سەرەکی » ئاراستە » دوای 39 ساڵ له‌ شه‌هیدبوونیان، سیروان تاڵه‌بانی‌ و هاوڕێكانی‌ هێشتا له‌ بیره‌وه‌ریماندا زیندوون

دوای 39 ساڵ له‌ شه‌هیدبوونیان، سیروان تاڵه‌بانی‌ و هاوڕێكانی‌ هێشتا له‌ بیره‌وه‌ریماندا زیندوون

كاوان ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ ساڵح هه‌ڵه‌بجه‌یی‌

شه‌وی‌ 29\30/4/1979 سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌ی‌ ئازاو فیداكارو چالاكی مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی شۆڕش (سیروان تاڵه‌بانی)، فه‌رمانده‌ی هه‌رێم پێنجی قه‌ره‌داغ له‌كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌ركێكی شۆڕشدا كه‌خۆی و ده‌سته‌یه‌ك له‌پێشمه‌رگه‌كانی هه‌رێمی قه‌ره‌داغ له‌ سه‌ركردایه‌تیه‌وه‌ ئه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ، له‌ گوندی (زێڕینجۆ)ی ناوچه‌ی شاره‌زوور كه‌وتنه‌ بۆسه‌ی هێزه‌كانی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌و شه‌هید كران.
سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانی، ئه‌وانه‌ی نمونه‌ی ئازایه‌تی، له‌خۆبوردویی، پیاوی خاوه‌ن هه‌ڵوێستی سه‌رده‌مێكی ناله‌باربوون، له‌و رووداوه‌دا، به‌پیلانی ده‌زگاكانی به‌عسی دوژمن و له‌ڕێگه‌ی چڵكاوخۆره‌كانی ناوخۆ (كورده‌ حه‌رامزاده‌كان)، له‌زێڕینجۆ شه‌هید كران.
هاوڕێكانی سیروان تاڵه‌بانی، هه‌ریه‌كه‌یان كوڕی خێزانێكی تێكۆشه‌ر بوون، هه‌ریه‌كه‌یان قاره‌مانێكی مه‌یدانی و سه‌نگه‌ره‌ سه‌خته‌كان بوون.
هه‌رچی شه‌هید سیروان تاڵه‌بانیشه‌، كوڕی خانه‌واده‌یه‌كی دیارو شۆڕشگێڕه‌، كه‌سێتییه‌كی سه‌نگین و به‌شكۆی هه‌بوو، هه‌ر زوو راسته‌ڕێگه‌ی خه‌باتی كوردایه‌تی گرته‌به‌ر، ئه‌گه‌رچی رێگه‌كه‌ سه‌خت و پڕ وه‌ی و هه‌ورازو نشێو بوو، به‌ڵام ئه‌و باكی به‌هیچ كام له‌وانه‌ نه‌بوو، ئامانجی سه‌رفرازیی نه‌ته‌وه‌كه‌ی بوو، هه‌ر بۆ ئه‌و ئامانجه‌ش ئه‌و خێزانه‌ پێنج كوڕی به‌خشییه‌كوردستان و بوونه‌ شه‌هیدی سه‌نگه‌ر، به‌ڵێ، ئه‌و خێزانه‌ له‌پای سه‌رخستنی دۆزێكی ره‌واو پیرۆزدا، گه‌یشته‌ لوتكه‌ی قوربانیدان به‌وه‌ی سیروان تاڵه‌بانی و چوار برای دیكه‌ی بۆكوردو كوردستان شه‌هید كران.
شه‌هید سیروان یه‌كێكه‌ له‌ فه‌رمانده‌كانی سه‌ره‌تای شۆڕش و دوا پله‌ی فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داخ بووه‌ و له‌دوای خۆی چوار برای تریشی شه‌هید بوون، ئه‌وانیش: شه‌هید غه‌ریب ڕابه‌ر سیاسی تیپی مه‌ڵبه‌ ندی یه‌ك، شه‌هید ئه‌یوب به‌رپرسی دارایی تیپی ٥١ی گه‌رمیان، شه‌هید عومه‌ر فه‌رمانده‌ی كه‌رت له‌ تیپی ٥٩ی حه‌مرین، شه‌هید خالید، ئه‌ندامی رێكخستنه‌كان به‌ له‌ سێداره‌دان شه‌هید كرا.

سیروان تاڵه‌بانی كێیه‌؟
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ فه‌یسه‌ڵ ره‌شید حه‌مید ناسراو به‌سیروان تاڵه‌بانی، ساڵی 1946 له‌كه‌ركوك له‌دایكبووه‌و هه‌رله‌منداڵییه‌وه‌ خولیای به‌شداریكردنی هه‌بووه‌ له‌خه‌باتی ڕزگاری نه‌ته‌وه‌كه‌ی، هه‌ربۆیه‌ له‌ته‌مه‌نێكی كه‌مدا په‌یوه‌ندیكرد به‌یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌و چالاكانه‌ له‌ناو ڕێكخستنه‌كانی ئه‌وكاته‌ی پارتی كاریكردووه‌، لێپرسراوی لقی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه‌ له‌كه‌ركوك، دوای ئاشكرابوونیشی له‌لایه‌ن ڕژێمی ئه‌وكاته‌ی عیراقه‌وه‌، په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌و به‌شداری زۆره‌به‌ی نه‌به‌ردییه‌كانی كردووه‌.
