سەرەکی » ئاراستە » بۆ ئاشتیی و یه‌كڕیزی، یه‌كێتی هه‌میشه‌ خوێنی به‌خشیوه‌

له‌ یادی 24ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی كوێستانی دا

بۆ ئاشتیی و یه‌كڕیزی، یه‌كێتی هه‌میشه‌ خوێنی به‌خشیوه‌

ئاوات كۆكه‌یی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌دژی داگیركه‌ران و له‌ خه‌باتی چه‌كداریدا خوێنی به‌خشیوه‌، بارته‌قای ئه‌وه‌ش له‌سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ و له‌ دوای راپه‌ڕینیش خوێنی بۆ ئاشتی و یه‌كڕیزیی كورد و سه‌قامگیریی له‌ كوردستان به‌خشیوه‌.
شه‌هیدبوونی حه‌سه‌ن كوێستانیی سه‌ركرده‌ نمونه‌ی زیندووی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی یه‌كێتییه‌، چونكه‌ كاك حه‌سه‌نێك كه‌ سه‌ركرده‌و فه‌رمانده‌ی سه‌دان داستان و نه‌به‌ردیی گه‌وره‌یه‌ و یه‌ك له‌ پیاوه‌ ئازاكانی مێژوویی شۆڕشی چه‌كداریی كورده‌، ئه‌گه‌ر په‌رۆشی ئاشتی و هه‌وڵدان بۆ ره‌وینه‌وه‌ی شه‌ڕی ناوخۆ نه‌بێت، ئاوا شه‌هید نه‌ده‌كرا.
كاك حه‌سه‌نی هه‌میشه‌ پێشمه‌رگه‌، له‌ گه‌وره‌ترین جه‌نگی دژی رژێمی به‌عسدا كێوی وره‌ و پارچه‌یه‌ك ئاگربووه‌ بۆ رووی داگیركه‌ران، به‌ڵام له‌و گێچه‌ڵه‌ی كه‌ تیایدا سه‌ری نایه‌وه‌، چووه‌ ناوجه‌رگه‌ی مه‌ترسییه‌وه‌ و بۆ نیه‌تپاكی و بۆ كوژانه‌وه‌ی شه‌ڕ، چ تفه‌نگی له‌شان نه‌هێنایه‌ خوارێ، تا دڵنیایی بداته‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ریان له‌ شه‌ڕده‌خورا، به‌ڵام ناپاكانی مێژوو، ئه‌وانه‌ی بۆی له‌ بۆ سه‌دابوون، وه‌ك راوچییه‌كی له‌ یاسا ده‌رچوو لوله‌ی تفه‌نگه‌كانیان كرده‌ گه‌ردنی ئه‌و كۆتره‌ی ئاشتی و پڵیته‌ی شه‌ڕێكی نه‌خوازراویان گڕدا.
ئه‌و رۆژه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی هۆشیارو دیار، فه‌رمانده‌و پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئازاو رۆشنبیرێكی خامه‌ به‌بڕشت، تێكۆشه‌رێكی ماندووی كوردایه‌تی و خه‌مخۆری ئاشتی و ته‌بایی، كاك حه‌سه‌ن كوێستانیی نه‌مر، له‌كاتی هه‌وڵدان بۆ ته‌شه‌نه‌ نه‌سه‌ندنی ئاگری شه‌ڕی ناوخۆو له‌پێناو پاراستنی ئه‌زموونی تازه‌ی كوردستانی دوای راپه‌ڕین، خۆی خسته‌ به‌رده‌م تیغی ژه‌هراوی تا به‌ڵكو ئه‌مه‌ خوایه‌ ئه‌و تیغه‌ بچێته‌وه‌ كالان و نه‌چێته‌ سه‌ر جه‌سته‌ی براكان، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا ئه‌و تیغه‌ به‌غه‌در جه‌سته‌ی ئه‌و كۆتره‌ سپییه‌ی ئاشتی بڕی و شه‌ڵاڵی خوێنی كرد، كوێستانی رێگه‌ی هات و نه‌هاتی گرته‌ به‌ر تا به‌ڵكو بتوانێت ئاوێكی ره‌حمه‌ت بكات به‌سه‌ر ئاگری جۆشدراوی شه‌ڕی ناوخۆدا، به‌ڵام رێگه‌كه‌ (نه‌هات)ی هێناو ده‌ستی غه‌در لێنه‌گه‌ڕا كۆتره‌ سپییه‌كه‌ی كوێستانان نامه‌ی ئاشتی بگه‌یه‌نێته‌ مه‌نزڵ، له‌نیوه‌ی رێدا، له‌ بۆسه‌یه‌كی دزێودا كوێستانی و براكه‌ی، كوێستانی و ئامۆزاكه‌ی، كوێستانی و پێنج رێبواری دیكه‌ی رێگه‌ی ئاشتی، شه‌هید و شه‌ڵاڵی خوێن كران.
به‌ڵگه‌ش بۆ نیازپاكی ئه‌و شه‌هیده‌ سه‌ركرده‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ هیچ خۆئاماده‌كردن و هێزێكی ئه‌وتۆ چووه‌ ناوچه‌ی مه‌ترسییه‌وه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و پیاوه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسیی دیارو خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازیی دیاری خاون هێزبوو و به‌ یه‌ك ئاگادارییه‌ك ده‌یتوانی به‌سه‌دان پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌وری خۆی كۆبكاته‌وه‌، به‌ڵام چونكه‌ ئه‌و نییه‌تی شه‌ڕنه‌بوو و مه‌به‌ستی بوو ئاشتی به‌رقه‌رار بێت، ئه‌و موجازه‌فه‌یه‌ی به‌خۆیه‌وه‌ كردو ژیانی خۆی و براو ئامۆزاو پێنج هه‌ڤاڵیشی له‌سه‌ر دانا.

