سەرەکی » کەلتوور » كۆنفرانسی توێژینەوەی بەراوردكاری لە‌نێوان زمانی كوردی ‌و زمانی عەرەبیدا دەستیپێكرد

30 توێژینەوە لە دوو رۆژدا پێشكەش دەكرێن

كۆنفرانسی توێژینەوەی بەراوردكاری لە‌نێوان زمانی كوردی ‌و زمانی عەرەبیدا دەستیپێكرد

راگەیاندنی وەزارەت و كوردستانی نوێ

دوێنێ 15ی 7ی 2018، بەچاودێری‌و ئامادەبوونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، هەردوو (زانكۆی سلێمانی/ كۆلێژی زمان – بەشی زمانی كوردی)و (زانكۆی بەغداد/ كۆلێژی پەروەردەی ئیبن روشد – بەشی زمانی كوردی)، كۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی هاوبەشی نێوان هەردوو زانكۆ بەدروشمی (توێژینەوەی بەراوردكاری لە‌نێوان زمانی كوردی‌و زمانی عەرەبیدا) بەڕێوەچوو.
لەكۆنفرانسەكەدا كە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت‌و 30 توێژینەوەی زانستی لەبارەی زمان‌و زمانەوانییەوە پیشكەشدەكرێن، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم، ئاماژەی بەگەشەكردنی قۆناخەكانی زمان‌و گرنگی پەیوەندی نێوان زمانەكان‌و بەتایبەت زمانی كوردی‌و عەرەبیكرد.

(30) توێژینەوە دەخرێنەڕوو
لەو كۆنفرانسە‌دا، كە لەهۆڵی كۆبوونەوەكانی (عیزەدین مستەفا رەسوڵ) لەكەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی دەستپێكرد، د.رەزا حەسەن سەرۆكی زانكۆی سلێمانی لەوتارێكدا بەگرنگیەوە باسی لەكۆنفرانسەكە كردو بەخاڵیكی گرنگی وەسفكرد بۆ پتەوكردنی ئاستی زمانەوانی‌و زمانی كوردی‌و عەرەبی. ئەوەشی راگەیاند: كۆنفرانسەكە كە ماوەی دوو رۆژ دەخاێنێت، (30) توێژینەوە لەلایەن توێژەران‌و مامۆستایان‌و پسپۆڕانی بوارەكە دەخرێنەڕوو.

زمان شوناسی نەتەوەو میللەتانە
دواتر، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لەوتارێكدا رایگەیاند: یەكەمین تایبەتەمەندی مرۆڤ توانای قسەكردن‌و دەربڕینێتی لەبیروبۆچون‌و هەستەكانی، ئەو توانایەش بەزمان ناونراوە، ئەوەش بەهۆی بونی عەقڵ‌و وشیاری توانای بیركردنەوەی.
وتیشی:»ئەگەر لەقۆناغی بەر لە پەیمانی كۆمەڵایەتی‌و دروستبوونی كۆمەڵگە ئەو توانایە تایبەتمەندی جیاكەرەوەی مرۆڤ بوبێت لەهەموو بوونەوەرەكانی تر، ئەوا لە قۆناغی دوای كۆمەڵگەوە بووە شوناسی نەتەوەو میللەتان، بەم هۆیەوە یەكێك لەڕەگەزە سەرەكیەكانی هەر نەتەوەیەك بوونی زمانی تایبەت‌و وشەو زاراوەو فۆنتێكی تایبەتە، لەم روانگەیەوە زانستی زمانەوانی هاوچەرخ ئەوەی ساخكردۆتەوە كە هەر نەتەوەیەك چۆن بیردەكاتەوە، ئاواش قسە دەكات‌و قسەكردنیشی ئاماژەی بوونی شوناسی ئەتنیكی سەربەخۆیە».
راشیگەیاند، هیچ زمانێك نییە لەزمانێكی تر باشتر بێت، بەپێچەوانەوەی ئەو بۆچوونە كۆنانەی كە سەرەتاكەی لەڕووی مێژوییەوە بۆ یۆنانی كۆن دەگەڕێتەوەو تیایدا مرۆڤەكان لەسەر بنەمای ئەو زمانەی قسەی پێدەكەن پۆلینكراون بۆ هۆشیارو ناهۆشیار دواجار باش‌و خراپ، كە هەمان ئەو ئاراستەیە لەكۆن‌و تازەدا بەردەوام بە پاساوی سیاسی، ئاینی، كۆمەڵایەتی جیا زۆرجار لەناو بۆتەی هەموو زمان‌و نەتەوەیەك بەجۆرێك لەجۆرەكان دووبارە كراوەتەوەو زۆرجاریش كراوتە بنچینەیەكی سیاسی‌و ئایدۆلۆژی دەسەڵاتی سیاسی، بەتایبەت لەسەردەمی گەشەكردنی فكری ناسیۆنالیستی نادیموكراسی.