دوای ده‌ستپێكردنی وتووێژی شۆڕش و رژێمی به‌عس و ده‌رچوونی به‌یاننامه‌ی 11ی ئازاری 1970، شه‌هید سیروان به‌هۆی لێوه‌شاوه‌ییه‌وه‌ كراوه‌ به‌به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی خانه‌قین.
له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی كوردستانیشه‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی شه‌هیدان خاڵه‌ شیهاب و كاك ئارامه‌وه‌ په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌وه‌، بووه‌ به‌یه‌كێك له‌كه‌سه‌ چالاكه‌كانی رێكخستن و به‌گوڕو تینێكی زۆره‌وه‌ هه‌وڵیدا بۆدرووستكردنی شانه‌كانی رێكخستن و گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ناو خه‌ڵك و هێزی پێشمه‌رگه‌.
پاش نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلول له‌ساڵی 1975دا، شه‌هید سیروان جارێكیتر كه‌وته‌وه‌ خۆئاماده‌كردن بۆ به‌شداریكردن له‌شۆڕشی نوێ‌، هه‌ربۆیه‌ پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری كه‌ركوك، توانی چه‌ندین شانه‌ی رێكخستن له‌كه‌ركوك و به‌غداو چه‌ند شارێكی دیكه‌ی خواروی عیراق دروستبكات، پاش فراوانبوونی ڕێكخستنه‌كان، كۆمیته‌ی (ئاگر) دروستكراو شه‌هید سیروان كرا به‌لێپرسراوی كۆمیته‌كه‌، ئه‌وه‌بوو كۆمیته‌ی ئاگر بوو به‌وئاگره‌ی كه‌ دوژمنانی تۆقاندبوو، دوای ئاشكرابوونیشی له‌لایه‌ن رژێمه‌وه‌، شه‌هید سیروان گوێزرایه‌وه‌ بۆ سلێمانی و له‌وێ‌ درێژه‌ی به‌ كاری ڕێكخستندا.
چه‌ندین كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ماڵی شه‌هید سیروان ئه‌نجامدراوه‌و له‌وێوه‌ به‌رنامه‌ی كاره‌كانی شۆڕش داده‌نراوه‌.
مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ی‌.ن.ك له‌سه‌ر سیروان تاڵه‌بانی‌ ده‌ڵێت: یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ به‌ڕاستی‌ ئاماده‌كرابوو بۆ ڕۆژگاری‌ ته‌نگانه‌ شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی‌ بوو، ده‌توانم به‌ سه‌د شێواز ئه‌مه‌ بۆ مێژوو بسه‌لمێنم كه‌ شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی‌، سیروانێك بووله‌ خۆراگری‌ و سیروانێك بوو له‌ هه‌ڵمه‌ت بردن له‌ خه‌ڵك رێكخستن له‌و وره‌به‌رزی‌، سیروان بوو به‌ مانای‌ وشه‌ی‌ شۆڕشگێڕێتی‌.

شه‌هید سیروان ویه‌كه‌مین مه‌فه‌فره‌زه‌ی‌ شۆڕشی‌ نوێ
ساڵی 1976 كه‌ بڕیاری ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شۆڕشی چه‌كداری درا، سیروان تاڵه‌بانی یه‌كێك بوو له‌وچواركه‌سه‌ی وه‌ك یه‌كه‌مین مه‌فره‌زه‌ی شۆڕشی نوێ له‌گه‌ڵ هاوڕێیان (شه‌هید شه‌ماڵی باخ و شه‌هید ئه‌نوه‌ر مه‌جید سوڵتان و حه‌مه‌سه‌عید قه‌ڵه‌و) له‌ناوچه‌ی شارباژێر ده‌ستیان به‌خه‌باتی چه‌كداریی كردو یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌لایه‌ن شه‌هید سیروان و هاوڕێكانییه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌درووستبوونی هه‌رێمه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ش، سیروان تاڵه‌بانی كرا به‌ فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی پێنجی قه‌ره‌داغ.
شه‌هید سیروان به‌یه‌كێك له‌داهێنه‌رانی چالاكییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ داده‌نرێت له‌ناو شاردا، له‌و ڕووه‌وه‌ چه‌ندینجار له‌ناو شاری سلێمانی و شاره‌كانی دیكه‌ چالاكی ئه‌نجامداوه‌و سه‌ركردایه‌تی و فه‌رمانده‌یی ده‌یان داستان و نه‌به‌ردی تۆمار كردووه‌.
شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ی‌.ن.ك له‌سه‌ر شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی‌ ده‌ڵێت: فه‌رمانده‌یه‌كی‌ ئازاو به‌تواناولێهاتوبوو، خۆشه‌ویستییه‌كی‌ بكه‌م وێنه‌و متمانه‌یه‌كی ته‌واوی‌ هه‌بوو له‌ ناوخه‌ڵكی‌ سنوری‌ هه‌رێمی‌ پێنجی‌ قه‌ره‌داغ ، كه‌دیاره‌ مه‌به‌ست له‌ناوچه‌كانی‌ بازیان و گه‌رمیان و قه‌ره‌داغ و ناوچه‌كانی‌ هه‌مه‌وه‌ندی‌ و كۆی‌ ناوچه‌كانی‌ تریش، شه‌هید سیروان له‌وناوچانه‌ ڕه‌مزی‌ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بوو.

له‌خۆشه‌ویستی‌ ئه‌و خه‌ڵك منداڵه‌كانی‌ ناوده‌نا سیروان
پۆڵا تاڵه‌بانی‌ كوڕی‌ شه‌هید سیروان و یایده‌ده‌ریی‌ سكرتێری گشتی بۆكاروباری‌ شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ده‌ڵێت: شه‌هید سیروان و هاوڕێكانی‌ دیارترین كه‌سن له‌ مه‌فره‌زه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی‌ شۆڕشی‌ نوێ‌ و یه‌كێتی‌ كه‌ له‌ رۆژگاری‌ خۆیدا دڕیاندا به‌شه‌وه‌زه‌نگی‌ به‌عس و زۆر ئازایانه‌ كه‌وتنه‌وه‌ هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی‌ شۆڕش، له‌ هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی‌ شه‌هید سیروان و هاوڕێكانی‌ لێبوون رۆڵی‌ گه‌وره‌یان گێراوه‌ بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك و هه‌رئه‌مه‌ش واده‌كات به‌شێك له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ شه‌هید سیروانی‌ لێبووه‌ له‌ خۆشه‌ویستی‌ وئازایه‌تی‌ ئه‌و مناڵه‌كانیان ناوبنێن سیروان.
شه‌هید سیروان وه‌ك لیپرسراوی‌ هه‌رێمی‌ پێنجی‌ قه‌ره‌داغ سه‌رپه‌رشتی‌ ناوچه‌كانی‌ سلێمانی‌ و قه‌ره‌داغ و گه‌رمیانی‌ كردوه‌ رۆڵی‌ گه‌وره‌و گرنگی‌ گێڕاوه‌ له‌ به‌هێزكردنی‌ شۆڕش و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ناو ناوچانه‌، جگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌یه‌كی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ بووه‌، له‌ هه‌مان كاتدا كه‌سێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و خۆشه‌ویستی‌ خه‌ڵك بووه‌.
بۆیه‌ له‌یادی‌ سیروان تاڵه‌بانی‌ و شه‌هیدانی فه‌رمانده‌ حه‌سه‌ن خاوێی و عه‌لی چه‌له‌بی و حاجی چاوشین و نه‌جات كه‌ركوكی و محه‌مه‌د كه‌ریم سه‌ری‌ ڕێز له‌سه‌ر گڵكۆی‌ پیرۆزیان داده‌نه‌وێنین هیوادارین ساڵیادی‌ شه‌هیدبوونی‌ ئه‌وان بێته‌مایه‌ی‌ زیاتر یه‌كێتی‌ ناو یه‌كێتی‌ و زیاتر به‌هێزكردن و گه‌شه‌پێدانی‌ كه‌ ئاوات و ئامانجی‌ گرنگی‌ ئه‌وشه‌هیدانه‌ بووه‌، چونكه‌ رۆحی‌ خۆیان كرده‌ قوربانی‌ ئه‌وڕێگایه‌و له‌و پێناوه‌دا شه‌هیدبوون.

شه‌هید سیروان و بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ قوربانی‌ به‌خش
یه‌كێكی دیكه‌ له‌خه‌سڵه‌ته‌كانی سیروان تاڵه‌بانی ئه‌وه‌یه‌ ته‌واوی بنه‌ماڵه‌و خێزانه‌كه‌شی به‌شداری شۆڕشیانكردووه‌، هه‌ربۆیه‌ جگه‌ له‌خۆی چوار برای دیكه‌شی پێشمه‌رگه‌ بوون ئه‌وانیش شه‌هیدان (ئه‌یوب و عومه‌ر و خالید و غه‌ریب) بوون و شانبه‌شانی كاكیان چوونه‌ ڕیزی خه‌بات و تێكۆشان، ئه‌وانیش هه‌ر یه‌كێكیان سیروانێك بوون، قاره‌مانێك بوون و پێشمه‌رگه‌یه‌كی به‌جه‌رگ بوون، پاشان هه‌ریه‌كێك له‌وانیش وه‌ك كاكی شه‌هیدا، له‌مه‌یدانه‌ جیاجیاكانی تێكۆشاندا شه‌هید بوون و بوونه‌ قوربانی خاك و گه‌ل.

