سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » دیوانه‌كه‌ی مه‌حویپەڕە 17

کورتە چیرۆک

دیوانه‌كه‌ی مه‌حوی

جه‌بار سابیر

مامۆستایه‌كمان هه‌بوو ده‌یوت دزی دزێوترین كارێكه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌یكات. له‌ ڕاستیدا كورتترین پێناسه‌ بۆ دزی بێ ڕه‌وشتییه‌‌. دزی له‌ هه‌موو ڕه‌فتارێكی مرۆڤ ناشیرینتره‌، به‌ڵام به‌ینی خۆمان بێ دزینی كتێب حه‌ڵاڵه‌ و بۆتان ڕێكه‌وت كتێب بدزن. چونكه‌ ئه‌مه‌ تاقه‌ دزییه‌كه‌ مرۆڤ لێوه‌ی فێرده‌بێ و هه‌ر ئه‌مه‌یش وای لێده‌كات له‌ دزی و درۆ دووربكه‌وێته‌وه‌. كتێب بدزه‌ و بیخوێنه‌وه‌، به‌ڵام دواتر نیگه‌ران مه‌به‌ كه‌ له‌ ‌تۆشیان دزی.‌ كتێب بۆ هه‌مووانه‌.
له‌ په‌یمانگا كه‌سێكم ناسی كتێبی ده‌خوێنده‌وه‌. لێك نزیك بووینه‌وه‌ و به‌رده‌وام باسی كتێبمان ده‌كرد. ڕۆژێك باسی كۆمه‌ڵێك شیعری «شاملو»م كرد، وتی گه‌ر هه‌ته‌ بۆم بهێنه‌ ده‌یخوێنمه‌وه‌. كتێبم بۆ هێنا و پاش چه‌ند ڕۆژێك هاوڕێیه‌كیترم، كه‌ هۆكاری ناسینی ئه‌و كه‌سه‌ بوو، هات و وتی نامۆ كتێبه‌كه‌ی بۆ هێنایته‌وه‌؟! وتم به‌ڵێ! وتی هه‌ستت به‌ هیچ نه‌كرد؟ وتم نا، به‌ڵام زۆر خاوێن ڕایگرتبوو. وتی ئه‌زانی له‌ ‌ژێر كورسییه‌كه‌یدا داینابوو و هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ لێیان دزی بوو. پێكه‌وه‌ چووینه‌ بازاڕ و له‌ كتێبفرۆشییه‌ك به‌ په‌نجا دینار كڕییه‌وه‌. پێم ناخۆش بوو. دواتر كه‌ بینیم گله‌ییم لێكرد. كه‌چی وتی زۆریش پێم ناخۆشه‌ كه‌ پێیان وتووی. تۆ كتێبت داوه‌ به‌ من و یه‌كه‌م جاریش بوو، بۆیه‌ ده‌بوو من ڕێزی ئه‌و متمانه‌یه‌ی تۆم بگرتایه‌ و ئه‌م كاره‌م بكردایه‌.
به‌یانی ده‌رچووم هیچ له‌ ئارادا نه‌بوو و ئێواره‌ هاتمه‌وه‌ دیوانی مه‌حوی له‌ كتێبخانه‌كه‌دا نه‌مابوو. من ڕاهاتبووم هه‌موو به‌یانیان پێش ئه‌وه‌ی بچمه‌ ده‌رێ، سه‌یرێكی كتێبخانه‌كه‌م ده‌كرد و ئێوارانیش به‌ هه‌مان شێوه‌. تا دڵنیابمه‌وه‌ كتێبه‌كان وه‌ك خۆیانن و كه‌س ده‌ستی لێنه‌داون. زۆر دڵم پێیان خۆشبوو و هه‌ستم ده‌كرد سه‌رمایه‌یه‌كی زۆرم هه‌یه‌. ئه‌وسا كتێبم كه‌م بوو. هه‌ر سێسه‌د چوارسه‌د كتێبێك ده‌بوو. به‌ڵام به‌ زه‌حمه‌ت و ماندووبوونێكی زۆر و سك هه‌ڵگوشین، ئه‌وانه‌یشم كڕیبوو. زۆر بێتاقه‌ت ده‌بووم كه‌سێك، جا هه‌ر كه‌سێك بێ ده‌ستیان تێدا وه‌رگێڕێ و ریزبه‌ندییه‌كه‌یان تێك بدا. ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌تا كتێبخانه‌ دروست ده‌كه‌ن، زۆرباش تێم ده‌گه‌ن.
