سەرەکی » ئاراستە » قه‌ڵادزێ هه‌ر قه‌ڵایه‌ و به‌عسیش سه‌رنگوم

له‌ یادی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی و كاولكارییه‌كاندا

قه‌ڵادزێ هه‌ر قه‌ڵایه‌ و به‌عسیش سه‌رنگوم

ئاوات كۆكه‌یی

قه‌ڵادزێ، شاره‌ ره‌نگین و ئازیزه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری پشده‌ر و هه‌موو كورستانه‌، ناوێكی خۆشئاوازه‌ له‌سه‌ر زاران، وه‌ك هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی پێگه‌یه‌كی گرنگ و ستراتیژی بووه‌ بۆ شۆڕشه‌كانی كوردو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان، خاوه‌ن ناو ناوبانگ و شانازییه‌كی زۆره‌ له‌و رووه‌وه‌.
تاوانه‌كانی رژێمی به‌عسی له‌ناوچووی حوكمڕانی پێشووی عیراق به‌رامبه‌ر ئه‌وشاره‌، نمونه‌ی قێزه‌ونی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ده‌وڵه‌ته‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستانه‌.
به‌عس به‌رده‌وام له‌ خه‌ڵكی ئه‌مشاره‌ی گولله‌ باران كردووه‌، له‌سێداره‌ی داوه‌و شوێنبزری كردووه‌، كاولی كردووه‌ و هه‌وڵی تێكدانی هه‌موو كایه‌كانی ژیانی داوه‌، به‌ڵام هیچكات ئه‌و هه‌وڵانه‌ ئامانجیان نه‌پێكاوه‌و ئه‌گه‌رچی خوێنی زۆر رژاوه‌، به‌ڵام ره‌وشت و خه‌سڵه‌تی به‌رزی قه‌ڵادزییه‌كان و وره‌ی به‌رزو گیانی خۆڕاگری رۆڵه‌كانی، هه‌ر له‌ ترۆپكدا ماوه‌ته‌وه‌.
جگه‌ له‌وانه‌، قه‌ڵادزێ چه‌ندینجاری دیكه‌ به‌پێی پیلان و به‌رنامه‌ی مه‌ترسیدار له‌سه‌ر ده‌ستی رژێمی به‌عس رووبه‌ڕووی تاوانی گه‌وره‌ی كاولكاری و كۆمه‌ڵكوژی بۆته‌وه‌، كه‌ ئه‌م باسه‌ی ئێمه‌ تایبه‌ته‌ به‌دوان له‌و كاره‌ساتانه‌، كه‌میان 44 ساڵ پێش ئێستا و دووه‌میان 36 ساڵ به‌ر له‌ئێستا بووه‌.

24/4/1974 چی روویدا
شاری‌ قه‌ڵادزێ‌ كه‌ له‌ شۆڕشی ئه‌یلولدا ناوچه‌یه‌كی‌ ئازادكراوو بوو، بڕیاری‌ كردنه‌وه‌ی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ لێدراو خوێندكارانی‌ زانكۆو كارمه‌ندان به‌شی‌ زۆریان له‌ناوچه‌ی‌ پشده‌ر بوون، بینای‌ زانكۆ ته‌رخانكرا، به‌ڵام له‌ سه‌عات نزیكه‌ی 10ی به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی 24/4/1974 چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كی سیخۆی‌ رووسی‌، ته‌یاركراو به‌ چه‌كی‌ قه‌ده‌غه‌كراو، كه‌ بۆمبای هیندی‌ بوو، كه‌وته‌ بۆردومانكردنی شاره‌كه‌و زیانێكی‌ زۆری‌ ماددی‌ و گیانی‌ لێ‌ كه‌وته‌وه‌.
ژماره‌ی شه‌هیده‌كان گه‌یشته‌ نزیكه‌ی 200 كه‌س له‌ خوێندكارو ژن و منداڵ و هاووڵاتیان، زیاتر له‌ 400 كه‌سیش برینداربوون، به‌شێكی‌ برینداره‌كان بۆ وڵاتی‌ ئێران نێردان، به‌شێكی‌ دیكه‌ش له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان تیماركران، شه‌هیده‌كان خه‌ڵكی‌ پشده‌رو شاره‌كانی‌ سلێمانی‌ و هه‌ولێر، كۆیه‌، خانه‌قین، دوكان، رانیه‌بوون.
چه‌ندین دوكان و ماڵ و بینا خاپووربوون، ته‌نانه‌ت بینای زانكۆش به‌ر بۆردومانه‌كه‌ كه‌وت.
ئه‌و كۆمه‌ڵكوژیه‌ له‌ میدیاكانی‌ فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا ده‌نگی‌ دایه‌وه‌، رۆژنامه‌كانی‌ لۆمۆندی‌ فه‌ره‌نسی‌ و فاینه‌نشه‌ڵ تایمزو گاردیان بابه‌ت و راپۆرتیان بڵاوكردۆته‌وه‌. به‌ڵام تا ئێستا به‌ته‌واوی‌ ژماره‌ی‌ شه‌هیدان وبرینداره‌كان نه‌زانراوه‌.

