سەرەکی » ئاراستە » میرەكانی میرنشینی بابان

میرەكانی میرنشینی بابان

یازدەیەم، ئەحمەد پاشای یەكەم (1762-1778)

عومەر ئیسماعیل مارف

ئەحمەد بەگ كوڕی (خالد پاشای یەكەم1729-1743ز)ی كوڕی (تەیموور خان بەگ1698-1703ز)ی كوڕی (فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە1610-1660ز) بووە، باوكی برایم پاشای بنیادنەری شاری سلێمانی بووە و لەگەڵ مەحموود پاشای باوكی ئەورەحمان پاشا لەیەك دایك بوون.
كاتێك (عەلی پاشای یەكەم1762-1764ز) كە بە (عەلی پاشای عەجەمی) ناسراوە، بووە بە والی بەغدا، یەكەم كاری داواكردنی باجی كەڵەكەبووەی (12) ساڵی رابردوو بووە لە (سلێمان پاشا1747-1765ز)ی برای ئەحمەد بەگ و میری ئەو كاتەی بابان، بەو بیانووە سوپایەكی گەورەی بۆ هێرش كردنە سەر میرنشینەكە ئامادەكردوە.
بەپێی سەرچاوەكان؛ دوای هەڵگیرسانی شەڕ و كوژران و برینداربوونی چەندین سەرباز لە هەردوو لا، لە پازدەیەم شەوی شەڕەكەدا سلێمان پاشا بڕیاری داوە خۆی بە تەنها گۆڕەپانی شەڕەكە چۆڵ بكات و روو بكاتە ئێران، لەبەرئەوەی درێژەپێدانی شەڕەكەی بە تاوان و كارێكی نارەوا داناوە. هەر بۆیە (ئەحمەد بەگ)ی برا بچووكی راسپاردوە لە رێگەی خۆیەوە هەوڵ بدات بەڵكو لەگەڵ والی كۆتایی بەو كێشە و ناكۆكیە بهێنێت.
ئینجا بەیانی رۆژی دواتر ئەحمەد بەگ لەگەڵ چەند گەورە پیاوێكی بابانی دا چووە بۆ چاوپێكەوتنی عەلی پاشا، دوای ئەوەی بابەتەكەی بۆ والی باس كردوە، هەمان كات عەلی پاشا بە فەرمانێك (خەلعەت)ی میرایەتی كردوەتە بەر ئەحمەد بەگ و بە پلەی پاشا لە جێگای سلێمان پاشای برای دایمەزراندوە، پاشان لەگەڵ سوپاكەی دا گەڕاوەتەوە بەغدا.
دوای ئەوەی سلێمان پاشا بە فەرمانی (كەریم خانی زەند1747-1779ز)ی فەرمانڕەوای بەشێكی ئێران بووە بە والی میرنشینی ئەردەڵان، ئەحمەد پاشا هەمان ساڵی (1762ز) لەسەر داوای عەلی پاشای والی بۆ شەڕی هۆزی (كەعب) چووە بۆ بەغدا و لە شوێنی خۆی (مەحموود بەگ)ی برا بچووكی لە قەڵا چوالان داناوە، بەڵام سلێمان پاشا لەو هەلە سودی وەرگرتووە، بە هێزێكەوە هێرشی كردوەتە سەر قەڵا چوالان و توانیوویەتی جارێكی تر دەسەڵاتی میرنشینەكە بە دەست بهێنێتەوە، بەڵام كاتێك ئەو هەواڵە گەیشتووەتە بەغدا، عەلی پاشا هەموو هێزەكانی خۆی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی ئەحمەد پاشا بۆ ئەوەی پایە و دەسەڵاتەكەی وەربگرێتەوە. لە بەرامبەردا سلێمان پاشا هیچ بەرگریەكی نەكردوە و لە زستانی سەختی ئەو ساڵەدا لەگەڵ تەواوی وەستا و پیشەوەر و دەست رەنگینەكانی ئەو كاتەی قەڵا چوالان گەڕاوەتەوە بۆ سنە.

