سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » رۆژئاوای كوردستان لە بەرخۆدان و بەرەڤانیەوە بۆ سەر مێزی دان و سانپەڕە 27

دەر و دراوسێ

رۆژئاوای كوردستان لە بەرخۆدان و بەرەڤانیەوە بۆ سەر مێزی دان و سان

ڕۆژئاوای كوردستان واتە باكووری سوریا لە چەند ساڵی ڕابردووی شۆڕشی خەڵكی سوریا لە ساڵی 2011 ەوە پێگەو ڕۆڵێكی بەرچاو و گرنگی هەبوو ە ، ئەو خەڵكەی یان ئەو بەشەی كورد كە لەبن دەسەڵاتی دەوڵەتی سوریادا بوون نەك هەر مافی ئاسایی هاووڵاتی بوونی ئەو وڵاتەیان نەبوو بەڵكو بەشێكی زۆریان ناسنامەی سوریشیان پێنەدەدرا وا پیشانی دەرەوە دەدرا كەو كەمینەیەكی زۆر كەمن و چەند سەد هەزار كەسێكن بەڵام لە دوای ڕاپەڕینی خەڵكی سوریا دژ بە ڕژێمی ئەسەد دەركەوت كە كوردی سوریا ملێۆنەها خەڵكی تێكۆشەرن و دوای دەیان ساڵ نكووڵی كردن لە مافەكانیان زیاتر سووربوون لە سەر ناسنامەو مافەكانی خۆیان بەڵكو ڕق و كینەو تۆڵە لە فەرهەنگی ئەواندا نیەو بەڵكو جوانترین نموونەی پێكەوە ژیانیان لە گەڵ پێكهاتەكانی تری سوریادا پیشانی جیهان دا .
لە ئێستای بارودۆخی سوریادا و لە دوای ڕزگاركردنی ڕەقە پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە لایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە ( هەسەدە) كە هێزێكن زۆرینەی كوردن و لە یەكینەكانی پاراستنی گەل پێكهاتوون و ئەمریكا پشتیوانی یان لێدەكات سەرەڕای ناڕەزایەتی و ڤیتۆی دەوڵەتی توركیا لە سەریان لە دوای داگیر كردنی كانتۆنی عەفرین لە لایەن توركیا و گروهە وابەستە كانی ئۆپۆزەسیۆنی سوریاوە و وەدەرنانی هەموو تاقم گروهە تیرۆریستەكانی بەناو ئۆپۆزەسیۆنی سوریا كە سواری شەپۆلی بێزاری و داخوازییەكانی گەلی سوریابوون لە لایەن هێزەكانی دەوڵەتی سوریاوە بە پشتیوانی ڕوسیاو ئێران ئێستا دۆخێكی نوێ‌ لەو وڵاتە هاتۆتە ئاراوە .

كورد چی بكات ؟
ئەگەر چاوێك بە بەرنامەی هەموو ئەو هێزانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریادا بخشێنین كە هەموو گروهو تاقمی ئاینی و مەزهەبین و هیچ بەرنامەو چارەسەرێكیان بۆ كێشەی كوردو پێكهاتكانی تری ئەو وڵاتە پێ نیە بە تایبەتی ئەوانەی كەزۆربەیان وابەستەی توركیان و سیاسەتەكانی ئەوان جێبەجێ‌ دەكەن و نكووڵی لە مافی كورد و هەموو پێكهاتەكانی غەیرە عەرەب دەكەن ، بۆیە ئەوەی لە ئێستادا سەردێڕی هەواڵەكانە گفتوگۆو دان و سانی نێوان كورد و حكومەتی سوریایە بە تایبەتی لە ساڵانی ڕابردووی شەڕی ناوخۆی سوریا ئەم ڕاستیە زیاتر بۆ هەمووان وەدەركەوت .

پێگەی كورد لە سوریا
بەشی زۆری ئەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە بندەستی هێزەكانی سوریای دیموكرتدان نزیكەی 30% خاكی سوریا یە و هەروەها لە 90% نەوتی سوریا لە بندەستیاندایە جگە لە نیوەی غازی سروشتی و بەشێكی زۆری بەروبوومی كشتوكاڵ و دانەوێڵەو و چەندین بەنداوی گرنگ واتە كوردەكانی سوریا دووەم هێزن لە دوای هێزەكانی حكومەتی سوریا .

پێگەی هێزەكانی دەوڵەتی سوریا
لە ئێستا بەشی زۆری ئەو ناوچانەی كە ڕژێم دوای ساڵی 2011 لە دەستی دابوون ئێستا پاكی كردووەتەوە لە تاقم و گروپە تیرۆریستەكان وات لە 60 % خاكی وڵاتی لە بندەستایە .
لەئاوا بارودۆخێكدا كە كوردخاكی بە دەستەوەیە و تا ڕادەیەكیش پشتیوانی دەرەكی هەیە واتە ئەمریكا دووریش نیە ئەم دانوسانە بە هەڵكردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریكاو ڕووسەكانیش بووبێت بۆیە دەكرێت كورد و بتوانێت میكانیزمێك بدۆزێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی هەموو ئەو ناوچانەی كە ساڵانێكە ئەوان بە جوانترین شێوە بەڕێوەی دەبن كە نموونەیەكی جوانی كارگێڕی و پێكەوەژیانیان نمایش كرد كە دۆست و دوژمنەكانیشیان ناتوانێت نكووڵی لێ‌ بكات .
هەربۆیە لە دوای كۆتایی هاتنی گەڕی دووەمی دان و سانەكان باس لە پێشووەچوونی باش دەكرێت لە گفتوگۆكاندا كە دەوڵەتێكی دیموكراسی نا سنتراڵ دابمەزرێت و چەندین كۆمیتە پێكهێنراوە لە سەرئاستی جیاواز بۆ پێشخستنی دانو سانەكان و دانانی میكانیزم و فۆرمی نوێ‌ بۆ كۆتایی هێنان بە توندو تیژی كە گەلی سوریای بە هەموو پێكهاتەكانیەوە ماندوو و بێزار كردووە كە نەخشە ڕێگایەك دابنرێت بەرەو سوریاییەك كە دیموكرات و ناسنتراڵ.
بەهەرحاڵ وتووێژو دان و سان و دووركەوتنەوە لە بەریەككەوتن لە ئێستادا لە قازانجی كوردە و ئەوەی ڕوون و ئاشكراشە سوریا ناگەڕێتەوە بۆ پێش 2011 بۆ سیستەمی یەك حزبی شمولی و تۆتالیتاری ڕووداوەكانی هەشت ساڵی ڕابردووی ئەو وڵاتەش ئەوەی پیشانی جیهاندا كە ئەڵتەرنەتیفی ڕژێمی ئەسەد لەوەیە هەر خۆی بێت كێشەو ئاڵوزییەكانی پەیوەندی نێوان توركیا و سوریاش خزمەت بەم پرسە دەكات .

 279 جار بینراوە