سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » دیده‌ بونیادگه‌راییه‌كان

دیده‌ بونیادگه‌راییه‌كان

-گۆران به‌نموونه‌ –

ژینۆ عه‌بدوڵڵا*

ئه‌مه‌ ناونیشانی كتێبێكی هه‌ردوو ئه‌كادیمی وڕه‌خنه‌گرپ.د.زاهیر له‌تیف كه‌ریم وپ.د.نیان نه‌وشیروان مه‌ستی یه‌ كه‌له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان وله‌لایه‌ن چاپخانه‌ی كارۆ وه‌،ئه‌م ساڵ 2018،چاپكراوه‌.كتێبه‌كه‌ كه‌پێكهاتووه‌ له‌ (10) لێكۆڵینه‌وه‌ پشتی به‌ڕێبازه‌ ڕه‌خنه‌ییه‌ تازه‌گه‌راییه‌كان به‌ستووه‌ كه‌سه‌رجه‌میان له‌ئه‌ده‌بیاتی ڕۆژهه‌ڵات به‌گشتی وئه‌ده‌بیاتی كوردی به‌تایبه‌تی هه‌تا ئێستا كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌كان كه‌وتونه‌ته‌ ژێر یاسا زانستی وئه‌كادیمیاكانه‌وه‌ كه‌بۆ هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك ئامانج وستراتیژییه‌ت وئه‌نجام ده‌ستنیشان كراوه‌.ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كتێبه‌كه‌ پێشه‌كییه‌كی چڕو پڕی له‌سه‌ر شیعرییه‌ت وبه‌ها بابه‌تی وناوه‌ڕۆكی وشێوازه‌ییه‌ شیعرییه‌كانی گۆران له‌سه‌ر نووسراوه‌ كه‌ئه‌مه‌ ده‌روازه‌یه‌كی به‌سووده‌ بۆ خوێنه‌ر به‌وه‌ی به‌ر له‌ده‌ستكردن به‌خوێندنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ بۆچوونێكیان له‌سه‌ر تێگه‌یشتن وهێزی داهێنان وسه‌رچاوه‌لێگرتنه‌كانی شاعیر هه‌بێت.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا به‌نێوی «ئۆنتۆڵۆژیا» هه‌ردوو نووسه‌ر جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی جێگه‌ كردووه‌ ئه‌ویش به‌ومانایه‌ی كه‌ئۆنتۆڵۆژیا به‌مانا زاراوه‌ییه‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌ی بریتیه‌ له‌ڕوونكردنه‌وه‌ی مانای بوونی جێگه‌ ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی پشكنین وگه‌ڕان به‌دوای مانا پێویسته‌كانی ژیان كه‌مرۆڤ زیاتر پێویستی پێیانه‌.به‌مه‌ش ئۆنتۆڵۆژیا دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌خه‌یاڵ.به‌پێچه‌وانه‌وه‌ واقیع ده‌بێته‌ كه‌ره‌سته‌یه‌كی هه‌ره‌ به‌نرخی ئۆنتۆڵۆژیا.لێره‌دا هه‌ردوو نووسه‌ر ئاماژه‌یان به‌دوو ته‌وه‌ر داوه‌،یه‌كه‌میان ته‌وه‌ری ئامانجی مانا جێگه‌ییه‌كان ودوهه‌میان ته‌وه‌ری چۆنێتی ناوه‌ڕۆكه‌كان كه‌ئه‌مه‌ی دواییان پشتی به‌كارنامه‌كان به‌ستووه‌.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی دوهه‌مدا به‌نێوی»به‌ڕووخساركردنی ناوه‌ڕۆك» هه‌ردوو نووسه‌ر جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ڕووخسار كردووه‌ كه‌هۆكارێكه‌ بۆ خوڵقاندنی ناوه‌ڕۆك وه‌ك ئه‌وه‌ی ڕووخسار توانای ده‌ستنیشانكردنی ده‌قێكی هونه‌ری هه‌بێت یان ناوه‌ڕۆكه‌كان له‌ده‌رئه‌نجامی ڕووخساره‌وه‌ له‌دایك ده‌بن.