رۆڵی‌ شه‌هید سیروان له‌ گه‌شه‌كردنی‌ هه‌رێمی‌ پێنج
مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ی‌.ن.ك، ده‌ڵێت: سیروان تاڵه‌بانی، حه‌سه‌ن خاوێ‌و حاجی چاوشینم، له‌نزیكه‌وه‌ ده‌ناسی، به‌ڵكو هه‌ر خۆم، یه‌كه‌ یه‌كه‌، بۆ پێشمه‌رگایه‌تی ناردمنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌ویش كه‌ی؟ ساڵی 1976. به‌ڵێ ئه‌وكاته‌ كه‌ ئاسان نه‌بوو كه‌سێك پڕكێشی پێشمه‌رگایه‌تی بكات.
شه‌هید سیروان له‌ساڵی 1974وه‌، ئه‌وكاته‌ی له‌شۆڕشی ئه‌یلولدا بووین، ئه‌و له‌فه‌رمانگه‌یه‌كداو منیش جێگری به‌رپرسی لقی لاوانی خانه‌قین بووم، هه‌ر به‌گۆڕینه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ، هه‌ردووكمان لێك ئاشكرا بووین، كه‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانین، كاتێك رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر مۆركرا، شه‌هید سیروانم راسپارد سه‌ردانی پێنجوێن بكات‌و خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ماڵی (حه‌مه‌ی میرزا سه‌عید)، شه‌هید شیهاب بدۆزێته‌وه‌و دوا بڕیاری سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ بهێنێته‌وه‌، چه‌ند رۆژێكی پێ چوو، بیرمه‌ نه‌ورۆز گه‌ڕایه‌وه‌. نه‌ورۆزێكی شوم بوو، شۆڕش خیانه‌تی رێكه‌وتنی جه‌زائیری سه‌پاوه‌ته‌ سه‌ر، ئومێدمان هه‌بوو، كۆمه‌ڵه‌و شۆڕشگێڕانی دیكه‌، به‌ره‌نگاری بكه‌ن، ئه‌مانیش، له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی سه‌رۆك‌و سه‌ركردایه‌تی پارتی، بڕیاری كاتی به‌ره‌نگاری نه‌كردنیان دابوو، كاتێك سیروان گه‌یشته‌وه‌ بڕیاری چه‌ك شاردنه‌وه‌‌و به‌ره‌نگاری نه‌كردنی پێ گه‌یاندین، شینی شكست، لامان بوو به‌كۆستی مێژوویی.
كاتێك گه‌ڕاینه‌وه‌ له‌ 3/9/1975 به‌هۆی نه‌بوونی نه‌خشه‌ی وردی كاری رێكخستنی نهێنیه‌وه‌، سه‌ره‌داوی كۆمه‌ڵه‌، له‌سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌وه‌ كه‌وته‌ ده‌ستی رژێم، یه‌كسه‌ر شه‌هید ئه‌نوه‌ر زۆراب گیرا، له‌مه‌وه‌، شیرازه‌ی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ پسان، ئیدی رووداوی ناخۆش به‌رده‌وام دژی كادرو سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ روویان ده‌دا، سه‌ره‌نجام چوار مانگ كۆمه‌ڵه‌ بێ سه‌رو سه‌ركردایه‌تی مایه‌وه‌، هه‌تا كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كانی كۆتایی ساڵی 1975 پێكهێنرا، من 6/9/1975 خۆم گه‌یانده‌ كه‌ركوك‌و شه‌هید ئازاد هه‌ورامی‌و شه‌هید سیروان تاڵه‌بانیم دی، شپرزه‌ییه‌كه‌ كه‌ركوكیشی گرتبوه‌وه‌، شه‌هید سیروان، ئه‌وپه‌ڕی خۆڕاگریی پێوه‌ دیار بوو، شه‌هید ئازادیش مێش میوانی نه‌بوو، له‌سه‌ر پێشنیازی خۆی، شه‌هید سیروان ناسنامه‌یه‌كی فه‌رمانگه‌كه‌ی خۆیانی وه‌ك فه‌رمانبه‌ری خانه‌نشینی بۆ ده‌ركردم.
ئه‌مه‌ بۆ من ده‌سته‌به‌رێكی خۆشبوو، ئه‌تگوت بیتاقه‌ی 7 هه‌زار دینارییه‌كه‌م بۆ ده‌رچووه‌.
دوای دوو هه‌فته‌، له‌سلێمانی شه‌هید سیروانم دیه‌وه‌، ئیتر به‌رده‌وام یه‌كمان ده‌بینی. چونكه‌ شه‌هیدیش، له‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بوون هه‌ر زوو له‌كه‌ركوك رایانگواستن بۆ سلێمانی.

