سەرەکی » کەلتوور » ئێسلۆڤ و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی جیاواز بە خوێنه‌ران

ئێسلۆڤ و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی جیاواز بە خوێنه‌ران

كتێبخانه‌، له‌ ساده‌ترین پێناسه‌یدا، بریتیه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ندی پاراستن‌و كۆكردنه‌وه‌ی گشت ئه‌و سه‌رچاوه‌ زانستی‌و فكریانه‌ی  له‌لایه‌ن خودی مرۆڤه‌وه‌ به‌رهه‌م هێنراوه‌و زاده‌ی بیروهۆشی تاكه‌كانیه‌تی، ئامانج لێیان خستنه‌ پێش چاوی خوێنه‌ره‌ به‌ زوترین كات‌و كه‌مترین ماوه‌‌و به‌ ئاسانترین ڕێگه‌، هه‌روه‌ها پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزاریه‌كانی بۆ گشت چین‌و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگایه‌ به‌بێ جیاوازی كردن له‌نێوان زمان، نه‌ته‌وه‌، ئایین، بیروڕا‌و ڕه‌نگی پێست، نه‌ژاد..هتد.
جۆری خزمه‌تگوزاریه‌كان‌و پێشكه‌ش كردنیان به‌ كۆمه‌ڵگا له‌ كتێبخانه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ كتێبخانه‌یه‌كی تر جیاوازه‌ كه‌ كاریگه‌ری هه‌ریه‌ك له‌ جۆری كۆمه‌ڵگا، جۆری خوێنه‌ر، شوێنی كتێبخانه‌، بودجه‌، كادێری پسپۆر،ئاستی ته‌مه‌ن‌و خوێندن…هه‌موو ئه‌مانه‌ كاریگه‌ری ته‌واویان هه‌یه‌.
لێره‌دا كتێبخانه‌ی شاری ئیسلۆڤ وڵاتی‌ سوید به‌ نمونه‌ی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی جیاواز ده‌خه‌ینه‌ پێش چاوی خوێنه‌رانمان بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌كو نموونه‌یه‌كی‌ زیندوی‌ كتێبخانه‌ی‌ هاوچه‌رخ بیزانن، له‌مباره‌یه‌وه‌ جه‌زا ئه‌حمه‌د/ شاره‌زای بواری كتێبخانه‌‌و زانیاری زانكۆی سلێمانی باسێكی كتێبخانه‌ی گشتی ئیسلۆڤمان بۆ ده‌كات له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌.
كتێبخانه‌ی  گشتی ئیسلۆڤ  (Eslove public library   ):
 مێژوی ئه‌م كتێبخانه‌یه‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆساڵی  1930سه‌ده‌ی رابردوو له‌باڵه‌خانه‌یه‌كی بچوكدا بوه‌ به‌ڵام ساڵی 2000 هاتۆته‌ ئه‌م باڵه‌خانه‌یه‌ كه‌ده‌كه‌وێته‌ سه‌نته‌ری شار وپێشتر سینه‌مابووه‌،بریاربوو بروخێنرێ به‌ڵام له‌به‌رپێویستی زۆریان به‌باڵه‌خانه‌كه‌ بۆ گواسستنه‌وه‌ی كتێبخانه‌كه‌ ئه‌م شوێنه‌یان هه‌ڵبژاردوو چاكیان كرده‌وه‌ به‌ شێوه‌ی مۆدێرن و كلاسیك، شێوه‌ كلاسیكه‌كه‌یان هێشته‌وه‌ باڵه‌خانه‌ی نوێیان لێدروستكرد به‌ته‌نیشتیه‌وه‌ سه‌قفی باڵه‌خانه‌كه‌ له‌هاویندا ده‌كرێته‌وه‌ به‌كۆنتڕۆڵ‌و روناكییه‌كی سروشتی دێته‌ ناو كتێبخانه‌كه‌وه‌ ژماره‌ی كارمه‌نده‌كانی 12 كارمه‌نده‌ 7 یان پسپۆڕه‌ و 5 یان یاریده‌ده‌ر، كتێبخانه‌كه‌ موڵكی دانیشتوانی كۆمۆنه‌ وه‌ به‌ پاره‌ی (باج)ی ئه‌وان به‌رێوه‌ده‌چێ ((مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و كڕینی كتێب وپێداویستی كتێبخانه‌)) له‌و پاره‌یه‌ دابین ده‌كرێ له‌به‌رئه‌وه‌ حه‌قی هه‌ر ئه‌ندامێكی كۆمۆنه‌ داوابكات كتێبی بۆبكردرێت به‌ مه‌رجێك كتێبه‌كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتی دا بێت نه‌وه‌ك تایبه‌تی .
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا حه‌قی هه‌رئه‌ندامێكی ئه‌م كۆمۆنه‌یه‌ ئه‌گه‌ر شكایه‌ت بكات ئه‌گه‌ر كارمه‌ندێكی كتێبخانه‌ به‌ مۆنی جوابی بداته‌وه‌ یان داواكاریه‌كه‌ی جێ به‌جێ نه‌كات جگه‌ له‌م كتێبخانه‌ كۆمۆن 5 كتێبخانه‌ی لادی و 3 كتێبخانه‌ی دواناوه‌ندیشی هه‌یه‌.
ئه‌م كتێبخانه‌یه‌ شوێنی پاركی ئۆتۆمبێلی بۆ كارمه‌نده‌كانی دابین كردووه‌ به‌ڵام جیاوازی له‌ روخساری ده‌ره‌وه‌یدا ده‌بینرێت وه‌به‌وه‌ جیاده‌كرێته‌وه‌  پاركی باخچه‌ و گوڵی نیه‌ دره‌ختی زۆر به‌ كه‌می تێدایه‌ له‌ كاتێكدا زۆربه‌ی زۆری كتێبخانه‌كان چوارده‌وریان باخچه‌و دره‌خت و سه‌وزاییه‌.
