سەرەکی » وەرزش » هامیڵتۆن سه‌رنجڕاكێشترین سه‌ركه‌وتنی تۆماركرد

هامیڵتۆن سه‌رنجڕاكێشترین سه‌ركه‌وتنی تۆماركرد

لویس هامیڵتۆنی به‌ریتانی و پاڵه‌وانی جیهانی فۆرمۆلا وه‌ن قۆناغی ئه‌ڵمانیای پاڵه‌وانێتی جیهانی برده‌وه‌و له‌ رێگه‌یه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی پاڵه‌وانێتییه‌كه‌.
ده‌كرێت ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی‌ هامیڵتۆن به‌یه‌كێك له‌ سه‌رنجڕاكێشترین سه‌ركه‌وتنه‌كانی له‌ ژیانی وه‌رزشی دابنرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و شۆفێره‌ له‌ پێشبڕكێی كۆتایی له‌ پله‌ی 14یه‌مه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام توانی پله‌ی یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت، بۆ ئه‌مه‌ش به‌خت یاوه‌ری بوو.
له‌ پێشبڕكێی كۆتایی كه‌ له‌ گۆڕه‌پانی هۆكنهایم به‌ڕێوه‌چوو هه‌موو پێشبینیه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی ڤیتیل بوون كه‌ پێش ئه‌م قۆناغه‌ به‌جیاوازی 8 خاڵ له‌ پێش هامیڵتۆنه‌وه‌ بوو، به‌ڵام له‌م پێشبڕكێیه‌كه‌ كه‌ له‌ شوێنی له‌دایكبوونی به‌ڕێوه‌چوو ڤیتیل له‌ سووڕانه‌وه‌ی‌ ژماره‌ 52 واته‌ چه‌ند سووڕانه‌وه‌یه‌ك به‌ر له‌ كۆتایی به‌ناچاری پاشه‌كشه‌ی كرد، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی‌ به‌جیاوازیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ ركابه‌ره‌كانی له‌ پێشه‌نگی دابوو.
ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هامیڵتۆن بوو كه‌ پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناو پێش ڤالتێری بۆتاسی هاوڕێ له‌ تیپی مارسیدس و كیمی رایكۆننی شۆفێری فێراری كه‌وت، به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ش هامیڵتۆن گه‌ڕایه‌وه‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یاریزانان و به‌جیاوازی 17 خاڵ پێش ڤیتیل كه‌وت.

 23 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*