به‌مه‌ش ڕووخسار دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ له‌قاڵبه‌ داڕێژاوه‌ كڵاسیزمییه‌كان به‌نموونه‌ی ته‌رجیع به‌ند وچوارینه‌ ودوو به‌یت وڕژێمی یه‌ك دێڕی كه‌شیعری ئازاد نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات.لێره‌دا بۆ هه‌ر ده‌نگ وئاواز وپیت وووشه‌یه‌ك چه‌ندین مانا ده‌دۆزرێته‌وه‌ كه‌پێشتر ڕووخساره‌كان وه‌ك ئامڕازێك سه‌یر ده‌كران نه‌ك بابه‌تێكی ئامانجی.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی سێهه‌مدا به‌نێوی» جیهانبینی» هه‌ردوو نووسه‌ر جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌ڕان وڕاڤه‌كردنی مانا گشتگیرییه‌كانی جیهان كردووه‌ ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی پرسیاری تاك وخوده‌ به‌ئه‌زموونه‌كان له‌شته‌كانی ده‌وروبه‌ر.ئه‌مه‌ش له‌پێناو گه‌یشتن به‌ڕاستییه‌كانی ژیان.بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ردوو نووسه‌ر ئاماژه‌یان به‌بۆچوونه‌كانی لۆسیان گۆڵدمان داوه‌ كه‌جیهانبینی ده‌بێته‌ ئامانجێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی مانا پێویسته‌كان.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی چوارهه‌مدا به‌نێوی»ده‌سه‌ڵاته‌ ئاسۆییه‌كان» هه‌ردوو نووسه‌ر جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌ ئاسۆییه‌ مێژوویی ووه‌رگری وچاوه‌ڕوانییه‌كان كردووه‌.ڕاڤه‌كردن سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ره‌ نزیكی كاركردنی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌یه‌.لێره‌دا ئاماژه‌دراوه‌ به‌گوزارشته‌ سروشتییه‌كانی مرۆڤ ونیشانه‌هێما وئایكۆنه‌كان كه‌لێره‌شه‌وه‌ چه‌مكی خۆته‌نی سه‌رهه‌ڵده‌دات كه‌ئامانجی ئه‌م خۆته‌نییه‌ بریتییه‌ له‌ده‌رخستنی زانیارییه‌ شاراوه‌كان ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ڕه‌گه‌زه‌ هونه‌ری وفیكری وبابه‌تییه‌كان.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی پێنجهه‌مدا به‌نێوی»زمانی سروشت» هه‌ردوو نووسه‌ر جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ كه‌سروشت ده‌بێته‌ ئامانج وله‌و ڕووه‌وه‌ گۆران، كه‌وه‌ك نموونه‌ وه‌رگیراوه‌، ڕه‌فتاری سروشتی خستۆته‌ ژێر چاودێری وورده‌وه‌ وله‌هه‌مان كاتدا كارنامه‌ی جۆراوجۆری پێ به‌خشیوه‌.لێره‌دا زمان جگه‌ له‌بیستن وجوڵه‌ ئه‌ركی هێمایی ونیشانه‌یی وهێڵه‌كانیش ده‌بینێت.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ زمانی سروشت له‌یاسا ماتماتیكه‌كان لاده‌دات وبۆ هه‌ر قۆناغ وجێگه‌یه‌ك جۆرێك له‌مانا.یان له‌ڕوانگه‌ی ڕه‌وانبێژییه‌وه‌ به‌لادانه‌ خواسته‌ییه‌كان ئه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ئه‌میش پێویستی به‌سێ قۆناغه‌ وه‌ك لێكچوون له‌نێوان دوو ڕه‌گه‌زی جیاواز به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك كارنامه‌دا.به‌رجه‌سته‌كردنی دوو ڕه‌گه‌ز له‌یه‌ك كرداردا.