سەرەکی » ئابووری » لیرە..مۆتەكەی ئەردۆغان

تا دێت بەهاکەی زیاتر دادەبەزێت

لیرە..مۆتەكەی ئەردۆغان

تائێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادە نییە كە دان بنێت بەوەی سیاسەتەكانی بوونەتە هۆی داڕمانی نرخی لیرەو كۆتای هەفتەی رابردووش لەلێدوانێكیدا رایگەیاند: بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كێشەیەكی جیهانییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا داواشی لە هاووڵاتییانی توركیا كرد كە پارەكانیان نەگۆڕنەوە بە دۆلار بۆئەوەی رێگری بكەن لە دابەزینی زیاتری بەهای پارەی وڵاتەكەیان و وتی: «پارە ناوخۆییەكانتان بە دۆلار مەگۆڕنەوە. با جوڵەی پارەی ناوخۆ بەردەوام بێت. هاووڵاتی بوون و نیشتمان پەروەری بەم جۆرەیە».

ئەردۆغان توڕەیە
بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵیش، دابەزینی بەهای لیرە بۆ نزمترین ئاست لەبەرامبەر دۆلار، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا توڕە دەكات‌و پێیوایە لێپرسراوانی بانكی ناوەندیی وڵاتەكەی لەپشتییەوە بڕیار دەدەن.
شارەزایانی ئابووریی توركیاش، هۆكاری لەدەستدانی بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بۆ ئەو ناكۆكییە ئابوورییە دەگێڕنەوە كە لە نێوان ئەمریكا و چیندا رووی داوە. هەروەها پێشبینی دەكەن لیرەی توركی بەهای زیاتر دابەزێت.
رۆژنامەی حوریەت دەیلی نیوز بڵاویكردەوە، ئەردۆغان لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ئەندامانی حزبەكەی، لێپرسراوانی بانكی ناوەندی تۆمەتبار كردووە بەوەی لە سیاسەتی نرخی سوودی بانكی لە پشییەوە كار دەكەن‌و رەخنەی گرتووە لە بەرزكردنەوەی نرخی سوود.

كاریگەری لەسەر ئابووریمان هەبووە
ئەمەش لەكاتێكدایە پێستر بینالی یڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا لەبارەی دابەزینی بەهای لیرە لەبەرامبەر دۆلاردا رایگەیاندبوو: «هۆكاری بەرز و نزمی دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو یاریانەی كە لە پێش هەڵبژاردن ئەنجامدراوە. دەزانین سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ كوێ. هەرچی یارییەك ئەنجام بدەن، ئەوا سەركەوتوو نابن، هەروەكو لە رابردوودا سەركەوتوو نەبوون».
وتیشی: «هەمووتان دەزانن كە چۆن قەیرانی ئابووریی جیهان ساڵی 2008 و 2009 كاریگەری لەسەر توركیا نەبوو، ئێستاش ئەو یاریانەی كە لە ئەمریكا ئەنجامدراون، كاریگەری لەسەر ئابووریمان هەبووە، بەڵام دەبێ بزانرێ، كە بنەمای ئابووری ئێمە لەسەر بناغەیەكی بەهێز دانراوە».

دەدەن لەڕێی هێرشی ئابوورییەوە
لای خۆیەوە مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژەی بۆ بوونی «گەمەیەكی پیلان بۆ داڕێژراو» كردو رایگەیاند: گەمەیەكی پیلان بۆ داڕێژراو لەپشت بەرزبوونەوەی بەهای دۆلارەوە هە‌یە.
چاوشئۆغڵو راشیگەیاندوە: ئەوانەی هەوڵیان داوە كە چۆك بە توركیا دابدەن ‌و سەركەوتوو نەبوون، ئێستا هەوڵ دەدەن لەڕێی هێرشی ئابوورییەوە زیان بە توركیا بگەیەنن.
لەو بڕوایەشدابوو كە تا كاتی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتی‌و پەرلەمانییەكەی 24ی حوزەیرانی داهاتوو، كێشەی دابەزینی بەهای لیرە بەردەوام بێت.
ئەردۆغان تكای هەیە
جێی ئاماژەیە بەهۆی لێدوانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا سەبارەت بە كۆنترۆڵكردنی كەرتی دارایی وڵاتەكەی، بەهای لیرە بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوەو لەگەڵ هەر لێدوانێكیشیدا سەبارەت بەو پرسە، بەهای لیرە لەبەرامبەر دراوە بیانییەكان و بەتایبەتیش دۆلار و یۆرۆ كەم دەكات.
تائێستاش رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادە نییە كە دان بنێت بەوەی سیاسەتەكانی بوونەتە هۆی داڕمانی نرخی لیرەو شەوی چوارشەممە لەلێدوانێكیدا رایگەیاند بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كێشەیەكی جیهانییە.
داواشی لە هاووڵاتییانی توركیا كرد كە پارەكانیان نەگۆڕنەوە بە دۆلار بۆئەوەی رێگری بكەن لە دابەزینی زیاتری بەهای پارەی وڵاتەكەیان و وتی: «لیرە بە دۆلار مەگۆڕنەوە، با جوڵەی پارەی ناوخۆ بەردەوام بێت، هاووڵاتی بوون و نیشتمانپەروەری بەم جۆرەیە».

قەرزەكانی توركیا زیادیكردووە
هاوكات بەپێی راپۆرتێكی نوێ، قەرزە دەرەكییەكانی سەر حكومەتی توركیا، ٤٠٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
راپۆرتكە كە لەناوخۆی توركیا بڵاوبۆتەوە، لەو كاتەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتۆتە دەست، قەرزە دەرەكییەكانی توركیا بەڕێژەی ٣٠٨ ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە، بەشێوەیەك لە چارەكی سێیەمی ساڵی ٢٠١٧ەوە تا ئێستا، قەرزەكانی ئەو وڵاتە گەیشتۆتە نزیكەی ٤٣٨ ملیار دۆلار، لەكاتێكداو لەكۆتایی ساڵی ٢٠٠٢دا، قەرزەكانی سەر ئەو وڵاتە تەنها ١٢٩.٦ ملیار دۆلار، بووە.
لەراپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە، نزیكەی ١٣٠ ملیار دۆلار لە قەرزە دەرەكییەكانی توركیا بۆ كەرتی گشتی دەگەڕێتەوە، لەكاتێكدا ٣٠٧.٩ ملیار دۆلار لە قەرزە دەرەكییەكان، تایبەتە بە كەرتی تایبەت لەو وڵاتەدا.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دراوی دڵـنیاكەر و تـارمـایـی داچـوونـی ئـابـووری

فەیسەل عەلی* مەترسییەكانی روودانی بێبازاڕی ئابووریی جیهانی فراوان روو لە ...