بە هۆی هەستی بەرزی مرۆڤدۆستانە
دوای كوژرانی عەلی پاشای والی بەغدا لە هاوینی ساڵی (1764ز)دا، دواتر عومەر پاشا لە نێوان ساڵانی (1764-1776ز) بوو بە والی بەغدا. لەبەر ئەوەی دۆستایەتی كۆنی لەگەڵ سلێمان پاشای بابان دا هەبووە، هەمان ساڵ بە میری بابان دایمەزراندوەتەوە. ئەحمەد پاشاش بە ناچاری لەگەڵ خێزان و دەست و پێوەندەكانی دا رووی كردوەتە (ئامێدی) بۆ لای میری ئەو كاتەی بادینان و پاشان چووە بۆ موسڵ، بەڵام دواتر عومەر پاشا بە هۆی هەستی بەرزی مرۆڤدۆستانە و بەزەیی هاتنەوە پێیان دا، ئەحمەد پاشای داواكردوە و لە گەڕەكێكی بەغدا نیشتەجێی كردوە، چەند پارچە زەویەكیشی بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و گوزەرانی خۆی و پیاوەكانی بۆ تەرخان كردوە.
دوای رووداوی دڵ تەزێنی كوشتنی سلێمان پاشای برا گەورەشیان، هەرچەندە ئەحمەد پاشای سێیەم كوڕی خالد پاشا پێشتر ماوەی دوو ساڵ میری بابان بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەو كاتەدا محەمەد بەگ بە تەمەنترین میراتگری بنەماڵەكە بووە، بە فەرمانی عومەر پاشای والی بە فەرمانڕەوای میرنشینەكە دیاری كراوە. هەرچەندە ئەحمەد پاشا ئەوەی بە پێشێل كردنی مافی رەوای خۆی داناوە و زۆر هەوڵیداوە والی لەو بڕیارە پەشیمان بكاتەوە، بەڵام هیچ سودێكی نەبووە.

داوای لە والی كردوە
لەبەرامبەردا محەمەد پاشا دوای دەست بەكاربوونی، بڕیاری داوە ئەحمەد پاشا بهێنێتەوە بۆ قەڵا چوالان و ژیانێكی خۆشی بۆ فەراهەم بكات، چونكە لە ماوەی نیشتەجێ‌ بوونی لە بەغدا، بە كولەمەرگی و دوور لە زێد و نیشتمان ئازاری زۆری چەشتووە، بۆ ئەو مەبەستەش مەحموود بەگی برا بچووكی ناردوە بۆ بەغدا و داوای لە والی كردوە مۆڵەتی گەڕانەوەی براكەیان بدات. ئینجا بە ماوەیەكی كەم دوای گەڕانەوەی ئەحمەد پاشا، لەلایەن محەمەد پاشای برایەوە فەرمانڕەوایەتی (كۆیە و قەرەداخ)ی پێ‌ سپێردراوە.
ئەگەرچی ماوەی نزیكەی (7) ساڵ جووتە برا كاروبارەكانی میرنشینی بابانیان بە بێ‌ كێشە و گیروگرفت بەڕێوەبردوە، بەڵام لەو ماوەیەدا بەردەوام ئەحمەد پاشا لە بەرامبەر محەمەد پاشا هەستی بە كەمی و نەنگیەك لە كەسایەتی خۆی دا كردوە. بۆیە لەوە زیاتر بەرگەی ئەو بارودۆخە دەرونیەی نەگرتووە و بڕیاری داوە لەگەڵ هێزە تایبەتیەكەی دا بچێت بۆ زەنگاباد و داوای لە عومەر پاشای والی كردوە لە ژێر سایەی خۆی دا بیهێڵێتەوە، ئەویش بەو مەرجەی هیچ كێشەیەك بۆ محەمەد پاشا دروست نەكات، بەڕێوەبردنی ناوچەكانی (مەندەلی، بەدرە و جەسان)ی پێ‌ سپاردوە.
دوای ئەوەی لە نێوان ساڵانی (1770-1773ز) نەخۆشی كوشندەی تاعوون لە سەرتاسەری كوردستان و بەغدا بڵاوبووەتەوە، لە ئەنجام دا هەزاران كەسی لەناوبردوە. لەو كاتەدا، ئەحمەد پاشا دەرفەتی لە بارودۆخی ناهەمواری ناوچەكە وەرگرتووە و بڕیاری داوە بە زەبری چەك دەسەڵات وەربگرێتەوە و بە هێزێكەوە پەلاماری كۆیەی داوە كە لەو ماوەیەدا پایتەختی میرنشینی بابان بووە، بەڵام بە هۆی بارانی بە خوڕ و دروست بوونی لافاوێكی گەورە نەیتوانیووە لە زێی بچووك بپەڕێتەوە، بە ناچاری لە نزیك رووبارەكە چادرگای هەڵداوە. لەو بەریشەوە محەمەد پاشا لەگەڵ هێزەكەی خۆی دا سەنگەری لێ‌ گرتووە، بەڵام هەمان كات شێخان و زانایانی ئایینی و پیاو ماقوڵانی ناوچەكە كەوتوونەتە نێوانیانەوە، تكایان لێ‌ كردون كۆتایی بەو ناكۆكیەی نێوانیان بهێنن و ئاشتیان كردونەتەوە، بە مەرجێك وەكو پێشووتر كۆیە و قەرەداخ بدرێتەوە بە ئەحمەد پاشا.

