سەرەکی » دۆسێ » میسر: دیسانەوە حەلایب هەرا دەنێتەوە

كەناڵێكی روسی هۆكارە

میسر: دیسانەوە حەلایب هەرا دەنێتەوە

قاهیرە ناڕەزایی بەرانبەر بە مۆسكۆ دەردەبڕێت، دوای ئەوەی كەناڵی (روسیا الیوم) راپرسییەك لەسەر ئینتەرنێت سەبارەت بە ناوچەیەكی جێ‌ ناكۆك لەنێوان میسر و سوداندا ئەنجام دەدات.
كەناڵی (روسیا الیوم) كە كەناڵێكی رەسمی وڵاتەكەیە، لە پێگەی خۆیەوە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، پرسیاری كردبوو سەبارەت بەوەی كە ناوچەی حەلایب (دەكەوێتە نزیك دەریای سور و ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە كانزاكان) سەر بە میسرە یان سودان.

ناڕەزایی میسری لێكەوێتەوە
ئەحمەد ئەبو زەید وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو، سامج شوكری وەزیری دەرەوە»ناڕەزایی توندی» دەربڕیوە و داوای لە دەسەڵاتدارانی روسیا كردووە «رونكردنەوەیەكی بە پەلە» سەبارەت بەو راپرسییە كە لەلایەن ئەوانەوە رەتدەكرێتەوە، پێشكەش بكەن.
دەسەڵاتدارانی میسر دەڵێن، كەناڵەكە لە پێگەی خۆی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، پرسیارێكی راپۆرسییەكەی سڕیوەتەوە كە نازانرێت دەرەنجامەكەی چی بووە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر دەڵێت»شوكری بڕیاریدا چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كەناڵە روسیەكەدا هەڵوەشێنێتەوە كە پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو بەبۆنەی كۆبوونەوەی نێوان وەزیرەكانی دەرەوە و بەرگری میسر و روسیا (بەشێوازی 2+2) لە مۆسكۆ»، ئەوەش وەك ناڕەزاییەك بەرانبەر بە راپرسییەكە.

پەیوەندییەكانی نێوان میسر و روسیا
پەیوەندییەكانی نێوان میسر و روسیا لەم چەند ساڵەی دواییدا بەشێوەیەكی بەرچاو پتەوبوونیان بەخۆوەبینی، وێڕای دروستبوونی ئەو تەنگژانەی بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی نەفەرهەڵگری روسی لەسەر ئاسمانی سینا، هاتەتنەئارا كە 224 كوژراوی لێكەوتەوە و رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرپرسیارێتی خستنەخوارەوەكەی خستە ئەستۆی خۆی.
لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو، هەردوو وڵات لە قاهیرە و بە ئامادەبوونی سەرۆك فلادیمێر پۆتین و سەرۆك عەبدولفەتاح سیسی، گرێبەستێكیان ئیمزاكرد بۆ بنیاتنانی یەكەم وێستگەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا لە ناوچەی زەبعە كە دەكەوێتە سەر دەریای ناوەڕاست لە باكووری خۆرئاوای میسر كە نزیكەی 260 كیلۆمەتر لە خۆرئاوای ئەسكەندەریەوە دوورە.
وەزیرەكانی بەرگری هەردوو وڵاتیش بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و رەوشی ئیقلیمی، كۆدەبنەوە.
لە مانگی شوباتی رابردوو، داواكاریی گشتی میسر رایگەیاند»رێوشوێنی توند» لە دژی میدیاكان دەگرێتەبەر بەهۆی بڵاوكردنەوەی «هەواڵی ناڕاست»، ئەوەش دوای ئەوەی حكومەت داوای لە تۆڕی «بی بی سی»ی بریتانی كردبوو لەبەرانبەر راپۆرتێكی لەبارەی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ لە میسر، داوای لێبوردن بكات.
بۆ ساڵی 2018، لە كۆی 180 دەوڵەت، میسر لە پلەی 161دایە لە لیستی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری كە لەلایەن «پەیامنێرانی بێ‌ سنورەوە ئامادە دەكرێت.

