سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا سزای زیاتر بەسەر نەسروڵڵادا دەسەپێنێت

شەڕی نێوان حزبوڵڵا و ئەمریكا

ئەمریكا سزای زیاتر بەسەر نەسروڵڵادا دەسەپێنێت

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكایی، سزای زیاتر بەسەر حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنانی و ژمارەیەك لە سەركردە دەركەوتووەكانی ئەو حزبەدا دەسەپێنێت.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكایی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا دەرچوو»سزاكان نەعیم قاسم جێگری نەسروڵڵا و ئیبراهیم ئەمین سەید سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی، و محەمەد یەزبك سەرۆكی دەستەی شەرعی، و حسێن خەلیل یاریدەدەری نەسروڵڵا بۆ كاروباری سیاسی، دەگرێتەوە.
سزاكانی ئەمریكا لە مانگی شوباتی رابردوو، تۆڕی دارایی حزبوڵڵایان كردە ئامانج، و سزاكان بەسەر شەش كەسی حزبەكە و حەوت دامەزراوەی سەر بەو حزبەدا سەپێنرا.
(بی بی سی)ی بریتانی لە زاری بەرپرسێكی باڵای كۆشكی سپییەوە بڵاویكردبۆوە، كە سزاكان بەشێكن لەو هەڵمەتەی كە حزبوڵڵا دەكاتە ئامانج بە مەبەستی كەمكردنەوەی هەژمونی ئێرانی كە ساڵانە نزیكەی 700 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە حزبەكە بۆ جێبەجێكردنی پرۆسە و چالاكییەكانی جیهاندا.
پێشتر بەرپرسانی كۆشكی سپی باسیان لەوەكردبوو كە ئیدارەكەی ترەمپ دەیەوێت گۆڕانكاریی لە سیاسەتەكانی ولایەتە یەكگرتووەكاندا بكات بەرانبەر بە حزبوڵڵا، بەو واتایەی كە دەیەوێت دەستبەرداریی ئەو سیاسەتە میانڕەوانەیە ببێت كە پێشتر لە سەردەمی باراك ئۆباما سەرۆكی پێشوودا لە مامەڵەكردن لەگەڵ حزبەكەدا دەگیرایەبەر.
رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە لە ساڵی 2015دا ئیمزاكرابوو، لەم ماوەیەی دواییدا ترەمپ پاشەكشەكردنی ولایەتە یەكگرتووەكانی لە رێكەوتنەكە راگەیاند.

بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەكان
لە سەرەتای ئەمساڵدا، وەزارەتی دادی ئەمریكایی، تێیمێكی تایبەتی پێكهێنابوو بۆ لێكۆڵینەوە لە پەیوەندی حزبوڵڵا بە بازرگانی ماددە هۆشبەرەكان.
تیمەكە وەك میدیاكانی خۆرئاوا ئاماژەیان پێكردبوو، پسپۆڕ و شارەزایانی شۆردنەوەی پارە و قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرەكان و تیرۆر و تاوانی رێكخراوی، لەخۆدەگرت.
تیمەكە چالاكییەكانی حزبوڵڵای كردبووە ئامانج لە كیشوەری ئەفریقا تا دەگاتە ئەمریكا ناوەند و باشوور، ئەمەش بەپێی وەزارەتی دادی ئەمریكایی.
جیف سیشنز داواكاریی گشتی ئەمریكایی رایگەیاندبوو»تەواوی هەوڵەكانی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسسیانەی هەڕەشە لە هاوڵاتیانمان دەكەن لەلایەن رێكخراوە تیرۆریستییەكان ، و كار بۆ راگرتنی بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەكان دەكەین».
بە گوتەی سیشنز، تیمەكە رێگە لە گەیشتنی ئەو پارەیە دەگرێت كە بۆ رێكخراوە تیرۆریستییەكان و تۆڕەكانی قاچاخچێتی و بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەكان دەچێت.
ئەم رێوشوێنە لە چوارچێوەی هەڵمەتی كەمكردنەوەی هەژموونی ئێرانیە لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
بەردەوام ولایەتە یەكگرتووەكان و سعودیە و ئیسرائیل، هۆشداریی دەدەن لە هەڵكشانی هەژموونی حزبوڵڵا لە لوبنان و جیهاندا.
بەرپرسێكی پێشوو لە وەزارەتی دارایی ئەمریكایی، هۆشداریی دابوو لە پرۆسەكانی قاچاخچێتی و شۆردنەوەی پارە كە بە گوتەی ئەو، بەدرێژایی ناوچەكان لە جیهاندا حزبوڵڵا قازانجیان لێدەكات.
لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەش لە كۆنگرێسی ئەمریكایی رایگەیاندبوو، پرۆسەكانی بەڕێوەبردنی بنبڕكردنی ماددە هۆشبەرەكان و وەزارەتی دارایی، هەوڵدەدەن تۆڕەكانی بازرگانی سەر بە حزبوڵڵا لەبەریەك هەڵبوەشێنن، پێشتریش سەركەوتووبون لە دۆزینەوەی هەندێك لە سەرەداوەكان و دەستگیركردنی ژمارەیەك لە شوێنە جیاجیاكانی جیهان.

