سەرەکی » ئابووری » زۆربەی بەروبوومەكانی عەلوەی سلێمانی بەرهەمی دەرەكین

بەرزبوونەوەی نرخ لەم مانگەدا

زۆربەی بەروبوومەكانی عەلوەی سلێمانی بەرهەمی دەرەكین

كاسبكاران و خاوەن كۆگا و كەرتەكانی عەلوەی سلێمانی رۆژانە و پێش هەڵهاتنی رووناكی رۆژ دەچنە سەر كارەكانیان و دەست بە وەرگرتن و فرۆشتنی میوە و سەوزەكان دەكەن، ئەوان لە رەمەزاندا قەرەباڵغی و بازاڕێكی باشتریان هەیە و ئەو كەسانەی بە رۆژوون لە رەمەزاندا زیاتر خواستیان لەسەر هەندێك سەوزە و میوە هەیە و ئەو سەوزە و میوانە بە بەراورد بە پێش مانگی رەمەزان بازاڕێكی باشتریان هەیە.

زیاتر روو لە كڕینی میوەكان دەكەن
بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵ، عەلوەی سلێمانی دەكەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی شارەكەو لە 184 بەش و دوكان كە لە عەلوەدا بە كەرت ناسراوە پێكهاتووە، رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار كاسبكارو كرێكار كاری تیادا دەكەن‌و سەدان ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش سەرقاڵی هێنان و بردنی سەوزە و میوەكانن، جگە لەوەش رۆژانە ژمارەیەكی زۆر كڕیار و فرۆشیار دێنە عەلوەكەوە.
یەك لە كاسبكارانی عەلوەكە، هەردی فەتاح بەو ئاژانسەی راگەیاندوە: «لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا عەلوەی سلێمانی جموجوڵێكی جیاوازتری لە مانگەكانی تری ساڵ هەیە و خەڵك بەتایبەتی ئەوانەی بە رۆژون زیاتر روو لە كڕینی میوەكان دەكەن، بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو جیاوازییەكی هەیە و كەمتر بووەتەوە».

بەرهەمی دەرەكین
ئەو وتی: «لەم مانگەدا بە زۆری خەڵك حەزیان لەو جۆرە میوانەیە كە میوەی ئاودارن، لەوانەش شووتی و كاڵەك و گێلاس و ترێ‌ و قەیسی و جۆرەكانی تر، بەڵام لەگەڵ هاتنی رەمەزاندا شووتی دەرەوە گومركی خرایە سەرو نرخەكەی بۆ دوو هێندە بەرز بوویەوەو بڕەكەشی كەمتر بووەتەوە».
هەردی دەڵێت: «زۆربەی ئەو میوە و سەوزانەی لە ئێستادا لە بازاڕەكەدا هەیە بەرهەمی دەرەكین بەتایبەت بەرهەمی میوەی توركی لە ترێ‌ و قۆخ و هەرمێ‌ و گێلاس و جۆرەكانی تر كە بە هۆی جوانی و تامەكانیانەوە خواستیان زیاتر لەسەرە».
یەك لە خاوەن كەرتەكانی تری عەلوەكە، عومەر ئەحمەد كە زیاتر كاری كڕین و فرۆشتنی شووتی دەكات، وتی: «شووتی و كاڵەك لە ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت و پێشتر بڕێكی زۆر و شووتییەكی باش دەهاتە شاری سلێمانییەوە، بەڵام دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا بڕیارێكی دەركرد بۆ قەدەغەكردنی هێنانی شووتی لە دەرەوە و بڕیارەكە تەنها یەك رۆژ جێبەجێكرا، كاری كردە سەر كەمبوونەوە و گرانبوونی نرخی شووتی، بەجۆرێك پێشتر نرخی یەك كیلۆ شووتی لە 150 تا 300 دینار بوو، بەڵام ئێستا بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە».

شووتی دەشتی عوزێم و ناوچەكانی تری عیراق
ئەو وتی: «لە رەمەزاندا شووتی داواكاری زیاتری لەسەرە، شووتی ئەمساڵی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بە هۆی كەشوهەواو باران بارینەوە بەشی زۆری فەوتاون، شووتی دەشتی عوزێم و ناوچەكانی تری عیراقیش تەنها بەشی خۆیان دەكات و ناگاتە ناوچەكانی هەرێم».
حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵانە و لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆدا، رێوشوێنی تایبەت بەرامبەر بەرهەمی كشتوكاڵی دەگرێتەبەر بە زیادكردنی گومرك لەسەر ئەو بەرهەمانەو قەدەغەكردنی بەشێك بۆ هێنانە ناوەوەیان بۆ هەرێم، ئەوەش لەپێناوی ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

زیاتر لە ملیارێك دینار بۆ كەسوكاری شەهیدانی سلێمانی خەرجكراوە

ئا: سامان فەریق لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2019دا نزیكەی ...