له‌به‌رده‌م ده‌رگای سه‌ره‌كی و له‌سه‌ر جاده‌ی گشتی تابلۆیه‌كی گه‌وره‌ی پلاستیكی چوار چێوه‌دا دانراوه‌ و كه‌ له‌ ناوه‌راستیدا نوسراوه‌ (كتێبخانه‌) له‌شه‌ودا روناكه‌و له‌روژدا رونه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناو دانیشتوانی كۆمۆندا خه‌ڵكی جۆراوجۆر وفره‌ ره‌گه‌ز و زمان و ئاین و نه‌ته‌وه‌ و كلتور هه‌ن وه‌ له‌ناو ئه‌مانیشدا خه‌ڵكی كه‌روڵاڵ ، كوێر و كه‌مئه‌ندامی جه‌سته‌یی، موعه‌وه‌قیفكری، پیر به‌هه‌مووجۆر وپله‌كانیه‌وه‌ 70ساڵ، 80ساڵ،90ساڵ 100ساڵه‌، منداڵ، گه‌نج، په‌نابه‌ری سیاسی، ئابووری گه‌شتیاری، كۆمه‌ڵایه‌تی،ئیشكه‌ر… بونیان هه‌یه‌،كتێبخانه‌ به‌پێ ی پلان هه‌ماهه‌نگی و هاوسه‌نگی و ته‌نسیق ده‌كات له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو پێكهاته‌یه‌دا ئه‌م كتێبخانه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شه‌قامی گشتی نۆرێ گاتان 9  ده‌رگای سه‌ره‌كی جامخانه‌یه‌كی شوشه‌به‌نده‌ و لای ده‌ستی چه‌پ یه‌كه‌م ژوور كه‌دێته‌ پێش چاو گۆڤار و رۆژنامه‌ی به‌یانیانه‌ ، ئه‌مانه‌ش به‌پێی ویستی دانیشتوان ده‌كڕدرێن به‌پێی ویستی ئه‌وزمانانه‌ی داوایان كردوه‌ له‌وانه‌ش (سویدی، ئینگلیزین فه‌ره‌نسی، ئیسپانی، مه‌قدۆنییوگۆسلافین، فینله‌ندی،…هتد)
ئه‌وانه‌ی‌ خه‌ریكی‌ خوێندنه‌وه‌ن
لێره‌ خوێنه‌رێكی باش دێته‌ پێش چاو  خه‌ریكی خوێندنه‌وه‌ن ،ریزبه‌ندی گۆڤاره‌كان به‌پێی ناونیشانه‌ و هه‌ر گۆڤاره‌ی له‌ كه‌ڤه‌رێكی پلاستیكی روون كه‌ وه‌ك شوشه‌ وایه‌ دانراوه‌ ،وه‌ به‌ پێی ریزبه‌ندی ژماره‌یان رێكخراوه‌ و له‌سه‌ر شێلفه‌كان زۆر به‌ جوانی ریزكراون، ژماره‌یان به‌ ناونیشان 95 گۆڤاره‌ و 13 دانه‌یان به‌یانیان ده‌ر ده‌چێت، خوێنه‌ر ئازاده‌ له‌ ده‌رهینان و خویندنه‌وه‌ و خستنه‌وه‌ شوێنی دیاریكراوی خۆی .
به‌رمیلێكی پلاستیكی
كه‌له‌م به‌شه‌ دێیته‌ ده‌ره‌وه‌ روخساری جوانی دیو ناوه‌ی كتێبخانه‌ ده‌بینرێت كه‌ زۆر سه‌رانجراكێشه‌ . له‌به‌رده‌م ده‌روازه‌ی هاتنه‌ ژووره‌وه‌دا یه‌كه‌م شت كه‌ سه‌رنجی راكێشاوم بوونی سه‌ تڵێكی گه‌وره‌یه‌ ((به‌رمیل پلاستیك)) له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بانه‌یه‌كی كتێب،به‌ڕه‌فه‌ ڕازاوه‌ته‌وه‌ چه‌ندان كتێبی به‌قه‌باره‌ جیاوازی له‌سه‌ر دانراوه‌ جیاوازیش له‌ بابه‌تدا،  ئه‌م كتێبانه‌ ئه‌و كتێبانه‌ن كه‌ هاوڵاتیان پێویستیان پێی نه‌ماوه‌ و خوێنه‌ری نییه‌ له‌ ماڵه‌وه‌،جا هه‌ركه‌س ئازاده‌ ئه‌گه‌ر پێویستی پێیه‌تی ده‌توانێت بیگۆڕێته‌وه‌ به‌و كتێبانه‌ی خۆی كه‌له‌ماڵه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌تی  و بێزار بووه‌ له‌خوێندنه‌وه‌ی یان تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یانی نیه‌ به‌هه‌ر هۆكارێك،یان زیاده‌ و ئاره‌زوویان ناكات ده‌توانێت كتێبێك دابنێنت و كتێبێك هه‌ڵبگرێت به‌بێ چاودێری فه‌رمانبه‌ری كتێبخانه‌، مرۆڤ ئازاده‌ چه‌ند كتێب ده‌گۆرێته‌وه‌ به‌ ئاره‌زوو و ویستی خۆی ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نها له‌م كتێبخانه‌یه‌ بینیومه‌ .كه‌ زۆر تایبه‌ت مه‌نده‌ .