سیروان،كه‌سێكی پراكتیكی بوو، حه‌زی له‌زۆر وتن نه‌بوو، قورسترین ئه‌ركت پێ سپێردبا، نه‌خێری نه‌بوو.
ئه‌وكاته‌ش، مشت‌ومڕ له‌ناو كۆمه‌ڵه‌دا هه‌بوو، سیروان، زۆر لایه‌نگری چاره‌سه‌ری كێشه‌كان‌و دژی قوڵكردنی ناكۆكیه‌كان بوو، خه‌م‌و په‌ژاره‌ی ئه‌وه‌ بوو، شۆڕش به‌رپا بكرێته‌وه‌، مشتومڕه‌كان، هه‌تا راده‌یه‌ك ئارام كرایه‌وه‌، تێكڕا بڕیاری شۆڕشمان دایه‌وه‌و هاوڕێیانی زیندانیش (شه‌هید شیهاب‌و كاك فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادرو عومه‌ری سه‌ید عه‌لی‌و شه‌هید جه‌عفه‌ر)مان له‌بڕیاری به‌رپابوونی شۆڕش، له‌ڕێی چه‌ندین هاوڕێ‌و دڵسۆزه‌وه‌ ئاگاداركرده‌وه‌، (نازه‌نین خانی هاوسه‌ری شه‌هید شیهاب، روناكی شێخ جه‌ناب، دلێری سه‌ید مه‌جید، شه‌هید عه‌بدولڕه‌زاق، نه‌رمین عوسمان‌و پاكیزه‌خان).
كاتێك، په‌یوه‌ندی به‌مام جه‌لاله‌وه‌ كراو كاره‌كان رێكخران، سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ له‌زیندان ئاگاداركران‌و ره‌زامه‌ندبوون شۆڕش به‌رپا بكرێ.
كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان، ده‌ستمان ئاواڵا بوو، شه‌هید سیروان باشتر هاته‌ پێشه‌وه‌. هه‌موو توانای خسته‌كار، شه‌وو رۆژی نه‌ده‌زانی، هه‌ر كارێكت پێ سپێردبا، وه‌كو ده‌ویسترا جێ به‌جێی ده‌كرد، له‌سه‌روبه‌ندی ناردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌فره‌زه‌كانیشدا، سه‌ره‌تا وه‌ك رابه‌ری سیاسی مه‌فره‌زه‌ی شه‌هید ئه‌نوه‌ری مه‌جید سوڵتان، بۆ ناوچه‌ی به‌رزنجه‌و شارباژێر، مانگی 8/ی 1976 ناردمانه‌ ده‌ره‌وه‌، باشم بیره‌ كه‌:
دوای نیوه‌ڕۆ قه‌مه‌ره‌یه‌كم برد به‌دوایدا له‌ماڵی ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی بوو، خوار جاده‌ی برایم پاشا له‌پشتی ده‌رگاكه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌كرد، كه‌ له‌ده‌رگام دا، ده‌ست به‌جێ هاته‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌شره‌ف خۆی په‌نادابوو، به‌ڵام ئه‌وكاته‌ش داڵده‌دانی سیروان‌و له‌ماڵیانه‌وه‌ چوونه‌ ریزی شۆڕش، كارێكی جوامێرانه‌ بوو، سیروان وه‌كو سیروان كه‌وته‌ڕێ‌و رێگه‌ی هه‌تا شه‌هیدبوون به‌رنه‌دا.
شه‌هید سیروان هه‌تا رێبه‌ندانی 1977 له‌به‌رزنجه‌دا مایه‌وه‌، دوایی به‌هۆی ململانێكانه‌وه‌، خۆی پێنه‌گیراو خۆی بۆ قه‌راغ گواسته‌وه‌، چونكه‌ هه‌مووی كۆمه‌ڵه‌ بوو، من نه‌م بینیه‌وه‌ هه‌تا شه‌هیدبوونی كاكه‌ ئارام‌و مامۆستا شه‌ماڵ، له‌گه‌ڵ سامان گه‌رمیانی‌و دلێری سه‌ید مه‌جیدو فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌شه‌هیدبوونی كاكه‌ ئارام، له‌ده‌شتی هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یشتینه‌ قه‌راغ، له‌میریاسی سه‌روو خراپ لێمان قه‌وما.
به‌فه‌لاكه‌ت دوای شه‌هیدبوونی مامۆستا (محه‌مه‌د چاوشین، شه‌هید شه‌ماڵ) خۆمان گه‌یانده‌ ئاوایی گه‌وره‌. دوای دوو رۆژ شه‌هید سیروانمان بینییه‌وه‌. خۆی و 50 پێشمه‌رگه‌. پێشمه‌رگه‌ به‌مانای چه‌مك‌و به‌مانای جوامێری، مامۆستا جه‌عفه‌رو مام رۆسته‌م‌و شه‌هید گۆران‌و شه‌هید شاهۆو ده‌یان هاوڕێم بینیه‌وه‌. خه‌مباریی شه‌هید ئارام‌و شه‌هید شه‌ماڵ‌و شه‌هید سادق، ئاوێته‌ی خه‌مخواردنی به‌رنه‌دانی رێبازه‌كانیان بوبوو.
