سەرەکی » دۆسێ » دۆستایەتی و دەسەڵات و «هاوسەنگیی مرۆڤایەتی»

گێرتروود بێڵ و شا فەیسەڵی عێراق:

دۆستایەتی و دەسەڵات و «هاوسەنگیی مرۆڤایەتی»

وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

نووسین و لێکۆڵینەوەی: ستێفن جانکیڤیچ/ زانکۆی تەمپڵ
لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم، دەبوو بەریتانییەکان سنوور و ئەگەرەکانی پرۆژەی کۆڵۆنیاڵییان سەرلەنوێ هەڵبسەنگێننەوە و لە سەروەختی دامەزراندنی دەوڵەت – نەتەوەیەکی نوێ لە عێراقدا بە پێویستیان زانی خۆیان وەک «راوێژکار» پیشان بدەن نەک حوکمڕان. دواتر کە عێراق وەک دەوڵەتێکی مۆدێرن «زەمانەت کرا» بە هۆی بۆمبارانی دڵڕەقانەی هێزی ئاسمانیی بەریتانی، ئەوە بە زۆریی دەگەڕێتەەوە بۆ کاری گێرتروود بێڵ. کەرەستەکانی ئەم خانمە تەنها چەک و چۆڵی ئاسایی نەبوون، بەڵکو سۆزداری و خۆشەویستی و دۆستایەتی بوون. بەهەرحاڵ ئەمانە کەرەستەی توانا و دەسەڵات بوون و ساڵی ١٩٢٢ لە کۆبوونەوەیکیدا لەگەڵ فەیسەڵی مەلییکی نوێی عێراقدا لێکتر ئاشکرا بوون. لەم رووەوە لە نامەیەکیدا دەنووسێت «من بەوە دەستم پێکرد کە ئاخۆ لەڕووی شەخسییەوە باوەڕی بە دڵسۆزی و دۆستایەتیی راستەقینەی منە بۆ ئەو، کەچی لەوەڵامدا پێیوتم کەوا هیچ گومانێکی لەوەدا نیە لەبەرئەوەی زۆر باش دەزانێت کە من پارساڵ چیم بۆ کردووە»١. هەروەها بۆی دەنووسێت کەوا «من ئەوپەڕی ناخۆشحاڵم، چونکە من خەیاڵێکی جوان و ناسکم لای خۆم بنیات نابوو بەڵام روانیم بە بەرچاومەوە دەڕەوێتەوە. ئەڵبەتە وێنەی هەموو خانەدانێکم لا سڕایەوە کە لام پەسەند بوو، سەرباری خۆشەویستیم بۆ گەلی عەرەب … هیچ کاتێ بیرم لەوە نەدەکردەوە کە دەتوانم بەهەڵمبوونی ئەو خەونانەی رابەرییان دەکردم بە چاوی خۆم ببینم»٢. ئەوجا زیاتر لەسەری دەڕوات و روونیدەکاتەوە «من وام پێباشتر بوو بڕۆم پێش ئەوەی ئەو خەیاڵە بەفرینەی لای خۆم دروستم کردبوو بۆ ئەو کەسەی سوێندی دڵسۆزی و وەفام بۆ خواردبوو بە بەرچاومەوە بتوێتەوە. ئێمە لەسەر ئەم بابەت و بۆچوونە گفتوگۆیەکی گەرموگوڕمان کرد و لەناکاوێکدا دەستی ماچ کردم و … ئەی کە چ شڵەژانێک بوو!»٣. پەرۆشیی بێڵ بۆ «ئەو خەونەی کە رابەر و رێنمای بوو» زۆر گرنگە – خەونێک کە دەکرێت رووداوێکی تایبەت و دەروونی بێت یان دید و بۆچوونێکی جوان و یەکلاکەرەوەی کۆمەڵایەتی بێت. بۆ بێڵ خەونەکەی بۆ عێراق هەردوو شتەکەی دەگرتەوە و لێکتر ئاڵابوون.


ئاڵوگۆڕ و تێکەڵ بوون لەگەڵ فەیسەڵدا دیمەنێکی پڕ سۆزی گەرموگوڕە. بێڵ لە لایەک باس لە «خۆشەویستیی بۆ گەلی عەرەب» دەکات و لە لایەکی تریشەوە قسە لەسەر «دڵسۆزیی شەخسی» دەکات بۆ فەیسەڵ لەکاتێکدا کە ئەم دەستی ماچ دەکات و کەچی لەهەمان کاتیشدا دانوستانە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی. بێڵ دەسەڵاتی خۆی وەک پسپۆڕێک لە کاروباری «رۆژهەڵاتدا» بەکاردەهێنا لەسەر شەخسی شا فەیسەڵ و بە گریمانەی خۆی کاریگەریی لەسەر ئەم سەنگی مەحەکی ناسنامەی پیشەیی خۆی دەبێت لە عێراقدا. کەواتە لێرەدا قەیرانێکی سیاسی دەبوو بە قەیرانێکی شەخسی و تەنها ئەمەش چاوەڕێ دەکرا لە کاری بێڵ سەبارەت بەم تێکەڵبوونەی دۆستایەتی و سۆزداری و دەسەڵات و داگیرکردنەدا.