شه‌هید كوێستانی
شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ناسراو به‌ حه‌سه‌ن كوێستانی، ساڵی 1950 له‌ گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی له‌دایكبووه‌، تا قۆناغی ئاماده‌یی خوێندووه‌.
ساڵی 1972 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ ڕێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستانه‌وه‌ كرد. له‌مانگی ئایاری ساڵی 1977 ده‌زگا ئه‌منییه‌كان گورزێكی گورچكبڕیان له‌ڕێكخستنه‌كانی هه‌ولێر وه‌شاندو له‌ئاكامدا ژماره‌یه‌كی زۆری ئه‌ندامان گیران و ئه‌وانه‌ش كه‌ ده‌ستگیر نه‌كران، خۆیان له‌به‌ر چاوان ون كرد یان په‌یوه‌ندییان به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كرد له‌وانه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی هه‌رێمی هه‌ولێرو سه‌رپه‌رشتیاری رێكخستنه‌كانی ناو هه‌ولێر شاخه‌وان عه‌باس كه‌ په‌یوه‌ندیی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كرد. بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی‌ شڵه‌ژانی‌ ره‌وشی‌ رێكخستنه‌كان، كۆمیته‌ی راپه‌ڕین دامه‌زراو لێپرسراوه‌تییه‌كه‌ی به‌كوێستانی سپێردرا. ئه‌م كۆمیته‌یه‌ گڕو تینێكی زۆری به‌ڕێكخستنه‌كان به‌خشی و له‌ره‌واندزو چۆمانیش چالاكیی رێكخراوه‌یی نواند.
ساڵی 1979 په‌یوه‌ندیی به‌هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردو بووه‌ لێپرسراوی كۆمیته‌ی ئازادی. ساڵی پاشتر بووه‌ رابه‌ری سیاسیی هه‌رێمی 7ی باڵه‌ك. له‌ تشرینی یه‌كه‌می ساڵی 1981كرایه‌ فه‌رمانده‌ی هه‌رێمی 12ی سۆران و پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه‌ و پێكهێنانی تیپی 12ی سۆران، كرایه‌ یه‌كه‌م فه‌رمانده‌ی تیپه‌ تازه‌كه‌، ساڵی 1983 بووه‌ لێپرسراوی عه‌سكه‌ریی مه‌ڵبه‌ندی 3.
ساڵی 1984 له‌كۆنفره‌نسی سێیه‌می كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان به‌ئه‌ندامی یه‌ده‌كی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراو دوای كۆنفره‌نسه‌كه‌ كرایه‌ ئه‌ندامی ده‌زگای رێكخستنی كۆمه‌ڵه‌. ساڵی 1985 بووه‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران و دواتریش لێپرسراوه‌تیی مه‌ڵبه‌ندی 3ی پێ سپێردرا.
له‌مانگی ئابی 1988دا بۆ ماوه‌ی 40 رۆژ رابه‌رایه‌تیی مه‌فره‌زه‌ پارتیزانه‌كانی كرد له‌ ناوچه‌ سوتماك كراوه‌كان. مانگی تشرینی یه‌كه‌م كرایه‌وه‌ به‌لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی 3.
له‌مانگی ئه‌یلولی 1990 بووه‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان. له‌راپه‌ڕینی ساڵی 1991دا رۆڵێكی به‌رچاوی له‌ڕزگاركردنی شه‌قڵاوه‌و پیرمام و ئۆردوگاكانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێرو شاری هه‌ولێردا گێڕا. له‌به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێرشه‌كانی سوپای عیراق دوای راپه‌ڕین، رۆڵێكی دیاری نواند، به‌تایبه‌تی له‌هه‌ردوو شه‌ڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی نیسانی ساڵی 1991ی كۆڕێ.
ساڵی‌ 1992 به‌ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌ڵبژێردراو هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ لێپرسراوه‌تیی‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ 4ی‌ رێكخستنی‌ بادینانی‌ گرته‌ ئه‌ستۆ. له‌وێ‌ په‌ره‌ی‌ به‌چالاكیی‌ رێكخراوه‌یی‌‌و جه‌ماوه‌ری‌ داو وه‌ك خاوه‌نی‌ ئیمتیاز به‌شدار بوو له‌سه‌رخستنی‌ پڕۆژه‌ی‌ گۆڤاری‌ (سه‌رهلدان) كه‌یه‌كێ‌ له‌چاكترین گۆڤاره‌ رۆشنبیرییه‌كانی‌ ده‌ڤه‌ری‌ بادینان بووه‌و ژماره‌ی‌ یه‌كه‌می‌ له‌شوباتی‌ ساڵی‌ 1993 ده‌رچووه‌.
له‌ 17ی ئایاری 1994دا، له‌ مانگی یه‌كه‌می شه‌ڕی ناوخۆدا، له‌ بۆسه‌یه‌كدا خۆی و شه‌ش پێشمه‌رگه‌ به‌ناوی یوسف برایم گه‌ڵاڵی و خدر ره‌سوڵ مینه‌ و محه‌مه‌د عه‌لی مسته‌فا و خدر حه‌مه‌د ئه‌مین خدر و مینه‌ ئه‌حمه‌د ئیسماعیل و مه‌حمود ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا شه‌هیدكران.