شه‌هید سیروان ئه‌وكاته‌، هه‌ر به‌لێوه‌شاوه‌یی‌و بزۆزی پارتیزانی خۆی، بوبوو به‌كه‌سایه‌تی هه‌ڵكه‌وتووی سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه‌، لای رژێم، وه‌كو كه‌سێكی خه‌ته‌رناك له‌سه‌ر رژێم حسابی بۆ ده‌كرا.
كه‌ یه‌كمان بینی، چه‌ند رۆژێك پێكه‌وه‌ بوین، هێشتا خۆپیشاندانه‌كانی ئێران ده‌ستی پێ نه‌كردبوو، هاوڕێیه‌تیمان به‌تینتر بوو، هه‌ر له‌وێدا، ئامر مه‌فره‌زه‌و رابه‌ره‌ سیاسییه‌كان پێشنیازیان كرد، من، هه‌وڵ بده‌م سیروان بكرێته‌ ئامر هه‌رێم. گفتم داو گفته‌كه‌شم برده‌سه‌ر.
ئه‌وكاته‌ی شه‌هید سیروان فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی پێنج-ی قه‌ره‌داخ بوو، رۆژ دوای رۆژ هه‌رێمه‌كه‌ی له‌گه‌شه‌كردندا بوو، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئازایه‌تی شه‌هید سیروان و پێشمه‌رگه‌كانی، بۆیه‌ شه‌هید هه‌میشه‌ له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو گورزی كوشنده‌ له‌دوژمن بوه‌شێنێت، بۆئه‌ومه‌به‌سته‌ش له‌دواكۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی كه‌له‌گوندی شێنێی سه‌رسنوور به‌سترا، توانی بڕێكی باش چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی په‌یدا بكات و به‌ڕێكه‌وته‌وه‌ بۆناوچه‌كانی سلێمانی تا په‌ره‌ به‌چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كان بدات و ببێته‌ هۆی گۆڕانێكی نه‌وعی له‌چالاكیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌، شه‌هید به‌و پڕچه‌كبوونه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ی زۆر دڵخۆش بوو، له‌ولاشه‌وه‌ ڕژێم له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوو به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت سیروان تاڵه‌بانی له‌ناو به‌رێت و تواناكانی خستبووه‌گه‌ڕ
سامان گه‌رمیانی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ی‌ ن ك له‌سه‌رشه‌هید سیروان ده‌ڵێت :-كه‌سایه‌تی‌ شه‌هید سیروان له‌ ڕووی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ یه‌وه‌ باشترین كه‌س بووه‌ وه‌كو ده‌ڵین كاك سیروان بیست و چوار عه‌یاربوو واته‌ ئه‌وه‌نده‌ بێوێنه‌بوو،ئه‌وكاته‌ی‌ لێپرسراوی‌ هه‌رێمی‌ پێنجی‌ قه‌ره‌داغ و گه‌رمیان بوو ماڵ نه‌بووه‌ شه‌هید سیروان وه‌ك كوڕی‌ خۆیان نه‌بینن

یه‌كێك له‌ئه‌ستێره‌ دیاره‌كانی یه‌كێتی
مه‌لابه‌ختیار ده‌شڵێت: به‌شبه‌حاڵی خۆم، كه‌ سه‌یری مێژوو ده‌كه‌م‌و لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵده‌ده‌مه‌وه‌، شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی یه‌كێك له‌ئه‌ستێره‌ دیاره‌كانی یه‌كێتیی، یه‌كێك له‌شۆڕشگێر، دڵسۆز، قاره‌مان‌و جوامێری رۆژگاری ته‌نگانه‌ی یه‌كێتیی‌و شۆڕشی نوێ‌‌و كاتی خۆیشی كۆمه‌ڵه‌ بوو، بۆیه‌ ده‌بێ مرۆڤ به‌ویژدانه‌وه‌، به‌گه‌شی ئه‌و مێژووه‌و ناوی سیروان تاڵه‌بانی بنوسێته‌وه‌.
وتیشی: هیچ كات‌و رۆژگارێك ناتوانم ئاستی قاره‌مانێتی، خۆبه‌خشی، زه‌حمه‌ت‌و نه‌هامه‌تییه‌كانی كاك سیروان كه‌ له‌خه‌باتی نهێنی دیویه‌تی، له‌بیربه‌رمه‌وه‌و، گێڕایه‌وه‌: له‌وكاته‌دا قه‌ره‌داغ، به‌قه‌سابخانه‌ی شۆڕشی نوێ ناسرابوو، سه‌ركردایه‌تی ئه‌مری كرد كه‌ كاك سیروان خۆیی‌و مه‌فره‌زه‌كه‌ی شاخی قه‌ره‌داغ چۆڵ بكه‌ن، به‌ڵام شه‌هید سیروان وه‌ڵامیدایه‌وه‌، كه‌ (مه‌گه‌ر شاخی قه‌ره‌داغ، قه‌ره‌داغ چۆڵبكات، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ ئێره‌ چۆڵ ناكه‌ین)، بۆیه‌ ئێمه‌و مانان‌و هه‌موو ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی كاك سیروان-مان ده‌ناسی، قه‌رزارباری قاره‌مانێتیانین.