له‌ هه‌مانكاتیشدا ده‌توانی بێ به‌رامبه‌ری گۆڕینه‌وه‌ی كتێبێكی تر كتێب له‌و به‌رمیله‌ ده‌ر بهێنیت و بیخوێنیته‌وه‌ و نه‌شی گه‌ڕێنیته‌وه‌ هه‌ڵیبگری بۆخۆت ئه‌مه‌ش هه‌لێكه‌ بۆهاندان بۆخوێندنه‌وه‌ و حه‌زی ته‌مه‌لوك لای خوێنه‌ر درووست ده‌كات كه‌ خاوه‌نداری كتێب و كتێبخانه‌ بكات.
كتێبی ئه‌ده‌بی توند‌و تیژی
دوای تێپه‌ڕ بونی ئه‌م شوێنه‌ مه‌ڕمه‌ڕێكی به‌گوڵی به‌ر سێبه‌ر ڕازاوه‌ دێته‌ پێش چاو كه‌ به‌دیوارێكی نیمچه‌ نزم دروستكراوه‌ له‌ هه‌ردولاوه‌ ئاخانراوه‌ به‌گوڵی زۆر ناسك و جوان ، دیمه‌نێكی زۆر سه‌رنج ڕاكێشی دروست كردوه‌ بۆخوێنه‌ر .لای چه‌په‌وه‌ شوێنێك بۆكتێبی ئه‌ده‌بی (توند و تیژ) بۆئه‌و خوێنه‌رانه‌ی زیاتر حه‌ز به‌ بواری پۆلیسی و اجرام ده‌كه‌ن له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا كتێبی ده‌نگی تێكه‌ڵاو هه‌یه‌ به‌ نیشانه‌یه‌كی نارنجی كتێبه‌ پۆلیسییه‌كان له‌وانی تر جیاده‌كاته‌وه‌.
نرخی  كتێب
 ئه‌و كتێبانه‌ی كه‌ دانراوه‌ بۆ فرۆشتن به‌ نرخی 5 كرۆن هه‌ر ئه‌و كتێبانه‌ كه‌ پێشتر ئاماژه‌مان بۆ كرد موڵكی ئه‌م كتێبحانه‌یه‌ بوه‌و تۆماریش كراوه‌ به‌ڵام ژماره‌ی تۆماری لێوه‌رگیراوه‌ ته‌وه‌ ، چونكه‌ هه‌ر كتێبێك تا 800 ڕۆژ نه‌خوێنرێته‌وه‌ ئه‌وا مافی مانه‌وی له‌سه‌ر شێلفی كتێبێخانه‌ نامێنێ دورده‌خرێته‌وه‌ له‌ كتێبخانه‌ ئه‌ویش به‌ڕێگه‌ی فرۆشتن ،توڕاندن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كتێبخانه‌ی نیشتیمانی خاوه‌نی هه‌موو چاپكراوه‌كانه‌ و وێنه‌ی یه‌ده‌گ هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یپارێزێت،گرنگ نییه‌ لێره‌ وێنه‌ هه‌بێت، ده‌توانن له‌ كتێبخانه‌ی نیشتیمانی داوابكه‌ن و بیخوازن به‌ قه‌رز بۆماوه‌یه‌كی دیاری كراو
دوای ئه‌مه‌ مێزێك دانراوه‌ له‌گه‌ڵ شێڵفێك كه‌ له‌ چه‌ند خانه‌یه‌كی قه‌باره‌ مام ناوه‌ند پێك هاتوه‌ كتێبی 3سێ ساڵی نه‌خوێنراوه‌ی ((قه‌رزنه‌كراوی)) له‌سه‌ره‌ به‌نرخی 5كرۆن كه‌ نزیكه‌ له‌ نیو$ وه‌یان عه‌لاگه‌یه‌كی پڕكتێب هه‌ڵده‌گریت به‌ 25كرۆن ئه‌م كتێبانه‌ نمایش ده‌كرێت بۆفرۆشتن كه‌ له‌ ئه‌رشیفی گشتیدا ته‌ماشاده‌كرێن  وه‌ دڵنیان له‌وه‌ی بونی هه‌یه‌ دواتر به‌شی ئینفۆرمه‌یشن دێت كه‌ بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی كتێبخانه‌كه‌یه‌ .
  جێگای پرسیار‌و وه‌ڵام
له‌م جێگه‌یه‌ له‌سه‌ر مێزێكی جوڵه‌ پێكراو چه‌ند كۆمپیوته‌رێك هه‌یه‌ كه‌ داتا كراوه‌و زانیاری زۆر  وردی لێ وه‌ر ده‌گرێت و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زانیاریشی بۆزیاد ده‌كرێ  لێره‌ وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌درێته‌وه‌ هاموشۆكه‌رانی كتێخانه‌ ئاڕاسته‌ی كارمه‌ندانی ده‌كه‌ن ئه‌م كتێبخانه‌یه‌ خاوه‌نی سیسته‌مێكی تایبه‌ته‌كه‌به‌ستراوه‌ و  به‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌زۆر به‌ی كتێبخانه‌كانی تره‌وه‌ وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئیمێڵه‌وه‌ چێكی گشت داواكاریه‌كانی خوێنه‌رانی ده‌كات خواسته‌كانیان به‌ هه‌ند وه‌رده‌گرێت هه‌مو ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی له‌لایه‌ خه‌ڵكی كۆمۆنه‌وه‌ به‌ قه‌رز وه‌رده‌گیرێن لێ داخل ده‌كرێ وه‌ له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌شدا له‌سه‌ر ده‌سڕنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر پێویستیشیان بێت بۆیان نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ هۆی زانیاریه‌ ئه‌مباركراوه‌كانی ناو كۆمپیوته‌ره‌كه‌ ده‌زانرێ له‌سه‌ر هه‌ربابه‌تێك چه‌ند سه‌رچاوه‌ بوونی هه‌یه‌ یان نوسه‌رێك چه‌ند بابه‌تی هه‌یه‌ یان ده‌رگایه‌كی چاپ چه‌ند كتێبی چاپكراوی لێره‌ هه‌یه‌ چونكه‌ زانیاریه‌ ئه‌مبار كراوه‌كان ئه‌م ته‌وه‌رانه‌ له‌ خۆ ده‌گرێ : (ناونیشان ،ناونیشانی ژێره‌وه‌،ترجمه‌ی ناونیشان،نوسه‌ر ،ئاماده‌كار ، وه‌رگێڕ ناوی نیگاركێشی ،چاپ ،چاپخانه‌ و خانه‌ی ده‌زگای چاپ ،شوێن وساڵ‌، سیڕیاڵ و بابه‌ت ، ئه‌گه‌ر كتێبه‌كه‌ ترجمه‌ كراوه‌ له‌ چی یه‌وه‌ ترجمه‌ كراوه‌.) هه‌روه‌ها ماوه‌ی وه‌رگرتن 4 هه‌فته‌ یه‌ ژماره‌ی هاموشۆكه‌ران تێكڕا ڕۆژانه‌ 400 كه‌سه‌ .