ناوچە كێشەلەسەرەكانی نێوان میسر و سودان
سێگۆشەی حەلایب دەكەوێتە سەر سنورە رەسمییەكانی نێوان میسر و سودان لە بەری ئەفریقایی دەریای سور، كۆی گشتی رووبەرەكەیشی بە نزیكەی 20.580 كیلۆمەتر چوارگۆشە مەزەندە دەكرێت و سێ‌ شارۆچكەی گەورەی وەك حەلایب و ئەبو رەماد و شەلاتین لەخۆدەگرێت.
-حەلایب و شەلاتین بەردوام وەك ناوچەیەكی كراوەبوون بەڕووی جوڵەی بازرگانی تاكەكان لەنێوان هەردوو وڵاتدا، بەبێ‌ ئەوەی هیچ كۆتوپێوەندێك هەبێت، وێڕای بوونی ناكۆكی لەسەر هەردوو شارۆچكەكە.
-دۆخەكە بەمجۆرە بوو تا ساڵی 1995، تا ئەو كاتەی میسر هێزی سەربازی رەوانەی ناوچەكە كرد بۆ كۆنترۆڵكردنی، ئەوەش دوای ئەوەی قاهیرە خەرتومی بە پیلانگێڕی بۆ تیرۆركردنی محەمەد حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشووتری میسر لە ئەدیس ئەبابای پایتەختی ئەسیوپیا لەكاتی ئامادەبوونی لە كۆبوونەوەی لوتكەی ئەفریقایی، تۆمەتباركردبوو.
-میسر بۆ زیاتر لە جارێك رەتیكردبۆوە رێگە بە هاتنەناوەوەی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی سودانی بدات بۆ ئەو ناوچە كێشەلەسەرە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچەكەی خستبۆوە بازنە فەرمییەكانی هەڵبژاردنەكانی میسر كە لە ئایاری 2014 ئەنجامدران، ئەو هەنگاوەش هێندەی تر حكومەتی خەرتومی توڕە كرد.
-ناكۆكییەكە جارێكی تر لەسەر ئەو ناوچەیە سەریانهەڵدا، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی نیسانی 2016 حكومەتی میسر، رێكەوتنی دیاریكردنی سنورە دەرییەكانی لەگەڵ سعودیە راگەیاند، و تێیدا قاهیرە دانی نابوو بەوەی كە هەردوو دوورگەی تیران و سەنافیر سعودین.
-پێدەچێت سودان وایببینێت كە رێكەوتنی میسری- سعودی، هەلێكی لەباربێت بۆ وروژاندنی ناكۆكییەكانی لەگەڵ میسر لەسەر ئەو ناوچەیە، بۆیە داوای لە قاهیرە كردبوو هەمان رێڕەوی دوورگەكانی تیران و سەنافیر لەگەڵ وڵاتەكەیدا بگرێتەبەر.
-خەرتوم دەڵێت، سێگۆشەی حەلایب و شەلاتین خاكی سودانە، سودان لە ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی 1958وە یاداشتی خۆی لەبارەی مافی وڵاتەكەی بۆ ئەو ناوچەیە پێشكەش كردووە، و بەردەوامیش پێداگری لەسەر ئەو مافە دەكاتەوە.
-دەسەڵاتدارانی میسر رەتیدەكەنەوە ئەو ناوچەیە خاكی سودان بێت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسریش دەڵێت»حەلایب و شەلاتین خاكی میسرن و دەكەونە چوارچێوەی سەروەریی خاكی میسرەوە».
سودان داوای لە دەسەڵاتدارانی میسری كردبوو، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەكردنی ئەو ناكۆییە قبوڵ بكەن، بۆ نێوەندگیری نێودەوڵەتیش پێویستە هەردوو لایەنی ناكۆك رازیی ببن سكاڵاكانیان تەماشابكرێن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

شیكاری سەربازیی: كەركوك‌ و ئەوەی دەتوانرا رزگار بكرێ

پەیڤێک ماوەیەکی زۆرە قسەوباسی بێ مانا و ناڕەوا لە بارەی ...