سەرەکی » وتار » مه‌لا به‌ختیار‌ » شەھید جەمال شایستەی ئەوەیە…

مەلا بەختیار:

شەھید جەمال شایستەی ئەوەیە…

شەھید جەمال شایستەی ئەوەیە کە ئێمە بیکەین بە نموونەی بە خۆداچوونەوەمان*

چەند ڕۆژێک دوای شەهیدبوونی کاک جەمالی عەلی باپیر و هاوڕێکانی، کاک مەلا بەختیار لە کۆبوونەوەیەکدا وێڕای داخ و پەژارەی زۆری بۆ ئەو ڕووداوە نەخوازراوە، هاوکات باس لە ڕۆڵ و کاریگەریی شەهید جەمال دەکات و لە نێو خەڵک و شۆڕش دا. لێرەدا پوختەیەکی ئەو وتارەی کاک بەختیار لە (٣٧) ـەمین ساڵیادی شەهید جەمال دا بڵاودەکەینەوە.
کاکە جەمال، ھەر لە ساڵی ١٩٦٢ ـەوە کە ھێشتا لە تافی لاوێتی دا بوو، خۆی گەیاندە ڕیزی شۆڕشی ئەیلول، ئەوکاتە ئەوەندە منداڵ بوو لە ڕیزی پێشمەرگەدا چەکیان نەدایە و وەکو چایچیەک لە مقەڕدا وەریانگرت .
بەوپەڕی لەخۆبووردن چایچێتی قبوڵکرد، لە پێناوی خزمەتکردن بە کورد و کوردستان و بیر و باوەڕی خۆی، هەتا متمانەی لێپرسراوانی وەرگرت و چەکی شەرەفی کردە شان.
ھەر ئەو چەکی شەرەف کردنە شانە بوو، کە ھەتا ئەو ڕۆژەی گیانی خۆی لە پێناو نەتەوەکەمان بەخشی، یەک دەقیقە پشووی نەزانی لە پێناوی خەبات و تێکۆشان و سەرفرازی گەلەکەمان.
شۆڕشی پێشوو لە دەیان نەبەرددا بەوپەڕی قارەمانانە سەرکەوتنی تیا بەدەستهێنا و تا بوو بە یەکێک لە کادرە عەسکەرییە بەناوبانگەکانی ئەو شۆڕشە .
لەم شۆڕشەشدا کاکە جەمالی قارەمان یەکەمین دەستەی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێکەمان بوو لە ناوچەی سلێمانییەوە، و یەکەمین فیشەک بەرامبەر ڕژێمی فاشست تەقی کاکە جەمالی عەلی باپیر، بەدەستی خۆی بەرامبەر بە فاشستەکان تەقاندی.
ناوچەی شارباژێڕ، سورداش، ئالان، قەرەداغ، مەرگە، بادینان، ھەولێر، خۆشناوەتی، حاجی قەڵا، ھەموو شاھیدی قارەمانێتی کاکە جەمالی عەلی باپیرن.
پێموابێت نەک لە کۆبوونەوەیەکی ئاوادا، بگرە لە دەیان و سەدان کۆبوونەوەی تردا لە دەیان و سەدان بڵاوکراوەدا، لە دەیان و سەدان ڕۆژنامە و گۆڤاردا ھەرگیزاو ھەرگیز ناتوانین ئێمە مافی تەواوی کاکە جەمال و ئەو شەھیدانە بدەین .چونکە ئەو شەھیدانە ڕۆژێک و دوو، ساڵێک و دوو نیە خەبات دەکەن لە سەنگەرەکانی خەباتدا، وا بۆ بیست ساڵ دەچێت کاکە جەمال و ھاوبیرەکانی خەبات دەکەن، وا بۆ بیست ساڵ دەچێت ئەوان خەبات دەکەن دەست لە دوژمن ئەوەشێنن خەباتی خۆیان درێژە پێداوە، ئیتر چۆن ئێمە ئەتوانین لە کۆبوونەوەیەکی ئاوادا یان لە بەیان و ڕۆژنامەیەکدا بتوانین مافی تەواوی ئەوان بدەین.
بە دوورودرێژیی نایەمە سەر باسی ژیانی ئەو پێنج قارەمانە..
چونکە مەکتەبی سیاسی بەڕێز دوێنێ لە ئیزگەدا بە دوورودرێژی لە سەر ھەر پێنجیان، بەیانێکی تێروتەسەلی بڵاوکردەوە و تەئریخی ژیان و تێکۆشانی ھەموویانی خستەڕوو .
ئەوەی بەلامەوە مەبەست بێت و ولەم کۆبوونەوەیەدا ڕوونی بکەمەوە، ئەویش ئەوەیە ئاخۆ کاکە جەمال و ئەو قارەمانانە بۆچی خۆیان بەخت کرد و دەبێت ئێمە چی بکەین لەدوای ئەوان؟.

برایانی خۆشەویست!
ھەمووتان ئەو ڕاستیە باش ئەزانن، کە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کوردستانی دابەشکراو و داگیرکراوماندا ئابڵوقە دراوی چەندین دوژمنە .چ دوژمنانی نەتەوایەتی چ دوژمنانی چینایەتی، چ دوژمنانی ئایدیۆلۆژیمان. ھەموو ئەو دوژمنانە بە ئەنواعی نەخشە، بە ئەنواعی پیلان، بە ئەنواعی فرتوفێڵ، بە ئەنواعی پڕوپاگەندە، بە ئەنواعی قسەو قسەڵۆک، داو بۆ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و تکۆشەرە قارەمانەکانی دەنێنەوە، بۆئەوەی ڕێبازی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە کوردستانی داگیرکراودا وەک پێویستە نەچەسپێ و لە دڵ و دەروونی جەماوەری زەحمەتکێشی کوردستاندا وەک پویستە نەکەوێتە گەڕ.

برایانی خۆشەویست!
ھەمووتان دەزانن کە کاکە جەمال لە ناو خەڵکدا، ئستا تەئسیرەکەی دەرئەکەوێت کە چەند گەورەیە، کە چەند مەزنە و کە چەند پیرۆزە .
ھەمووتان دەزانن دێ نیە نەچینە ناوی و بۆنکڕوز لە دەروونی جوتیار و منداڵ و پیر و ئافرەت و کچی ئەو دێیە بۆ کاک جەمالی قارەمان ھەڵنەستێ .
بەسەدان مەڕ و بەسەدان بزن لە ھەموو ئەو دێهاتانەی کە پیا ڕۆیشتووین کراون بە مەولود تەنها بۆ ئەوەی خەبەری شەھیدبوونی کاک جەمال ڕاست نەبێت.
ھیچ فەلاحێک، ھیچ کەسێک ئێمە نەماندیوە ئاخ و ناڵەی بۆ کاک جەمال لێ ھەڵنەستابێ.
تەنانەت ئامر فەوجی بنگرد کە دوژمنی ئێمەیە و ڕۆژ نیە پیلانمان دژ نەگێڕێ و ڕۆژ نیە بە خوێنی یەکێکمان تینوو نەبێ، بە زمانی خۆی ئیعترافی کردووە، وتویەتی:
«ئەو مەسئولەی کە بەزۆریی دەستی لە حکومەت وەشاندووە لە ھەموو کوردستاندا جەمالی عەلی باپیرە، ئەو کەسەی کە زیاتر ئێمەی تەزاندووە جەمالی عەلی باپیرە، ئەو کەسەی کە ئێمە زیاتر لە ھەموو کەس لێی ترساوین جەمالی عەلی باپیرە، ئەو کەسەی کە شەو و ڕۆژ خەومان لێ نەکەوتووە لە ترسی جەمالی عەلی باپیرە، بەڵام زۆر بەداخەوە قارەمانی وا ئاوا کوژراوە.. زۆر بەداخەوە کوژراو ڕۆشت !».
ئافەرم بۆ قارەمانێک کە تانەت دووژمنەکانیشی دانی خێری پیابنێنن ئا ئەمە مەزنیەتی قارەمانە، ئا ئەمە پاڵەوانیەتی کاکە جەمالە کە نەک خۆمان بەڵکو دوژمنانیشمان ناچارن کڕنۆشی بۆ بەرن و ناچارن سەری بۆ دانەوێنن .
شەھید جەمال شایستەی ئەوەیە کە ئێمە بیکەین بە نموونەی بە خۆداچوونەوەمان، بیکەین بەوەی کە ھانمان بدات بیر لە خۆمان و بیر لە بیر و باوەڕەکەمان و بیر لە پەیوەندییەکانمان و بیر لە خۆشەوستی نێوان خۆمان زیاتر بکەینەوە٠.

*پوختەی وتارێکی دەنگیی کاک مەلا بەختیار لە رۆژی (٢٢-٨-١٩٨١) واتا دوو ڕۆژ دوای شەهیدبوونی جەمالی عەلی باپیر و هاوڕێکانی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دوا پەیامی ئۆجەلان و مەترسییەكان

(1) ئەشكەنجەی دەرونی و پەیامی زیندان لەساڵی (1999)وە، بە پیلانێكی ...