سەرەکی » راپۆرت » ئاماده‌کردنی : ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا » ئەردۆغان بردیەوەو هەدەپەش سنووری مەرگی بەزاند

ئەردۆغان بردیەوەو هەدەپەش سنووری مەرگی بەزاند

تورکیا بەرەو قۆناغێکی نـوێ هەنگاو دەنێت

رۆژی یەک شەمممە نزیکەی 60 ملیۆن هاوڵاتی تورکیا بەشداریان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کرد. لەپاش جیاکردنەوەی 95% ی دەنگەکان ، رەجەب تەیب ئەردۆغان نزیکەی .52% ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەمشێوەیەش جارێکی تر بۆ ماوەی پێنچ ساڵی تر بوویەوە بەسەرۆکی تورکیا ، لەهەمانکاتیشدا پارتەکەی « دادوگەشەپێدان» رێژەی 42.% ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەمشێوەیە ئەردۆغان و پارتەکەی لە حوکمڕانی تورکیا بەردەوام دەبن. خاڵێکی گرنگی تریش بەدەستهێنانی 11.% ی دەنگەکان بۆ پارتی هەدەپەی کورد، کە ئەمەش دەتوانین بەسەرکەوتنی دابنێین، چونکە توانی سنوری 10% ببەزێنێت، کەبە سنووری مەرگ بۆ ئەم پارتە دادەنرا. لەلایەکی تریشەوە ئۆپۆزسیۆن رووبەروی شکستێکی گەورە بوویەوە، چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە، کە تورکیا بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات کە گەڕانەوەی نییە و ئەگەری زۆریش هەیە ، کە بەرەو دیکتاتۆری هەنگاو بنێت، چونکە بەپێی دەستووری نوێی تورکیا، ئەردۆغان دەسەڵاتی زۆری پێدراوە.

ئەردۆغان بردییەوە
لەپاش جیاکردنەوەی 95% دەنگەکان، رەجەبە تەیب ئەردۆغان کاندیدی پارتی دادوگەشەپێدان و پارتی رەگەزپەرستی مەهەپە ، سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و رێژەی 52% ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەمەش ئەردۆغان توانی بۆماوەی پێنچ ساڵی تر سەرۆکایەتی تورکیا بکات. لە پاش ئیعلانی سەرکەوتن و کۆتایهێنان بە هەڵبژاردن لەوتەیەکیدا، ئەردۆغان سوپاسی خەڵكی کرد و دواتریش رایگەیاند: گەلەکەمان منی تەکلیف کردووە کە سەرۆکایەتی و حکومەت دروست بکەم.

ئەردۆغان هەڕەشە لە کورد دەکات
لەدرێژەی وتەکەیدا ئەردۆغان درێژەی بە هەڕەشەکانی لە دژی گەلی کورد داو رایگەیاند: ، توركیا به‌ شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رانه‌تر رووبه‌ڕووی هێزه‌ نه‌یاره‌كانی ده‌بێته‌وه‌ له‌ خاكی سوریا. جێگەی ئاماژەیە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانیدا ، ئەردۆغان بەڵێنی بەهەوادارانی داوە، کەدرێژە بەهەڵمەتە سەربازییەکانی لە دژی پەکەکە و یەپەگە لە رۆژئاوای کوردستان و شنگال و قەندیل بدات. پێدەچێت لەدوای سەرکەوتنی لەم هەڵبژاردنە، دووبارە درێژە بەو هەڵمەتە سەربازییانە بدات.

بۆچی ئەردۆغان بردییەوە؟!
لەپاش دەرکەوتنی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە و سەرکەوتنی ئەردۆغان و پارتەکەی، میدیاکانی جیهان کۆمەڵێک وتار و راپۆرتیان لەبارەوە نووسی. بەتایبەتی لەبارەی هۆکاری سەرکەوتنی ئەردۆغان.
تەواوی دەزگاکانی دەوڵەت و میدیاکانی خستبووە خزمەتی خۆیەوە
لەمبارەیەوە گۆڤاری شپیگلی ئەڵمانیا لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: ئەردۆغان تەواوی دەزگاکانی دەوڵەت و میدیاکانی خستبووە خزمەتی خۆیەوە، بۆ نموونە میدیا حکومییەکان سەرو 180 سەعات پروپاگەندەیان بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی کردووە، کە دەجار لە کاندیدەکانی تر زۆرتر کاتییان پێداوە. لەلایەکی ترەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش کاندیدی پارتی هەدەپە، لەزیندان بووە و تەنها 22 دەقیقە بواری پێدراوە کە قسە بۆ میدیای حکومی قسە بکات.