مەبەستە خراپەكانی ئەحمەد پاشا
دواتر بەهۆی قوڵ بوونەوەی ناكۆكی نێوانیان و گومانی زۆری محەمەد پاشا لە مەبەستە خراپەكانی ئەحمەد پاشا، ساڵی (1774ز) بە بیانووی هێرش كردنە سەر میرنشینی ئەردەڵان، داوای لە ئەحمەد پاشا كردوە بە هێزەكەیەوە بێتە قەڵای قزڵجە بۆ بەرنامەدانان بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتە، بەڵام دوای گەیشتنی ئەحمەد پاشا، لەلایەن پیاوەكانی محەمەد پاشاوە قۆڵ بەست كراوە و لە قەڵای سرۆچك زیندانی كراوە. هێزێكیش بۆ دەستگیركردنی مەحموود بەگی برا بچووكیان نێردراوە بۆ قەرەداخ، بەڵام ئەو زوو خۆی دەربازكردوە و هەڵاتووە بۆ بەغدا. دوای ئەوەی بە وردی رووداوەكەی بۆ عومەر پاشای والی روونكردوەتەوە، ئەویش بە مەبەستی كۆتایی هێنان بەو دووبەرەكی و ململانێیەی نێوان بنەماڵەكەیان، مەحموود بەگی لای خۆی هێشتووەتەوە و هەندێك زەوی كشتوكاڵی لە ناوچەی (خووسرەو ئاوا-سەعدیە) بۆ بەڕێوەبردنی ژیانی تەرخان كردوە.
لەبەرامبەریش دا، محەمەد پاشا لە ترسی تۆڵەكردنەوەی والی داوای پەنادان و هاوكاری لە كەریم خانی زەند كردوە. كاتێك عومەر پاشا بەو هەوڵە ژێر بە ژێرەی زانیووە، بە فەرمی مەحموود بەگی بە میری بابان دامەزراندوە و پلەی پاشایەتی پێ‌ بەخشیووە. فەرمانی دەستگیركردنیشی بۆ محەمەد پاشا دەركردوە و هێزێكی تایبەتی لە سەربازەكانی بەغدا و كەركوك و سوارەی چەكداری هۆزەكانی ناوچەكە بە فەرماندەیی حاجی سلێمان ئاغای موتەسەللیمی بەسرە لەگەڵی دا ناردوە بۆ كوردستان، بەڵام پێشتر محەمەد پاشا بەرەو سنەی پایتەختی ئەردەڵان هەڵاتووە. مەحموود بەگیش پێش ئەوەی بچێتە قەڵا چوالان، ئەحمەد پاشای برای لە زیندان ئازادكردوە و لەبەر رێزی برا گەورەیی و بەرزی رەوشتی كۆمەڵایەتی بۆ ئەو دەستبەرداری فەرمانڕەوایی میرنشینەكە بووە.