وتیشی: شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی، یه‌كێك له‌قاره‌مانه‌ گه‌وره‌كانی یه‌كێتییه‌.

شه‌هید سیروان وهاوڕێكانی چۆن و له‌ كوێ شه‌هید كران
شه‌وی 29ی نیسانی 1979 له‌كاتێكدا, كه‌ له‌سه‌ركردایه‌تی ده‌گه‌ڕانه‌وه‌و پاره‌ چه‌ك و پێداویستی لۆجستیان بۆ هه‌رێمی (5)ی قه‌ره‌داغ پێی بوو, بۆ جۆشدانه‌وه‌ی زیاتری كوره‌ی خه‌باتی شۆڕشی نوێ‌, پاش پلانێكی‌ به‌رنامه‌ بۆدارێژراوی‌ وردی‌ ئیستخباراتی‌ عێراقی‌ وبه‌هاوكاری‌ كۆمه‌ڵێك خۆفرۆشی‌ كورد، شه‌هیدی سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌ سیروان تاڵه‌بانی و شه‌هیدانی فه‌رمانده‌ حه‌سه‌ن خاوێی و عه‌لی چه‌له‌بی و حاجی چاوشین و نه‌جات كه‌ركوكی و محه‌مه‌د كه‌ریم له‌ گوندی زێرینجۆی شاره‌زوور كه‌وتنه‌ بۆسه‌ی كۆمه‌ڵێك له‌ جاش و خۆفرۆشی به‌كرێگیراوی رژێمی به‌عس, كه‌ پیلانێكی داڕێژراوی هه‌واڵگری سه‌ربازی به‌عس بوو و پاش شه‌ڕێكی قاره‌مانانه‌ شه‌هیدبوون و گه‌یشتنه‌ كاروانی سه‌روه‌رانی گه‌ل و نیشتمان.
مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ده‌ڵێت: بیرمه‌ قه‌راغ ناونرابوو (قه‌سابخانه‌ی شۆڕش، ئه‌مه‌ش له‌وه‌وه‌ هاتبوو كه‌، رژێم قورسایی خۆی خستبووه‌ سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌، چونكه‌ له‌سه‌ر سلێمانی، ده‌ربه‌ندیخان، گه‌رمیان، شاره‌زوورو كه‌ركوك، پێشمه‌رگه‌كان كاریگه‌رییان هه‌بوو، ته‌نانه‌ت بۆ دوزخورماتوو، كفری‌و خواروتریش، له‌په‌رۆشییه‌وه‌ مه‌كته‌بی سیاسی‌و مام جه‌لال بڕیاریان دابوو، ماوه‌یه‌ك هێزه‌كان له‌قه‌راغ بكشێنه‌وه‌، شه‌هید سیروان فه‌رمانده‌كانی كۆكردبوه‌وه‌، هانی دابوون، وه‌ڵامی بڕیاره‌كه‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ چۆڵ ناكه‌ن‌و سه‌ركردایه‌تی دڵنیا بێ، دوژمن هه‌راسان ده‌كه‌ن، من كه‌ ئه‌و قسانه‌م له‌شه‌هید سیروان ده‌بیست ئه‌وه‌نده‌ی تر باڵای جوامێری لام به‌رزتر ده‌بوو.
شه‌هید سیروان و هاوڕێكانی‌ به‌ نه‌خشه‌ی‌ ئیستخبارات خرانه‌ بۆسه‌وه‌، شه‌هید سیروان و شه‌هیدانی هاوڕێ‌ (حه‌سه‌ن خاوێی و عه‌لی چه‌له‌بی و حاجی چاوشین و نه‌جات كه‌ركوكی و محه‌مه‌د كه‌ریم و هه‌ژار)كه‌وتنه‌ بۆسه‌وه‌ كه‌ بۆیه‌كه‌مین جاربوو له‌وناوچه‌یه‌ جه‌سره‌به‌ی‌ كوشنده‌ وابخۆین ،چونكه‌ ئه‌و گه‌له‌ چاشه‌ زه‌برێكی‌ یه‌كجار گورجك بڕیان له‌ ئێمه‌دا، بۆیه‌ من به‌ شبه‌حاڵی‌ خۆم پێم وایه‌ ئه‌و جاشانه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ ڕوو ره‌شترین مرۆچه‌كانی‌ مێژووی‌ ئێمه‌ ده‌بن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وكاره‌ پیسه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ هاوڕێكانی‌ ئێمه‌ شه‌هید سیروان و هه‌ڤاڵه‌كانی‌ نه‌كردایه‌ ڕه‌نگبوو شتی‌ زۆر گه‌وره‌ تر له‌و ناوچانه‌ بكرایه‌.
