سەرەکی » دۆسێ » کوێت و فلیپین ناكۆكییەكانیان چارەسەر دەكەن

پەیوەندی بە كرێكارەوە هەیە

کوێت و فلیپین ناكۆكییەكانیان چارەسەر دەكەن

بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكانی نێوانیان لەسەر چۆنیەتی مامەڵكردن لە گەڵ ئەو كرێكارانەی لە ماڵەكاندا كاردەكەن لە وڵاتانی كەنداو، كوەیت و فلیپین رێكەوتنێك ئیمزا دەكەن.
سەباح خالید حەمەد ئال سوباح وەزیری دەرەوەی كوەیت لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ پیتەر كایتانۆ وەزیری دەرەوەی فلیپین، رایگەیاند:»رێكەوتنێك بۆ كارپێكردنی كارگوزارانی ماڵان لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزاكرا».
لای خۆیەوە، كایتانۆ رایگەیاندبوو، فلیپین باڵێوزێكی نوێ‌ لە كوەیت دادەنێت و ئامۆژگاری سەرۆك دوتێرتی دەكات «دەستبەجێ‌» قەدەغەكردنی سەفەری كارگوزارانی فلیپینی بۆ كوەیت، هەڵبگرێت.

تەنگژەكانی نێوان كوەیت و فلیپین
تەنگژەكانی نێوان كوەیت و فلیپین لە مانگی نیسانی رابردوو، بەهۆی بڕیاری دەركردنی باڵێوزی فلیپینی لە وڵاتەكەی و بانگهێشتكردنەوەی باڵێوزی خۆی لە فلیپین بۆ مەبەستی راوێژ، دروست بوو.
ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی بوو كە تێیدا كارمەندانی باڵێوزخانەی فلیپین یارمەتی كارگوزارە فلیپینییەكان دەدەن لە كوەیت هەڵبێن، بەو هۆیەی «گومان هەبوو مافەكانیان پێشێل دەكرێت».
سەرۆكی فلیپین لە مانگی شوباتی رابردوو، دوای كوژرانی كارگوزارێكی فلیپینی لە كوەیت، بەشێوەیەكی كاتی رەوانەكردنی كارگوزارانی فلیپینی بۆ كوەیت قەدەغەكرد.

رێكەوتنی بۆ كۆتایی ناكۆكییەكان
كوەیت و فلیپین لە 11ی ئایاری 2018، بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكی نێوان هەردوو وڵات رێكەوتنێكیان ئیمزاكرد سەبارەت بە شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ كارگوزارە فلیپینییەكان كە لە وڵاتانی كەنداودا لە ماڵەكان كاردەكەن.
سەباح خالید حەمەد ئال سوباح وەزیری دەرەوەی كوەیت لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانی هاوبەش لەگەڵ پیتەر كایتانۆ وەزیری دەرەوەی فلیپین، رایگەیاند:»رێكەوتنێك بۆ كارپێكردنی كارگوزارانی ماڵان لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزاكرا».
زیاتر لە 260 هەزار فلیپینی لە كوەیتدا كاردەكەن و نزیكەی 60%ی ئەوانەش لە بواری كارگوزاریی ماڵاندا كاردەكەن، ئەمەش بە گوتەی وەزارەتی دەرەوەی فلیپین.
بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان، زیاتر لە دوو ملیۆن فلیپینی لە وڵاتانی كەنداو كاردەكەن، حەواڵە داراییەكانی ئەوانەش نزیكەی 10%ی ئابوری فلیپینی پێكدەهێنێت.
گروپەكانی مافی مرۆڤ، بەردەوام وڵاتانی كەنداو هاندەدەن، چاكسازیی لە یاساكانی كاردا بكەن، تا كارگوزاری ماڵانیش بگرێتەوە و لەڕێی ئەو چاكسازییەوە ئەو كرێكارانەش هاوشێوەی كرێكارەكانی تر، مافەكانیان زامن بكرێت.

كوژرانی كارگوزارێكی فلیپینی
لە مانگی نیسانی رابردوو، دادگایەكی كوەیت، ژن و مێردێكی تۆمەتباركرد بە كوشتنی كارگوزارێكی فلیپنی كە تەرمەكەی لە بەفرگری ماڵەكەیاندا دۆزرابۆوە.
دادگاكە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەكەی، رووبەڕووی (پیاوێكی لوبنانی و هاوسەرە سورییەكەی) كردبۆوە، بەبێ‌ ئەوەی خۆیان ئامادەی دادگا بن.
جوانا دیمافلیسی تەمەن (29 ساڵ) كە كارگوزارێكی فلیپینی بوو لە كوەیت، لە مانگی شوباتی رابردوو، تەرمەكەی لە نێو بەفرگرێكدا لە ماڵی ئەو ژن و مێردە دۆزرایەوە، واتا دوای ساڵێك لە روودانی تاوانەكە.
كوژرانی ئەو كارگوزارە، بووە مایەی دروستكردنی تەنگژەیەكی دیپلۆماسی لەنێوان كوەیت و فلیپین.
دوابەدوای رووداوەكە، تەوژمێكی توڕەیی تەواوی وڵاتی فلیپینی گرتەوە و بووە مایەی ئەوەی دەسەڵاتدارانی فلیپینی رێگە لە سەفەركردنی كرێكارانی وڵاتەكەیان بگرن بۆ كوەیت.
ژن و مێردە تۆمەتبارەكە لە مانگی شوباتی رابردوو لە سوریا دەستگیركران، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپوڵ)، هەڵمەتێكی بۆ گەڕان بەدوایاندا دەستپێكردبوو.
نادر عیسام عەساف كە هەڵگری رەگەزنامەی لوبنانییە رادەستی دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەی كرا، لەئێستاشدا چاوەڕوان دەكرێت دەسەڵاتدارانی لوبنان لەلایەن كوەیتەوە داوایان لێبكرێت ئەو كەسە رادەست بكەن.
ژنەكەیشی كە هەڵگری رەگەزنامەی سوریە، دەستگیركراوە و لە دیمەشق لە زینداندایە.
دەسەڵاتدارانی فلیپینی رایانگەیاندبوو، لە دوای دۆزینەوەی تەرمی كارگوزارەكە، ئاسانكارییان بۆ گەڕانەوەی زیاتر لە 1000 كارێكاری فلیپینی لە كوەیتەوە كردووە كە زۆربەیان لە بواری كارگوزاریی ماڵاندا كارییان دەكرد.
وەزارەتی كاروباری دەرەوەی فلیپینی، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی لە كوەیت كار دەكەن، بە نزیكەی 252 هەزار فلیپینی مەزەندە كردووە.
لە ژمارەیەك وڵاتانی كەنداودا، كرێكارە بیانییەكان مۆڵەتی چوونە ژوورەو و كاركردنیان لەڕێی سیستمی (كەفالەت)ەوە پێدەدرێت كە جێگەی مشتومڕە، بەو پێیەی دەبێت ئەو كەسەی دەچێتە وڵاتەكە بۆ كاركردن، لەلایەن هاوڵاتییەكی وڵاتەكەوە كەفالەت بكرێت.
ئەو سیتمە، كرێكاران و لەنێویاندا كارگوزارانی ماڵان، وابەستەی كەفیلەكەیان دەكات و لەڕێگەی ئەوەوە كاتی مانەوەیان لە وڵاتەكە و جۆری كاركردنیان بۆ دیاریی دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

گەشتی کوردستانی نوێ بۆ وڵاتی چین و ماچین

دووەم گەشتم بۆ وڵاتی چین ئەردەڵان عەبدوڵڵا ماوەی 12 ساڵە ...