ئەحمەد پاشا هەوڵێكی زۆری داوە
جێگای ئاماژەیە، لەو ساڵەدا ئەحمەد پاشا هەوڵێكی زۆری داوە لەگەڵ (زاهیر بەگ)ی سەرۆكی هۆزی جاف بۆ دووبارە گێڕانەوەی بەشێكی زۆری ماڵەكانیان لە جوانڕۆوە بۆ ژێر دەسەڵاتی میرنشینی بابان و نیشتەجێ‌ كردنیان لە ناوچەكەدا.
لەولاشەوە، كەریم خانی زەند بە نووسراوێك داوای لە عومەر پاشا كردوە جارێكی تر دەسەڵاتی بابان بگێڕێتەوە بۆ محەمەد پاشا، بەڵام ئەو هیچ گوێی پێ‌ نەداوە. هەر بۆیە لە مانگی (10-1774ز)دا، هێزێكی (10) هەزار سەربازی ئامادەكردوە و بە فەرماندەیی عەلی موراد خانی زەند بۆ سەر قەڵا چوالان بەرێی خستووە. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هاتنی سوپای ئێران، هەر زوو ئەو هێزەی لەگەڵ سلێمان بەگی موتەسەللیم هاتووە بۆ كوردستان بەرەو باشوور هەڵاتوون، تەنها سلێمان ئاغا و دارودەستە تایبەتیەكەی خۆی لەگەڵ هێزێكی كەمی ئەحمەد پاشا ماونەتەوە، چونكە لەو كاتەدا بەشی هەرەزۆری خەڵكی ناوچەكە هاوسۆز و لایەنگری محەمەد پاشا بوون و ئەحمەد پاشا بەو ماوە كەمەی بووە بە میری بابان تەنها توانیوویەتی هەزار سەربازی باوەڕ پێ‌ كراو كۆبكاتەوە.
دوای گەیشتنی هێزە هاوبەشەكەی محەمەد پاشا و خانی زەند بە دەوروبەری چیای (سەر سیر)ی نزیك چوارتا، ئینجا بابانیەكان بە پلانێكی تۆكمەوە و بە سەركردایەتی هەر یەكە لە ئەحمەد پاشا و مەحموود بەگ و سلێمان ئاغای فەرماندەی هێزەكانی والی بەغدا و عوسمان بەگی كوڕی مەحموود بەگ و بریندار ئاغای پاڵەوانی دوازدە سوارەی مەریوان لە پێنج قۆڵەوە هێرشیان بۆ سەر دوژمن دەست پێ‌ كردوە. دوای شەڕێكی سەخت، عوسمان بەگ بە ئازایەتی خۆی توانیوویەتی عەلی موراد خان دەستگیر بكات، هەمان كات (12) سەركردەی تریش بە دیل گیراون و سوپاكەشیان روو بە رووی شكستێكی خراپ بووەتەوە كە نزیكەی (500) كەسیان لێ‌ كوژراوە. دوای تەواوبوونی شەڕەكەش عەلی موراد خان بە دیل كراوی نێردراوە بۆ بەغدا.

لە شیرازەوە بەرەو بەسرە ناردوە
دوای ئەو شكستە، كەریم خان لە مانگی (1-1775ز) بڕیاری داوە بۆ تۆڵە كردنەوە لە سێ‌ قۆڵەوە هێرشێكی گەورە و وێرانكەر بكرێتە سەر ناوچەكانی عێراق و كوردستان. بە جۆرێك؛ سادق خانی برای بە هێزێكی (50) هەزار سەربازییەوە لە شیرازەوە بەرەو بەسرە ناردوە، نەزەر عەلی خانی زەندیش بە (12) هەزار سەربازەوە لە كرماشان-ەوە بەرەو بەدرە و جەسان بە رێ‌ كەوتووە. زستانی هەمان ساڵ، محەمەد شەفیع خانی زەندیش لەگەڵ (12) هەزار سەرباز گەیشتووەتە سنە و دوای (2) مانگ مانەوە، لە سەرەتای بەهاردا و بە رێنوێنی محەمەد پاشای بابان و پشتیوانی (خووسرەو خانی دووەم1755-1793ز)ی والی ئەردەڵان بەرەو قەڵا چوالان كەوتووەتە جوڵە.
هەرچەندە عومەر پاشا لە هەوڵی بەردەوام دا بووە هەتا پەیوەندی و دۆستایەتی نێوان هەر دوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێران تێك نەچێت و بەرژەوەندیە سیاسیەكانیان دووچاری مەترسیەكانی شەڕوشۆڕی زیاتر نەبێتەوە، بۆ ئەوەی كەریم خانی زەندیش رازی بكات دەست لەو داگیركاری و پەلامارە هەڵگرێت، عەلی موراد خانی بە رێزەوە ناردوەتەوە بۆ شیرازی پایتەخت. بە فەرمانێكیش ئەحمەد پاشای لاداوە و محەمەد پاشای وەكو میری بابان دامەزراندوەتەوە و فەرمانڕەوایی ناوچەكانی (هەولێر و ئاڵتون كوپری-پردێ‌)شی بۆ ئەحمەد پاشا دیاریكردوە، بەڵام بەو بڕیار و ئاڵوگۆڕانەی والی، نە كەریم خان لە هێرشەكانی ساردبووەتەوە و نە ئەحمەد پاشاش بەو ئاسانیە ئەو فەرمانەی جێبەجێ‌ كردوە، بەڵكو وەكو ناڕەزایەتیەك لەگەڵ مەحموود بەگی برای و دەستوپێوەندەكانیان بە پێچەوانەی بڕیارەكەوە روویان كردوەتە كەركوك.

