سەرەکی » مانشێت » نانا ئێستا سه‌یره‌ له‌ كوردستان

سه‌یره‌ له‌ كۆیه‌

نانا ئێستا سه‌یره‌ له‌ كوردستان

صلاح شێخ شه‌ره‌ف

ئه‌و مه‌سه‌له‌ی سه‌یره‌ له‌ كۆیه‌ له‌وه‌ هاتووه‌ بازرگانێكی موكریانی له‌ سه‌رده‌می ئه‌ماره‌ته‌ كوردیه‌كان دێته‌ كۆیه‌ ئه‌بینێ ئاڵای سۆران به‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ته‌وه‌ن له‌وێوه‌ ده‌چێته‌ كه‌ركوك دیاره‌ چه‌ند رۆژێكی پێ ده‌چێ كه‌ دێته‌وه‌ ده‌بینێ ئاڵای بابان له‌سه‌ر فه‌رمانگه‌كان هه‌ڵكراوه‌.
ده‌ڵێ به‌خوا سه‌یره‌ له‌ كۆیه‌ چ زوو ئه‌م دنیا ‌و ئاڵایه‌ گۆڕان.
ئێستا له‌ كوردستان له‌وه‌ سه‌یرتره‌ ئه‌م حزبه‌‌و سیاسیانه‌ی كه‌ هه‌ر ده‌مێ ئاڵایەک هه‌ڵده‌كه‌ن ‌و به‌ باڵایەک هه‌ڵدەڵێن بێ ئه‌وه‌ی خۆیان ‌و رابردوویان هه‌ڵوێستیان له ‌بیر بێ شه‌رمی سیاسی بكه‌ن به‌ كه‌یفی خۆیان به‌ند‌ و بالووره‌ هه‌ڵبه‌ستن.
من نه‌مده‌ویست له‌م شه‌ڕه‌ قسه‌‌و چه‌قره‌ سه‌مایەی ئێستا بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێ به‌شدار بم، هێنده‌م ناخۆشی‌و تاڵی دیوه‌ له‌ دووبه‌ره‌كی شه‌ڕی خۆكوژیی ناوخۆ ده‌موت هه‌ر بڕوا‌و نه‌یه‌ته‌وه‌: هه‌ر لێ خوڕه ‌‌و سه‌یری ده‌م كاوێژی مه‌كه‌.
به‌ڵام هێنده‌ ناحه‌قی ئه‌بینی‌و ئه‌بیستی ناكرێ دەرحەقی دوو قسه‌ی حه‌ق نه‌كه‌ی مام شێخ ده‌فه‌رموێ چاوێكی لێ زه‌ق نه‌كه‌ی. سه‌یره‌ سه‌یر.
ئێستا هه‌موویان روی تیر‌ و رمبیان له‌ یه‌كێتیی نیشتمانییە، وه‌ك یه‌ك داگیركه‌ری عه‌ره‌ب ‌و رۆم‌و عه‌جه‌م له‌م خاكه‌ نه‌مابن ته‌نها یه‌كێتی داگیركه‌ر بێ ببێته‌ قه‌ومێكی غه‌ریبه‌ درێژه‌ی لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م هۆكارانه‌ هه‌ڵده‌گرم بۆ خزمه‌تێكی تر جارێكی تر؟! ده‌پرسم ئێستا هه‌یاسه‌ له‌ دیوانان چ باسه‌.
سه‌یری هه‌موو سه‌یره‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و حزبانه‌ی له‌ سلێمانییه‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن له‌ فه‌وزای یه‌كێتیدا ده‌تروكێن‌ و سه‌ر ده‌ردێنن (داوای لێبوردن له‌ یه‌كێتی ده‌كه‌م. ناڵێم دیموكراتی‌و ئازادی، ئه‌مه‌ش باسێكه‌ خۆشه‌ وه‌ك حیكایه‌ت كاتی خۆی دی تا ئێستا له‌ نیهایه‌ت. هه‌ر ده‌ڵێ یا هه‌روایه‌ هیچ زروفی مه‌وزوعی ته‌یاری كۆمه‌ڵایه‌تی رەوتی مێژوویی دروستی نه‌كردوون ته‌نها بۆ دژی یه‌كێتی خولقاون.
چاوه‌كه‌م هه‌ڵه‌كه‌ له‌وه‌ی دایه‌ كه‌ مه‌به‌ستی ستراتیجیتان روخاندنی ئیداره‌كه‌ی یه‌كێتی كه‌ ئێستا له‌گه‌ڵتانا به‌شی كردوه‌ یا له‌ناوبردنی هێزه‌كه‌، یه‌كێتی ئامانجتانه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م هێزه‌ پێشی داعه‌ش‌و مه‌عاشی نه‌گرتایه‌ ده‌بوایه‌ چیتان به‌سه‌ر بهاتایه‌، ده‌توانرێ به‌ كه‌یفی خۆتان خویی خۆپیشاندان و باره‌گا سوتاندن بكردایه‌.