گواستنه‌وه‌ی مانای پێچواندن له‌مانای پێچێنراو.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی شه‌شهه‌مدا به‌نێوی»سیمیۆڵۆژیای گرژییه‌كان» هه‌ردوو نووسه‌ر جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ده‌قی ئه‌ده‌بی یان شیعری له‌سه‌ر بنه‌مای گرژییه‌كان داده‌مه‌زرێت كه‌ئه‌میش خۆی له‌به‌هێزكردنی هه‌سته‌كان ودرێژكردنه‌وه‌ی مه‌وداكانی ئه‌و هه‌سته‌دا ده‌بینێته‌وه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی گه‌ر ئه‌و هه‌ستانه‌ نه‌بێت كه‌بۆته‌ مایه‌ی گرژی بۆ خاوه‌ن ده‌قه‌كان ئه‌وا پڕۆسه‌ی شیعری وئه‌ده‌بیش بوونیان نابێت.خۆ ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستكردیش بوونی هه‌بێت ئه‌وا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و جۆره‌ ده‌قانه‌ به‌بێ به‌هایی ده‌مێننه‌وه‌.له‌هه‌مان كاتدا ئارگیومێنته‌كان كه‌ده‌كه‌ونه‌ نێوان «من « و «ئه‌و»ی به‌رامبه‌ر گرژییه‌كان ده‌خولقێنن.سیمیۆڵۆژیای گرژییه‌كان ده‌بنه‌ كلیلێكی ئه‌كتیڤ بۆ كردنه‌وه‌ی كۆده‌ شاراوه‌كانی ئه‌و ئارگیومێنتانه‌.به‌مه‌ش سیمیۆڵۆژیای گرژییه‌كان بریتیه‌ له‌به‌رهه‌مێكی دوای تازه‌گه‌رایی كه‌له‌سه‌ر بنه‌مای به‌هێزكردنی ماناكان ودرێژكردنه‌وه‌یان داده‌مه‌زرێت وكه‌سه‌ به‌ئه‌زموونه‌كانیش، به‌نموونه‌ی گۆران، له‌ڕێگه‌ی سه‌رچاوه‌كانیانه‌وه‌ ده‌توانن بچنه‌ نێو وورده‌كارییه‌ نه‌بینراوه‌كانی ژیان به‌ڵكو توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌خه‌یاڵ بگوێزنه‌وه‌ بۆ واقیع .ئه‌مه‌ش جۆرێكه‌ له‌پێشبینیكردن بۆ شت ومه‌سه‌له‌كان ولێره‌شه‌وه‌ جووڵه‌ ده‌كه‌وێته‌ زه‌مه‌نه‌وه‌ وله‌لایه‌كه‌وه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌ وله‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ بۆ مه‌ودا دووره‌كان.ئه‌مه‌ش ،هه‌روه‌ك هه‌ردوو نووسه‌ر ده‌ریان خستووه‌،ده‌شێ پشت به‌بۆچوونه‌كانی ئه‌و كه‌سه‌ به‌ئه‌زموونانه‌ ببه‌سترێت.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی حه‌وتهه‌مدا به‌نێوی»سیمیۆڵۆژیای جیهانه‌ ده‌شێییه‌كان» جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه‌ گشتگیری وجیهانیانه‌ ده‌كات كه‌په‌یوه‌ندی به‌ڕه‌هه‌نده‌ ده‌شێییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ مه‌سه‌له‌یه‌ك پێویست ناكات به‌داخراویی بمێنێته‌وه‌ وله‌و ڕووه‌وه‌ ووشه‌كان یان ڕسته‌ وده‌سته‌واژه‌كان تا ده‌گاته‌ ده‌قه‌كان پێویستیان به‌ڕاكێشان ودرێكردنه‌وه‌ هه‌یه‌.گێڕانه‌وه‌گه‌رییه‌كان كه‌به‌ردی بناغه‌ی جیهانه‌ ده‌شێییه‌كانه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵده‌دات كه‌جیهانی خه‌یاڵ هه‌ڵوه‌شێنێت .ئه‌مه‌ش به‌بێ جیهانه‌ ده‌شێییه‌كان ئه‌نجام نادرێت.لێره‌شه‌وه‌ واقیعیش گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا دێت له‌كاتێكدا ناوه‌ڕۆكی ئه‌و واقیعه‌ ده‌بێت له‌گۆڕانكاری به‌رده‌وامدا بێت.بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ردوو نووسه‌ر ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌ كه‌ كه‌ئه‌ركی شاعیر وێنه‌گرتن نیه‌ به‌ڵكو ڕاڤه‌كردنی ئه‌و شتانه‌یه‌ كه‌ده‌كه‌ونه‌ دیوی ناوه‌وه‌ی ناخه‌كانه‌وه‌.به‌مه‌ش گه‌ردوون به‌مانا گشتییه‌كه‌ی بریتیه‌ له‌دوو جه‌مسه‌ر،یه‌كه‌میان ئه‌و واقیعه‌ی كه‌په‌یوه‌ندی به‌هه‌مووانه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌هه‌یه‌ كه‌به‌مه‌ ده‌وترێت واقیعی میتریاڵی.دوهه‌میان ئه‌و واقیعه‌ی كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌سته‌ بینراوه‌كانه‌.جیهانی ده‌شێیی په‌یوه‌ندی به‌وه‌ی دوهه‌میانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌خاوه‌نه‌كانیان پێویسته‌ هه‌ڵگری په‌یامه‌ ڕۆشنبیری وخه‌یاڵی وهزرییه‌كان بێت وكاره‌كه‌ به‌كه‌سانی ساده‌ ئه‌نجام نادرێت.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌شتهه‌مدا به‌نێوی»سیمیۆڵۆژیای گه‌ردوونی» جه‌خت له‌سه‌ر سستمه‌ ڕۆشنبیرییه‌ گه‌ردوونییه‌كان ده‌كرێت.ئه‌م جۆره‌ له‌سیمیۆڵۆژیا خۆی نابه‌ستێته‌وه‌ به‌جێگه‌یه‌كی جوگرافی دیاریكراو به‌ڵكو ڕۆشنبیرییه‌تی ده‌ق خۆی ده‌بێته‌ فه‌زایه‌كی گه‌وره‌ بۆ جێگه‌ جۆراوجۆره‌كان.به‌مه‌ش پڕۆسه‌ی ئه‌ده‌بی گه‌وره‌ وبچووك كۆتاییان پێ دێت به‌وه‌ی هه‌ندێك جار هێزی ڕۆشنبیرییه‌ت ده‌كه‌وێته‌ نێو ته‌رازووی ئه‌ده‌به‌ بچووكه‌كانه‌وه‌.هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش سیمیۆڵۆژیای گه‌ردوونی هه‌مان سیمیۆڵۆژیای ڕۆشنبیرییه‌.لێره‌دا په‌یوه‌ندییه‌كان له‌نێوان لۆكاڵ وده‌ره‌وه‌دا گه‌وره‌تر وبه‌هێزتر ده‌بێت.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی نۆهه‌مدا به‌نێوی «سیمیۆڵۆژیای مه‌یله‌كان» جه‌خت له‌سه‌ر پێكهاته‌ شاراوه‌كانی مه‌یل ده‌كات وبۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چه‌مكه‌ گێڕانه‌وه‌گه‌رییه‌كانی ده‌ق ده‌بنه‌ تاقیگه‌یه‌كی پشكنین بۆ ده‌رخستنی زانیارییه‌كان.له‌نێو ناوه‌ڕۆكی مه‌یله‌كاندا ژێرخانه‌ سه‌رچاوه‌یی ومه‌عریفی ونیشانه‌ دژایه‌تییه‌كان به‌نموونه‌ی جوانی وناشیرینی وخۆشه‌ویستی وكین وڕق بوونێكی ئه‌كتیڤیان هه‌یه‌.بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ هه‌ردوو نووسه‌ر پشتیان به‌بۆچوونه‌كانی گریماس وفۆنتینی به‌ستووه‌ له‌كاتێكدا ئه‌م دوو ڕه‌خنه‌گره‌ جیهانییه‌ كتێبێكی هاوبه‌شیان به‌نێوی» سیمیۆڵۆژیای مه‌یله‌كان» هه‌یه‌.مه‌سه‌له‌ هه‌ڵچوونه‌ جه‌سته‌یی وسایكۆڵۆژییه‌كان توانای ده‌رخستنی دژایه‌تییه‌كانیان هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له‌كاتی هه‌ڵچوونه‌كاندا كه‌سێتی وبه‌هاكانیان به‌ده‌رده‌كه‌وێت.لێره‌شه‌وه‌ ده‌شێت ده‌ستنیشانی ڕێژه‌ی ڕاستگۆیی ئه‌زموونی خودی بكه‌ر بكرێت.
