سەرەکی » دۆسێ » سێ‌ وڵاتی كەنداو یارمەتی ئوردن دەدەن

2.5 ملیار دۆلاریان تەرخان كردووە

سێ‌ وڵاتی كەنداو یارمەتی ئوردن دەدەن

نیگەرانی لە ناڕەزاییەكانی دژ بە گرانی و باجەكان لە ئوردن، هۆكارێك بوون بۆ ئەوەی هاوپەیمانەكانی لە كەنداو كۆمەكێكی ئابوری بە بڕی 2.5 ملیار دۆلار تەرخان بكەن، بەڵام بە بۆچوونی شرۆڤەكاران «ئەو بڕە پارەیە نابێتە چارەسەرێكی ئەفسوناوی پێویست بۆ ئەو قەیران و رووبەڕووبوونەوانەی روویان لە شانشینی ئوردنی هاشمی كردووە».
ئوردن بۆ ماوەی هەفتەیەك خۆپیشاندانی ناڕەزایی میللی و ئاشتیانەی بەخۆوەبینی كە تێیدا هەزاران كەس بەشدارییان كرد، و بوونە مایەی دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی هانی مولقا لە 7ی حوزەیرانی 2018، عومەر رەزازیش لەگەڵ دەستبەكاربوونی وەك سەرۆكی حكومەتی نوێ‌، بەڵێنیدابوو پرۆژە یاسای باجی داهات بكێشێتەوە كە توڕەبوونی شەقامی وڵاتەكەی بەدواداهات.

یارمەتییە داراییەكان
سعودیە و ئیمارات و كوەیت لە 11ی حوزەیرانی 2018، رایانگەیاند كە یارمەتییەكی داراییان بە بڕی 2.5 ملیار دۆلار بۆ ئوردن تەرخان كردووە.
عورەیب رەنتاوی، بەڕێوەبەری سەنتەری قودس بۆ توێژینەوە سیاسییەكان بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی راگەیاندبوو»ئەوەی لە ئوردن رویدا، كارێكی بێ‌ پێشینە بوو، ئیعتباری بۆ گیانی بەهاری عەرەبی گەڕاندەوە، ئەمەش شتێكی زۆر نیگەرانبەخشە بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی».
هەروەها دەڵێت»ئاسایش و سەقامگیریی ئوردن زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی ناوچەكە و ئاسایشی كەندا و سعودیە بە تایبەتی، بەو پێیەی یەكێكە لە شانشینە عەرەبییەكان كە ترسی هەیە پەنای ناڕەزاییە ئاشتیخوازەكانی هاوشێوەی ئوردنی بۆ بگوازرێتەوە».
ئوردن بەو هۆیەی سنوری لەگەڵ هەریەك لە سوریا لە باكووری و عیراق لە خۆرهەڵات و سعودیە لە باشووری و ئیسرائیل و فەلەستین لە خۆرئاوادا هەیە، بە خاوەن پێگەیەكی ستراتیژی دادەنرێت.
رەنتاوی پێیوایە، هەنگاوەكەی سعودیە و ئیمارات كوەیت بە پێدانی 2.5 ملیار دۆلار، بە خێرایی بوو لە پاش «دروستبوونی مەترسییەكان لە ناوجەرگەی رەوشی ئوردن كە دەكرا هاوپەیمانییەكانی ناوچەكە سەرەوژێر بكات».