ده‌ركه‌وت له‌وه‌ته‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ سه‌وزه‌تان له‌ت له‌ت كرد چۆن هاوسه‌نگی هێز‌و سیاسی تێكچوو، ئه‌و هێزه‌ ئێستا به‌ ده‌سه‌ڵاتی غه‌داری دائه‌نێن بووه‌ كه‌ڵه‌گا ‌و سیاسه‌تی خۆی فه‌رز كرد ئێستا نه‌ به ‌ئێوه ‌‌و نه‌ یه‌كێتیشه‌وه‌ چاره‌تان بۆ ناكرێ. له‌بیرتان چوو چۆن وه‌زیر‌و په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ شار به‌ده‌ر كردن.
سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌م لایه‌نانه‌ قسه‌ی سه‌رزاریان سه‌ربه‌ند‌ و بنبه‌ندیان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دوو حزبه‌‌و ئه‌م دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ دز‌و تاڵانكه‌ر‌و گه‌نده‌ڵن. هیچ لایه‌ك بێگوناه‌ نییه‌ به‌ یه‌كێتیشه‌وه‌ به‌ڵام پرسیاری ویژدانتان ده‌كه‌ین وه‌كو یه‌كێك، هه‌ر یه‌كێتیتان له‌گه‌ڵ بوو؟!
جا ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانی‌و دۆستایه‌تی ئه‌م لایه‌نه‌ تاوان‌و خیانه‌تی نیشتمانی بێت مێژووه‌كه‌ی هێنده‌ دوور نییه‌ كاره‌كته‌ره‌كان زیندوون ئەگەر خه‌تایه‌ له‌بیرتان نایه‌ هێندێكتان له‌سه‌رەتای شه‌ڕی ناوخۆدا هاوپه‌یمانیان بوون له‌ هه‌ورامان‌و شاخه‌ڕه‌شی پشتی قه‌ڵادزێ به‌ دوو قوڵی به‌ پشتیوانی ده‌وڵه‌ته‌ دراوسێیه‌كان راجیمە بارانتان نه‌كردین، قائمقامه‌كه‌ی كۆیه‌تان شه‌هید نه‌كردین.
دیاره‌ یه‌كێتی له‌ زروفێكی تایبه‌تی له‌ ژێر فشاری رای گشتی له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی مه‌سه‌له‌ی كوردی رێكه‌وتنمان كرد، گه‌ر هیچ سوودی نه‌بوو بێت نه‌زیفی خوێنی كوردكوژه‌ی وه‌ستان.
ئه‌رێ گه‌لۆ پرسیاره‌ له‌ تۆ، دوای روداوه‌كانی نه‌وەت‌ و شه‌ش(نامه‌وێ ناوی بهێنم برینان وه‌كولێنم) زۆرتان چوونه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ی له‌ هه‌ولێر دامه‌زرا ئه‌وسا كه‌ ئێوه‌‌ و دنیاش ده‌یزانی ئه‌م براده‌رانه‌ چۆن هاتنه‌وه‌ هه‌ولێرێ. ئه‌وی بابم لۆ، لۆ ئێوه‌ عه‌یب نه‌بوو؟! بۆ ئێمه‌ش حه‌یاچونه‌.
كورد ده‌ڵێ:
حه‌ماموكه‌ی به‌زڕ‌وزه‌نگ
نه‌ له‌ من ده‌نگ نه‌ له‌ تۆ ده‌نگ
(كلنا فی الحب سوا)
كوڕه‌ له‌وه‌ سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌ هێندێكی تر كه‌ له‌ یه‌كێتی جیاواز بونه‌ته‌وه‌ ده‌نگی زۆر فراكسیۆنی گه‌وره‌ی په‌رله‌مانیان هه‌یه‌ كاتی خۆی له‌سه‌ر یه‌كێتی نه‌وه‌ستان گه‌رچی وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی به ‌ئاشكرا ‌وتیان بێ ئه‌وان ناچینه‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان وه‌ك هه‌نگیان له‌ دارا دۆزیبێته‌وه‌ غاریان دا چونه‌ ناو حكومه‌ت و هاوپه‌یمانیان به‌ست و وه‌زیره‌كانی یه‌كێتیان ده‌سكه‌وت.
تا له‌ پردێ‌و د‌ێگه‌ڵه‌ هه‌ڵیان نه‌دانه‌وه‌ زونه‌كه‌ی لای خۆمان هه‌ر مانه‌وه‌، كاكه‌ لێ لۆ تۆ عه‌یب نه‌بو، ئه‌رێ لۆ بۆ من عه‌یبه‌
عیرتنی بالشیب وهو وقار
لیتها عیرتنی بما هو عار
پێش ئه‌و رووداوانه‌ش پێكه‌وه‌ بوین له‌ چاكه ‌‌و خراپه‌ هاوبه‌ش بووبن. ئێوه‌ مانان لێپرسراوی ئێمه‌مانان نه‌بوون. (له‌گه‌ڵ رێزم بۆ خه‌بات ‌و دۆستایه‌تیمان) له‌ سلێمانی ئێوه‌ وه‌زیر ‌و وه‌كیل‌ و پارێزگار نه‌بوون،
هه‌ر به‌ گردی هه‌ڵگه‌ران له ‌هه‌موو گوناهێك پاك بوونه‌وه‌؟ ئه‌م خلته ‌‌و خراپه‌ش بۆ ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ مایه‌وه‌ سه‌یر ‌و سه‌مه‌ره‌ی سه‌ر هه‌موو سه‌مه‌ران قه‌باحه‌تی وا قه‌وماوه‌ (قوڕ به‌سه‌ر انصاف….. بۆته‌ قازی)
كاكتان زۆر كاتی له‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵانه‌ حاكم و سه‌رۆك بوو، له ‌به‌غداش جێگری جێگه‌ چه‌وره‌كه‌ بوو، من رێزم هه‌یه‌ بۆ لێپرسراوانی هه‌موو لایەک،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی عه‌داله‌ت‌و دیموكراتخواز نه‌بێ با باسی نه‌كا، ده‌فه‌رموێ كۆمپانیا خزم‌و حزب به‌ڵێ هه‌ن به‌ڵام جه‌نابتان 372 پڕۆژه‌ی هه‌موو حكومه‌تی سلێمانیتان له‌ وەزاره‌ته‌كان سه‌نده‌وه‌ داتانه‌ یه‌ك خزم ‌و دۆست.
كه‌ جه‌نابت رۆیشتی بووه‌ شه‌ریكی كۆمپانیای حزب بە مانای هه‌م خزم هه‌م حزب، گوایه‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌ كارگه‌ی بینای جاهیزی هێنایه‌ هه‌موو رۆژێ یه‌ك بینایه‌ دێنێته‌ كایه‌، په‌كو له‌و عجائبه‌ی وەڵڵا له‌ یابانیش شتی وادروست نه‌كرایه‌، دوای ئه‌م پڕۆژانه‌ چیان به‌سه‌رهات؟
كه‌ لێیان پرسی فڵان كۆمپانیای ئێوه‌ له‌ پشتیه‌وه‌ن فه‌رمووت به‌ ئه‌مری حزب كردومه‌. قسه‌ زۆرە و تا عه‌یبی یه‌كتری بڵێین عه‌یبدارتر ده‌بین. خه‌بات هه‌رده‌م كرداره‌ بۆ ئه‌و کەسە خزمه‌تگوزاره‌، خۆ باوانی سه‌ر سه‌ركۆ خوتبه‌دان نییه‌ قسه‌ی قه‌ڵه‌م‌و زڵ نییه‌؟! عه‌داله‌ت‌و دیموكراتی وشه‌ی پیرۆزن، له‌ جێی خۆی نه‌بێ به‌كاریان نه‌هێنن باشه‌.
ده‌ڵێن حزبێك دروست بووه‌ هه‌ر سه‌رۆكی هه‌یه‌ نه‌ سه‌ركردایه‌تی‌و نه‌ بنكردایه‌تی، ئێستا باوی حزبی وەهایه‌ هه‌ر جه‌ماهیره‌‌ و هه‌ڵپه‌ڕینه‌. له‌ شانزه‌ پارێزگای عیراق نوێنه‌ران هه‌ڵده‌بژێرێ بۆ به‌غدایان ده‌نێرێ حه‌قی كوردان ده‌ستێنێ، عه‌داله‌ت ده‌ڕوێنێ گه‌نده‌ڵی له‌بن دێنێ حكومه‌ت به‌ده‌ست دێنێ، ده‌ك عه‌مرتان درێژ بێ وەڵڵا بابم ئه‌وه‌یه‌ جوامێری، كوڕ ئازا بێ چاوی باوكی ده‌ربهێنی.
حه‌ز ده‌كه‌م له‌ كوردان مه‌ردی مه‌یدانمان لێ هه‌ڵكه‌وێ، تا كورد له‌م هه‌ورازه‌ سه‌ركه‌وێ. له ‌عیراق حزب هێنده‌ زۆر وه‌ك حوجرەکەی فه‌قیانی لێهاتووه‌. من شاره‌زا نیم ده‌بێ كام چین ‌و توێژ ده‌نگ به‌م‌ لیسته‌ی ئه‌م حزبه‌ كوردییە بده‌ن؟!
مه‌گه‌ر ئیعازی لایه‌نێكمان بۆ بێ، كێ بێ (سر فی نفس یعقوب). ئیتر ئه‌ مه‌یدانە و هه‌ر كه‌سه‌ ئه‌سپی خۆی تاو دا كێ گۆی سه‌ركه‌وتن ده‌باته‌وه‌ عوافی. به‌فرێ كێوانیش ده‌تاوێته‌وه‌ و رووی ره‌ش بۆ خه‌لووز ده‌مێنێته‌وه‌.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومەر شێخمووس:لە رۆژئاڤا كورد كارتی گرنگی سیاسی لەبەردەستە

عومەر شێخمووس سیاسەتمەدار و كەسایەتیی سەربەخۆی رۆژئاڤای كوردستان رایگەیاند: لە ...