له‌لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌هه‌مدا به‌نێوی»میتا شیعر» ئاماژه‌ دراوه‌ به‌وه‌ی كه‌له‌سه‌رو شیعره‌وه‌ شیعرییه‌ت یان ستراتیژییه‌ت بوونێكی مانایی هه‌یه‌.له‌و ستراتیژییه‌دا چه‌ندین ئه‌زموون وئه‌زموونگه‌رایی وته‌وژمه‌ ئاگایی وهه‌ستییه‌كان به‌دی ده‌كرێت.لێره‌دا شاعیر به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ داوا له‌وه‌رگر ده‌كات تا به‌شدار بێت له‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و مانایانه‌ی كه‌ده‌كه‌ونه‌ دوای شیعره‌وه‌ كه‌ڕاستییه‌كانی شیعر خۆی له‌و مانایانه‌دا ده‌بینێته‌وه‌.به‌مه‌به‌ستی ئاشكراكردنی میتا شیعر،هه‌ردوو نووسه‌ر ئاماژه‌یان به‌سێ جۆر له‌گه‌ڕان داوه‌،ئه‌وانیش بریتین له‌: گه‌ڕان به‌دوای خوده‌كان وگه‌ڕان به‌دوای بابه‌ته‌كان وگه‌ڕان به‌دوای هه‌سته‌كاندا.واته‌ كه‌سێكی وه‌ك گۆران شاعیرێكی ساده‌ نییه‌ وله‌ژێره‌وه‌ ئه‌ركی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره‌.به‌مه‌ش له‌نێو وێنه‌ ودیمه‌نه‌ گشتگیری وساده‌كاندا پڕۆژه‌ی گرنگ بوونیان هه‌یه‌ كه‌سه‌رجه‌میان په‌یوه‌سته‌ به‌مانا قه‌به‌ وگه‌وره‌كان.دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی به‌ها زاڵه‌ جوانه‌كاندایه‌ كه‌گۆران به‌درێژایی زه‌مه‌ن مه‌به‌ستی بووه‌.
له‌كۆتایدا ئه‌م كتێبه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی هه‌ره‌ به‌نرخی ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه‌ له‌جۆری تازه‌گه‌رایی ودوای تازه‌گه‌رایی كه‌ناوه‌ڕۆكه‌كانی ده‌كرێت گه‌وره‌تر بكرێت ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی زیاتر له‌لایه‌ن ئه‌كادیمیان وڕه‌خنه‌گران وخوێندكارانی خوێندنی باڵاوه‌.ئه‌مه‌ش هه‌وڵێكه‌ بۆ ده‌ربازبوون له‌نووسینه‌ ته‌قلیدییه‌كان كه‌ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی له‌ئه‌ده‌بیاتی كوردیدا داگیركردووه‌.

*مامۆستا له‌ زانكۆی سلێمانی

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*