سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » هێزەكان خۆیان بۆ قۆناغی نوێ ئامادە دەكەن؟

پەتای هەڵبژاردن و دەرئەنجامەكانی، كۆتاییهات

هێزەكان خۆیان بۆ قۆناغی نوێ ئامادە دەكەن؟

وەك چۆن دوای هەر هەڵبژاردنێك پەتای هەڵبژاردن كۆتایی دێت، ئێستا مشتومڕ لەسەر دەرئەنجامەكانیشی، وردە وردە بەرەو كۆتایی دەچێت و پێویستە هێزەكان خۆیان بۆ قۆناغی هەرە پێویست (قۆناغی یەكڕیزیی كورد لە بەغدا) ئامادە بكەن.

ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەك خۆیان مانەوە
هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست لە كەركوك و سلێمانی و هەولێر كۆتاییهات و بڕیارە ئەمڕۆ لە دهۆك دەستپێبكات. ئەنجامی پرۆسەكە لە كەركوك بەو شێوەیە بوو كە راستییەكانی كەركوكی جارێكی دیكە درەوشانەوە و كوردستانیبوونی كەركوكی سەلماندەوە. لە سلێمانیش هەروەك نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی پێكردبوو «پرۆسەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوو»، سەرئەنجامیش هیچ گۆڕانكارییەك رووینەدا و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن وەك خۆیان مانەوە و كۆتایی بە ناكۆكی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن هێنرا.
ئێستا كاتی ئەوەیە هێزەكان بەتایبەت هێزەكانی دەرەوەی یەكێتی و پارتی درك بەوە بكەن كە پێویستە قۆناغی عینادی و ئیحراج بوون بەرامبەر دەنگدەرانیان تێپەڕێنن و هەر هێزە و بەپێی توانای خۆی و دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كار بۆ ئەوە بكات ئەجێندا و پڕۆژەی هاوبەش بۆ یەكڕیزیی كورد لە بەغدا پێشكەش بكات. یەكێتی و پارتیش وەكو دوو براوەی هەڵبژاردن لای خۆیانەوە كاری زیاتر بۆ یەكڕیزیی كورد لە بەغدا بكەن.

لە هەولێر ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی زیادیكرد
لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بە دەست لە پارێزگای هەولێر، عەبدوڵڵا عومەر چاودێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: لەسنووری پارێزگای هەولێر 219 سندوقی دەنگدان سكاڵایان لەسەر بوو، لەوانە كاری جیاكردنەوە بۆ 130 سندوق كرا، هەروەها 33 سندوق بەسوتاو دانرا و دەنگەكانی هەژمار نەكرا، 56 سندوقی دەنگدانی هەولێریش لە بەغدایە.
هەژار عەبدوڵڵا بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی مەڵبەندی هەولێری یەكێتیش بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكانی هەولێردا، ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی زیادیكرد، هەروەها ژمارەی دەنگی لایەنەكانی تر بە رێژەیەكی كەم گۆڕانكاریی بەسەردا هات.

كۆمسیۆن: پرۆسەكە بەبێ كێشە بەڕێوەچوو
دادوەر لەیس هەمزە ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراقیش رایگەیاند: پرۆسەی ژماردنەوەی دەستیی دەنگەكان لە سلێمانی و هەولێر بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەبێ كێشە بەڕێوەچووە.

كورد خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بكات
لەلایەكی دیكەوە، د.بەختیار شاوەیس ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای تەواوبوونی پرۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەست لە تەواوی پارێزگاكان و پەسەندكردنی لەلایەن دادگای فیدرالییەوە، پێویستە پەرلەمانی هەڵبژێردراو كۆببێتەوە و دواتر حكومەتی نوێی عیراق پێكبهێنرێ. «دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەتی نوێ كاریگەریی خراپی لەسەر دامودەزگاكانی دەوڵەت دەبێت، بەتایبەت ئێستا خەڵكێكی زۆر ناڕازیین لەو حكومەتە و داوای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان دەكەن». وتیشی: پێویستە كورد خۆی بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بكات و لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێدا، یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بێ، بەتایبەتی لەسەر لایەنە ناڕازییەكان پێویستە بەرژەوەندیی باڵای گەلەكەمان بپارێزن، دوای ئەوەی دەركەوت كە ئەنجامی دەنگدانی ئەلیكترۆنی و هەژماركردنەوە بە دەست، هیچ جیاوازییەكیان نەبوو. ئاماژەی بەوەشدا «ئێستا دەرفەتێك بۆ كورد هاتۆتە پێش بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێكی زۆر لە مافە دەستوورییەكانی دەستەبەر بكات، چونكە زۆربەی لایەنە براوەكان چاویان لە هاوپەیمانییە لەگەڵ كورد، بۆ ئەمەش كورد پێویستی بە یەكهەڵوێستی و یەكگرتوویی هەیە».

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*