هەڵوێستەكان ئوردن
ئاماژە بە وێنەیەكی شا عەبدوڵڵای دووەمی پادشای ئوردنیش دەكرێت كە لە لوتكەی كۆبوونەوەی رێكخراوی هەماهەنگی ئیسلامی ئەم دواییەی ئیستەنبوڵ، تەوقەی لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێراندا كردبوو، ئێران كە دوژمنی سەرسەختی ریازە.
مەرج نییە هەڵوێستی ئوردن لەگەڵ هەڵوێستی سعودیە و (ولایەتە یەكگرتووەكان)دا یەكانگیر بێت كە لە مانگی كانوونی یەكەمی رابردوودا قودسی بە پایتەختی ئیسرائیل ناساند.
ئوردن پشتیوانی لە هەڵوێستی فەلەستینی دەكات كە دەیەوێت قودسی شەرقی بكاتە پایتەختی دەوڵەتی فەلەستینی و هەردوولاش هەوڵ بۆ دامەزراندنی دەدەن.
قودسی شەرقی بەر لە داگیركردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ساڵی 1967، لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ئوردن بوو.
ئیسرائیل كە لە ساڵی 1994دا رێكەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئوردن ئیمزاكرد، دان بە سەرپەرشتیكردنی شانشینی ئوردوندا دەنێت بۆ پێگە پیرۆزە ئیسلامییەكان لە شارەكەدا.
ئەو كارە بە بۆچوونی كەریم بیتار ، بەڕێوەبەری پەیمانگای پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ستراتیژییەكان، «وا لە ئوردن دەكات كە نیوەی دانیشتوانەكەی بەڕەچەڵەك فەلەستینین، بكەوێتە دۆخێكی ناقۆڵاوە، بۆیە ئەستەمە ئوردن لەو دۆسێیەدا شوێن هاوپەیمانەكانی بكەوێت».
رەنتاویش لای خۆیەوە دەڵێت» گومانی تێدا نییە ئەو كۆمەكەی (كەنداو) بۆ ئوردن، هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریكاییە، چونكە ئەمریكا دەیەوێت پارێزگاریی لە هاوپەیمانێكی بنەڕەتی بكات كە خاوەن پێگەیەكی ستراتیژییە».
یەكێتی ئەوروپا لە 11ی حوزەیرانی 2018 رایگەیاندبوو كە 20 ملیۆن یورۆی تر لەمساڵدا دەداتە ئوردن، ئەوەش بۆ پشتیوانی لە سەقامگیری كۆمەلایەتی لەو وڵاتە.
بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان، نزیكەی 630 هەزار پەنابەری سوری لە ئوردندا هەن، بەڵام عەممان ئەو ژمارەیە بە نزیكەی 1.4 ملیۆن پەنابەر دادەنێت لەو دەمەی ناكۆكییەكان لە مانگی ئاداری 2011وە لەو وڵاتەدا سەریانهەڵدا.
تێكڕای گەشەی ئابوری لە ساڵی 2017 لە ئوردن نزیكەی 2%ی تۆماركردبوو، چاوەڕوانیش دەكرێت ئەو رێژەیە لە ساڵی 2018دا داببەزێت لە وڵاتێكدا كە قەرزی گشتی 38 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

ئەو كۆمەكەی «پێویستە بەباشی بەگەڕبخرێت».
ئەمە یەكەم جار نییە وڵاتانی كەنداو كۆمەكی ئوردن دەكەن لەبەرانبەر قەیرانە ئابورییەكانی، شرۆڤەكارانیش پێیانوایە دەبێت شانشینی ئوردن لەمجارەدا «بەباشی ئەو كۆمەكە وەبەربهێنێت».
رەنتاوی دەڵێت»ئەو كۆمەكە داراییە دار عەسا ئەفسوناوییەكە نییە بۆ چارەسەركردنی ریشەیی كێشەكانی ئوردن».
هەروەها پێیوایە»بڕە پارەكە هێندە گەورە نییە، چونكە ئوردن لە ساڵی 2011شدا بڕێكی زۆر گەورەتر لەوەی وەرگرت كە 5 ملیار دۆلار بوو، سەرەڕای ئەوەش نەیتوانی بۆ مەودایەكی دوور ئابورییەكەی پێ‌ رزگاربكات، بەڵگەش بۆ ئەو راستییە دۆخی ئێستای وڵاتەكەیە».
بە گوتەی رەنتاوی»هەنگاوەكە متمانەبەخشە بۆ ئابوری ئوردن، گومانیشی تێدا نییە ئەوە هەنگاوێكی باش و هەلێكە بۆ حكومەتی داهاتوو گەر بە باشی وەبەربهێنرێت».
ئەو پێیوایە»هەرگیز چارەسەری ئەفسوناوی نییە بۆ دۆسێی ئابوری كە دۆسێیەكی دوورمەودایە، ئێمە پێویستمان بە پەیماننامەیەكی كۆمەڵایەتی نوێیە، نابێت ئابوری دیلی دەستی یارمەتییەكان بێت».
بەپێی قسەكانی رەنتاوی»یارمەتییەكانیش لەم چەند ساڵەی رابردوودا پاشەكشەیان كردووە، كێ‌ گرەنتی دەدات لە جاری داهاتوودا ئەو یارمەتییە وەردەگرین. پشتبەستن بە یاررمەتی گرەوێكی كورتبینانەیە».
لەلایەكی ترەوە شرۆڤەكار عادل مەحمود بە (فرانس پرێس)ی راگەیاندبوو»ئوردن بەشێوەیەك لە شێوەكان، جموجۆڵە لەناكاوەكەی شەقامی قۆستەوە تا هاویمانانی ئاگادار بكات لەوەی كە كەوتۆتە سەر هەڵدرێر و خەریكە بەرەو تونێلێكی تاریك دەخزێت».
بە بۆچوونی ئەو شرۆڤەكارە»هاوپەیمانانی شانشینی ئوردن، پێداگرن لەسەر نەكردنەوەی بەرە ناسەقامگیرەكانی تر لە ناوچەكە، چونكە ئوردن سەبارەت بە ریاز و واشنتۆن، تائێستاش گەمەكەرێكی گرنگە لە ناوچەكەدا».
ئوردن بەشێوەیەكی كاریگەر بەشداریی لەو هاوپەیمانییەدا كردووە كە واشنتۆن لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە سوریا و عیراق دروستی كرد، هەروەها بەشێكە لە هاوپەیمانی عەرەبیش بە سەركردایەتی سعودیە كە لە دژی یاخیبووە حوسییەكان لە یەمەن شەڕ دەكات.
لای خۆیەوە خۆیەوە بەیتار پێیوایە، دڵنیانین لەوەی كە رەزاز بتوانێت بەخێرایی بەرەنگاریی هەموو رووبەڕووبوونەوەكان ببێتەوە،» چونكە هەرەمی ئابوری ئوردن بەدەست خاڵە لاوازەكانەوە دەناڵێنێت».
ئەو وایدەبینێت» تەنانەت گەر بوارەكانی خۆدزینەوەش سنورداربن، ئوردن خاڵی هێند بەهێزی بۆ مانەوە و ساقامگیری سیستمی شانشینی لەبەردەستدایە كە بە وڵاتێكی گرنگ بۆ زۆرێك لە لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بمێنێتەوە».
ئەو شرۆڤەكارە دەڵێت»گەر دۆخی ئابوری زیاتر دانەڕمێت و تەنگژە ئیقلیمییەكان زیاتر نەبن، دەتوانین بڵێین وڵاتەكە وەك هەمیشەی خۆی لەو قەیرانە دەردەچێت و لەسەر پێی خۆی بەشێوەیەكی هاوسەنگ رێدەكات».