كتێب بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ش هه‌یه‌ كێشه‌ی بینییان هه‌یه‌
له‌پشتی ئه‌ماندا ئه‌و كتێنه‌ هه‌ن كه‌ به‌ نرخن و ئیحتیمالی دزینیان هه‌یه‌ ،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ له‌نزیك خۆیان دایده‌نێین ئه‌گه‌ر كتێبێك لێره‌ نه‌بێت ئه‌مان ده‌توانن له‌كتێبخانه‌یه‌كی تر قه‌رزی  بكه‌ن بۆخوێنه‌ر پشتی ئه‌مان ئه‌و جۆره‌ كتێبانه‌ی لێیه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌و كه‌سانه‌ی كێشه‌ی بینینیان هه‌یه‌ واته‌ خه‌تی ورد ناخوێنه‌وه‌ و به‌ خه‌تی گه‌وره‌ نوسراون له‌ هه‌ردو بواری (ئیجرامی و عادی) ژماره‌ی ئه‌و  یانه‌ی بۆخاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت ئاماده‌ كراوه‌ 3795 دانه‌یه‌ c.d
خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تی فیزیكی
له‌پشتی ئه‌م كتێبانه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك كتێبی تر دێن كه‌ له‌ سه‌ر ڕه‌فه‌ دانراون كه‌ كتێبی تایبه‌تن به‌كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تی فیزیكی، ده‌روونی كه‌ به‌ ئامێرێكی قسه‌ كه‌ری تایبه‌ت ده‌خوێنرێته‌وه‌ به‌ هه‌ر دوو شێوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كتێبی زانستی له‌دوای ئه‌مانه‌وه‌ كۆمه‌ڵیك كتێبێك دانراوه‌ به‌ڕێگه‌ی برێل نوسراوه‌ تایبه‌ت به‌نابینایانه‌ هیچ نوسراوێك له‌سه‌ر نییه‌ به‌ڵكو به‌شێوازی نوقته‌ی چاڵ و به‌رز نوسراوه‌ته‌وه‌ (زمانێكی جیهانییه‌ )بۆ كوێر به‌كاردێت ژماره‌یان 75 كتێبه‌ پشتی ئه‌مانیش كتێبی ئه‌ده‌بی به‌ تێكستی ئاسان ،ئاسان تر و وه‌ زۆر ئاسان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سی دی، بۆئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تازه‌ فێری سویدی ده‌بن (له‌ یه‌ك كاتدا ده‌توانن بیخوێنێته‌ و گوێشی لێبگرن) .
به‌شی گه‌نجان‌و منداڵان
 دوای ئه‌م به‌ شه‌ به‌شی گه‌نجان و منداڵان هه‌یه‌ كه‌ زیاتر بۆیاری و گاڵته‌ی خۆشی و شانۆگه‌ری و چیرۆك خوێندنه‌وه‌ به‌ كاردێت لێره‌ ده‌یان یاری له‌ شێوه‌ی شه‌تره‌نج و جۆری له‌ میكانۆ و یاری له‌ ته‌خته‌ و نزیك له‌ تاوڵه‌ و هاوشێوه‌كانی گه‌مه‌ی پێده‌كرێ،  له‌ ته‌نیشت ئه‌مان شوێنی چیرۆك خوێندنه‌وه‌ و شانۆ و بینینی نمایش هه‌یه‌  كورسی چه‌سپاوی بازنه‌ی بۆبنیادنراوه‌ به‌ ته‌نیشت ئه‌م به‌شه‌وه‌ كتێبخانه‌ی منداڵان هه‌یه‌ كه‌ زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ كه‌ره‌سته‌ی یاری مناڵانه‌ ، كه‌ منداڵ ده‌توانێت له‌ گه‌ڵ دایك و باوكی به‌ كاریان بێنێت و سودی لێ وه‌رگرێ ، زۆر جار دایك یان باوك بۆخۆی چیرۆك بۆ مناڵه‌كه‌ی ده‌خوێنێته‌وه‌ یان چاودێری منداڵه‌كه‌ی ده‌كات له‌هه‌ڵسوكه‌وت و هاتوچۆیدا و هه‌میشه‌ به‌چاوی ئاسووده‌یی بۆی ده‌ڕوانێت وه‌ زۆر جار گه‌مه‌و یاری خۆشی له‌گه‌ڵ ده‌كات . لێره‌ سه‌دان كتێب به‌ به‌رگ و ڕه‌نگ و قه‌باره‌ی جیاواز له‌نوسینیشدا پێش چاو ده‌كه‌ون كه‌ زۆر به‌یان  خۆی له‌ چیرۆكی زۆر منداڵانه‌ ده‌بینێته‌وه‌ .وه‌ به‌قه‌باره‌ی گه‌وره‌ وێنه‌ی جوان و قه‌شه‌نگ و ڕه‌نگاو ڕه‌نگ نه‌خشێنراوه‌ كه‌ ئاره‌زوی خوێنده‌وه‌ و ته‌ماشاكردن زیاد ده‌كات .