سەرپێچی بڕیاری والی كردوە
سەرئەنجام، محەمەد پاشای بابان و هێزە پشتیوانەكەی هاتوونەتە ناو قەڵا چوالان، لە قۆڵی كرماشان-یش پێشڕەوی سوپای ئێران هەتا دەوروبەری ناحیەی (قەرە حەسەن-لەیلان)ی نزیك كەركوك هاتووە. لە باشووریشەوە سادق خان توانیوویەتی گەمارۆیەكی تووند بخاتە سەر شاری بەسرە كە نزیكەی (13) مانگ درێژەی كێشاوە.
كاتێك تەیموور پاشای قایممقامی هەریر و كۆیە بە هۆی بوونی ناكۆكی لەگەڵ بابانیەكان سەرپێچی بڕیاری والی كردوە بۆ مانەوە لە كەركوك بە مەبەستی روو بە رووبوونەوە لەگەڵ سوپای ئێران و گەڕاوەتەوە بۆ كۆیە، بە فەرمانی عومەر پاشا لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە و لە شوێنەكەی ئەحمەد پاشای بابان دامەزراوە. ئەویش لەگەڵ مەحموود بەگی برای و سلێمان ئاغای موتەسەللیمی بەسرە كە هەمان كات فەرماندەی هێزەكانی والی بووە، چوونەتە كۆیە بۆ ئەوەی تەیموور پاشا دەستگیر بكەن، بەڵام ئەو پێشتر خۆی دەربازكردوە.
ئەگەرچی عومەر پاشا بە راپۆرتێك بابی عالی و سوڵتان (عەبدولحەمیدی یەكەم1774-1789ز)ی عوسمانی لە بارودۆخی ئەیالەتی بەغدا ئاگاداركردوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی خودی والی بە هۆكاری سەرەكی ئەو داگیركاریە دانراوە، ساڵی (1776ز) لە دەسەڵات دوورخراوەتەوە و لە شوێنەكەی دا (مستەفا پاشا ئیسپیناغچی) والی رەقە، بە والی بەغدا دانراوە. هەمان كات بۆ دەستگیركردنیشی هێزێكی تایبەت دەوری شوێنی مانەوەی عومەر پاشای گرتووە، بەڵام لە كاتی هەڵاتن دا لە ئەسپەكەی كەوتووەتە خوارەوە و سەری بەر بەردێك كەوتووە و گیانی سپاردوە، پاشان سەریان بڕیووە و وەكو دیارییەك ناردویانە بۆ ئەستەمبوڵ.