دیوارێكی مەعنەوی‌و نەتەوەیی لەنێوان زمانی كوردی و عەرەبی
وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لەدۆخی زمان لەعیراقی نوێكردو وتی:»مێژوی سیاسی دەوڵەتی عیراقی هاوچەرخ بەشێوەیەكی راستەوخۆ مێژووی سەپاندنی سیاسەتی تاكە زمانی دەوڵەت بووە، كە لەپشتیەوە سیاسەتی فەرامۆشكردن‌و رەتكردنەوەی بوونی هیچ نەتەوەو زمانێكی تری لەخۆگرتووە».
راشیگەیاند، میكانزمەكانی سەپاندنی ئەم سیاسەتە قۆناغ بەقۆناغ‌و بەشێوەی جیا خۆی نمایشكردوە، كە لوتكەی ئەم سیاسەتە شۆڤینیە دوژمنكاریانە بەرامبەر كورد بریتی بووە لە تەعریبكردن، كە لەناوەڕۆكدا بەشێك بووە لەسیاسەتی جینۆسایدو لەناوبردنی نەتەوەیی. روونیشكردەوە، لەچوارچێوەی پڕۆسەی دەسەڵاتدا بۆ سەپاندنی دنیابینی ناسیۆنالیستانەی خۆی كە یەكیك لەلێكەوتە هەر خراپەكانی ئەم سیاسەتە بریتییە لە دروستبوونی دیوارێكی مەعنەوی‌و نەتەوەیی لەنێوان زمانی كوردی‌و زمانی عەرەبیدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێچەوانەی قۆناغەكانی پێشوو، كە تیایدا پەیوەندی كورد بەزمانی عەرەبیەوە ئەگەر پەیوەندییەكی ئیتنیكییش نەبوبێ، پەیوەندییەكی شارستانی‌و روحی بووە، بۆیە ئەگەر لەم روانگەیەوە ئاوڕ لە پەیوەندی كورد بەزمانی عەرەبی بدەینەوە، ئەوا سەرباری جیاوازی ریشەیی‌و بونیادی زمانی كوردی‌و عەرەبی، بەڵام لەچەندین رەوی ترەوە دەچنەوە سەریەك، یەكەمین راستیش ئەوەیە، كە زمانی عەرەبی تەنها زمانێكی نەتەوەیی نییە، بەڵكو قاڵبی رۆشنبیری‌و كەلتورێكی ئاینیشە، كە هەموومان تیایدا بەشدارین‌و بۆ سەدان ساڵ زانایانی كوردو كۆمەڵگەكەشی بەو زمانە قسەیان كردوە.

دۆخەكە لەبارە بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی سروشتی نێوان زمانی كوردی‌و عەرەبی
لەتەوەرێكی دیكەی وتارەكەیدا، وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی باسی لەئەركی زانستخوازانی زمان كردو رایگەیاند: ئەركی زانستخوازانی زمانی كوردی‌و عەرەبی، جگە لەگەڕاندنەوەی شكۆی زانستی بۆ ئەو پەیوەندییەو نەهێشتنی سیاسەتی شۆڤینیەكان‌و رزگاركردنی زمانەوانیە لەدەست ئایدۆلۆژیا، لەهەمان كاتدا ئەركێكی نیشتیمانیمان لەئەستۆیە، بەتایبەت لەئێستادا، كە زەمینەی یاسایی‌و سیاسی‌و كۆمەڵایەتیش لەعیراقدا لەهەموو كات لەبارترە بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی سروشتی پەیوەندی زمانی كوردی‌و عەرەبی‌و ئاڵوگۆڕی زانستی‌و كاری هاوبەش.

