سەرەکی » دۆسێ » ترەمپ رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە

سزای زیاتر بەسەر وڵاتەكەدا دەسەپێنێت

ترەمپ رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكایی، وردەكاریی ئەو سزایانەی ئاشكرا دەكات كە ئیدارەی ئەمریكایی سەرلەنوێ‌ بەسەر ئێرانیدا دەسەپێنێت، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەشێوەیەكی تاكلایەنە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا هەڵوەشاندەوە.
وەزارەتەكە، مۆڵەتی سێ‌ بۆ شەش مانگی بۆ كۆمپانیا و بانكەكان داناوە تا وابەستە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئێراندا هەڵبوەشێننەوە.
هۆشداریشی دابووە كۆمپانیا ئەوروپاییەكان كە رووبەڕبووی سزا دەبنەوە گەر بەردەوامبن لە پەیوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ‌وئێران.
گرێبەستە تایبەتەكانی هەردوو كۆمپانیای بوێنگ و ئێرباس لەگەڵ ئێراندا هەڵدەوەشێنرێنەوە كە بە چەندان ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێن.
ولایەتە یەكگرتووەكان، بەنیازە رێوشوێنی زیاتر بۆ سزادانی تاران لەبەرانبەر بەرنامە موشەكە بالیستییەكانی بگرێتەبەر كە بە چالاكێییەكی گڵاو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ناوی دەبات.

ئەمریكا رێكەوتنە ئەتۆمییەكە هەڵدەوەشێنێتەوە
ترەمپ لە وتارێكیدا لە 8ی ئاداری 2018، پاشەكشەكردنی ولایەتە یەكگرتووەكانی لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی لەگەڵ ئێراندا راگەیاند.
سەرۆكی ئەمریكا بەڵێندابوو، واشنتۆن «لەسەر بەرزترین ئاست، سزا ئابورییەكان بەسەر رژێمی ئێرانیدا بسەپێنێت».
لەبەرانبەردا ئێران رایگەیاند كە «لەرێكەوتنەكەدا دەمێنێتەوە» لەگەڵ هێزەكانی تردا بەبێ‌ ولایەتە یەكگرتووەكان.

وەڵامی ئێران
دوابەدوای وتارەكەی ترەمپ، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی دەست دەكاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم «لەسەر ئاستە پیشەسازییەكان».
ترەمپ لە وتارەكەیدا لە كۆشكی سپی رایگەیاندبوو، رێكەوتنەكە هەرگیزا و هەرگیز نابێتە مایەی هێنانەدی ئارامی و ئاشتی لە خۆرخەڵاتی ناوەڕاست.
بە بڕوای ترەمپ، گەر رێكەوتنە ئەتۆمییەكە بەردەوامبوایە «پێشبڕكێیەكی خۆپڕچەككردنی ئەتۆمی لە ناوچەكەدا دەستیپێدەكرد».
مایك بنس جێگری سەرۆكی ئەمریكا، بەر لە راگەیاندنەكەی ترەمپ، ئەندامانی كۆنگرێسی لەبارەی بڕیارەكەوە ئاگاداركردبوو.
دوابەدوای راگەیاندنەكەی ترەمپ، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی بەبێ ئەمریكا لەگەڵ هێزەكانی تردا بەردەوام دەبێت لەسەر رێكەوتنە ئەتۆمییەكە.
بە گوتەی سەرۆكی ئێران»ولایەتە یەكگرتووەكان رایگەیاند كە رێز لە پابەندبوونی خۆی ناگرێت».
رۆحانی لە وتارێكیدا كە لەڕێی تەلەفیزیۆنی ئێرانییەوە پەخشكرا رایگەیاندبوو»فەرمانی بە دەزگای وزەی ئەتۆمی ئێرانی كردووە، خۆیان بۆ دەستكردنەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر ئاستە پیشەسازییەكان ئامادە بكەن».
باسی لەوەشكردبوو كە «چەند هەفتەیەك چاوەڕوان دەكات» تا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی و لەگەڵ ئاوانەدا قسە بكات كە پابەندن بە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە.
بڕیارەكەی ترەمپ لە نێوەندی هۆشدارییە یەك لەدوایەكەكان و گوشارە سیاسییەكان بوو لەلایەن هێزە گەورەكان تا بەو رێكەوتنە مێژووییەوە پابەند بێت كە لە ساڵی 20115دا ئیمزاكرا.
وەزارەتی دەرەوەی روسیا، بێ‌ هیوایی و نیگەرانی قوڵی خۆی بەهۆی بڕیارەكەی ترەمپەوە دەربڕی.
وەزارەكە لە بەیاننامەیەكی رەسمیدا رایگەیاندبوو»هیچ بنەمایەك نەبووە و هیچ بنەمایەك نابێت بۆ پێشێلكردنی پلانی كاری هاوبەش (رێكەوتنە ئەتۆمییەكە). پلانەكە كاریگەریی تەواوەتی خۆی دەرخست».
لە بەیاننامەكە، روسیا واشنتۆنی بە «كەمكردنەوەی متمانەی نێودەوڵەتی بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم» تۆمەتباركرد.
جگە لە ئەمریكا، لایەنەكانی تری نێو رێكەوتنە ئەتۆمییەكە كە بە (مێژوویی) ناوی دەبەن، دەڵێن- ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كە ئەركی پشكنینی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی لەئەستۆ گرتبووە، تەئكیدی لەسەر پابەندبوونی تەواوەتی تاران كردۆتەوە بە بەندەكانی رێكەوتنەكەوە كە ئامانج لێی زامنكردنی سیمای ئاشتیخوازانەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانە.

