌و كێشه‌كه‌ ره‌هه‌ندێكی‌ سیاسی‌ وه‌رگرت. دوای‌ ئه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ خه‌ڵكی‌ قه‌ته‌ر وه‌ڵامی‌ بن شریم-یان دایه‌وه‌‌و قسه‌یه‌كی‌ خۆیان بیر هێنایه‌وه‌ كه‌ له‌ 2005دا كردوویه‌تی‌‌و ده‌ڵێ: هۆكاری‌ سه‌ندنه‌وه‌ی‌ ره‌گه‌زنامه‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ هۆزی‌ غه‌فران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یاسا رێگه‌ نادات هاووڵاتییه‌ك دوو ره‌گه‌زنامه‌ی‌ هه‌بێت.
قه‌ته‌ر هیچ وه‌ڵامێكی‌ ره‌سمی‌ نه‌بوو بۆ ئه‌و سكاڵایه‌ی‌ هۆزی‌ غه‌فران له‌ كۆمسیۆنی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رزی‌ كردبۆوه‌، به‌ڵام رۆژنامه‌كانی‌ قه‌ته‌ر له‌ زاری‌ یه‌كێك له‌ ئاماده‌بوانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی‌ جنێڤه‌وه‌ پرسیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ وروژاندبوو، ئه‌گه‌ر ره‌گه‌زنامه‌یان نییه‌، چۆن گه‌یشتوونه‌ته‌ سویسرا؟ جابر عه‌بدولهادی‌ ئال موڕی‌-ش له‌ وه‌ڵامدا وتبووی‌، ئه‌وان پاسپۆرتیان نییه‌‌و بۆ چوونه‌ سویسراش ناچار بوون به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ سه‌فه‌ر له‌ سعودیه‌ وه‌ربگرن.
سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌یه‌، نۆف ئه‌لرومێحی‌ وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر به‌ بی‌ بی‌ سی‌ راگه‌یاند، شتێك نییه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ كه‌ پێویست بكات قه‌ته‌ر وه‌ڵامی‌ بداته‌وه‌، ئه‌ندامانی‌ هۆزی‌ غه‌فران، به‌ سعودیه‌‌و قه‌ته‌ر‌و هه‌ندێك وڵاتی‌ تریشدا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌‌و كێشه‌یان نییه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیان دوو ره‌گه‌زنامه‌یان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ یاسای‌ قه‌ته‌ردا یه‌ك ناگرێته‌وه‌، كه‌ رێگه‌ نادات یه‌ك هاووڵاتی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ دوو وڵاتی‌ هه‌بێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یوسف و تۆفیقی ئـەحمەد شەماڵ

نەوزاد كەریم لەگەڵ كۆتایی ئەو شەوە درێژو ساردەی كەپاش رێگا ...