لەو رۆژەوە کە بێڵ لەبارەی «وێنە بەفرین یان وێنە تەڵخەکانی» خۆی لەگەڵ فەیسەڵ دوا، نامەیەکی دوورودرێژی بۆ باوکی نووسی و هەموو شتێکی بۆ شیکردەوە و بە باوکی وتبوو «رۆژێکی هێجگار سامناکم بەسەربرد. بە رۆحم ئەو ئەزموونە سۆزدارییانەی کە لە ئێستادا پێیاندا تێدەپەڕم لە عێراقدا زۆر لە قەناعەت و بۆچوونی رابوردووەوە نزیکە ئەگەر بە راستیش دەرنەچن»٤. ئەو لە خەمی ئەوەدا بوو کە بڵاوبوونەوەی واتەوات و دەنگۆی درۆ و دەلەسە مەلیکیان دڵکرمێ کردووە و لە دژی ئەم هەڵیانگێڕاوەتەوە و رایگەیاند کە ئەم «چاوەڕێ ناکات و لێناگەڕێت تا ئەو کەسە هیچ و پووچانەی مەلیک بڕوای تەواوی پێیان هەیە رەشی بکەن لەبەرچاوی»٥. هەرچەندە ناکۆکیی سیاسی بووبوو بە هۆی گرژیی نێوانیان، بەڵام ئەو شتەی کە بێڵی گەیاندە لێواری دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی، وەک خۆی باسی دەکات، ئەگەری ئەوە بوو کە چیتر مەلیک باوەڕی پێ نەماوە و وەک جاران رێزی ناگرێت. ئەگەرچی ئەم بریکاری داگیرکەر بوو بەڵام نەیدەتوانی لە پرۆژەکەیدا لەمەڕ داگیرکاری بەردەوام بێت ئەگەر بە مانایەک خۆشەویستیی نەکردایە.
گێرتروود بێڵ لە ساڵی ١٨٦٨ لەدایکبووە، لە ئۆکسفۆرد خوێندوویەتی، شیعری لە فارسییەوە وەرگێڕاوە و هەروەها شوێنەوارناسی و زمانی عەرەبیشی خوێندووە. لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا لە دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەیدا کاری کردووە کە دواتر وەک نووسینگەی عەرەبی ناسرا. ئەو لە ماوەی خزمەتیدا کورتە راپۆرتی خێرای هەواڵگری ئامادە دەکرد لەگەڵ یاداشتگەلی لەژمارە نەهاتوو لەسەر سەرۆک هۆز و شێخەکانی میسۆپۆتامیا و دەوروپشتی، سەرنج و تێبینییەک لەسەر وەرگێڕان یان گواستنەوەی دەقاودەقی عەرەبی transliteration بۆ قوتابخانەی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتناسی لە لەندەن، وەرگێڕان و کۆد شیکردنەوەی دابونەریتی شیعە، راپۆرتگەلی زۆر لەسەر سوریا و میسۆپۆتامیا و … دەرکردنی رۆژنامەی «ئەلعەرەب» یرەسمیی بە زمانی عەرەبی لەئەستۆ گرتبوو٦. بە پێی جانێت واڵاش «راپۆرتەکانی بێڵ لە بڵاوکراوەی Arab Bulletin یشدا دەردەکەوتن کە بڵاوکراوەیەکی نهێنی بوو لە سەر کەسایەتی و سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە نووسینگەی عەرەبی لە قاهیرە سەرپەرشتیی دەکرد کە بە شێوەیەکی بەربڵاو دەنێردرا بۆ کاربەدەستە باڵاکانی هەواڵگری»٧. لە پاش جەنگ بێڵ «وەک سکرتێری رۆژهەڵات بۆ کۆمیسیاری باڵا لە بەغدا خزمەتی کرد و تاقە ژنی بەشدار بوو لەو نێردەیەدا کە بۆ کۆنفرانسی ئاشتیی ١٩٢١ ی قاهیرە چوون و … هاوکار بوو لە دانانی بەردی بناغەی عێراقی نوێدا و نەخشەی سنووری وڵاتەکەی دانا»٨. بە پێی ئێج. ڤی. ئێف. وینستن «کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت بە زۆری لە ماڵی ئەودا دەبەسترا و هەوڵیدەدا هێزە جیاوازەکان کۆبکاتەوە کەوا بەریتانیا هیوای لەسەر هەڵچنیبوون بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی و ئەنجومەنێکی هەڵبژێردراو»٩.
ئەڵبەتە دەبوو بەشی هەرە گەورەی وزە و کاریگەریی بێڵ لە مەلیک فەیسەڵدا بخرێتە کار و بەریتانییەکان فەیسەڵیان وەک بەربژێریکی زۆر پەسەند کاندید کردبوو بۆ رژێمیکی پاشایەتیی گونجاو لە عێراقدا، چونکە پێیانوابوو کە بەشداربوونی لە شۆڕشی عەرەبیدا و ئەو ماوە کورتەی کە حوکمڕانی سوریا بوو ئەوەی دەگەیاند کە لێهاتوویی سیاسیی پێویستی هەبێت بۆ رۆڵێکی لەم چەشنە١٠. کاربەدەستە بەریتانییەکان حوکمڕانێکی بووکەشووشە ئاسایان دەویست بۆ عێراق کە لە خەت لانەدات و ئەوان نائومێد بوون لە فەیسەڵ کە شکست بێنیت و نەتوانێت ئەو رۆڵە بە باشی بگێڕێت و لەگەڵ ئەوەشدا «وا پێدەچوو کە فەیسەڵ تاقە بژاردەی گونجاو بێت»١١. لە پاش کۆنفرانسی قاهیرە لە مارتی ١٩٢١دا تەخت و تاجی عێراق بە فەیسەڵ بەخشرا. لە مانگی ئابی ئەو ساڵەدا بەریتانییەکان کەوتنە کار بۆ سازدانی «راپرسییەک» بە مەبەستی سەپاندنی فەیسەڵ بەسەر دەسەڵاتدا١٢. راستییەکەی بێڵ بوو بە یەکێک لە بەهێزترین داکۆکیکاران لە فەیسەڵ – بەڵام بە هەندێ سنووردارییەوە.