دیوانی مه‌حوی دیار نه‌مابوو و یه‌كسه‌ر هاوارم كرد، كێ ده‌ستی له‌م كتێبخانه‌یه‌ داوه‌؟! به‌ڕێكه‌وت ئه‌و ماوه‌یه‌ ته‌نها من و دوو خوشكم له‌ ماڵه‌وه‌ ده‌ژیاین. خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م و بچووكه‌كه‌م. كه‌ گوێیان له‌ ده‌نگم بوو هاتن و وتیان ئێمه‌ ده‌ستمان لێی نه‌داوه‌. خوشكه‌ بچووكه‌كه‌م له‌ شه‌شی ئاماده‌یی بوو، بۆیه‌ گومانم بۆ ئه‌و چوو، به‌ڵام گه‌ر ئه‌و بیبردایه‌- كه‌ زۆرجار كتێبی ده‌برد- پرسی ده‌كرد. ئه‌و وتی من نه‌مبردووه‌.
-بزانه‌ خۆت داوته‌ به‌ كه‌سێك یان بردووته‌ بۆ ده‌وام، ڕه‌نگه‌ بیرت چووبێته‌وه‌. خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌م وتی و بچووكه‌كه‌یش جه‌ختی له‌ قسه‌كه‌ی ئه‌و كرده‌وه‌.
-نا، من دڵنیام نه‌مبردووه‌ و شه‌ویش به‌رله‌وه‌ی بنووم ده‌رمهێنا و هه‌ندێك شیعرم خوێنده‌وه‌. دڵنیام له‌ نێوان دیوانی «نالی و كوردی»دا بوو. ئه‌وان «سێكوچكه‌ی بابان»ن و ده‌بێت هه‌میشه‌ له‌ په‌نا یه‌كه‌وه‌ بن.
من هه‌ر بۆڵه‌ بۆڵم بوو و ئه‌وانیش له‌ ژووره‌كه‌ چوونه‌ ده‌رێ. پاش تاوێك كه‌ هه‌ر نه‌مده‌بڕییه‌وه،‌ خوشكه‌ بچووكه‌كه‌م سه‌ری كێشایه‌ ژووره‌كه‌ و وتی، شتێك بڵێم؟
-بڵێ بزانم چییه‌؟
-تۆ بڵێی دابان نه‌یبردبێ! ئه‌و شه‌و دره‌نگ هاته‌وه‌ و به‌یانیش زوو ده‌رچوو. بۆچی لێی ناپرسی. ڕه‌نگه‌ ئه‌و بردبێتی. ئه‌شێ بێ پاره‌ بووبێ و فرۆشتبێتی! ئه‌و شه‌وان كه‌ دێته‌وه‌ زۆر دره‌نگ ده‌نوێ و ئاگام لێیه‌تی خشه‌خش و ته‌په‌ته‌پ به‌و ژووره‌دا دێ و ده‌چێ.
چاوم په‌ڕییه‌ پشته‌ سه‌رم! گومانێكی قورس، به‌ڵام به‌جێ. مرۆڤه‌ ئیتر. هه‌موو شتێكی له‌ ده‌ست دێ. كه‌ گه‌یشته‌ سنوورێك، ئیتر ده‌ست ناپارێزێ و هه‌قی ئه‌وه‌ی نییه‌ تۆ چیت بۆ كردووه‌ و چه‌ند بۆی باشبووی. مرۆڤ له‌ ژێر كاریگه‌ری بارودۆخدایه‌ و زۆرجار خۆی تێده‌په‌ڕێنێ. به‌ڵام هه‌ر‌ قورس بوو گومان له‌ كوڕێكی هه‌رزه‌كاری وابكه‌م كتێبێكی من به‌رێ و بیفرۆشێ. ئاخر هه‌فته‌یه‌ك زیاتر ده‌بوو له‌ ماڵی ئێمه‌ ده‌ژیا. ژیان نا، ده‌خه‌وت. چونكه‌ ئه‌و به‌یانیان زوو ده‌رده‌چوو و شه‌وان سه‌عات نزیكی یه‌ك ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، كاتێكیش ده‌هاته‌وه‌، من له‌ سه‌ربان نووستبووم. ئه‌و ماوه‌یه‌ هاوین بوو و من شه‌وانه‌ سه‌عات دوازده‌ پێخه‌فم ده‌برده‌ سه‌ربان و له‌وێ ده‌نووستم. حه‌زم له‌ خه‌وی به‌ر هه‌وای پاكبوو. بێده‌نگ بووم و ئیتر ‌ئه‌وانیش هیچیان نه‌وت. هه‌ر ده‌مهێنا و ده‌مبرد و خودا خودام بوو ئه‌و نه‌یبردبێ و كاری ئه‌و نه‌بێ. پێمخۆشبوو شه‌و دزهاتبێته‌ سه‌رمان و ته‌نها ئه‌و دیوانه‌ی بردبێ. ده‌موت ڕه‌نگه‌ دزێكی خوێنده‌وار و سۆفی بووبێ و ته‌نها حه‌زی له‌ دیوانه‌كه‌ی مه‌حوی بووبێ و بردبێتی.