24/4/1982 مێژوو دووباره‌ بۆوه‌
جگه‌ له‌و كاره‌ساته‌، خه‌ڵكی پشده‌ر پێشتر و دواتریش دووچاری رووداوی كاره‌ساتبار بۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كۆڕی تێكۆشان و به‌گژداچوونه‌وه‌ی تاوانكارو دوژمناندا بێ درێغ بوون و باجی سه‌ربه‌رزی و سه‌رسه‌ختی خۆیان داوه‌، یه‌كێك له‌و رووداوانه‌ تاوانێكی دیكه‌ی به‌عسه‌ كه‌ مێژووی ساڵی 1974ی له‌ 1982 دووباره‌ كرده‌وه‌.
خه‌ڵكی‌ پشده‌ر، له‌ یادی تاوانه‌كه‌ی رۆژی 24/4/1974، رێك له‌ رۆژی 24/4/1982دا خۆپیشاندانێكی گه‌وره‌یان ئه‌نجامدا، دوكان و بازاڕ داخران، به‌ره‌و سه‌رقه‌برانی‌ قه‌ڵادزێ‌ كه‌وتنه‌ ڕێ‌، به‌عس ویستی‌ به‌هێزی‌ سه‌ربازی‌ كۆتایی‌ به‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ بهێنێت، به‌ڵام كوڵی به‌جۆشی ده‌روونی خه‌ڵكی برینداری قه‌ڵادزێ دانه‌مركایه‌وه‌، دوژمن ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستیهات كردی و له‌هیچ نه‌سڵه‌مییه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌یه‌ك خۆپیشانده‌ر له‌ ژن و پیاو ده‌سگیركران، دوو ئافره‌تیش به‌ناوه‌كانی‌ دایكه‌ ئامینه‌ و خوشكه‌ سنه‌وبه‌ر شه‌هیدبوون.
ئه‌و روداوه‌ كه‌ به‌ راپه‌ڕینی‌ 1982 ناسراوه‌، جگه‌ له‌ ناوچه‌ی‌ پشده‌ر، سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی‌ دیكه‌ی كوردستانی‌ گرته‌وه‌ به‌ خوێندكارانی‌ زانكۆی‌ موسڵ یشه‌وه‌.
شایانی‌ باسه‌ ئه‌ندامانی رێكخستنه‌كانی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی كوردستان و راگه‌یاندنی‌ شۆڕشی نوێ رۆڵ و نه‌خشی‌ به‌رچاوی‌ گێڕا له‌ جۆشدانی‌ جه‌ماوه‌ر و خۆڕاگرییان به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌و تاوانه‌كانی به‌عسی حوكمڕان.

به‌رده‌وامیی سیاسه‌تی كاولكردن
به‌عس به‌رده‌وامبووه‌ له‌ كاولكاریی به‌رامبه‌ر قه‌ڵادزێ، له‌ساڵی 1989شدا دانیشتوانی ئه‌وشاره‌ی بۆ ئۆردوگا زۆره‌ ملێكان راگواست و شاره‌كه‌شی له‌گه‌ڵ زه‌وی یه‌كسان كرد و ته‌واوی ناوچه‌كه‌شی كرد به‌ خاكی قه‌ده‌غه‌كراو.
به‌پێی هه‌ندێك به‌ڵگه‌ی خودی حكومه‌تی ئه‌وسای عیراق، به‌رپرسانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ وتوویانه‌ ده‌بوو زووتر و زۆرپێش ئه‌وكاته‌ش (1989) قه‌ڵادزێ وێران و چۆڵ بكرایه‌.

قه‌ڵای جوانی
قه‌ڵادزێی شاره‌ شه‌هیده‌كه‌ی جاران، ئێستا به‌هێمنی هه‌نگاوی ئاوه‌دانی ده‌نێت، وه‌ك ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ و گه‌نجینه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ بواری رۆشنبیری و هونه‌ری و كه‌لتووریدا كه‌ كاریگه‌ریی شایسته‌یان له‌سه‌ر ره‌وتی رۆشنبیری كوردی هه‌یه‌.
به‌گشتی قه‌ڵادزییه‌كان و پشده‌رییه‌كان، خاوه‌ن چه‌ندین ناوی مه‌زن و شكۆدارن له‌بورای رۆشنبیری، هونه‌ری، سیاسی، وه‌رزشی و له‌كایه‌كانی ژیاندا خاوه‌ن به‌هره‌و به‌رهه‌می به‌رچاون.

*بۆ ئه‌م بابه‌ته‌، سودم له‌ ئه‌رشیفه‌كه‌ی مامۆستا (مۆفه‌ق میراوده‌لی) وه‌رگرتووه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

له‌ یادی 40 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا

ئاوات كۆكه‌یی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ...