سەرەکی » دۆسێ » هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا: ئینجە دەبێتە ركابەری ئەردۆغان

كاندیدی ئۆپۆزسیۆنە

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا: ئینجە دەبێتە ركابەری ئەردۆغان

حزبی گەلی كۆماری، گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆن لە توركیا، كاندیدی خۆی بۆ ركابەریی رجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستای توركیا لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، دەستنیشان دەكات.
لە سەرەتای مانگی ئەیاری 2018، موحەرەم ئینجە كە ئاراستەیەكی سكۆلاریزمی هەیە، لەلایەن ئەو حزبەی ئۆپۆزسیۆنی توركیاوە كاندید كرا بۆ پێشبڕكێی سەرۆكایەتی لە دژی سەرۆكی ئێستا كە لە ساڵی 2002دا لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەدا بووە.
حزبی گەلی كۆماری، بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا، پلانی هەیە هاوپەیمانی لەگەڵ حزبە راستڕەوەكاندا بكات، ئەوەش لەپێناو تۆماركردنی بردنەوە بەسەر سەرۆكی ئێستا كە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو لەلایەن ئینجەوە بە توندی رەخنە لە سیاسەتەكانی دەگیرێت.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، لەم ماوەیەی دواییدا لەپێناو زیاتر چەسپاندنی جێ‌ پێی خۆی لە پۆستەكەی و پتەوكردنی هەڵوێستی خۆی بە دەسەڵاتی زیاترەوە، داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی كرد، ئەو هەڵبژاردنەی كە بڕیار بوو لە ساڵی داهاتوودا سازبكرێت.
هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی سەرۆكایەتی لە 24ی حوزەیرانی داهاتوو، لە توركیا هەڵبژاردنی پەرلەمانیش دەكرێت.

رەخنەی ئۆپۆزسیۆن لە داد و گەشەپێدان
سیاسەتوانە سكۆلاریزمەكان لە توركیا، دژایەتی سیاسەتەكانی حزبی داد و گەشەپێدانی موحافیزكار دەكەن كە زۆرینەی كورسی پەرلەمانی هەیە و ئەو سیاسەتانەش بە هەوڵدان بۆ «بەمسوڵمانكردنی دەوڵەت» دادەنێن.
كاندیدە نوێیەكەی حزبی گەلی كۆماری بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی توركیا، خەڵكی ولایەتی یالوفای باكووری خۆرهەڵاتی توركیایە و لەلایەن چاودێرانەوە بە لە «لەبارترین هەڵبژاردن» بۆ حزبەكە دادەنرێت.
پێشتر ئینجە رایگەیاندبوو، گەر پۆستی سەرۆكایەتی توركیا بباتە،ئەو كۆشكە گەورەیەی ئەردۆغان بۆ سەرۆكایەتی دروستی كردووە، بۆ فرۆشتن نمایشی دەكات، حزبی داد و گەشەپێدانیشی بەوە تۆمەتبار كردبوو كە لە پشت كودەتا شكستخواردووەكەی هاوینی 2016وە بووە.
وێڕای ئەوە، حزبی گەلی كۆماری لە ساڵی 2002وە نەیتوانیوە زیاتر لە 25%ی رێژەی دەنگەكان بەدەستبهێنێت لە دەوڵەتێكدا كە زۆرینەی دانیشتوانی سەر بە رەوتی موحافیزكارن.

ركابەرە مەترسیدارەكە پاشەكشەی كرد
ئەگەری هاتنەناوەوەی عەبدوڵڵا گویل سەرۆكی پێشووی توركیا بۆ نێو پێشبڕێكی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی ئەو وڵاتە، لە سەرەتاوە هەواڵێكی ناخۆش بوو بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئێستا كە دەیەوێت لەپاش سوڵتان عەبدولحەمید، عوسمانیزم بۆ توركیا بگێرێتەوە و لە بری لەسەر تەختی سەرۆك كۆمار، لەسەر تەختی سوڵتاننشینی دابنیشێت.
عەبدوڵڵا گویل سەرۆكی پێشوو لە 23ی نیسانی 2018، لەگەڵ ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی پێشووتر لە ئەنقەرە كۆبۆوە، ئەمەش لەكاتێكدا بوو كە باس لە ئەگەری بەشداریی گویل دەكرا (خاوەنی بنكەیەكی جەماوەری گەورەیە) لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنەكان وەك ركابەری ئەردۆغان، بەڵام لە دواساتدا ئەو پیاوە پاشەكشەی كرد.
هەردوو رۆژنامەی خەبەر تورك و حوڕییەت، باسیان لەو كۆبوونەوەیە كردبوو كە كاتژمێرێكی خایەندووە و پێش دوو مانگ بوو لە هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئەو وڵاتە كە بڕیارە لە 24ی حوزەیرانی داهاتوودا سازبكرێت.
سەرچاوەكان باسیان لەوە كردبوو، ئەو دوو پیاوە بەشێوەیەكی بەردەوام لەو دەمەی لە پۆستە رەسمییەكانیاندا نەماون لە حكومەت پەیوەندییان هەبووە، بەڵام وادەی كۆبوونەوەكەیان لە 23ی نیسان، بووە مایەی سەرنج.
رۆژنامەی ئەحوالی توركیا لەو دەمەدا رایگەیاندبوو، تەمیل كەرەموڵڵا ئۆغڵۆ سەرۆكی حزبی سەعادەت، هەوڵ دەدات گویل رازی بكات خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كاندید بكات، ئەمەش لەكاتێكدابوو كە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان بەشوێن كاندیدێكی بەهێزدا دەگەڕان تا بتوانێت بەڕەكە لەژێر پێی ئەردۆغان دەربهێنێت.
رۆژنامەكە لە زاری دۆغان ئەكین سەرنوسەری ماڵپەڕی «تی 24»ی توركیاوە بڵاویكردۆتەوە، «سەرچاوە باوەڕپێكراوەكان» پێیانڕاگەیاندووە كە «پەرەسەندنی گرنگ»بەڕێوەیە، بە تایبەت سەبارەت بە ئەگەری خۆكاندیدكردنی گویل.
ئەكین رایگەیاندبوو»هەلی هاتنەپێشەوەی عەبدوڵڵا گویل وەك كاندیدێكی هاوبەش بۆ حزبەكانی ئۆپۆزسیۆن، هەرگیز لەمڕۆ لەبارتر نەبووە».
هەر بە گوتەی سەرنوسەری ماڵپەڕی «تی 24»ی توركیاوە»ئەو كەسانەی لە نزیكەوە ئاگاداری دانوستانەكانن لەسەر ئەو خاڵە، پێیانڕاگەیاندووە كە حزبی گەلی كۆماری گڵۆپی سەوز بۆ گویل هەڵدەكات گەر لەگەڵ لایەنەكانی تری ئۆپۆزسیۆن بگاتە رێكەوتن، ئەوەش بە هەنگاوێكی گەورە دادەنرێت».
گویل دامەزرێنەری یەكەمی حزبی داد و گەشەپێدانە و خاوەنی بنكەیەكی جەماوەری گەورەیە لەنێو حزبەكە و دەرەوەی حزبەكەش، بەوپێیەی لەماوەی سەرۆكایەتی ئەودا هاوسەنگی و بێلایەنی و پێكگەیشتنی لەگەڵ هەموو رەوتە سیاسییەكاندا هەبوو.
پەیوەندی نێوان گویل و ئەردۆغان، گومانێكی گەورەی لەسەر هەبوو، ئەوەش دوای ئەو پەیوەندییە پتەوەی لەنێوانیاندا هەبوو كە لێوەی ئەردۆغان توانی لەڕووی سیاسییەوە زیاتر سەربكەوێت.
پەیوەندی نێوان ئەو دوو هاوڕێیە، گەیشتە ئاستی گرژی و ئاڵۆزی، بەو پێیەی ئەردۆغان لەپاش هەوڵی كودەتاكەی تەمموزی 2016، پرۆژە یاسایەكی پێشنیاركردبوو كە پارێزبەندی دەداتە هەموو ئەو مەدەنیانەی لەو دەمەدا لەبەرژەوەندی دەسەڵات، كاریی توندوتیژییان ئەنجامدابوو.
لەلایەكی ترەوە، چاودێران پێیانوابوو ئەحمەد داود ئۆغڵۆ سەرۆك وەزیرانی پێشووتر، كە وەك ئەندازیاری حزبی فەرمانڕەوا لە توركیا تەماشا دەكرا، تا ساتی دەستلەكاركێشانەوەی لە ساڵی 2016 لەو حزبە، پەیوەندی باش نەبوو لەگەڵ ئەردۆغان كە نیگەرانی هەبوو لە هەڵكشانی ئاستی جەماوەرییەكەی لە دووساڵی ماوەی سەرۆكایەتیكردنی بۆ سەرۆكایەتی وەزیرانی توركیا.
بەهۆی گرژیی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرۆك كە خواستی ئەوەی هەبوو دەسەڵاتەكانی فراوان بكات، داود ئۆغڵۆ داوای سازكردنی كۆنگرەیەكی نائاسایی كردبوو بۆ حزبی داد و گەشەپێدان لە 5ی ئایاری 2016، لە كۆنگرەكەشدا وەك سەرۆك وەزیران و سەرۆكی حزبەكە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كرد.
چاودێران پێیانوابوو، بە راگەیاندنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە حوزەیرانی داهاتوو، ئەردۆغان پەنای بۆ رێگەچارە كاریگەرترینەكە بردووە لەنێوان رێگەچارەكانی تر، بۆ گەیشتن بە ئامانجەكەی كە دامەزراندنی سیستمێكی سەرۆكایەتی بەهێزە و تێیدا سەرۆك خاوەنی گەورەترین دەسەڵاتی راپەڕاندنە.
بەڵام هەر تەنیا قسەكردن لەسەر خواستی گویل بۆ چوونە نێو پێشبڕكێی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەگەری پاڵپشتی دادو ئۆغڵۆ، هۆكارێكی تەواو بوو تا نیگەرانییەكی گەورە لەنێو بازنەی سەرۆكی ئێستادا دروست ببێت.
عەبدوڵڵا گویل سەرۆكی پێشووی توركیا، خاوەنی بنكەیەكی جەماوەری گەورەیە لەنێو حزبی داد و گەشەپێدان، بۆیە گەر خۆی كاندیدبكردبا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دابەشبوونێكی گەورە لەنێو حزبی فەرمانڕەوادا دروست دەبوو، ئەوەش مایەی هەڕەشەیەكی راستەقینە بوو بۆ سەر خواستەكانی ئەردۆغان .
بەڵام لە دوایین سات و لە چانسی ئەردۆغان، عەبدوڵڵا گویل سەرۆك كۆماری پێشووی توركیا رەتیكردەوە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خۆی بۆ سەرۆكایەتی توركیا كاندید بكات.
گویل لە 28ی نیسانی 2018، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند»گەیشتمە ئەوپەڕی ئاستی مرۆڤێك دەتوانێت خواستەكانی بێنێتەدی، بۆیە هیچ خواستێكم نییە جارێكی تر بگەڕێمەوە بۆ سەرۆكایەتیكردنی توركیا».
لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بەوەی كە لەلایەن سەرۆكی حزبی سەعاتەوە ناوی وەكو كاندید هاتووە، گویل رایگەیاند» گەر كۆدەنگی لەسەری هەبێت، بیرێك لەوە دەكاتەوە»، ئەمەش لەكاتێكدا كە حزبی گەلی كۆماری، گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆن لە دوایین سات و لە سەرەتای مانگی ئەیاری 2018، موحەرەم ئینجە كە ئاراستەیەكی سكۆلاریزمی هەیە، لەلایەن ئەو حزبەی ئۆپۆزسیۆنی توركیاوە كاندید كرا بۆ پێشبڕكێی سەرۆكایەتی لە دژی سەرۆكی ئێستا كە لە ساڵی 2002وە تاوەكو ئێستالە ترۆپكی دەسەڵاتدابووە لو توركیا.
لە درێژەی قسەكانیدا، گویل جەختی لەسەر پابەندبوون بە بنەماكانی پارتی داد و گەشەپێدان كربۆوە، رەتیشكردبۆوە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ كەسدا هەبێت.
بە پاشەكشەكردنی گویل لە پێشبڕكێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، پێناچێت نە كاندیدەكەی ئۆپۆزسیۆن و نە كاندیدی حزبەكانی تر بتوانن، كێبڕكێیەكی راستەقینە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بكەن، ئەوەش بەو پێیەی كە هەر بۆخۆی خاوەنی بیرۆكەی گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بوو لە توركیا بۆ سیستمی سەرۆكایەتی و هەر خۆی و حزبەكەی (داد و گشەپێدان)، وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانیان لە ساڵی 2019وە بۆ مانگی حوزەیرانی داهاتوو پێشخست.
لەڕێی ریفراندۆمی نیسانی 2017، لە توركیا كە تێیدا زۆرینە بە «بەڵێ‌» دەنگیدا لەپێناو هەمواركردنی دەستوری وڵاتەكە كە لێوەی سیستمی سیاسی توركیا لە سیستمی پەرلەمانییەوە دەگۆڕێت بۆ سیستمی سەرۆكایەتی، سەرۆك كۆمار لە داهاتوودا دەسەڵاتەكانی زیاتری دەبێت و قۆناغێكی نوێ‌ لە مێژووی سیاسی توركیادا لە پاش هەڵبژاردنی داهاتوو لەو وڵاتەدا دەستپێدەكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...