شه‌هید یوسف گه‌ڵاڵه‌یی
شه‌هید یوسف ئیبراهیم گه‌ڵاڵه‌یی، ساڵی‌1957 له‌شارۆچكه‌ی‌ گه‌ڵاڵه‌ له‌دایكبووه‌، ساڵی‌ 1977 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌وه‌و رۆژی 22/7/1979 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمی‌ 7، له‌به‌هاری‌ هه‌مان ساڵ‌ له‌نه‌به‌ردییه‌كه‌ی‌ مامه‌ رووته‌ به‌سه‌ختی‌ بریندار بووه‌، ساڵی‌ 1981 بووه‌به‌ لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ تایبه‌تی‌ شه‌هید كوێستانی‌ له‌تیپی‌ 12ی سۆران، ساڵی‌ 1985 بۆته‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌باره‌گای‌ مه‌ڵبه‌ندی‌ سێ‌ لای‌ شه‌هید كوێستانی‌.
له‌وماوه‌یه‌دا به‌شداری‌ ده‌یان چالاكی‌‌و داستانی‌ گه‌وره‌ی‌ كردووه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ (مامه‌ رووت، گه‌ڵاڵه‌، كاروخ، قه‌ندیل، دۆڵی‌ ئاكۆیان، خۆشناوه‌تی‌، بێتواته‌، سه‌ركردایه‌تی‌، ده‌شتی‌ هه‌ریر ..هتد)‌و سێ‌ جاریش بریندار كراوه‌.
له‌ڕاپه‌ڕینی‌ 1991دا تا ڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك له‌ته‌ك شه‌هید كوێستانی‌ بووه‌، هه‌مانساڵ بووه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ به‌تالیۆنی‌ 46ی‌ گه‌ڵاڵه‌، دواتر بۆته‌ یاریده‌ده‌ری‌ فه‌رمانده‌ی فه‌وج له‌لیوای‌ 33.
له‌كه‌ڵ كوێستانی‌ شه‌هید كرا.