شه‌هیدكردنی‌ سیروان تاڵه‌بانی‌ ئه‌و پۆله‌ شه‌هیده‌ی‌ تر، له‌ ڕووی‌ ده‌رونییه‌وه‌ كاریگه‌ری‌ زۆری‌ هه‌بوو، كاریگه‌ریه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوو ئه‌گه‌ر قاره‌مانێتی‌ وخۆراگری‌ كادیره‌ سیاسی‌ وعه‌سكه‌رییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ وكۆمه‌ڵه‌ نه‌بوایه‌ ئاسان نه‌بوو پێشمه‌رگه‌ جارێكی‌ كه‌ خۆیان بگرن له‌و ناوچانه‌.
شه‌هیدبوونی كاك سیروان و هاوڕێكانی گه‌وره‌ترین كاره‌سات بوو بۆ ی‌.ن.ك و كۆمه‌ڵه‌ چونكه‌ شه‌هید سیروان به‌ ئازایه‌تی‌ وتیكه‌ڵاوی‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك خه‌مێكی قووڵی خسته‌ ناو ده‌رون و ئه‌ندێشه‌ی پێشمه‌رگه‌و هه‌موو كوردێكی نیشتمانپه‌روه‌ر, خه‌مێك, كه‌ پاش 39 ساڵ هێشتا له‌نێو بیره‌وه‌ری هه‌مووماندا زیندووه‌و له‌ مێژووی گه‌له‌كه‌مان و یه‌كێتی دا به‌دروه‌شاوه‌یی ماوه‌ته‌وه‌. شه‌رمه‌زارییه‌كی گه‌وره‌ و خیانه‌تێكی له‌بیرنه‌كراوه‌یشه‌ به‌نێوچه‌وانی خۆفرۆش و جاشه‌كانه‌وه‌. شه‌هید سیروان و شه‌هیدانی هاوڕێ‌ (حه‌سه‌ن خاوێی و عه‌لی چه‌له‌بی و حاجی چاوشین و نه‌جات كه‌ركوكی و محه‌مه‌د كه‌ریم) نمونه‌ی فه‌رمانده‌ و پێشمه‌رگه‌ی جوامێر و شاره‌زای خه‌باتی چه‌كداری و كادری هۆشیار و به‌ئه‌زموون بوون, كه‌ له‌ئاكامی ئه‌زموون و نه‌هامه‌تیه‌كانی ژیان و كۆری خه‌باتدا پێگه‌یشتبوون, بۆیه‌ شه‌هیدبوونیان خه‌مێكی ئێجگار گه‌وره‌بوو.
ئه‌وان, له‌كاتێكدا باره‌ چه‌كیان له‌كۆڵنابوو, به‌ هیوا و ئامانجی ئه‌وه‌ی بگه‌رێنه‌وه‌ بۆ قه‌ره‌داغ و خۆیان بۆ چالاكی شۆڕشگێڕانه‌ سازبده‌ن و به‌عسیه‌ فاشیه‌كان هه‌ره‌سان بكه‌ن, به‌ڵام مخابن پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ن، شه‌هیدبوون. كه‌لێنێكی گه‌وره‌یان له‌كۆری خه‌باتدا دروستكرد.
سه‌رچاوه‌كان
به‌رنامه‌یه‌كی‌ سه‌ته‌لایه‌تی‌ گه‌لی‌ كوردستان ساڵی‌ 2012 په‌خشكراوه‌ كه‌تایبه‌ت بوه‌ به‌ شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی‌ و هاوڕێكانی‌ كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌ڕێزان مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌ كێتیی‌ نیشتیمانیی‌ كوردستان و شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ ی‌.ن.ك و سامان گه‌رمیانی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ ی‌.ن.ك تێیدا به‌شداریان كردۆته‌وه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ سودم له‌ وته‌كانیان وه‌رگرتوه‌و دامناوه‌ته‌وه‌، ئه‌م به‌رنامه‌ یه‌ له‌ ئاماده‌و پێشكه‌شكردنی‌ كوردۆعلی‌ بووه‌.
مه‌لا به‌ختیار‌: شه‌هید سیروان تاڵه‌بانی، قاره‌مانی ته‌نگانه‌‌، كودستانی‌ نوێ‌، رۆژی 29/4/2015.
ئاوات كۆكه‌یی‌: له‌یادی 35 ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی سیروان تاڵه‌بانی و هاوڕێكانیدا‌، كوردستانی‌ نوێ‌، رۆژی 2/5/2014.
سیروان تاڵه‌بانی‌، سایتی‌ كوردپیدیا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یوسف و تۆفیقی ئـەحمەد شەماڵ

نەوزاد كەریم لەگەڵ كۆتایی ئەو شەوە درێژو ساردەی كەپاش رێگا ...