لە حوزێرانی ساڵی ١٩٢٢دا و لەو کاتەدا کە بێڵ وتاری دڵگەرمانەی دەدا، مەلیکی عێراق هەوڵیدەدا سەربەخۆیی خۆی بسەلمێنێت. کاکڵەی ناڕێکی و ناتەبایی ئەوان دانوستان بوو لەسەر ئەگەرێکی پەیماننامەی هاوکاریی نێوان عێراق و بەریتانیا، کە ئامانجی بەریتانییەکان تێیدا ئاسانکاری و رەواندنەوەی دوودڵی و نیگەرانی بوو لەبارەی ماندێتە ناپەسەندەکەیانەوە لە عێراقدا. بەڵام مەسەلەی پەیماننامەکە قەیرانێکی لێکەوتەوە کە مشتومڕی لەسەر رێکخستنی و چێکردنی دەوڵەتی عێراق ورووژاند. بە پێی چارڵس تریپ «کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕین لە شارە شیعەنشینەکانی باشووردا رێکخرا و ئاژاوە و بشێویی ناوچەکانی فوراتی ناوەڕاستی گرتەوە و دژ بە پەیماننامەکە ورووژان و لە هەمان کاتیشدا نیگەرانیی تایبەتی شیعەکانی دەردەخست سەبارەت بەوەی کە پەیماننامەکە و دەزگا دەستوورییەکان رەزامەندیی دەربڕین لەسەر چەسپاندنیان رەنگە دەوڵەتێکی لێ بێتە کایەوە کە لە کۆنترۆڵی ئەمان دەرچێت و بە شێوەیەکی ئاسایی بەرژەوەندییەکانیان پشتگوێ بخات»١٣. مەلیک پشتگیریی کۆمەڵانی ناڕازیی کرد کە دژ بە پەیماننامەکە بوون بەڵام تووشبوونی ناکاوی بە ریخۆڵە کوێرە نەیهێشت مەسەلەکە بگاتە بەرەنگاریی کۆتایی لەگەڵ بەریتانییەکان١٤. پاشان سێر پێرسی کۆکس هەل و دەرفەتی قۆستەوە بۆ «سەپاندنی حوکمی راستەوخۆ و زۆربەی حیزب و رۆژنامە رادیکاڵەکانی سەرکوت کرد و ژمارەیەک لە سیاسییە نەیارەکانی لە وڵات دوورخستەوە و تیرە و هۆزە یاخییەکانی ناوچەی فوراتی ناوەڕاستی بە فڕۆکە بۆردمان کرد»١٥. بەمەش مەلیک زانی کە ناتوانێت بەرەنگاری بڕیاری توندوتیژی لەم چەشنە بێتەوە و لەبەرئەوە کۆڵیدا١٦.
بەهەرحاڵ، فەیسەڵ لە مەبەستێک زیاتر بوو بۆ زانیاریی بێڵ و پەیوەندییەکی ئاڵۆز و گەرموگوڕ لە نێوان مەلیکی تازە بابەت و ئەفسەری هەواڵگریدا پەرەیسەندبوو. تێکەڵبوونی ئەوان بوارێکی بەرفراوانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی گرتبووەوە و لەوانە «پێکەوە گەشت کردنیان، یاری کردنی تێنس، چوون بۆ رمبازیی ئەسپ (رەیسز)، مەلەکردن و چای خواردنەوەیان»١٧. فەیسەڵ وا تەماشای بێڵی دەکرد کە ئەندامێکی گرنگی ماڵەکەیەتی، هەرچەندە کە بە راستی لەگەڵیدا نەدەژیا. کاتێ کە بێڵ پێشنیازی دەکرد کە دەبێ فەیسەڵ خوانی زیاتری ئێواران ساز بکات و پێشنیازی میوانەکانیشی دەکرد، «ئەم کوتوپڕ بەوپەڕی دەروون گەرمییەوە هەڵیدەدایە» و دەیوت «ئەی مەگەر خۆت خانمی گەورەی ماڵ نیت و هەر کەسێکت پێباشە بانگهێشتی بکە»١٨. کاتێ کە فەیسەڵ نەخۆش بوو، جارێکیان هەر لەسەر جێگەکەیەوە سڵاوی لە بێڵ کرد و «یاوەران و دەستوپێوەندەکەی تووشی سەرسوڕمان بوون کاتێ کە بەم شێوە ناڕەسمییە بەخێرهاتنی کردم»١٩، بەڵام ئەم بەوە دڵنیای کردنەوە کەوا «کەسێکی خۆییە و یەکێکە لە خەڵکی ماڵ»٢٠. فەیسەڵ روون و ئاشکرا بەشدار بوو لەم پەیوەندییە گەرم و بەتینەدا، بەڵام ئاخۆ وای هەست دەکرد کە ئەمە دەربڕینێکی ئاسایی ئەجیندە سیاسییەکەیەتی یان کارێکی پێچەوانەیە، یەوە بەتەواوی روون نیە.
بێگومان بێڵ کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر رێکخستنی ناوماڵی فەیسەڵ و جارێکیان هاتەوە یادی کە «مەلیک مێژووی هەموو خێزانەکەی بۆ باسکردم کە دایکی و داپیرەی و ژنەکەی و کچەکانی ئارەزووی چی دەکەن و گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کرد کە کچەکانی لە کێ مارە بکات و چۆن کوڕەکەی بخوێنیت. من بە هیچ جۆرێک خۆتێهەڵقورتاندنم لەو مەسەلەیەدا پێخۆش نەبوو … بەڵام کاتێ کە بیرم لێکردەوە مەسەلەکە بوو بە مەراقم کە پێویستە کاروباری خێزانی فەیسەڵ دامەزرێنم چونکە لە لایەک نەوەی پێغەمبەرە و لەهەمان کاتیشدا مەلیکی عێراقە»٢١. کاتێ غازیی کوڕی فەیسەڵ گەیشتە بەغدا، بێڵ بەرگدروویەکی ئینگلیزی راسپارد جلوبەرگی بۆ بدوورێت و کەسێکی پەیداکرد فێری زمانی ئینگلیزیی بکات و رایسپارد کە لە بازاڕەکانی هاڕۆدز (لە لەندەن – و) کەرەستەی یاریکردنی بۆ بێت٢٢ و زۆری پێناخۆش بوو کە چۆن «ئەم کوڕە بەتەواوی پشتگوێ خراوە لە ماڵێکی پڕ لە کۆیلە و ژنانی نەخوێندەواردا»٢٣. خۆ بە هاوشان زانینی لەگەڵ فەیسەڵدا و هەوڵدانی بۆ بەشداری کردن لە بەخێوکردنی منداڵەکانیدا و هاوسۆزیی بۆ ئەم دژ بە ئەندامانی تری بنەماڵەکەی وایدەگەیاند کە بێڵ لە خەیاڵیدا خۆی بە جۆرێک لە ژنی فەیسەڵ لەقەڵەم دەدا.