دابان كوڕی كۆنه‌ دراوسێیه‌كمان بوو. كاتی خۆی باوكی چاكه‌ی زۆر به‌سه‌ر ئێمه‌وه‌ هه‌بوو و ئه‌میش دوایین كوڕی بوو. به‌ چ نازدارییه‌ك په‌روه‌رده‌ و گه‌وره‌ی كرد. ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌نگی له‌گه‌ڵ باوك و براكانی تێكگیرابوو و په‌نای بۆ ئێمه‌ هێنابوو. بیستبوومه‌وه‌ داوێتییه‌ خوێڕێتی و باوكی ده‌ری كردووه‌. به‌ خزمه‌كانی وتووه‌:
-هه‌ر كه‌س بیگرێته‌ خۆی زویر ده‌بم. ئه‌بێ نه‌یه‌ته‌وه‌ ئه‌م ماڵه‌ تا ته‌واو ئاقڵ ده‌بێ و قه‌دری عافێت ده‌زانێ. شه‌رم ده‌كه‌م ئه‌مه‌ كوڕی منه‌.
دابان وه‌ك سه‌رده‌می دراوسێیه‌تیمان به‌ دایكمی ده‌وت پووره‌ نه‌سرین. وه‌ك پووری خۆی سه‌یری ده‌كرد و ئه‌مه‌یش وایكردبوو ئێمه‌یش ڕێزی بگرین و ڕێگه‌ی‌ بده‌ین ئه‌و ماوه‌یه‌ تا له‌گه‌ڵ‌ باوك و براكانی ئاشت ده‌بێته‌وه‌،‌ له‌ ماڵی ئێمه‌ بنوێ. ئه‌و ڕۆژانه‌ له‌ كاری ده‌كرد و وه‌ك پێشتر وتم تا سه‌عات یه‌كی شه‌و نه‌د‌ه‌گه‌ڕایه‌وه‌ و به‌م‌ پێیه‌ش هیچ ئه‌ركێكی بۆ ئێمه‌ نه‌بوو و تا ئه‌و ساته‌یش زۆر ڕێكوپێك و هێژا خۆی ده‌رده‌خست و ئه‌و كاتانه‌ی ده‌شهاته‌وه‌، فیلمی ده‌خسته‌ سه‌ر ڤیدیۆ و تا دره‌نگه‌ شه‌وێك داده‌نیشت و منیش هێنده‌م متمانه‌ پێی بوو، ترسم له‌وه‌ نه‌بوو هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك بكا.
٭٭٭
تا دره‌نگێك دانیشتم و خوێندمه‌وه‌ و سه‌عات دوازده‌ وه‌ك هه‌موو شه‌وێك، پێخه‌فم هه‌ڵگرت و چوومه‌ سه‌ربان. سه‌یری ئه‌ستێره‌كانی ئاسمانم ده‌كرد و ده‌مویست پێیانه‌وه‌ بخافڵێم تا خه‌و ده‌مباته‌وه‌. به‌ڵام خه‌وم لێنه‌ده‌كه‌وت و هه‌ستم ده‌كرد تارمایی مه‌حوی ده‌بینم و به‌ چرپه‌ ده‌ڵێ؛ ساتێك غافڵ بوویت و دیوانه‌كه‌ی منیان لێدزیت!