هۆشدارییەكانی پێشووی ترەمپ
سەرۆكی ئەمریكا پێشتر مۆڵەتی پێنج مانگی دابووە هاوپەیمانە ئەوروپاییەكانی (لە كانوونی دووەمەوە بۆ مانگی ئایار)، تا هەندێك لە خاڵەكانی نێو رێكەوتنەكە توند بكەن لەڕووی پرۆسەكانی پشكنینەوە كە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئەنجامیان دەدات، بەو هیوایەی پرۆسەكە تا ساڵی 2025 بەردەوام بێت و پاشان هەندێك لە كۆتوپوەندەكانی سەر چالاكییە ئەتۆمییە ئێرانییەكان هەڵبگیرێن.
بەڵام ترەمپ لەو دەمەدا رەخنەی لە رێكەوتنەكە گرتبوو، لەبەر ئەوەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ باسی لە بەرنامە بالیستییەكان و رۆڵی تاران لە «لەقكردنی ئاسایش» لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا نەكردووە.

ئیسرائیل خۆی ئامادە دەكات
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئیسرائیل رایگەیاند كە فەرمانی بە دەسەڵاتداران كردووە لە جۆلانی داگیركراو، پەناگەكان بكەنەوە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لای خۆیەوە رایگەیاندبوو»زنجیرەیەك دەستەواژەی دەگمەنیان بەدی كردووە» لە ریزی هێزەكانی ئێران لە سوریا.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل، داوای لە دانیشتوانی جۆلان كردبوو «گوێڕایەڵی رێنماییەكانی سوپا بن».
تەئكیدیشی لەسەر ئامادەیی سوپای ئیسرائیل كردبۆوە بۆ «سیناریۆ جیاجیاكان»، هۆشداریشی دابوو لەوەی كە هەر پرۆسەیەك لە دژی ئیسرائیل ئەنجامبدرێت، «بە بەرپەرچدانەوەیەكی بەهێز» وەڵام دەدرێتەوە.
بەر لەو راگەیاندنی بڕیارەكەی ترەمپ بە چەند كاتژمێرێك، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران لە وتارێكیدا كە لەلایەن تەلەفیزیۆنی رەسمی وڵاتەكەوە پەخشكرا رایگەیاندبوو- ئێران هەوڵ بۆ درەستكردنی پەیوەندییەكی بنیاتنەر دەكات لەگەڵ جیهان، بەڵام بەردەوام دەبێت لەسەر گەشەپێدانی ناوخۆیی وێڕای سزا چاوەڕوانكراوەكان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئیسحاق جەهانگیری جێگری سەرۆكی ئێران رایگەیاندبوو، وڵاتەكەی ئامادەی هەموو سیناریۆكانە گەر ترەمپ لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە پاشەكشەبكات.
ئاژانسی تەسنیم لە زاری جەهانگیرییەوە بڵاویكردبۆوە»ئامادەی هەموو سیناریۆیەكی چاوەڕوانكراوین…گەر ولایەتە یەكگرتووەكان رێكەوتنەی پێشێل كرد ئەوان گەوجێتییە جارێكی تر لەگەڵ ئەو جۆرە وڵاتانە دانوستان بكرێت».