كه‌ره‌سته‌كان بریتین له‌ كورسی و مێزی خوێندنه‌وه‌ به‌قه‌باره‌ی ستاندار كه‌ له‌گه‌ڵ باڵاو منداڵدا بگونجێ سه‌ره‌ڕای بونی شوێنی یاری و دۆڵابی شت یان كه‌ره‌سته‌ هه‌ڵگرتن كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ كراوه‌ ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ بوونی چه‌ندان بوكه‌ڵه‌ی یاری منداڵانه‌ ،له‌م به‌شه‌دا 2 كۆمپیوته‌ری ئینته‌رنێتی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك دانه‌ش بۆ گه‌ڕان به‌دوای وه‌سیله‌دا Family research لێره‌ منداڵ له‌ ته‌مه‌نێكی زۆر بچوكه‌وه‌ ئاشنای ده‌كه‌ن به‌ كتێبخانه‌ هه‌ر له‌ ته‌مه‌نی شیره‌ خۆرییه‌وه‌ تا ته‌مه‌نی گه‌وره‌یی واته‌ له‌ 1 ساڵه‌ وه‌ تا 14 ساڵ ده‌توانن له‌گه‌ڵ دایك و باوك و خوشك و برا و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیان یاری و له‌زه‌ت له‌ كتێبخانه‌كه‌ بكه‌ن له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م شوێنه‌دا ئینفۆمه‌یشنی تایبه‌ت به‌ منداڵانه‌ دوای ئه‌میش به‌شی زمانه‌ بێگانه‌كان ده‌ستپێده‌كات كه‌ خۆی له‌ كتێبی زمانی ئینگلیزی وفه‌ڕه‌نسی وعه‌ره‌بی و فارسی و…هتد .
خواسته‌كانی خوێنه‌ر هێنراوه‌ته‌ دی
به‌ ته‌نیشت ئه‌مانه‌وه‌ به‌شی ئه‌ده‌ب ((وێژه‌ی جوان )) ده‌ست پێده‌كات له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م به‌شه‌دا مێز و كورسی دانراوه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ و (وای فای )ی به‌كارده‌هێنن ،هه‌ر لێره‌ 2 كۆمپیوته‌ری ئینته‌رنێتی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پرێنته‌رێك +كۆمپیوته‌رێك بۆ كه‌ته‌ لۆگی بێگانه‌ .سه‌رنج بده‌ین هه‌موو كار ئاسانیه‌ك بۆخوێنه‌ر ئه‌نجام دراوه‌ تاوه‌كو به‌ ئاسانی خواسته‌كانی بهێنێته‌ دی و ئامانجه‌كانی خۆی بپێكێ.
به‌شی حجز هه‌یه‌
 به‌رامبه‌ر ئه‌مانیش به‌شی (حجز)ه‌ ،ئه‌وانه‌ی كتێبیان حجز كردوه‌ ئه‌توانن خۆیان كتێبه‌كانیان بدۆزنه‌وه‌ و خۆشیان له‌ سه‌ر خۆیان قه‌رزی بكه‌ن له‌ جیهازی قه‌رز كردنی ئۆتۆماتیك دا كه‌ له‌م به‌شه‌دا فه‌راهام كراوه‌ دوای ئه‌مانیش ئه‌و كتێبانه‌ دانراوه‌ و خراونه‌ته‌ پێش چاو كه‌ده‌رباره‌ی مێژوی ئه‌ده‌بی سویدی و جیهانه‌ وه‌ هه‌روه‌ها به‌شی هۆنراوه‌ و دراماش هه‌ر لێره‌یه‌.
ئیشی ده‌ست ئاماده‌كراوه‌
پشته‌وه‌ی ئه‌مه‌ش ژورێكی تاییبه‌ت به‌ ئیشی ده‌ست ئاماده‌كراوه‌ به‌ گشت كه‌ره‌سته‌ و پێداویستییه‌ كانییانه‌وه‌ وه‌ك به‌شی دارتاشی ،ئاسنگه‌ری، به‌رگدروی ، ڕه‌نگ كردن و وێنه‌كێشان …هتد  .ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین ئه‌م ژووره‌  كه‌ گشت پێداویستی و كاری ده‌ستی له‌ خۆگرتوه‌ ته‌نها له‌م كتێبخانه‌دایه‌‌و یه‌كێكه‌ له‌ تایبه‌ت مه‌ندیه‌كانی چونكه‌، سه‌رنجی گشت خه‌ڵك ڕاده‌كێشێت كه‌ ئه‌گه‌رپێداویستیه‌كی له‌ و شێوه‌ی هه‌بوو، ده‌توانێت له‌ كتێبخانه‌ ئه‌نجامی بدات ،گشت خزمه‌ت گوزارییه‌كان بێ به‌رامبه‌ره‌،كاتێكی باش بۆخه‌ڵك ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌،به‌هۆی ئه‌م به‌شه‌وه‌ هاموشۆكه‌رانی ڕو له‌ زیاد بوون ده‌كه‌ن،ڕه‌نگه‌ دوای ئه‌نجام دانی كاره‌كه‌ی كتێبێكیش به‌ قه‌رز بخوازێ یان هاوڕێكی ببینێ،به‌ ئاگا ده‌بێت كه‌ جگه‌ له‌ ئه‌نجام دانی كاره‌كه‌ی خۆی ده‌توانێ كاری تریش ئه‌نجام بدات ،خه‌ڵكی تریش سودمه‌ند بن لێره‌، لێره‌ خوێنه‌ر یان سه‌ردان كه‌ر خۆی خزمه‌تی خۆی ده‌كات.