هێنده‌ی پێنه‌چوو ده‌نگی ده‌رگا هات و زانیم دابانه‌. به‌رله‌وه‌ی دابنیشێ، گوێم لێبوو خوشكه‌ گه‌و‌ره‌كه‌م زۆر ناشییانه‌ پێیدا هه‌ڵشاخا و وتی تۆ كتبێت بردووه‌. چۆن له‌ ڕووت دێ بێیته‌وه‌ ئێره‌؟! ئه‌ویش به‌رگری له‌ خۆی ده‌كرد و خێرا خێرا سوێندی به‌ گۆڕی دایكی ده‌خوارد – ئاخر ده‌مێك نه‌بوو دایكی مردبوو-. هه‌ستام و چوومه‌ خوارێ.
كه‌ منی بینی ڕه‌نگ به‌ ڕوویه‌وه‌ نه‌ما و شه‌رمه‌ز‌ارانه‌ وتی:
-به‌خوا من نه‌مبردووه‌. به‌ گۆڕی دایكم. من كتێبم بۆ چییه‌؟! خۆ ناخوێنمه‌وه‌.‌‌ هه‌ر ناشزانم مه‌حوی كێیه‌ و شیعره‌كانی چین. زۆری وت و كه‌مم بیست. ده‌مویست سه‌یری ناوچاوی بكه‌م، سه‌ری داده‌خست. وتم جارێ سوێند به‌ گۆڕی دایكت مه‌خۆ. پاشان تۆ زۆر له‌وه‌ كه‌متری بزانی مه‌حوی كێیه‌ و چی كردووه‌ و چی نووسیوه‌.
-كاكه‌ گیان ئێستا زۆر ئاساییه‌ بنوو و خۆت تێك مه‌ده‌، سبه‌ی هه‌موو شتێك ڕوون ده‌بێته‌وه‌. گه‌ر بێت و تۆ بردبێتت ئیتر سبه‌ی شه‌و نه‌گه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ئێره‌ و نه‌ من قسه‌ و نه‌ تۆیش قسه‌. لای كه‌سیش باسی ناكه‌م. به‌ڵام گه‌ر خۆت بیڵێی شته‌كان جۆرێكیتر ده‌بن. ئیتر كه‌یفی خۆته‌.
ئه‌و هه‌ر سوێندی ده‌خوارد و پاكانه‌ی ده‌كرد و ده‌یویست باوه‌ڕی پێبكه‌ین. به‌جێم هێشتوو به‌ خوشكه‌كانم وت: لێیگه‌ڕێن و هه‌قتان نه‌بێ. سبه‌ی خۆم چاره‌سه‌ری ده‌كه‌م.
سبه‌ی به‌یانی كه‌ هه‌ستام ئه‌و ده‌رچووبوو. ڕاسته‌وخۆ چوومه‌ گۆڕه‌پانی سه‌را و له‌ یه‌كێك له‌ كتێبفرۆشه‌كانم پرسی دوێنێ دیوانی مه‌حویت نه‌كڕیوه‌! زۆربه‌یان هاوڕێم بوون و زۆرجار كتێبم لێكڕیبوون و هه‌ندێكجار پاره‌كه‌یشم دره‌نگ ده‌دانێ. كتێبفرۆشه‌كه‌ی ته‌نیشی وتی من دوێنێ دیوانێكی مه‌حویم كڕی. به‌ حه‌فتا و پێنج دینار كڕیم و فرۆشتمه‌وه‌ به‌ سه‌د دینار. ئه‌وسا پاره‌ی چاپی كۆن بوو و هێشتا سه‌دام و حكومه‌ته‌كه‌ی‌ نه‌ڕووخا بوون.‌ باسی دیوانه‌كه‌م بۆ كرد و وتی خۆی بوو. كه‌عبه‌كه‌ی جزووبه‌ند كرابوو. به‌ڵام هێشتا نه‌یانبردووه‌ و ڕه‌نگه‌ سبه‌ی بێن بۆی.
-باشه‌ هاوڕێم، تكایه‌ مه‌یانده‌رێ و بوه‌سته‌ تا خۆم پێت ده‌ڵێم. من ئه‌و دیوانه‌م لێدزراوه‌ و سبه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ ده‌هێنمه‌ ئێره‌ كه‌ دزیوێتی و تۆ ته‌نها بڵێ ئه‌وه‌ و هه‌قت نه‌بێ. ئیتر بووه‌ هه‌رایه‌ك ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بوو.