رەگەز یان جێندەری بێڵ لە عێراقدا مەسەلەیەکی ئاڵۆز بوو. هەندێ بەڵگە و ئاماژە هەن لەبارەی ئەگەری پەوەندیی جەستەیی لە نێوان مەلیک فەیسەڵ گێرتروود بێڵدا. جانێت واڵاش وایبۆدەچێت کە بێڵ جۆرە پەرۆشی و دڵبەندییەکی بووە بەسەر فەیسەڵەوە، «چەشنی کیژۆڵەیەکی قوتابخانە»٢٤. جارێکیان لە بەغدا پێکەوە چوون بۆ شانۆ و «کاتێ کە بە ئۆتۆمبیل گەڕاینەوە وەک رێکەوتێکی لابەلا مەلیک قۆڵی لە کەلەکەم ئاڵاندبوو، چەشنی ئەوەی ئێوارە پیاسەیەک لە لەندەندا بکەیت»٢٥. لەگەڵ ئەوەشدا، بەگشتی پەیوەندیی نێوان بێڵ و مەلیک لە بازنەیەکی پەیوەندیی خێزانیدا دەهاتە بەرچاو. بێڵ لە نامەیەکی تریدا بۆ باوکی زیاتر باس لە پەیوەندیی خۆیەوە دەکات بۆ فەیسەڵ و دەڵێت «من ناتوانم بە تەواوی بۆت دەربڕم کە پەیوەندییەکی چەند خۆشمان هەیە و متمانەیەکی هێند پڕ لە خۆشەویستییە کە باوەڕ ناکەم هیچ شتێک جێلەقی بکات. ئەو بە شێوەیەکی ئاسایی بە <خوشکە ئازیزەکەم> بانگم دەکات و هەستێکی وام پێدەبەخشێت کەوا کەسێکی هەزار و یەک شەوەی عەرەب بم Arabian Nights»٢٦. ئەڵبەتە سەرەڕای شانازی کردنی بێڵ بە نازناوی «خوشکەوە» بەڵام هەندێ جار توانا و دەسەڵاتی خۆی تا ئەندازەیەک لە خۆ بە پیاو شوبهاندن یان لانی کەم لە تەمومژی مەسەلەی رەگەز و جەندەریدا بەکاردەهێنا. ئەو تاقە ژن بوو لە نێوەندێکی سیاسیدا کە پیاوانی خاوەن هێز تیایدا باڵادەست بوون و ئەم گەرەکی بوو ئەو بیر و بۆچوونە باوە رەتبکاتەوە کە لەسەر مەسەلەی رەگەز و جەندەر هەڵچنرابوو، یان لانی کەم دەیخواست بە تەواوی سنووربەندیی مەسەلەی رەگەز و جەندەری خۆی وەک مێینەیەک رەتبکاتەوە لە پێگەی بە ئەنجامگەیاندنی کار و پەیامی لە نێو ئەو هێز و دەسەڵاتەدا. جارێکیان، لە میانەی هەوڵدانیدا بۆ هەڵوەشانەوەی یاسا و رێسایەک کەوا گەشتی مێینەی قەدەغە دەکرد لە سواربوونی فڕۆکەی پۆستە گواستنەوەی هێزی ئاسمانیی بەریتانیدا، نووسیبووی «من ئەفسەرێکم بێ سێکس و رەگەز»٢٧.