حكومەتی نوێ‌ راگەیەندرا
هەر بە هۆی قەیرانی ئابوری وڵاتەكەوە، دوای ئەوەی پێشتر حكومەت دەستی لەكاركێشابۆوە، لە 14ی حوزەیرانی 2018، شا عەبدوڵڵای دووەمی پادشای ئوردن، بەپێی مەرسومێكی شاهانە، فەرمانی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی وڵاتەكەی دەركردبوو كە بە سەرۆكایەتی عومەر رەزاز، دەرچووی زانكۆی هارڤارد و پسپۆڕی ئابوری و سەرۆكی پێشووی بانكی نێودەوڵەتی دەبێت.
بەپێی ماڵپەڕی (الرأی)ی ئوردنیش، ئەم ناوانە پۆستەكانی كابینەی نوێی حكومەتی ئوردنی پڕدەكەنەوە كە عومەر رەزاز سەرۆكایەتی دەكات و ئەركی چارەسەركردنی قەیرانی ئابوری ئوردن دەگرێتە ئەستۆ.
پێكهاتەی حكومەتە نوێیەكەش بەمشێوەیەیە :»دكتور رەجائی مەعشەر جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری ئابوری، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوە و كاروباری كۆچبەران، تارق حەموری وەزیری پیشەسازی و بازرگانی، دكتۆر عەزمی موحافزە وەزیری پەروەردە و فێركاریی، سەمیر موبیزین، وەزیری ناوخۆ، ئەندازیار مونیر عویس وەزیری سامانەكانی ئاو، دكتۆر عادل تویسی، وەزیری خوێندنی باڵا، موسا موعایتە وەزیری كاروباری سیاسی و پەرلەمانی، موبارەك ئەبو یامین وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری یاسایی، میری قعوار وەزیری پلاندانان و هەماهەنگی نێودەوڵەتی، سەمیر موراد وەزیری كار، مەحمود شیاب، وەزیری تەندروستی، ئەندازیار وەلید میسری وەزیری گواستنەوە و شارەوانییەكان، نایف فایز وەزیری ژینگە، هالە زواتی وەزیری وزە و سامانی كانزایی، جومانە غونەیمات وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری راگەیاندن، یەحیا كەسبی، وەزیری ئیشغاڵی گشتی و نیشتەجێكردن، عەوەز ئەبو جەڕاد وەزیری داد، موسەننا غەرایبە وەزیری پەیوەندییەكان، عزەدین كەناكریە وەزیری دارایی، خالید حنەیفات وەزیری كشتوكاڵ، موكەڕەم قەیسی وەزیری لاوان، عەبدولناسر ئەبو لبەسەڵ وەزیری ئەوقاف و كاروباری پیرۆزییە ئیسلامییەكان، مەجد شوەیكە وەزیری پەرەپێدان لە كەرتی گشتی، لینا عەناب وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوارەكان، هالە لەتوف بەسیسو وەزیری گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، بەسمە نەسور وەزیری رۆشنبیری».
ئەم هەوڵەی شانشینی ئوردن، لەلایەك بۆ كپكردنی دەنگی شەقامە لەبەرانبەر قەیرانی ئابوری لە وڵاتەكە كە بە بۆچوونی هەندێك لە شرۆڤەكاران ئیعتباری بۆ بەهاری عەرەبی گەڕاندۆتەوە، لەلایەكی تریش هەوڵێك بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی كە پێشتر وڵاتەكە بەدەستیانەوە دەیناڵاند.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا: سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنین

دوای ئەوەی ئێران رێژەی رێگەپێدراوی پیتاندنی تێپەڕاند و پیتاندنی یۆرانیۆمی ...