سەرەکی » کەلتوور » شێخ مستەفای نەقیب (1857-1902ز)

شێخ مستەفای نەقیب (1857-1902ز)

عەلی شێخ وەهاب

شێخ مستەفای نەقیب یەكێكە لە كەسایەتیە ناسراوەكانی سلێمانی، لە بنەماڵەی سەیدەكانی بەرزەنجەیە، لەو شارەدا بۆ ماوەیەكی زۆر پۆستی نەقیبی بنەماڵەی شێخانی بەرزنجەی بەدەستەوە بووە، جگە لەوەی كە خۆی كەسێكی خانەدان وخوێندەوار بووە، لە بنەماڵەیەكی دیاری ئەو شارە بووە.
شێخ مستەفا كوڕی شێخ محەمەدی كوڕی حاجی كاك ئەحمەدی شێخی كوڕی شێخ مارفی نۆدێیی بەرزنجـییە، لە سەرەتاوە ناسراو بووە بە (شێخ مستەفای حەفید) واتە: نەوەی كاك ئەحمەد، بەڵام پاش ئەوەی پۆستی نەقابەتی ئەشڕافی وەرگرتووە، چەند ساڵێك لەو پۆستەدا ماوەتەوە، ئیتر بە شێخ مستەفای نەقیب ناوبانگی دەركردووە.
كاك ئەحمەدی شێخ (2) كوڕ و(3) كچی بووە، بە ناوەكانی (شێخ محەمەد (شێخە بچكۆلە)، شێخ بابەعەلی بە گەنجی لە كاتی خوێندندا كۆچی دوایی كردووە، حەلیمە خان، مەریەم خان، ئایشەخان) .
شێخ محەمەدی كوڕی پیاوێكی هەڵكەوتە وخواناس بووە، بەڵام بیست ساڵا پێش باوكی كۆچی دوایی كردووە، كاك ئەحمەد سەرپەرشتی منداڵەكانی كردووە، شێخ محەمەد هەشت كوڕی بووە :
1-حاجی شێخ سەعیدی حەفید، جێنشینی كاك ئەحمەد، باوكی شێخ مەحمودی مەلیك.
2-شێخ موستەفای نەقیب.
3-شێخ مارفی نەقیب، لە پاش كۆچی دوایی شێخ مستەفا بۆتە نەقیبی سلێمانی.
4-سەید ئەحمەد.
5-شێخ محەمەد.
6-حاجی سەید حەسەن.
7–حاجی سەید عومەر.
8-سەید عیسا، كە بە منداڵی كۆچی دوایی كردووە و، دایكی مەسیحی بووە.
شێخ مستەفای نەقیب لە ساڵی (1857ز) لەدایك بووە، لە حوجرە خوێندویەتی، جگە لەوەی حەفیدی كاك ئەحمەدی شێخ بووە، بە هۆی كاری‌ كشتوكاڵ کردنەوە سامانی‌ زۆری‌ پێكەوە ناوە، چەند دێیەكی كڕیوە وەک گوندی‌ داریکەلی‌ ناوچەی‌ بازیان و گوندی‌ تەنگیسەری‌ ناوچەی‌ قەرەداغ، ساڵانە ئەو گوندانەی‌ داوە بە ئیجارو بەرهەمەكانی بۆ هاتووەتەوە.
بوونی بە نەقیبی سلێمانی وهەندێك لە جێماوەكانی:
لە دوایی سەید ئەحمەدی نەقیبی دووەمەوە لە ساڵی (1890ز) بووە بە نەقیبی ئەشرافی سلێمانی ، لەم پۆستەدا ماوەتەوە تا كۆچی دوایی كردووە، لە ماوەی بوونی وەك نەقیبی سلێمانی وایكردووە كە نەقابەت تەنها تایبەت نەبێ بە چینێكەوە كە سادات وئالوبەیتن، بەڵكو وایكردووە ئەڵقەیەكی پەیوەندی بێت لە نێوان هاوڵاتیان وحكومەتدا (دروست هاوشێوەی ڕێكخراوە پیشەییەكان لەم سەردەمەدا).
لەم بارەوە مامۆستا زێوەر دەڵێت :(ڕوتبەی نەقیبی بۆ زەمانە بۆ ئەوە بوو یەكێ لە سادات بۆ موحافەزەی حقوقی سەییدان لە مەحلیسی ئیدارەی لیوا دائەنیشت. نەقیب شێخ مستەفا كە ئەچووە مەجلیس بۆ موحافەزەی حەقی سەید و غەیر سەعیی ئەكرد، قسەی ئەو هەموو مەجلیس نەیانئەتوانی ڕەددی بكەنەوە) .
شێخ مستەفا خاوەن دیوەخان وبەخشندە وئایندار بووە، هەمیشە دیوەخانی جمەی هاتووە لە عولەما و ئەشراف و فوقەرا و مەئمورانی حكومەت، بە تایبەتی لە مانگی ڕەمەزاندا، دەستی دیاری لە ئاوەدانكردنەوەدا هەبووە و چەندین خزمەت و جێماوی گرنگی لێ بەجێماوە، مزگەوتەكانی (گوندی تەنگیسەر، گوندی داریكەلی، شێخ مستەفای نەقیب لە سلێمانی) جێماوی ئەون، مزگەوتەكانی تەواو كردووە و مەلا و ئیمامی بۆ داناون، هەروەها قەیسەری نەقیبیش یەكێكە لە دروستكراوەكانی شێخ مستەفا.
سەردانی بۆ ئەستەمبوڵ و كۆچی دوایی كردنی:
لە ساڵی (1319ك-1901ز) بە هاوڕێیەتی لەگەڵا شێخ سەعیدی برا گەورەیی و كۆمەڵیك لە زانایان و ئەشراف و پیاو ماقوڵانی سلێمانی لەسەر داوای سوڵتانی عوسمانی (عبدالحمیدی دووەم) بە ڕێگەی موصڵ و پاشان دیاربەكر سەردانی ئەستەنبوڵیان كردووە، لەم سەفەرەدا سوڵتانیان بینیوەو، زۆر ڕێزی لێناون.
هەر لەوێوە و لە میانەی ئەم سەفەرەدا چوون بۆ حیجاز و فەریزەی حەجیان ئەنجامداوە، بەڵام شێخ مستەفای نەقیب لەم سەفەرە نەگەڕاوەتەوە، لە وڵاتی حیجاز لە ساڵی‌(1902ز) كۆچی دوایی كردووە، هەر لەوێش نێژراوە.
زۆر شاعیر ستایشی‌ ئەم کەسایەتیە خێرخوازەیان کردووەو باسیان لە خزمەت و دڵسۆزیەکانیان لە شیعرەکانیاندا ئاماژە پێداوە، لەوانە:
شێخ ڕەزای تاڵەبانی، زێوەر، پیرەمێرد.
شێخ ڕەزا لە بارەی هەر سێ حەفیدی كاك ئەحمەد (شێخ سەعید، شێخ مستەفا، شێخ مارف) وتویەتی:
شێخ سەعید سەردارە، شێخ مارف هەتا حەزكەی نەجیب
بـۆ جـەوانـمـەردی و شـەجـاعـەت بەینی بەینەڵڵا نەقیب .
هەروەها شیعرێكی درێژی بە فارسی بۆ شێخ مستەفا وتووە، كە تێیدا دەڵێت:

دست خـیاط ازل خـرقە نـامـوس و عـفـاف
خـوش بریدە است بە بالای نقیب الاشـراف
(مـصطفی) نام چـراغ نسب مـصطفـوی
نـخـبـە هـاشم ونـقـد كمـر عـبـد مـنـاف
یعنی (نعم الخلف) حضرت كاك أحـمد شیخ
انـكه باشیـر زنـد پـنـجە بە مـیدان مـصاف
هەروەها حاجی شێخ سەعیدی برای، مردنی شێخ مستەفای نەقیب لە حەج كاریگەری زۆری بووە لەسەری و شیعرێكی بەهێزی بۆ گوتووە، كە تێیدا دەڵێت:

مـردنە بـێ تـۆ ژیـانم، زیـللە بـێ تـۆ عـیـززەتـم
دەردە خۆراكم لەپاش تۆ، ژەهری مارە شـەربەتـم
تـۆش وەكو من قـوڕ دەپـێوی گەر بزانی عـیلەتـم
وێـڵی سـەحراكەی نەهـاتی غـوربەتی پڕ میحنەتـم
ئـیرسـی مەجنونە خـەڵاتم، لەیلەكەم وون كـردووە
چـیم لە جـاهـو حـیشـمەت وئـیقبالە، بـۆ چیمە حەشـەم؟
وەك جـەهـەنەم وایـە جـەنـنـەت، وەیلە گـوڵـزاری ئیرەم
قـەت نـیـە ونـابـێ فـەرەح بـێ دڵ هـەتـا ڕۆژی عـەدەم
دڵ لـە نـاری فـیـرقـەتـا وەك خـونچە تەنـگ وپـڕ لە غەم
كـوا نـەسیمی وەسـڵـەكەم؟ خـۆی بۆ حەشـر هەڵگـرتووە

غـەم دەوامـی زۆرە، زوو ئـەڕوا لە دڵا سـەیـر وسـەفـا
ئـولفەتم گـرتووە لەگـەڵ دەرد، قەت نیە چارە وشـیفـا
بـەرد دەبـارێـنـێ بـە سـەرمـا چـەرخی بـێ ڕەحم وەفـا
نەو نیهـالی ئـەحمـەدی بوو، سـەرووی قـەدی مسـتـەفـا
زوو بەسـەرچوو چـیبكەم حوكمی قەدەر وای كردووە

مامۆستا زێوەر لە بارەی شێخ مستەفاوە دەڵێت:
(لە ساداتی سولەیمانی، نەوەی حەزرەتی كاك ئەحمەد، شێخ مستەفای نەقیب، لایقە لە ڕیزی مەردانا بنوسرێ، زاتێ بوو لە دیانەتا موتەعەسسیب، لە دنیادا حوڕ، سەربەست، بەغیرەت، بۆ وەسفی ئەخلاقی، ئەو شیعرەی شێخ ڕەزا شاهیدی سادقە كە لە مەدحی ساداتی سولەیمانی نوسیویەتی… لە ڕووی ئومەرا ومەئموورانی حوكوومەت ڕیایی ومەرایی نەبوو).

 1,058 جار بینراوە