بەدەر لەم پێگە جەندەرییەی بێڵ، کە مەسەلەیەکی ئاڵۆز بوو لە عێراقدا، مۆرکی «خۆشەویستی» بەو ئەندازەیە ناسک و هەستەوەر بوو کە تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەلیکدا بگرێتەوە. بێڵ لەبارەی «خۆشەویستی و رێزی» فەیسەڵەوە بە شێوەی «زیاد لەوەی کە من دەیڵێم» دەدوێت٢٨. ئاخۆ ئەو چی لەبارەی ئەمەوە «خۆشویستووە»؟ یان وردتر بڵێین ئەم خۆشەویستییە چۆن گوزارشی لێکراوە لەو تێکستانەی کە لە دوای خۆی بەجێیهێشتوون؟ فەیسەڵ تا رادەیەک سەرنجڕاکێش بوو چونکە ئەم، واتە بێڵ، هێما و سیمبۆڵی «رۆژهەڵاتی» تێدا دەبینی و وای لەبارەوە دەدوا کە چەند «مەزن و رەونەقدار» دەهاتە بەرچاو «لە کەوا و پۆشاکە سپییەکەیدا کاتێ کە عەبایەکی رەشی دەکرد بەسەریاندا و غوترەی سپی و عەگاڵی لەسەر دەکرد»٢٩. هەروەها سەرنجی ئەوەی دابوو کە چۆن قسە دەکات «بە زمانێکی شیرینی بیابان… کە دەنگیدەدایەوە و مەزنیی لێدەباری و هیچ زمانێکی تر وەک ئەمەی ئەم نەبوو»٣٠. هەرچەندە شێوازی ستانداردی «خانمی رازگری رۆژهەڵات» ی چەشنی ئەم رۆمانسییەتە بە زەروورەت پێویست نەبوو بدرێتە پاڵ فەیسەڵ بۆ ئەوەی بە رووی دەستباڵایی کۆڵۆنیاڵەتدا بکرێتەوە، بەڵام دەتوانرێت بە هەوڵیک لێکبدرێتەوە بۆ بازدان بە سەر ئەو کایە و بوارەدا کە داگیرکاری خستوویەتیە نێوان بێڵ و مەلیکەوە. بەهەرحاڵ، مەودای فیزیکی و سۆزداریی رۆڵە سیاسییە تایبەتییەکانیان وایدەخواست هەندێک پێشێلکاریی تێبکەوێت و تەنها بە ئاماژە سیمبۆڵییەکان بۆ مێژوو، ئەدەب، فاشن (دەستور و شیوازی جلوبەرگ – و) و زمان لێیدەپەڕینەوە. ئەوەی کە لە بارودۆخ و ژینگەیەکی تردا رەنگە مەسەلەیەکی نامۆ و ناباوی سادە بێت، لە حاڵەتی بەردەوامیی ئەمان لەسەر ئەم پەیوەندییە گەرموگوڕە و ئەم زمانی خۆشەویستییە، شێوازێک بێت بۆ گرێدانی ئارەزووەکانی بێڵ، بە شەخسی و داگیرکارییەوە، بە کەسایەتیی پڕ شکۆ و دەسەڵاتی مەلیکەوە.
بەو پێیە، سەرنجڕاکێشیی مەلیک پەیوەست بوو بە پایە و مەقامی پاشایەتیی ئەمەوە، بەو شیعرانەی لە ئاهەنگەکاندا پێیدا هەڵدەدران و بەو سەرنج و چاو خستنە سەر دەسەڵاتەوە وەک بنەمایەکی ئیستاتیکا. لە یەکێک لە ئاهەنگەکانی خوانی ئێوارەدا بێڵ تێبینیی «پۆشاکی عەرەبی و جلی یونیفۆرم و قەرەباڵغیی غوڵام و خزمەتکار و … شکۆ و مەزنیی بۆنەکەی» کردبوو٣١. تەنانەت دیمەنی سەربازییش دەبوو پەیوەندیی راستەوخۆی بە خانمی رۆژهەڵاتناسەوە بوایە و بە روویەکی پڕ لە بزەی شادییەوە دەیوت «فەیسەڵ بەڵێنی فەوجێکی سوپای عەرەبیی داومەتێ – کە تەرخان بێت بۆ خاتوون خۆی و فرەی پێناچێت داوای شیوازی نەخس و رەنگی جلوبەرگیانت لێدەکەم … ئۆی توخودا باوکە گیان ئەمە شتێکی سەیر و سەمەرە نیە. من هەندێ جار وادێت بە بیرمدا کە ئەمە خەونێکە و دەیبینم»٣٢. گێڕانەوەی ئەوەی کە «لە خەونێکدایە» گریمانەی ئەوەیە کەوا بێڵ وا هەست دەکات کە کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر رووداوەکاندا نەبێت، یان خۆی خستووەتە نێو گێژاوێکی هەل و دەرفەتەوە وەک لەوەی ئەوانە بە تەواوی بخاتە ناو چوارچێوەی هەوڵ و کۆششی خۆیەوە. ئەگەر حاڵەتیکی ئاوها سوودبەخش بوایە بۆ دەمامک کردنی پەیوەندییەکانی ئەو دەسەڵاتەی بەشداریی تێدا دەکرد، بە جەختکردن لەسەر شێوازی توخمەکانی هەماهەنگی و هاوکاری نەک زەبروزەنگی داگیرکاری، ئەودەم دیارییە بەڵێن پێدراوەکەی فەوجێکیش لە لایەن فەیسەڵەوە دەبێتە رێگەیەکی راستکردنەوەی پلەبەندیی سەربازی وەک دیاردەیەکی سۆزداریی بەتین (لەو جۆرەی کە بەسترابوو بە حەز و ئارەزووەکانی بێڵەوە) وەک لەوەی نمایشیکی پراکتیکی بێت بۆ هێز و دەسەڵاتی دەوڵەت.
دواجار، ئەوەی لە فەیسەڵدا مایەی حەز و خۆشەویستی بوو بۆ بێڵ ملکەچییەکەی بوو، نەک زاڵبوون و دەستباڵایی بێڵ بە سەریدا، کە لە خۆیدا جۆرێکە لە دەستباڵایی بە پاڵپشتی و شەرعییەت پێدان بە پێی عورف و بێدەنگی لێکردن. ئەم حاڵەتە، ئەگەر لێی بدوێیت بریتییە لە هاوسەرگیریی بە پێی بنەمای پاتریارکییەتی ئەوروپی (واتە کۆمەڵگەی باوکایەتی یان دەسەڵاتدارێتیی پیوان – و) کە عورف و ئادەت لێی بێدەنگە و شەرعییەتی پێداوە، بەڵام لەم حاڵەتە تایبەتەدا گوێزراوەتەوە بۆ سیاقێکی کۆڵۆنیاڵی و لە دینامیکییەتی جێندەریدا پێچەوانە بووەتەوە. ئەڵبەتە تا ئەو کاتەی فەیسەڵ لەگەڵ بێڵدا گونجاو بووە و سەری بۆ لەقاندووە ئەوە «باشترین کەسی رۆحسووک و لەبەردڵان بووە»٣٣. ئەو لەم کاتانەدا بەسەرسامییەوە باسی لەوە دەکرد کە چۆن «ئەو لە مەککە لەدایکبووە و لە قوستەنتینە (ئیستانبوڵ – و) خوێندوویەتی و ئەمیش لە بەریتانیا لەدایکبووە و لە ئۆکسفۆرد خوێندوویەتی و بەو پێیە جیاوازیمان نیە لە دید و تێروانینماندا»٣٤.