ئێواره‌ چوومه‌وه‌ ماڵێ و به‌ خوشكه‌كانم وت دۆزیمه‌وه‌. به‌ڵام شه‌و گه‌ر هاته‌وه‌ ئێوه‌ هیچ مه‌ڵێن و خۆم ته‌نها دوو قسه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م و كۆتایی به‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌هێنم.
به‌ هه‌مان شێوه‌ی شه‌وانیتر له‌ سه‌ربان بووم ئه‌و هاته‌وه‌. چوومه‌ خوارێ و بینیم بێڕه‌نگه‌. ویستی شتێك بڵێ وتم:
-كاكه‌ دابان هیچ مه‌ڵێ و بیانوو مه‌هێنه‌ره‌وه‌. ئه‌مشه‌ویش لێره‌ بخه‌وه‌ و سبه‌ی كه‌ ده‌رچووی له‌م ماڵه‌، ئیتر نه‌گه‌ڕێیته‌وه‌ و هه‌رگیز به‌م پێش ده‌رگایه‌ی ئێمه‌یشدا نه‌یه‌ی. له‌ هیچ كوێیه‌كیش ئێمه‌ت بینی سڵاو نه‌كه‌ی. ئه‌مه‌م وت و چوومه‌وه‌ سه‌ربان.
٭٭٭
دوو ساڵ پێشتر له‌ شه‌قامی پیره‌مێرد دوكانێكم هه‌بوو، ته‌نیشته‌كه‌م كتێبفرۆشی بوو. ئه‌وسا پاره‌ نه‌بوو و كاروكاسبیش كزبوو. كتێب نه‌ده‌كڕدرا، چ جای ئه‌و دیوانه‌ شیعریانه‌ كه‌ هێشتا هه‌ر چاپه‌كه‌ی ساڵانی حه‌فتاكان و به‌غداد بوو و كه‌س ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بوو له‌ ئێران چاپ كرابن و ده‌ستكاری شیعره‌كان كرابێ. كه‌م كه‌م له‌ دیوانه‌ كلاسیكه‌كانم كڕیبوو و مه‌حویم نه‌بوو و ئه‌مه‌یش كێماسییه‌كی گه‌وره‌ بوو كتێبخانه‌یه‌ك دیوانی مه‌حوی تێدا نه‌بێ. ‌ڕۆژێك دیوانی مه‌حویم بینی و پرسیم به‌ چه‌نده‌؟ كابرا وتی به‌ په‌نجا دیناره‌. زۆربوو. بۆیه‌ نه‌متوانی بیكڕم. شه‌و هه‌ر بیرم ده‌كرده‌وه‌ و ده‌مویست ڕێگه‌یه‌ك بدۆزمه‌وه بۆ كڕینی ئه‌و دیوانه‌.‌ بۆ به‌یانی به‌ كابرای دراوسێ دوكانم وت ده‌كرێ بیبه‌م و ڕۆژانه‌ پاره‌كه‌یت بده‌مێ؟! ئه‌ویش یه‌كسه‌ر وتی دوكانی خۆته‌ و بیبه‌. دڵخۆشی ئه‌و ساته‌م قه‌ت وه‌سف ناكرێ. بووم به‌ خاوه‌نی دیوانی مه‌حوی.
به‌مشێوه‌یه‌ بۆ ماوه‌ی ده‌ ڕۆژ نانم له‌ بازاڕ نه‌خوارد و خه‌رجیم كه‌مكرده‌وه‌ تا توانیم پاره‌ی دیوانی مه‌حوی دابین بكه‌م و ڕۆژانه‌ پێنج دینار بده‌م به‌ دراوسێكه‌م. ‌ئه‌و ماوه‌یه‌ شه‌و و ڕۆژ شیعری مه‌حویم ده‌خوێنده‌وه‌ و زۆرینه‌یم ئه‌زبه‌ر كرد و به‌رده‌وام به‌ ده‌ستمه‌و‌ه‌ بوو. قه‌ت هیچ كتێبێكم هێنده‌ خۆش نه‌ویستبوو و ڕۆژنامه‌یه‌كم له‌ به‌رگه‌كه‌ی ئاڵاندبوو تا پیس نه‌بێ و ماوه‌ ماوه‌ ڕۆژنامه‌كه‌م ده‌گۆڕی. خستبوومه‌ نێوان دیوانی نالی و كوردییه‌وه‌ و كه‌م شه‌و هه‌بوو سه‌یریان نه‌كه‌م و ده‌ریان نه‌هێنم و چه‌ند شیعرێكیان لێ نه‌خوێنمه‌وه‌.