به‌شی دووه‌می كتێبخانه‌
نهۆمی دووه‌می كتێبخانه‌، بریتیه‌ له‌ به‌شی كتێبی زانستی ،كۆمپیوته‌ر و ئینته‌ر نتێت،مۆسیقا ،كافتریا،ئه‌رشیف ،ژووری بۆنه‌كان ،به‌شێكیش بۆخوێندنه‌وه‌ی بێده‌نگ، هه‌روه‌ها ژووری كاری كارمه‌ندان  كاری تایبه‌تی كتێبخانه‌ی تێدا ئه‌نجام ده‌ده‌ن هه‌روه‌ها ژووری چێشت لێنان و ئیسراحه‌ت ،له‌گه‌ڵ ژوورێك بۆنوستن هه‌یه‌ كڕین و فڕێدانی كتێبه‌كان دابه‌ش كراون به‌سه‌ر ئه‌میندارانی كتێبخانه‌دا بۆنموونه‌: مامۆستا هاوار حمه‌ ڕه‌شید، كه‌ پسپۆڕی بواره‌كه‌یه‌ به‌شی زمان و كۆمه‌ڵگه‌و هه‌موو بواره‌كانیه‌وه‌  و دارستان و خۆراك و گوڵ و سه‌ربازی پێسپێدراوه‌ به‌ رپرسه‌ له‌م به‌شه‌ ئه‌وانی تریش هه‌ریه‌كه‌ و به‌شێكی پێ سپێدراوه‌، ئه‌م كتێبخانه‌یه‌ هه‌میشه‌ له‌چالاكی نوێدایه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك زیاتر ڕابكێشێت بۆكتێبخانه‌ هه‌میشه‌ خولی نوێ ده‌كاته‌وه‌ بۆ خه‌ڵكی كۆمۆن له‌وانه‌: خولی خوێندنه‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان دانراوه‌،خولی ڕستن و چنین بۆ ئه‌وانه‌ی حه‌زیان به‌م بواره‌یه‌،خولی ڕه‌نگ كردن و وێنه‌ كێشان .
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كتێبی تایبه‌ت به‌م بوارانه‌ هه‌یه‌ و كه‌ ده‌توانن قه‌رزی بكه‌ن و خۆیانی پێ ڕۆشنبیر بكه‌ن به‌ زانیارییه‌كانی .بۆگه‌نجانیش بێجگه‌ له‌ ئیشی ده‌ست ده‌توانن پرێنته‌ری سری دی بوعدی تایبه‌ت درووست بكه‌ن، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی وێنه‌ی گیراوه‌ وه‌ ده‌بێت كه‌ تایبه‌ته‌ به‌م ئامێره‌ و وێنه‌كه‌ به‌ ئامێره‌ ده‌ناسرێ و شلیله‌ی ماده‌ خاوه‌كه‌ له‌ئامێره‌كه‌ ده‌به‌سترێ  و وه‌ خۆی هه‌ڵده‌ستێت به‌ دروستكردنی ئه‌و وێنه‌ی كه‌ ته‌عریف كراوه‌ پاش چه‌ند خوله‌كێك وێنه‌كه‌ به‌ به‌رجه‌سته‌یی دێته‌ به‌ر ده‌ستت هه‌ر وه‌ك له‌ وێنه‌كاندا نمایش كراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بۆمنداڵ زۆر گرنگه‌ چونكه‌ ئاسۆی بیركردنه‌وه‌ی فراوان ده‌كات و هه‌میشه‌ وێنه‌ی نوێ ده‌كێشێت و شتی تازه‌ داده‌هێنێت كه‌ بێ به‌رامبه‌ره‌
هه‌ر له‌ نهۆمی سه‌ره‌وه‌
 له‌ و جێگه‌یه‌ی كه‌ ئامێری سینه‌ماكه‌ی لێ دانرا بوو پێشتر ئێستا هه‌موو كارتی زانیاریه‌كانی كتێب كه‌له‌ كابینه‌ی ناو چه‌كمه‌جه‌كاندایه‌ كراوه‌ به‌ ئه‌رشیف و بۆ ته‌ماشاكردن خراوه‌ته‌ پێش چاو واته‌ سه‌رده‌می كاری ده‌ستی كۆتایی هات و ئێستا سه‌رده‌می كۆمپیوته‌ره‌ .
دوا به‌ش كه‌ كافتریایی زمانه‌ به‌ مه‌به‌ستی كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ گه‌نجان و په‌نابه‌ران هه‌فته‌ی جارێك له‌گه‌ڵ سویدی زمانی خۆبه‌خش داده‌نیشین و زمانه‌كه‌یان به‌كار ده‌هێنن ئه‌م پڕۆسه‌ی یه‌كتر ناسینه‌ی گه‌لانه‌ گرنگترین كاره‌ كه‌ كتێبخانه‌ ئه‌نجامی ده‌دات چونكه‌ جگه‌ له‌ یه‌كترناسین ئاشنا بونیشه‌ به‌ به‌رز و نزمی ئاستی ڕۆشنبیری، ئاستی خوێنه‌واری و بڕینی پله‌كانی خوێندن، ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا ناسینی ئاین و ئایدۆلۆجی یه‌كتر له‌گه‌ڵ ناسینی داب و نه‌ریت، ناساندنی قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان ،جه‌ژن و بۆنه‌ و ئاهه‌نگێڕان ،ڕێزگرتن له‌ خودی مرۆڤه‌كان‌و ناساندنی یاسا و ئاشنا بوون به‌ یه‌كتری.