هەڵوێستی روسیا
كرملین رایگەیاندبوو، پاشەكشەكردنی ولایەتە یەكگرتووەكان لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێران، دەرەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە.
دیمتری بیسكۆڤ وتەبێژی كرملین لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەوانان رایگەیاندبوو»هەر هەڵسوكەوتێك كە ببێتە مایەی شكاندنی ئەو رێكەوتننانە، دەرەنجامی نەخوازراو و خراپیان لێدەكەوێتەوە».
دوو هەفتە بەر لە راگەیاندنەكەی ترەمپ، ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی ئەمریكا سەردانی واشنتۆنی كردبوو تا هەوڵ بدات سەرۆكی ئەمریكا بە وازنەهێنان لە رێكەوتنەكە رازیی بكات، لە هەمان كاتدا پێشنیاری دانوستانی لەگەڵ ئێراندا كردبوو لەبارەی «رێكەوتنێكی نوێ‌» كە نیگەرانییەكانی ئەمریكای تێدا رەچاو بكرێت، ئەو پێشنیارەش لەلایەن ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاریی ئەڵمانیاوە پشتیوانی لێكرابوو.

رووداوێكی چاوەڕوانكراو بوو
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەسەرەتای دەستبەكار بوونی لە پۆستی سەرۆكی ئەمەریكا، دژایەتی ئەو رێككەوتنە ئەتۆمییەی لەگەڵ ئێراندا دەكرد كە لە مانگی تەمموزی ساڵی 2015، لەنێوان وڵاتانی (ئیتاڵیا ، چین، فەرەنسا، روسیا، بریتانیا، ئەڵمانیا، یەكێتی ئەوروپا و ئیدارەكەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی باراك ئۆباما) لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران ئیمزایان كرد و لەڕێی ئەو رێكەوتنەوە وڵاتەكەیان پابەندكرد بەوەی كە دەبێت بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی كەم بكاتەوە، لە بەرامبەردا ئابڵوقەی ئابووریی و سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران هەڵدەبگیرێن.
ترەمپ لە سەرەتاوە، هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێرانی وەك دەستپێكی كارەكانی دادەنا، رێكەوتنەكەشی وەها وەسفكردبوو كە «خراپترینە لە تەواوی مێژووی ولایەتە یەكگرتووەكان».
دوابەدوای ئەوەش لە 30ی نیسانی 2018، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لە كۆنفرانسێكدا «راپۆرتێكی تایبەت و بەڵگەداری لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران خستەڕوو»، لە راپۆرتەكەشدا باسی لەوەكردبوو كە «ئێران تاوەكو ئێستاش بە نهێنی بەردەوامە لەسەر پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكانی بۆ دەستەبەركردنی چەكی ئەتۆمی».
ئەو كارەش لەلایەن بە گوتەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، پێشێلكردنی رێكەوتنە ئەتۆمییەكەیە لەلایەن ئێران و فێڵكردنە لە لایەنەكانی نێو رێكەوتنەكە كە «بڕوایان وایە ئێران پابەندی بەندەكانی رێكەوتنەكەیە و دەستبەرداریی بەرنامە ئەتۆمییەكانی بووە».
بەر لە لێدوانەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران، عەلی عەكبەر ساڵحی بەڕێوەبەری ڕێكخراوی وزەی ئەتۆمی ئێرانی رایگەیاندبوو كە وڵاتەكەی دەتوانێت بەڕێژەیەكی زیاتر یۆرانیۆم بپیتێنێت، زیاتر لەو رێژەیەی كە پێش گەیشتن بە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە ئەنجامی دەدا.
ساڵحی هۆشیاریی دابووە سەرۆكی ئەمریكا و رایگەیاندبوو « ئێران ئامادەیە بەرێژەیەكی زیاتر بەر لەگەیشتن بە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە یۆرانیۆم بپیتێنێت، بۆیە هیواخوازن ترەمپ هۆشی بێتەوە بەرخۆی و لە ڕێككەوتنەكە پاشەكشە نەكات».
لەڕێی ئەو ڕێككەوتنە ئەتۆمییەی لەنێوان (ویلایەتە یەكگرتووەكان، بریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ڕوسیا) لەگەڵ ئێراندا ئیمزاكرا، تاران بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی بە رێژەی 20% كەم كردەوە و دەستبەرداری زۆربەی عەمبارە ئەتۆمییەكەی بوو.
هەروەها ئێران بەدووری زانیبوو جارێكی تر لەدوای ساڵی 2025وە، دانوستان لەسەر بەرنامە موشەكییە بالیستییەكانی و چالاكییە ئەتۆمییەكانی و رۆڵی وڵاتەكە بكات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەو پێیەی كە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا داوای دەكات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...