سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئایا ئەڵمانیا ناوبژی ئەمریکا و روسیای پێ دەکرێت؟

ئایا ئەڵمانیا ناوبژی ئەمریکا و روسیای پێ دەکرێت؟

سەرەتا ئەبێ روسیا رازی بکات

لەئەنجامی موشەک بارانەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆسەر ڕژێمی ئەسەد و کارگە و بنکە گرنگەکانی گازی کیمیاوی و فڕۆکەخانە و بارەگا ستراتیژیەکانی، ئەوەندەی تر نێوانیان لەگەڵ ڕوسیا دژوارتر بوە و بەردەوام هەڕەشە لە یەکتر دەکەن، لەو بارودۆخە ناسکەی نێوانیاندا ئەڵمانیا بە ڕابەرایەتی «ئەنجێلا مێرکل» بەتەمایە ناوبژی نێوان ئەو هێزە نێودەوڵەتیانە بکا و بیانخاتە وتوێژ و گفتوگۆی ئاشتیانە. هەرچەندە زۆرێک لە میدیاکان و پسپۆرە سیاسییەکانی ئەڵمانیا ، پێیان وایە ئەمە کارێکی زەحمەتە، چونکە بۆچون و بەرژەوەندی هەردوولا زۆر لە یەکتریەوە دوورە.

کێشەکە ڕۆیشتن و یان مانەوەی ڕژێمی ئەسەدە
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا ئەڵمانیا چۆن دەتوانێت ببێتە کاراکتەرێکی ئاشیخوازانە لەکاتێکدا کە بە هیج شێوەیەک لەگەڵ مانەوەی ڕژێمی ئەسەددا نییە و ڕوسیاش پێداگیری لەسەر مانەوەی دەکات؟ سیاسیەکان پێیان وایە مادامەکێ ئەڵمانیا بەشداری لەهێرشەکەی سەر سوریا نەکردووە، دەتوانێت ڕۆڵی نێوانگیری ببینێ و گۆڕینی هەڵوێستی ئەڵمانیاش لەمەڕ مانەوەی ئەسەد کارێکی ئەستەم نییە و لەوانەیە بۆ چارەسەری ئاشتیانە ئەو مەرجە لابداو ڕوسیا ڕازی بکات بەوەی لەگەڵ ئەمریکیەکان پێک بێت.

دەتوانێت ڕۆڵی کارا ببینێت
« دانیل گیرلاخ» سەرنوسەری گۆڤاری»تسینیت» پێی وایە کە ئەڵمانیا ناتوانێت ڕاستەوخۆ ببێتە دانوستکارێکی سەرکەوتوی نێوان ئەمریکا و ڕوسیا، چونکە خۆی کێشەی لەگەڵ ڕوسیا هەیە و لەگەڵ «دۆناڵد ترەمپ»ی سەرۆکی ئەمریکاش وەک پێویست نییە، بەڵام دەکرێ لەگەڵ فەرەنسا بەیەکەوە ڕۆڵێکی باش ببینن هاوشێوەی دانوستانی ڕۆژئاوا و ئێران لە پرسی چەکی ئەتۆمیدا کە ڕۆڵی کارایان لەسەرخستن و ئیمزاکردنی بینی، بەڵام لە هەموو بارێکدا هەڵوێستی ئەڵمانیا دیارەو داکۆکی لە بە ئاشتی چارەسەرکردنی کێشەی سوریا دەکات لەڕێی دانوستانی ژنێڤ و بە سەرپەرشتی نەتەوەیەکگرتوەکان، بەڵام هەریەک لە ڕوسیاو سوریا دەیانەوێت بەشەڕ کێشەکە یەکلایی بکەنەوەو تا ئێستا هەموو هەوڵەکان و هەردووبوار شکستیان هێناوە.