خه‌ڵكی خۆبه‌خش كارده‌كات
ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ خۆبه‌خش و خانه‌نشین كراون 18 كه‌س له‌وانه‌ 15 نه‌فه‌ریان ده‌توانن له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ران بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ی كتێبخانه‌، هه‌فته‌ی جارێك نزیكه‌ی 40 كه‌س  له‌ په‌نابه‌ران دێن بۆكتێبخانه‌ .
ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ هه‌ره‌ كاره‌ چاكه‌كانی كتێبخانه‌ی ئیسلۆڤه‌ ئه‌نجامی داوه‌ چونكه‌ تیمێكی خۆبه‌خش ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ له‌گه‌ڵ په‌نابه‌راندا پیاسه‌ بكه‌ن بازاڕبكه‌ن تاوه‌كو زمانی سوێدی به‌ باشی فێر ببن و به‌كاری بهێنن .به‌ڕاستی كارێكی مرۆڤ دۆستانه‌یه‌ و ده‌ست خۆشیان لێده‌كه‌ین وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌م كتێبخانه‌ له‌ڕێگه‌ی تۆڕی ئینته‌ر نێته‌وه‌ به‌ گشت كتێبخانه‌كانی وڵاته‌وه‌ و ئاڵو گۆڕی زانیاری ئه‌نجام ده‌دات
كتێبه‌كان پۆلێنكراوه‌
ئه‌م كتێبخانه‌ پێشتر گشت سه‌رچاوه‌كانی له‌ڕێگه‌ی پۆلێنی سویدیه‌وه‌ پۆلێن ده‌كرا به‌ڵام ئێستا سوید بڕیاری داوه‌ سه‌رچاوه‌كانی بگۆڕێ بۆ پۆلێنی دیوی كه‌ ئه‌مه‌ش كات و كاری زۆری ده‌وێت به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌م ناوه‌ندیه‌ هه‌موو كتێبێكی پۆلێن كراوی چاكراو وێنه‌ی ده‌گاته‌ گشت كتێبخانه‌كانی وڵات وه‌ ئه‌و ئاسته‌نگه‌ كاڵ ده‌كاته‌وه‌ ئێستا سه‌رقاڵی ئه‌نجام دانی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ن كاتی كاركردن له‌م كتێبخانه‌یه‌ به‌م شێوه‌ی لای خواره‌وه‌یه‌
ڕۆژانی دووشه‌ممه‌ تا پێنج شه‌ممه‌ له‌ 10 ی سه‌ر له‌ به‌یانی تاوه‌كو 7 ی ئێواره‌ كراوه‌یه‌
ڕۆژانی هه‌ینی 10 ی به‌یانی بۆ 6 ی ئێواره‌
ڕۆژانی شه‌ممه‌ 10ی به‌یانی بۆ 2 ی پاش نیوه‌ڕۆ
ڕۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ پشووی فه‌رمییه‌
ژماره‌ی  سه‌رچاوه‌كانی به‌م شێوه‌یه‌یه‌
(كتێبی كاغه‌زی 87704
كتێبی ئه‌لكترۆنی   19087       E_BOOK
  1983 d.v.d   پێداویستی تایبه‌ت 3797 C.D
    و  گۆرانی و مۆسیقا 906       c.d    * جیهاز 40 دانه‌
 كۆمپیوته‌ری ئینته‌رنێتی 11 دانه‌
 بودجه‌ی گشتی كتێبخانه‌ 12 ملیۆن كرۆنه‌ له‌م پاره‌ش 1.5 ملیۆن كرۆن  بۆكڕینی كتێب و فلمه‌
ئه‌ه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ به‌شی ڕاپۆرت  توێژینه‌وه‌م به‌ر چاو نه‌كه‌وت وه‌ به‌ بیریشم نه‌ده‌هات پرسیاری بكه‌م له‌گه‌ڵ به‌شی چزو به‌ندكردن هه‌ممو كتێبه‌كان %90 زیاتریان بێ به‌رگ بوون به‌ڵام خاوێن ڕاگیرابوون و دڕاوی به‌ به‌رگه‌كانیانه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ ئه‌مه‌ش جێ ی دڵخۆشیه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك .
تێبینییه‌كان :
*له‌ كتێبخانه‌دا سیسته‌می دورخستنه‌وه‌ی كتێب جیاوازی تێدا ده‌بینرێ بۆنموونه‌ له‌كتێبخانه‌ی گشتی یۆتۆبۆری پێش دوور خستنه‌وه‌ و فڕۆشتن تۆڕدانی كتێب دێن،
خوێندنه‌وه‌یه‌كی باشن بۆ كتێبه‌كه‌ ده‌كه‌ن و ئه‌بتراتیكێك (ده‌ق نوس )و پاشان بانگه‌ی خوێنده‌وه‌ی له‌ ناو كتێبخانه‌ دا بۆده‌كرێ و دواتر به‌ ڕیكلام له‌ زۆربه‌ی به‌شه‌كاندا پیشان ده‌درێ دواتر له‌ جێگه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاماده‌كراوه‌  له‌ شێوه‌ی ته‌خته‌ی شانۆدایه‌ به‌ ئامێری سكرین به‌شێوه‌ی داتاشۆ نیشانی خوێنه‌رانی ده‌درێ و خوێندنه‌وه‌ی نوێ بۆده‌كه‌ن هه‌ر له‌ ناونیشانی كتێبه‌كه‌ (بۆ ئه‌م ناونیشانه‌ی بۆهه‌ڵبژاردوه‌؟) (ئه‌زموونی نوسه‌ر له‌نوسیندا ؟)
ژماره‌ی كتێبه‌كانی، كارو پیشه‌ی نوسه‌رله‌ڕابوردو و ئێستادا ژماره‌ی ئه‌و كات ژێرانه‌ی كه‌ نوسه‌ر كاری تیاكردوه‌ له‌م كتێبه‌دا تێچونی مادی‌و ده‌ره‌نجام چیمان پێده‌ڵێن ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ ده‌خرێته‌ پێش چاوی خوێنه‌ر و له‌ ویب سایتدا بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ دواتر سه‌رنج ده‌ده‌ن بزانن خوێنه‌ری بۆدروست بووه‌ یان ئه‌گه‌ر نه‌یبێ ئه‌و جا دووری ده‌خه‌نه‌وه‌.