بەڵام هەر کە گرژییەکان لە وتارە بەفرین و تەڵخەکەدا دەردەکەون، دۆستایەتی راستەقینە و واقیعیانە پێویستی بە تەبایی سیاسی دەبێت. بەهەرحاڵ، کاتێ مەلیک کەوتە ئەوەی لە پێگە و بۆچوونی سیاسیی بێڵ دووربکەوێتەوە، دۆستایەتییەکە قۆرتێکی گەورەی هاتەڕێ. لە رۆژی وتاردانە رەسمییەکەدا، بێڵ تێبینیی ئەوەی دەکرد «کە فەیسەڵ یەکێکە لە خۆشەویستترین مرۆڤەکان، بەڵام بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەرانە بێبەشە لە کەسایەتییەکی بەهێز»٣٥. ئەو دوابەدوای قەیرانی پەیماننامەکە و نائومێدبوونی لە مەلیک، بە پێداگیرییەوە بە نووسەرێکی عەرەب دەڵێ «من هەوڵێکی زۆر گەورە و گرانم دا بۆ شا فەیسەڵ چونکە هۆزەکان لەدژی وەستانەوە و سەرۆکەکانیان بەتەما نەبوون دەنگی بدەنێ و من پاش گفتوگۆ و بێنەوبەرەیەکی زۆر قەناعەتم پێکردن کە دەنگی بدەنێ»٣٦.
بێگومان دۆستایەتی و گەرموگوڕی لە پەیوەندیدا سوودی سیاسیی دەسەلماند و کاتێ بێڵ باس لە ئاهەنگی ئێوارە خوانێکی تایبەت و سەرکەوتوو دەکات کە چەندین کەسایەتیی عەرەبی تێدابووە، سەرنجی ئەوە دەدات کە هەموویان «دۆستی دڵسۆز و هاوڕێی گیانی بە گیانیمان بوون»٣٧ و دەپرسێت «ئەگەر تۆ بتوانیت ئەو کەش و بارە بپارێزیت، چی ناتوانی بکەیت؟»٣٨ ئەوجا بێڵ هەر خۆی لەبارەی فەیسەڵەوە دەڵێ «تۆ ناتوانی هیچی لەگەڵ بکەیت بەدەر لە هاوسۆزییەکی هێجگار گەورەی شەخسی» و بۆیە دانی پێدا دەنێت کە «ئەوەش زۆر گران نیە پێی ببەخشیت»٣٩. هەرچۆنێک بێت هاوسۆزی خزمەتی ئامانجێک دەکات ئەویش ئەوەیە کە «باوەڕی پێمان دەبێت و وایبۆدەچێت کە یەکێک یان دوان لە ئێمە … تا کۆتایی خۆی بەخت دەکات لەپێناویدا و ئەمەش بەهێزترین تێگەیشتنە کە ئێمە لەومان بوێت»٤٠. هەر دیسانەوە لای خۆیەوە بە فەیسەڵ دەڵێ «هیوادارم وەک ئێستای بەردەوام بێت لە دڵسۆزیی خۆی بۆ من، چونکە ئەمە کارەکە ئاسان دەکات بۆ مامەڵە کردن لەگەڵیدا»٤١. بێڵ لە رۆژی وتاردانە تەمومژاوییەکەیدا دەنووسێت «ئاخۆ هاوسەنگیی مرۆڤ زۆر سەیر و سەرسامکەر نیە. وا هەست دەکەم ئەگەر من و هەموومان بە شێوەیەکی سیحراوی یاریمان لەسەر ژێکانی دڵیان کرد ئەوە بە جوانی ئەو حاڵەتی نائومێدییەی تێیدا دەژین بەلای خۆماندا رایدەکێشین»٤٢.
فەیسەڵ و عێراقییەکان رێک ئەو ئامێرانە بوون کە بەریتانییەکان یارییان لەسەر ژێکانیان دەکرد، بەڵام سەدا و ئاوازیان «سیحراوی» بوون و ئاوازی دڵڕفێن و دڵبەند بوون، نەک ئاوازی توند و دڵڕەقانەی نەیارە بەرهەڵستکارەکان. ئەمە وا دەردەکەوت کە فۆرمێکی گاڵتەجاڕیی پەڕگرە لە مانۆڕ و وریایی لە چارەسەردا، بەڵام بێڵ بەردەوام بوو لە وردەکاری و شیکردنەوەدا: «تۆ بڵێی بتوانن حکومەتێکی بەڕێوجێ پێکبێنن، تۆ بڵێی بتوانن خۆ رزگار بکەن لە ئاژاوە و بشێوی؟ یەک لەوان هاوار دەکات <فریامان بکەون!> یەکێکیش لەولاوە دانیشتووە و چاوەکانیان کورتەیەکی زانیاریی مرۆڤی تێدا دەردەکەوێت و هەستێکی وا دەبەخشن کە زۆر دوورن لەم کەین و بەینانەوە! ئای نەوەی نەگبەتی ئادەم، ئەوان و ئێمە! من دڵنیا نیم (بەڵام رەنگە بە هۆی رەگەزمەوە بێت) ئاخۆ پەیوەندیی سۆزداریی نێوانمان بەشێکی باشتری ئەقڵ و ژیرییە، بەڵام دەخوازم هەندێک زیاتر ژیریی راستەقینەم تێدابێت بۆ ئەوەی بیبەخشم»٤٣. لێرەدا ئێمە دەبینین کەوا بێڵ گومانی لە «ئەقڵ و ژیرییە راستەقینەکەیەتی» و بە بارێکیشدا توانا و دەسەڵاتی وەک رۆژهەڵاتناسێک و بۆ تەواوکردن و قەرەبووکردنەوەی ئەمە دەبێت پشت بە «پەیوەندیی سۆزداری» ببەستێت. لە دیدی ئەوەوە دڵسۆزی و دڵبەند بوون بە یەکترەوە بە سادە و ساکاری کەرەستەی زاڵبوون و باڵادەستی نەبوو بەڵکو جێگرەوەیەک بوو بۆ ئامانجی کارای زانیاریی داگیرکردن. ئەو تەنانەت وزە و توانای عەرەب لە دەزگای «فریامان بکەون!» دا کورت دەکاتەوە و پێدادەگرێت لەسەر توانای سەربەخۆییان وەک بابەتێکی ملکەچییان نەک وەک ئامانجێکی رەتکردنەوە و بەرهەڵستییان («ئاخۆ دەتوانن خۆیان رزگار بکەن»).