جەنگ و ئابووری
گەرچی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیا لە راپۆرتێکیدا ئاماژە بە دوو هۆکار دەکات و دەڵێت: ئەردۆغان توانی لەرێگەی چەند جەنگێکی بچووک لە سوریا لە دژی کوردەکان ، خۆی وەکو قارەمانێکی نیشمانی دەربخات و ئەم هەڵمەتە سەربازیییانە بۆ خۆی بەکاربهێنێت. بە واتایەکی تر سوپای بۆ خزمەتی خۆی بەکارهێناوە.
لەرووی ئابووریشەوە ئەردۆغان زانی کە رەوشی ئابووری تورکیا بەرەو خراپی دەڕوات، بۆیە بڕیاریدا هەڵبژاردنی پێش وەخت بکات، چونکە سوور دەیزانی کە رەوشی ئابووری تورکیا بەرەو خراپتر دەڕوات.

هەڕەشە و ساختەکاری
خاڵێکی تر کە میدیاکان باسی لێوە دەکەن ئەوەیە، کە لە زۆر شوێندا بە تایبەتی لە ناوچە کوردییەکان، هەڕەشە لە خەڵكی کراوە کە دەبێت دەنگ بە ئەردۆغان ئەکەپە بددەن، هەروەها لە زۆر شوێنیشدا دەنگەکانی دەمیرتاش سووتێنراوەو یان سندوقەکانی دەنگدانیان فرێداوە. لە زۆربەی شوێنە کوردییەکانیش ، باری نائاسایی راگەیەنراوەو هێزە ئەمنیی و سەربازیییەکان ، بوونی زۆریان هەبووەو خەڵکیان ترساندووە.

هەدەپە سنووری مەرگی بەزاند
لەگەڵ هەموو ئەو هەڕەشەو هەوڵی ساختەکاریی و گرتن و راونان و زیندانیکردنی ئەندامان و لایەنگرانی هەدەپە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم پارتە توانی سنووری 10% ببەزێنێت و بەشداری پەرلەمان بکات، کە زۆرجار بە سنووری مەرگ دادەنرا بۆ ئەم پارتە کورییە. هەدەپە توانی 11.50% دەنگەکان بەدەسبهێنێت 68 کورسی پەرلەمانیش بۆ خۆی مسۆگەر بکات، لە زۆربەی میدیاکانی جیهانیشدا، گرنگی بەم خاڵە دەدەن و بە سەرکەوتن بۆ ئەم پارتە و کوردی دادەنێن.

دەرئەنجام
لەکۆتاییدا دەتوانین بڵێین تورکیا لە پاش ئەم هەڵبژاردنەوە بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕوات ، کە زیاتر سیمای دیکتاتۆری پێوە دیار دەبێت، چونکە بەپێی دەستووری نوێ ، سەرۆک دەسەڵاتی زۆری هەیە، دەتوانێت ئیعلانی باری نائاسایی و جەنگ بکات بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، وەزیر و بەرپرسە گەورەکانی وڵات دابنێت و دەستبخاتە ناو دەسەڵاتی دادوەرییەوە. لەبەرئەوە ، بەپێی بۆچوونی هەموو چاودێر و میدیاکانی جیهان بێت، تورکیا بەرەو قۆناغی دیکتاتۆرییەت هەنگاو دەنێت.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو هەڕەشە‌و پیلانە دوژمنکارییانەی ئەردۆغان و پارتەکەی لەدژی کورد، بەڵام کورد توانی وەکو ژمارەییەکی قوورس لە تورکیا دەربکەوێت، ئەمەش بە خاڵی بەهێز بۆ کورد دادەنرێت و بەلایەنی کەمەوە چیتر تورکیا ناتوانێت نکوڵی لە بوونی کورد بکات، کە ئەمەش خۆی لەخۆیدا سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ کورد.
لێ بە برووای من، ئەردۆغان لە سیاسەتی دوژمنکارانەی لەدژی کورد چ لە باکوور و رۆژئاوا و باشووریش بەردەوام دەبێت. هەتاوەکو ئێستاش ئەردۆغان لەم سیاسەتە دوژمنکاریانەی لە دژی کورد سەرکەوتوبووە، بەلایەنی کەمەوە توانیوییەتی دەنگی ناڕەزایی جیهانی بەتایبەتی زلهێزەکان کپ بکات، بەڵام نازانین ئاخۆ تاچەندە زلهێزەکان لە سەرکێشییەکانی ئەردۆغان بەردەوام دەبن، ئەمەش لە ساڵانی داهاتوودا بە روونی بۆمان دەردەکەوێت.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

 449 جار بینراوە