شه‌هید سه‌ید خدر
شه‌هید خدر ره‌سوڵ مینه‌ ناسراو به‌سه‌ید خدر، ساڵی‌ 1965 له‌گوندی‌ (زینو)ی‌ قه‌زای‌ چۆمان له‌دایكبووه‌و ساڵی‌ 1979 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ ره‌نجده‌رانی‌ كوردستانه‌وه‌، چالاكانه‌ ئه‌ركه‌كانی‌ رێكخستنی‌ جێبه‌جێ‌ كردووه‌، ساڵی‌ 1987 بووه‌ به‌پێشمه‌رگه‌ له‌تیپی‌ 19ی كۆڕه‌ك، به‌شداری‌ ده‌یان نه‌به‌رد‌و شه‌ڕی‌ كردووه‌‌و ڕۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ تێدا بینیوه‌ و به‌شداری‌ له‌ڕاپه‌ڕیندا كردووه‌ تاڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك.
له‌شكستی راپه‌ڕین و هێرشی‌ سوپای به‌عسدا، رۆڵی‌ دیاری‌ هه‌بوو له‌به‌ر په‌رچدانه‌وه‌یاندا، به‌تایبه‌تی‌ له‌شه‌ڕی‌ گه‌وره‌ی‌ كۆڕێ‌ كه‌زۆر ئازایانه‌ هه‌ڵی‌ كوتاوه‌ته‌ سه‌ر ده‌بابه‌كانی‌ داگیركه‌ر.
شه‌هید، كادرێكی‌ ژیرو هۆشیارو لێهاتوو بوو، ئه‌كته‌رێكی‌ به‌توانای‌ بواری‌ شانۆش بوو.
دوای‌ دامه‌زراندنی‌ داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بووه‌ته‌ مفه‌وه‌زی‌ ئاسایشی‌ چۆمان.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.

شه‌هید محه‌مه‌د
شه‌هید محه‌مه‌د عه‌لی‌ مسته‌فا، ساڵی‌ 1972 له‌گوندی‌ (ده‌ربه‌ندی‌ رایات)ی‌ قه‌زای‌ چۆمان له‌دایكبووه‌ و ساڵی‌ 1988 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ ی‌.ن.ك و ئازایانه‌ كاره‌كانی‌ رێكخستنی‌ ئه‌نجام داوه‌.
له‌ڕاپه‌ڕینی‌ 1991 رۆڵی باڵای‌ له‌شانه‌ چه‌كداره‌كان‌و راماڵینی‌ داموده‌زگای‌ به‌عسییاندا بینی، دوای‌ دامه‌زراندنی‌ هێزه‌كان بووه‌ به‌فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌تیپی‌ 25ی‌ زینه‌تیری‌ سه‌ر به‌به‌تالیۆنی‌ 48ی‌ هه‌ڵگورد.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.