بردنەوەی لە هەڵبژاردنەكان
لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە لوبنان، حزبوڵڵا توانی سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكات، ئەمەش بە بۆچوونی هەندێك هێندەی تر دۆخی ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزبوون دەبات، بەڵام بە بۆچوونی تسڤی بارئیل نوسەری ئیسرائیل، شتەكە پێچەوانەیە و هێندەی حزبوڵڵا دڵخۆشە بەو بردنەوەیە، دەبێت ئیسرائیلیش هێندە دڵخۆش بێت.
بارئیل لە وتارێكیدا كە لە بەرواری 7ی ئایاردا لە رۆژنامەی (هائاریتس)ی ئیسرائیلی بڵاویكردبۆوە، دەڵێت»سەقامگیریی لوبنان لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە، وێڕای بردنەوەی حزبوڵڵای لوبنانی كە لەپێشوودا چەند جەنگێكی لە دژی ئیسرائیل بەرپاكرد».
ئەو نوسەرە ئیسرائیلیە پێیوایە، بوونی حزبوڵڵا یاریدەر بووە بۆ بەدیهێنانی «هاوسەنگییەكی رێگر» لەنێوان ئیسرائیل و لوبنان لە رابردوودا، هەر ئەو هاوسەنگییەشە بە بۆچوونی ئەو رێگربووە لە دووبارەبوونەوەی جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە.
بە گوتەی تسڤی بارئیل، حزبوڵڵا هێرش ناكاتە سەر ئیسرائیل، چونكە ترسی هەیە ژێرخانی مەدەنی لە لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە بكرێتە ئامانج، بۆیە لوبنان چەند گەشەكردن بەخۆوە ببینێت، هێندە بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیلی بۆ حزبوڵڵا زیاتر دەبێت، و حزبەكە ترسی زیاتر بۆ دروست دەبێت بەرانبەر بەوەی ژێرخانی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە بكرێتە ئامانج.
ئەو نوسەرە ئیسرائیلیە دەڵێت»كۆتایی هەڵبژاردنەكان سەرەتای دەستپێكردنی شەڕی سیاسیە، بردنەوەی حزبوڵڵا لە لوبنان ناكرێت بە بردنەوەی ئێران و دۆڕانی سعودیە لە لوبنان لێكدانەوەی بۆ بكرێت.
لە دوایین هەڵبژاردنی لوبناندا كە رێژەی بەشداریی تێیدا گەیشتە زیاتر لە 49%، حزبوڵڵا بردنەوەیەكی گەورەی بەدەستهێنا.

print

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*