بەو پێیە بێت و لەگەڵ ئەوەشدا کە رەنگە ئاسان بێت باس لە خەسڵەتەکانی باڵادەستی بکرێت لەگەڵ بێدەنگی و قبووڵکردندا چەشنی باس و لێکدانەوەکانی ئێدوارد سەعید لەمەڕ «ئۆریانتالیزم»، کە نوێنەرایەتی و دەربڕینی تەواوی گوزارش و پاڵپشتییە بۆ پەیوەندیی توانا و دەسەڵاتی داگیرکاری، کە لەڕاستیدا زۆر ورد و زیرەکانەن. پەیوەندییەکانی توانا و دەسەڵات هەردوو دۆستایەتیی تۆکمە و باڵادەستی پێکدەهێنن و هەر یەکەیان بە تەنها هۆکار نین بەڵکو هەردوکیان پێکەوە کاریگەرییان لەسەر ئەو دینامیکییەتە هەیە. پێش هەموو شتێک، فەیسەڵ بەشدارێکی چالاک و کارا بوو لە پەیوەندییە سیاسییەکاندا، هەرچەندە ئەو کەسێک بوو کە پێویستی بە چاودێری و دڵنەوایی بوو. هەروەها مەلیک بەشداریش بوو لە گفتوگۆ و پراکتیزە کردنی پەیوەندیی دۆستانەی گەرموگوڕدا. لە رۆژی وتاردانە تەمومژاوییەکەیدا سەبارەت بە فەیسەل، بێڵ بیری دێتەوە کەوا «لە کاتی خواحافیزیدا من ویستم دەستی ماچ بکەم و ئەویش بە گەرمی باوەشی پێداکردم»٤٤. روون و ئاشکرا فەیسەڵ وەک ئەکتەرێکی سیاسی هیچی لە بێڵ کەمتر نەبوو. تۆبی دۆج مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کە «فەیسەڵ باش لە پێگەی بەهێزی و لاوازیی خۆی تێگەیشتبوو. لە ساڵی ١٩٢١ وە تا ساڵی ١٩٣٢ ئەو بەردەوام بەدوای بنیاتنانی بناغەیەکی دەسەڵاتدا دەگەڕا لە جوغزی دەوڵەت و کۆمەڵگەیەکدا کە دەبوو بارێکی سەربەخۆیی بدەنێ لەلایەن دەستەبژێری سیاسی تازە دروسبوو و لەهەمان کاتیشدا لە بەریتانییەکان کە بەرپرس بوون لە خستنە سەر تەختی پاشایی ئەم»٤٥. ئەڵبەتە زیاتر پێدەچوو فەیسەڵیش وەک بێڵ دانوستانی مەسەلە سیاسییەکانی لە ناو سیاقی پەیوەندییە دۆستانە گەرم و بەتینەکاندا دەکرد و لەبەرئەوە خۆی بەستبوو بە گرێی جێگۆڕکێی داگیرکاری و خۆشەویستییەوە.
ئەڵبەتە ئەو ئەرکەی کە کۆڵۆنیاڵییەت کاریگەرانە هەوڵی بۆدەدا دروستکردنی کەسێکی دووڕەگ بوو. ئەو راستییەشی کە بێڵ بەدوایدا دەگەڕا سەرخستن یان مانۆڕ کردنی فەیسەڵ بەڵگەیەک نەبوو بۆ ئەوەی کە ئەم دووڕەگییە لەئاردا نەبوو و بێڵیش بە شێوەیەک لە شێوەکان «بەریتانییەکی» پوخت بووبێت و بەو پێیە زۆر ئوسووڵییانە بریکارێکی داگیرکاری بێت. رۆڵی ئەو وەک رۆژهەڵاتناسێک وایلێکردبوو کە مەحاڵ بێت بۆی راشکاوانە و بەتەواوی گوزارشت لە خاسییەتەکانی دووڕەگ بکات کە لە میانەی تێکەڵبوونی رۆشنبیری و سۆزدارییەوە هاتبێتە ئاراوە و ئەو لەگەڵ جیهانی دۆستایەتیی بەتین و پتەودا گۆڕیبێتیەوە و بووبێتن بە «خۆشەویستییەک» کەوا هاوسۆزی و باڵادەستی و رەزامەندیی گرتبێتەوە. دیسکۆرسی خۆشەویستی بەرهەمی ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی داگیرکاری بوو.