ئەو كاتەی بەغدا بڕیاری داوە
بەهاری ساڵی (1777ز) حەسەن پاشای والی كەركوك بە فەرمانی (عەبدوڵڵا پاشا1776-1778ز)ی والی ئەو كاتەی بەغدا بڕیاری داوە لە سنووری خۆیەوە روو بە رووی سوپای ئێران ببێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە محەمەد پاشای میری بابان و ئەحمەد پاشای فەرمانڕەوای كۆیە و هەریر كردوە بە هێزەكانیانەوە هاوكاری و پشتیوانی بكەن. بە جۆرێك؛ محەمەد پاشا بۆ سەر سنە پێشڕەوی بكات و ئەحمەد پاشاش بەرەو قۆڵی زەهاو بەرێ‌ بكەوێت، هەر یەكەی (40) هەزار لیرەی زێڕیشی وەكو خەرجی شەڕ پێ‌ داون.
هەر دوای گەیشتنی ئەحمەد پاشا بە زەهاو بە مەبەستی تۆڵەكردنەوە لە دەسەڵاتدارانی عوسمانی، پەیوەندی بە هێزەكانی ئێرانەوە كردوە. دوای ئەوەی ساڵی (1778ز) بە فەرمانی كەریم خان، دووبارە هێزێكی (12) هەزار سەربازی لە سێ‌ قۆڵەوە بە فەرماندەیی هەر یەكە لە عەلی موراد خانی زەند و زولفەقار خانی ئەفشار و كەلب عەلی خانی كوڕی شێخاڵی خانی زەند لەگەڵ تەواوی هێزی ئەردەڵان، بە هاوەڵی ئەحمەد پاشا بەرەو قەڵا چوالان هێرشیان بردوە، بەڵام محەمەد پاشا لەو كاتەدا بە باشی زانیووە پاشەكشە بكات بۆ كۆیە و لەلای تەیموور پاشای قایممقامی ئەو كاتەی ناوچەكە بمێنێتەوە. كاتێك سوپای زەند و ئەردەڵان گەیشتوونە قزڵجە، لوتف عەلی خانی كوڕی سوبحان وێردی خان و مامی خووسرەو خانی والی ئەردەڵان بە چەند چەكدارێكەوە هەڵیكوتاوەتە سەر قەرەداخ و تاڵان و وێرانی كردوە. ئینجا ئەحمەد پاشا بە بێ‌ شەڕ جارێكی تر بووەتەوە بە فەرمانڕەوای بابان و بۆ جێگیربوونیشی رەزا قولی خانی برای خووسرەو خان بە هێزێكەوە لەگەڵی دا ماوەتەوە، دوای ماوەیەك ئەوانیش گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.
دوای مردنی عەبدوڵڵا پاشای والی بەغدا بە نەخۆشی سیل، بە فەرمانێكی هومایۆنی ئەستەمبوڵ (حەسەن پاشای كەركوكلی1778-1790ز) بە والی بەغدا دامەزراوە، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتی چەند كەسێكەوە ئاژاوە و پشێوی لە بەغدا سەریهەڵداوە.
لەو كاتەدا، محەمەد پاشا ئاڵۆزی و بارودۆخی بەغدا و پاشەكشەی هێزەكانی ئێرانی بە دەرفەت داناوە بۆ گرتنەوەی قەڵا چوالان و بە هاوكاری و پشتیوانی تەیموور پاشا پەلاماری ناوچەكەی داوە. دوای ئەوەی هێزی هەردووك برا لە گوندی (جێشانە)ی بناری چیای ژاژیلە روو بە رووی یەكتری بوونەتەوە، سەرئەنجام شەڕەكە بە سەركەوتنی هێزەكانی ئەحمەد پاشا و بەدیل گیرانی هەر یەكە لە محەمەد پاشا و تەیموور پاشا كۆتایی پێ‌ هاتووە. دواتر رۆژی (26-3-1778ز) تەیموور پاشا بە فەرمانی ئەحمەد پاشا لە سێدارەدراوە و محەمەد پاشای براشی لە قەڵای سرۆچك زیندانی كردوە. دواتر ئەحمەد پاشا بە وردی لە راپۆرتێك دا هەواڵی ئەو شەڕەی بۆ حەسەن پاشای والی نوسیووە، ئەویش لە بەرامبەردا لەگەڵ پێشكەش و دیارییەكی زۆر بە فەرمی ناوچەكانی كۆیە و هەریریشی بۆ خستووەتە سەر موڵكی بابان.