خوێندكارانی زمان‌و مامۆستایان كاری هاوبەش ئەنجام بدەن
د.یوسف گۆران بەشێكی دیكەی وتارەكەی تەرخانكرد بۆ بارودۆخی زمان لەسەدەی نوێ لەعیراق‌و وتی: «سەدەی بیست وەك چۆن سەدەی ناسیۆنالیستی توندەڕەو بو لەعیراق، بەهەمان شێوە سەدەی بەسیاسیبوونی زمانیش بووە، سەردەمی شێواندنی ئەم بوارە مرۆیی‌و شوناسە كۆمەڵایەتی‌و نەتەوەییە بووە، سەدەی وێرانكردنی دۆخی سروشتی گەشەكردنی نەتەوەو كۆمەڵگە بووە لەڕێی وێرانكردنی دۆخی سروشتی زمانەوە».
ئەوەشی راگەیاند: كە كاتی ئەوە هاتووە لەبری سیاسییەكان خوێندكارانی زمان‌و مامۆستایانی زمانەوانی دەستپیشخەربن لەكاری هاوبەش‌و زانستی بۆ پێشخستنی زمانەكانیان‌و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی، بەتایبەت لەسەردەمێكدا كە بەهۆی گەشەكردنی تەكنەلۆجیا پەیوەندی جیهانگیرییەوە، هەمو زمانێك رووبەڕووی گرفتی تازەو تەحدای نوێ بۆتەوە.

لایەنەكانی دیكەی كۆنفرانس
پاشان وتاری سەرۆكایەتی زانكۆی بەغدا پێشكەشكراو تێیدا بەگرنگیەوە باس لەئەنجامدانی ئەو كۆنفرانسە كرا، دواتریش دانیشتنی یەكەمی كۆنفرانس دەستپێكرد، بەدوای ئەوانیشدا پانێڵەكانی كارنامەی كۆنفرانس دەستیانپێكردو بڕیاریشە لەماوەی دوو رۆژدا (30) توێژینەوە پێشكەش بكرێ.
لەدانیشتنی یەكەمی پانێڵی یەكەمی كۆنفرانسەكەدا، هەریەك لە بورنو ئایوبیر باڵیۆزی فەرەنسا لە عیراق‌و پرۆفیسۆر د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ پسپۆڕو نوسەرو توێژەرو هەروەها د.فەرەیدون عەبدول بەرزنجی مامۆستای زانكۆو د.كەریم حسێن سەرۆكی كۆمەڵەی زمانەوانی عیراق‌و ناجح مەعموری سەرۆكی كۆمەڵەی ئەدیبانی عیراق‌و شەوقی عەبدولئەمیر سەرنووسەری رۆژنامەی بیتولنەهرەین‌و د.حسێن جاف جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی ئەدیبانی عیراق‌و چەند وتارێكیان پێشكەش كرد لەبارەی بنەماكانی زمان‌و بەراورد كاری لەنێوان زمانی كوردی‌و عەرەبی.
لە دانیشتنی دووەمی پانێڵەكەدا، كە بەهەمانشێوە دوا نیوەڕۆ ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، هەریەك لە پ.د وریا عومەر ئەمین‌و د. سەفادین ئەحمەدو پ.د. ئەبوبەكر عومەرو پ.د.پەخشان سابیرو پ.د. كاروان عومەرو د.نیان عوسمان لەبارەی (پۆلێنكارییەكانی چەمكی هەردوو زمان، وەرگێڕانی شیعر لەنێوان ئەستەمبوون‌و پێویستبووندا، نادیاری زمانی كوردی بەپێی زمانەوانی بەرانبەری)‌و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەست بەو بابەتە.
لەدانیشتنێكی دیكەی هەمان پانێڵدا، چەند مامۆستایەكی دیكەی زانكۆی سلێمانی‌و بەغدا وتووێژیان كرد لەبارەی (چەمكی نامۆبوون ‌وخەم لە نێوان گۆران‌و بدر شاكر سیابدا، هیرمۆنتیكا و ڕاڤەكردنی زمانی دەق، پێكهاتەی شیعری لەنێوان گۆرانی شاعیرو ئەحمەد مەتر، ئاستەنگەكانی وەرگێڕان لەنێوان زمانەكانی كوردی‌و عەرەبی، كردەی كرتاندن لە سینتاكسی زمانی كوردی ‌و عەرەبیدا، ناونیشان لەشیعرەكانی شێركۆ بێكەسدا، كردەی كرتاندن لە سینتاكسی زمانی كوردی‌و عەرەبیدا)

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*