ئەڵمانیا بەرپرسیارێتی لە ئەستۆدایە
ڕۆژنامەی « بەرلینەزایتۆنگ» لەبابەتێکی شیکاری لەمبارەیەوە دەنوسێت: ئەڵمانیا گەورەترین و بەهێزترین وڵاتی ئەوروپیە و بەرپرسیارێتی و ڕابەرایەتی لەسەرە، لەکاتی دروست بونی شەڕ و ناکۆکیەکاندا گەرەکە ئەو وڵاتە ڕۆڵی ئازایانە لە پێکهێنان و نێوانگیریدا ببینێت، خۆ ئەگەر لەگەڵ فەرەنسا کە ئەویش وڵاتێکی کاریگەری ئەوروپی و جیهانیە دەتوانێت ڕۆڵی باشتر و کاراتر ببینێ و کار لەڕای گشتی و بڕیارە نێودەوڵەتیەکاندا ببینن، هەر هیچ نەبێ دەیانتوانی هەڵوێستێکی یەکگرتوی ئەوروپی دروست بکەن ،ڕ ۆژنامەکە پێی وایە ئەڵمانیا تا ئێستا ئەو ڕۆڵە بە بەهایەی نەبینیوە.

تەنها ئەوانە دۆڕاندیان کە کوژران
ڕۆژنامەی «مارکیشە ئۆدەرزایتۆنگ» ڕژێمی سوریا بەسەرکەوتو دەزانێ و دەنوسێت، ئەوەی لەو شەڕە بردیەوە بەشار ئەسەد و دارودەستەکەی بوو، دۆڕاویش ئەو هاوڵاتیە سڤیل و مەدەنیانە بوون کە بونە قوربانی و کوژران یان ماڵوێران و سەرگەردان بوون، هەروەها ئەو هێزە نێودەوڵەتیانەش دۆڕان کە نەیانتوانی ئاشتی دەستەبەر بکەن لەوانە یەکێتی ئەوروپا کە ڕۆڵی ئاشتیخوازانەی نەبینی و دەستەوەستان بوو.

دانوستانی ئاشتی سەرناگرێت
« ڕۆڵینگنە ژەنەڕاڵ ئەنسایگە» ش دەنوسێت: لەم بارەی ئێستا ڕژێمی ئەسەد بە پشتیوانی ڕوسیا و لە دوای پەلەمارەکەی ئەمریکاش ماوەتەوە و هەر خۆی بە بەهێز دەزانێت، چونکە دوای ئەو هەموو ساڵەی سەرو ناکۆکی و ئەو هەموو قوربانیە نەتوانراوە نە بە شەڕ و نە بە ئاشتیش ئەو ڕژێمەو دارودەستەکەی بگۆڕدرێت، بۆیە ئێستا زەمینەی ئاشتی لەبار نییە و هەر هەوڵێکی ئەڵمانیا و فەرەنساش سەرکەوتونابێت.

بۆ ئەڵمانیا زۆر قوڕسە
ڕۆژنامەی» بادیشن نۆیستن ناخڕیشتن» کێشەکە لەنێوانگیری ئەڵمانیا بەڵکو لە تیڕوانینی وڵاتاندا هەیە ، هەریەک لە ڕوسیا و ئێران و تورکیا هەریەکەیان بۆچونێکی تایبەتی هەیە لەسەر چارەسەر و ئایندەی سوریا بۆیە کێشەکە چارەسەرکردنی قوڕسە و ئەڵمانیا نە بەهێزی سەربازی و نە بە هەوڵی دیپلۆماسیش هیچی پی ناکرێت.

لە دەستی ڕوسیادایە
رۆژنامەی « هاندسپلات» یش لە راپۆرتێکدا دەڵێت: هاتنی ڕوسیا بۆ ناو خاکی سوریا و دوای ئەویش ئێران و تورکیا، بارەکەی زۆر ئاڵۆزکردوە و مانەوە و ڕۆیشتنی ڕژێمی ئەسەد پەیوەستە بە بڕیاری مۆسکۆ و هەر لایەک بیەوێت ناوبژی بکات دەبێ ڕوسیا ڕازی بکات لە دەستبەرداربون لەڕژێمی ئەسەد ، ئەوەش ئەوکات دێتە دی کە ئامانجەکانی ئەو وڵاتە لەناو سوریا و لەکیشەوململانێکان هاتبێتە دی، بۆیە کارەکە قوڕسە هەر بۆیەش ئەمریکا دەیەوێت لێی ڕزگار بێت.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

 560 جار بینراوە