شه‌هید خدر
شه‌هید خدر حه‌مه‌د ئه‌مین خدر، ساڵی‌ 1968 له‌گوندی‌ (ده‌ربه‌ندی‌ رایات)ی قه‌زای‌ چۆمان له‌دایكبووه‌و ساڵی‌ 1986 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ ی‌.ن.ك، ساڵی1991 بۆته‌ پێشمه‌رگه‌و له‌ڕاپه‌ڕیندا رۆڵی كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌و تاڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك به‌شداربووه‌.
دواتر بۆته‌ فه‌رمانده‌ی‌ كه‌رت له‌ به‌تالیۆنی‌ 28ی‌ شیوه‌زوور.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.

شه‌هید مینه‌
شه‌هید مینه‌ ئه‌حمه‌د ئیسماعیل، ساڵی‌ 1973 له‌گوندی (سوره‌بان)ی‌ شارۆچكه‌ی‌ قه‌سرێ‌ له‌دایكبووه‌، ساڵی‌ 1987 په‌یوه‌ندیكردووه‌ به‌ڕێكخستنه‌كانی‌ ی‌.ن.ك، له‌راپه‌ڕینیی 1991 رۆڵی‌ كاریگه‌ری‌ نواندووه‌و له‌پاككردنه‌وه‌ی‌ شاره‌كانی‌: شه‌قڵاوه‌ هه‌ولێر، كه‌ركوك. دواتر له‌سه‌رداوای خۆی گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆلای شه‌هید كوێستانی و له‌وێ ئه‌ركه‌كانی پێشمه‌رگایه‌تی به‌جێهێناوه‌، شه‌هید مینه‌ ڕه‌وشتبه‌رزو جێگه‌ی‌ رێز‌و خۆشه‌ویستی‌ هاوڕێیانی‌ بووه‌.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.

شه‌هید خوله‌
شه‌هید مه‌حمود ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ناسراو به‌خوله‌، ساڵی‌ 1967 له‌شارۆچكه‌ی گه‌ڵاڵه‌ له‌دایكبووه‌، له‌ته‌مه‌نی‌ شه‌ش ساڵییه‌وه‌ خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن‌و تائه‌و كاته‌ی‌ هه‌موو ماڵه‌وه‌یان بوونه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌، درێژه‌ی‌ به‌خوێندن داوه‌.
ساڵی‌ 1982 بۆته‌ پێشمه‌رگه‌ لای‌ شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی‌ برای‌، ئازا‌و وریا‌و به‌ده‌ست‌و برد‌و نیشانه‌ شكێن بووه‌، به‌شداری‌ ده‌یان چالاكی‌‌و نه‌به‌ردی‌ كردووه‌، ساڵی‌ 1983 كه‌(حاجی‌) براشی‌ شه‌هید بوو، ئه‌و به‌گوڕترو به‌جۆشتر كه‌وته‌ خۆ‌و له‌پاڵ‌ كاری‌ پێشمه‌رگانه‌، سه‌ركه‌وتووانه‌ كاری‌ رێكخراوه‌یی‌ ئه‌نجامده‌داهه‌میشه‌ ده‌سته‌ی هێرشبووه‌و ئازابووه‌ له‌شه‌ڕه‌كاندا.
له‌راپه‌ڕین له‌ته‌ك شه‌هید كوێستانی‌ به‌شداری‌ كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌، له‌رزگاركردنی شه‌قڵاوه‌ تاڕزگاركردنی‌ كه‌ركوك.
دوای‌ راپه‌ڕین چه‌ندین كاری‌ رێكخراوه‌یی‌‌و پیشه‌یی‌‌و پێشمه‌رگانه‌ی‌ پێسپێردراوه‌، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ‌ دامه‌زراندنی‌ سوپای‌ یه‌كگرتووی‌ كوردستان بۆته‌ ئه‌فسه‌ر هه‌واڵگری‌ لیوای‌ 33.
له‌گه‌ڵ كوێستانی شه‌هید كرا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قازانقایه‌..قه‌ڵایه‌كی‌ قایمی‌ قاره‌مانێتیی‌

م. عه‌لی هه‌میشه‌ لادێكان خانه‌خوێی شۆڕش و ماڵه‌ جووتیاره‌كان دێوه‌خانی ...