*ژماره‌ی كتێبه‌ قه‌رز كراوه‌كان له‌ كتێبخانه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ كتێبخانه‌یه‌كی تر جییاوازه‌ بۆنموونه‌ له‌ كتێبخانه‌ی گشتی یۆتۆبۆری تا 50 كتێب قه‌رز بكه‌یت به‌ بچڕ بچڕ و و له‌ كاتی دیاری كراودا بیگه‌ڕێنیته‌وه‌ و ئه‌گه‌ر پێویست به‌ نوێكردنه‌وه‌ی هه‌بوو ده‌توانی به‌تا گادایان بكه‌یت‌و ماوه‌كه‌ت بۆنوێ ده‌كرێته‌وه‌ ئیمێڵ له‌ هه‌ندێ كتێبخانه‌ بۆخۆت ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌ به‌ڵام له‌ هه‌ندێ شار كتێبخانه‌ بۆخۆی هه‌ڵده‌ستێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی.
*وه‌رگرتن و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كتێب له‌لایه‌ن خودی خوێنه‌ره‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێ چونكه‌ خاوه‌ن كۆدی تایبه‌تی خۆیه‌تی به‌ڵام بۆگه‌ڕانه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو كتێبه‌كان (گشتیه‌كان) نه‌ك زانكۆیی كۆدی له‌ زگه‌ی هه‌یه‌ ده‌توانرێ به‌ كۆده‌كه‌ كتێبه‌كه‌ بسڕێته‌وه‌ به‌ڵام له‌ كتێبخانه‌ی زانكۆدا ده‌بێت خۆت داخڵ بكه‌یت و خۆت بیسڕیته‌وه‌ و پسوڵه‌ی ئه‌ستۆپاكی خۆت وه‌رگریت چونكه‌ كتێبی زانكۆ كتێبی گشتی نییه‌ .
( له‌ زۆر گه‌ڕه‌كدا سه‌یاره‌ی تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆكۆكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كانی كتێبخانه‌ ) ئه‌م كارانه‌ ده‌بنه‌ هۆی پێشكه‌وتنی كتێبخانه‌ و سه‌رنج ڕاكێشانی خوێنه‌ران و گواستنه‌وه‌ی بارگه‌ی شوێن بۆكتێبخانه‌
1_كردنه‌وه‌ی خولی پیشه‌یی له‌ ناو كتێبخانه‌دا، درومان ،خه‌ت خۆشی ،وێنه‌ كێشان،دارتاشی ،سه‌ر تاشین،كۆمپیوته‌ر،زمان ، ده‌رووناسی….هتد
2_دابین كردنی شوێن بۆحه‌وانه‌وه‌ وه‌ك (كافترییا،جێگه‌ی یاری ده‌ست ،تێنس،شه‌تڕه‌نج ، تاوڵه‌ و زار ،4گۆشه‌كان ، میكانۆ)
3_ئه‌نجام دانی شانۆگه‌ری، كۆڕو سیمینار ،كۆبونه‌وه‌،مه‌راسیم بۆنه‌ …هتد.
4_تێكه‌ڵكردنی كلتوری گه‌لان بۆنموونه‌ (فلیپینی،به‌نگلاندیشی ،عه‌ره‌ب ، عه‌جه‌م ،…هتد) خوێندنه‌وه‌ بۆ ڕاو بۆچونییان
5_ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی ئینته‌ر نێت و خستنه‌ به‌رده‌ستی سه‌رچاوه‌ ئه‌مبار كراوه‌ سودبه‌خشه‌كان له‌ به‌رنامه‌یه‌كیتایبه‌ت به‌ كتێبخانه‌دا بۆسه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان به‌ زمانی جیا جیا (واته‌ خه‌زن كراو )
6_هاندانی نوسه‌ران بۆ به‌رهه‌م هێنانی سه‌رچاوه‌ی پێویست كه‌
*ساده‌ و ساكار و ئاسان بێت
*گه‌وره‌ فۆنت
*شیكاری بابه‌تیانه‌ بۆگشت چین و توێژه‌كان
*هاندانی نوسه‌ران بۆ نوسینی بابه‌تی ده‌ستنیشان كراو بۆنموونه‌
نوسینی بابه‌ت بۆ منداڵان،به‌ساڵاچوان ،لاڵه‌كان ،دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ توند و تیژی ،هاندان ،ده‌روناسی،وێنه‌كێشان،چیڕۆكی ئامۆژگاری و ڕێنمایی بۆ خوار 15 ساڵ
*مامۆستا هاوار فاروق حمه‌ڕه‌شید  هاوكار بووه‌ له‌ پێدانی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌م راپۆرته‌.

 410 جار بینراوە