ئاڵۆزی و ناڕەزایەتیەكان
لەولاشەوە، بەهۆی یاخی بوون و ئاژاوەی (محەمەد ئاغای عەجەم ئۆغڵو)ی كەهیەی عەبدوڵڵا پاشای والی پێشووتری بەغدا كە خۆی بە شایستەی بوون بە والی داناوە، ئاڵۆزی و ناڕەزایەتیەكان لە دژی حەسەن پاشا نزیكەی (6) مانگ درێژەی كێشاوە. لەبەر ئەوە بە مەبەستی پشتیوانی و یارمەتی سەربازی محەمەد بەگی شاوی ناردوە بۆ قەڵا چوالان و داوای هاوكاری لە ئەحمەد پاشا و بابانیەكان كردوە، ئەویش لەگەڵ هێزێكی كارامەی هەڵبژاردەدا بەرەو بەغدا كەوتووەتە رێ‌. دوای هێرش و روو بە رووبوونەوەیەكی سەخت، محەمەد ئاغای عەجەم ئۆغڵو و ئەحمەد ئاغای كوڕی خەلیلی سەرۆك هۆزی وەند كە دوو سەركردەی دیاری یاخی بووەكان بوون پەنایان بردوەتە بەر مەردایەتی و میهرەبانی ئەحمەد پاشا، ئەویش داوای لە حەسەن پاشا كردوە لێیان ببوورێت، بەو شێوەیە كۆتایی بەو بارودۆخە هاتووە و ئەحمەد پاشا گەڕاوەتەوە بۆ قەڵا چوالان.
دوای ماوەیەكی كەم دووبارە ئاژاوە و بەیەكدادان سەریهەڵداوەتەوە، دیسان محەمەد بەگی شاوی بۆ هەمان مەبەستی پێشوو هاتووەتەوە قەڵا چوالان، بەڵام ئەمجارە ئەحمەد پاشا گومانی لە هەڵاتنی محەمەد پاشای برای كردوە لە زیندان، لەوە ترساوە دەست بەسەر دەسەڵاتی میرنشینەكەدا بگرێت، بڕیاری داوە هەردووك چاوی دەربهێنن بۆ ئەوەی مافی پاشایەتی نەمێنێت! دواتر هەمان رۆژ لەگەڵ پیاوەكانی دا بەرەو بەغدا كەوتووەتە رێ‌. هەرچەندە زوو لەو كارە بێ‌ بەزەیی و نارەوایە پەشیمان بووەتەوە كە لە بەرامبەر برا گەورەكەی دا كردویەتی و تووشی ئازارێكی دەروونی زۆر بووە. كاتێك گەیشتووەتە سەر چیای ئەزمڕ لەرز و تایەكی تووند دایگرتووە، بەڵام دوای ئەوەی گەیشتووەتە قەرەداخ تاكەی زۆری بۆ هێناوە و تاوی سەندوە، دوا جار لە بناری چیای (سەگرمە) گیانی دەرچووە.

پاشان لە رێ‌ و شوێنێكی شایستەدا
بەپێی تۆمارەكەی مەلا عومەری رەنجووری شاڵەبەگی؛ لە (24-7-1778ز) كۆچی دوایی كردوە، پاشان لە رێ‌ و شوێنێكی شایستەدا تەرمەكەی هێنراوەتەوە بۆ قەڵا چوالان و لە گۆرستانی پاشایان بە خاك سپێردراوە و بە زمانی فارسی ئەو دێڕە هۆنراوەیە لەسەر كێلی گۆڕەكەی نوسراوە؛ «شاە غازی احمدی لشكر شكن، انكە تیغش قلب أعدا میبرید».
ئەحمەدی پاشای داگیركەری لەشكرشكێن، كاتێك شمشێرەكەی دڵی دوژمنانی دەبڕی. ئەگەرچی بەداخەوە لە ئێستادا شوێنەواری گۆڕەكەی نەماوە.
جێگای ئاماژەیە، فەرمانڕەوایەتی ئەحمەد پاشا لە هەرسێك جارەكەدا تەنها چوار ساڵ و نیو بووە، دوای خۆی سێ‌ كوڕی بە ناوەكانی (برایم بەگ و خالد بەگ و عەزیز بەگ) هەبووە، دوو كچەكەشی لە برازاكانی عوسمان و ئەورەحمان، كوڕانی مەحموود بەگ مارەكردوە.

ئەم نامەیەش نموونەیەكە لە فەرمانێكی نووسراوی ئەحمەد پاشا لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خۆی دا كە مێژووی (5ی شەعبان1190ك) بەرامبەر (20-9-1776ز)ی بەسەرەوەیە و بە مەبەستی دامەزراندنی (مەلا مستەفای كوڕی مەلا شەمسەدین كوڕی مەلا عوسمان) لە شوێنی باوكی بە بەڕێوەبەری خوێندنگا و قازی قزڵجە نووسراوە لەگەڵ دەستنیشان كردنی چەند كەسێك بە هاوكار و فەرمانبەری دادگای ناوچەكە، هەروەها جگە لە وەرگرتنی سەرانە لە جوولەكەكانی قزڵجە، دیاریكردنی چەند گوندێكیش بۆ ئەوەی بە داهاتی زەویەكانیان كاروباری ساڵانەی دادگا و موچەی قازی و فەرمانبەرەكان دابینبكرێت.

تێبینی: سەرچاوەكان لە ئەرشیفی كوردستانی نوێ‌ دا پارێزراون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

بەرهەمێکی نوێی مومتاز حەیدەری

لەدووتووێی چەندین لاپەڕەی رەنگاوڕەنگدا کتێبی (خەڵاتی میللی لە لایەن کۆمەڵانی ...