٭٭٭
وه‌ك وتم دابان شه‌وانه‌ زۆر دره‌نگ ده‌هاته‌وه‌. تا ئه‌و شه‌وه‌ نه‌مزانی بوو له‌ یانه‌ كار ده‌كا، لای منیش باسی نه‌كردبوو. ده‌نا قورس بوو بۆم كه‌سێك له‌ یانه‌یه‌ك كار بكات و شه‌و به‌ مه‌ستی بێته‌وه‌ ماڵی ئێمه‌ كه‌ دایك و باوكم زۆر له‌ خواترس و نوێژكه‌ر بوون و ڕقی دنیایان له‌ خواردنه‌وه‌ بوو.
ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆ چوومه‌ ده‌رێ و یانه‌كه‌م دۆزیه‌وه‌‌ و بانگم كرد بێته‌‌ ده‌رێ. وتم هیچ مه‌ڵێ و تا گۆڕه‌پانی سه‌را وه‌ره‌ له‌گه‌ڵم. پێكه‌وه‌ ڕۆیشتین و كه‌ نزیك بووینه‌وه‌ ویستی خۆی بدزێته‌وه‌. وتم ترست نه‌بێ و ناهێڵم كه‌س سووكایه‌تیت پێبكا. شه‌رمم ده‌كرد به‌و جۆره‌ ڕه‌فتار ده‌كه‌م و پێم ناخۆش بوو ڕۆڵی پۆلیسم ده‌گێڕا و ئه‌و كوڕه‌م وه‌ك تۆمه‌تبار پێش خۆم دابوو. قه‌ت باوه‌ڕم نه‌ده‌كرد ڕۆژێك بكه‌ومه‌وه‌ هه‌ڵوێستێكی وه‌هاوه‌، به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر كه‌سێك كه‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆم خزمه‌تم كردبێ و به‌و جۆره‌ چاكه‌م بداته‌وه‌. من باوه‌ڕم وایه‌ مرۆڤ قه‌ت ناتوانێ‌ چاكه‌ی كه‌سێك بداته‌وه‌ جا له‌ هه‌ر ڕوویه‌كه‌وه‌ بێ و به‌ هه‌ر چییه‌ك بێ، به‌ڵام ده‌كرێ لانیكه‌م نامه‌ردی به‌رامبه‌ر نه‌كا!
چووینه‌ به‌رده‌م كتێبفرۆشه‌كه‌ی هاوڕێم و وتم ئه‌م كوڕه‌ بوو؟! كابرا واقی وڕما، حه‌په‌سابوو.
-ئه‌وه‌ له‌ كوێ دۆزیته‌وه‌؟ تۆش چه‌ند وردی بۆ ئه‌م كارانه‌!
-ئه‌وه‌ حیكایه‌تێكی درێژه‌. كتێبه‌كه‌م به‌ره‌وه‌ و پاره‌كه‌ت وه‌ربگره‌وه‌. كارم له‌گه‌ڵ ئه‌و ته‌واو بوو و دابانم له‌ ژێر نیگای كتێبفرۆشه‌كاندا ئیزندا و دیوانی مه‌حویم خسته‌ بنباڵم‌ و ئاوڕم دایه‌وه‌ له‌ قه‌ره‌باڵغی بازاڕدا ون بوو و ئێستا و ئه‌وسایش نه‌مبینییه‌وه‌ و تا ئێستایش هه‌واڵیم نه‌پرسیوه‌. به‌ پێی ئامۆژگاریی مامۆستاكه‌م بوایه‌ ده‌بوو لێگه‌ڕامایه‌ كتێبه‌كه‌ به‌رێ، به‌ڵام بۆیه‌ لێنه‌گه‌ڕام چونكه‌ ئه‌و خوێنه‌ر نه‌بوو و بۆ چێژی خوێندنه‌وه‌ نه‌یدزی بوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

فره‌ زیره‌كی و پێشه‌نگێتی گۆران له‌ شیعری كوردیدا

پ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم به‌شی‌ سێیه‌م پێنجهه‌م / فره‌ زیره‌كی هه‌ستی ...