فەیسەڵ وەک پێویست و چالاکانە بەشداری لەم شێوازی دووڕەگییەدا کرد. کاتێ بێل بە فەیسەڵی وت کە دەچێتەوە بۆ وڵاتی خۆی، ئەو لە وەڵامدا پێیوت «نابێت هیچ قسەیەک بکەیت لەبارەی رۆیشتنەوە بۆ وڵات … بەڵکو وڵاتی تۆ ئێرەیە و دەتوانی بڵێی کە دەڕۆیتەوە بۆ سەردانی باوکت»٤٦. هەروەها ئەوەشی پێوت «تۆ کەسێکی خەڵکی میسۆپۆتامیا (بە واتا عێراقیت) و بەدەوییەکی ئێرەیت». بێڵ دواتر ئەمەی وەک سەلماندنێک بۆ مەبەست و دەسەڵاتەکانی بەکاردەهێنا. ئەو جارێکیان لە سۆنگەی ئەوەوە کە مەلیک راوێژێکی ئەمی رەتکردووەتەوە لێی پەست و دڵگران بووە و بە کەسانێکی کە فەیسەڵ چەند قەرزاری ئەوە و دووپاتیشی کردووەتەوە کە «من تا رادەیەک هێندەی وڵاتەکەی خۆم عێراقم خۆشدەوێت و من کەسێکی عێراقیم»٤٧. هەر لەم ڕووەشەوە لە نامەیەکیدا بۆ باوکی نووسیوێتی «من زیاتر لە کەسێکی لەدایکبووی بەغدا هاوڵاتیی شاری بەغدام. من گرەو دەکەم کە هیچ کەسێکی بەغدایی لە من زیاتر یان بەلای زۆرەوە نیوەی من بایەخی بە جوانیی رووبارەکە و باخەکانی دارخورما دابێت، یان هێندە لە نزیکەوە پەرۆش بووبێت بۆ مافی هاوڵاتی بوون بە ئەندازەی ئەوەی کە من هەمە»٤٨. بۆ بێڵ، تەواوی پرۆژە کۆڵۆنیاڵییەکە دیسان پرۆژەیەکی سۆزداری بوو، کە هەوڵێکی هێجگار گەورە بوو لە بەستنەوەی نێوان کولتوور و فەرهەنگەکان نێوان گەلان و نێوان خودی خۆی و مەسەلەیەکی گەورەتردا.
بێڵ دەنووسێت «ئەوە کارێکی زۆر راچڵەکێنە کەوا چۆن رۆژهەڵات خۆی لە دەوروپشتی دڵمدا زامدار کردووە بە ڕادەیەک کە نازانم کامیان ئەوە و کامیان خۆمم»٤٩. ئەگەر ئێمە هەر لە قسەکانی خۆیەوە بیدوێنین کەوا خودی خۆی و رۆژهەڵاتی تێکەڵ کردووە، دەبێ ئەوەیشی بۆ زیاد بکەین کە ئەو نەیتوانیوە جیاوازیی تەواو بکات لە نێوان خۆشەویستی و هێزدا، لە نێوان سۆزداری و دەسەڵاتدا، چونکە پێداویستیی بەرهەمهێنانی زانیاریی کۆڵۆنیاڵی هەردوکیانی پێکەوە تواندووەتەوە. ئەڵبەتە هەوڵ و کۆششی رۆژهەڵاتناسی (ئۆریانتالیزم) و – بە گشتیتر زانیاریی فرە فەرهەنگی – بە هۆی دیسپلینی خۆشەویستییەوە بووبوو بە ئەگەرێکی راست. ئەمەش بەو مانایە دێت کە بێڵ دەبێت «لە وڵاتی خۆیدا بێت» لەسەر خاکێکی بێگانە و هاوسۆز بێت لەگەڵ تاکەکانیدا بە رێگە و شێوازێک کە «ناخی» خۆی بخاتە فەرهەنگ و کولتووریانەوە و بەزۆریش لە رووی کۆمەڵایەتییەوە تا مەودایەکی گەورەتر و فراوانتر ئاوێتەی تاکەکانی ببێت بە ئەندازەیەکی زیاتر لە کاربەدەستانی تری داگیرکەری بەریتانی.
سێر هێنری دۆبس، لە راپۆرتی ساڵی ١٩٢٤ یدا بۆ فەرمانگە یان ئۆفیسی کۆڵۆنیاڵی بەم جۆرە باس لە گێرتروود بێڵ دەکات کە «ئەڵقەیەکی گرێدانی نێوان هەردوو رەگەزی بەریتانی و عەرەبە»٥٠. لەمەدا بێڵ وادێتە بەرچاو کە پەیڕەویی ئی. ئێم. فۆرستەری کردبێت. لەڕاستیدا گرێدان دینامیکییەتی کاریگەری داگیرکاری بوو. دواجار کە دەسەڵاتی بێڵ هاتە کزی و لاوازیی، شان بە شانی پەیوەندییە شەخسییەکانی، لە ئەنجامی زیاد بەکارهێنانێکی دەرماندا، کە ئەگەریش هەیە کارێکی خۆکوژی بووبێت، کۆچی دوایی کرد. ئەم بریکارە راسپێردراوەی هێزەکانی کۆڵۆنیالیزم، کە وەک کەسێکی «بێ رەگەزی نێر و مێsexless « جاڕی لەخۆی دەدا رەنگە دەسەڵاتی داگیرکاریی بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بەکارهێنابێت و بەدوای خۆشەویستی و دۆستایەتی و دەست تێکەڵ کردندا گەڕابێت و پەیوەندییەکی دروست کردبێت بۆ ئەوەی ببێتە شتێک جیاواز لەو تاک و تەنهاییەی.
سەرچاوە: گۆڤاری مێژووی جیهان، بەرگی ٢٣، ژمارە ٢، حوزێرانی ٢٠١٢
Journal of World History, Volume 23, Number 2, June 2012, pp. 345 – 373
(Article).

ئەم بابەتە بەشێکە لە باسێکی دوورودرێژتری توێژەر بە ناونیشانی:
ئاشقبوونی رۆژهەڵاتناسان: پەیوەندیی دۆستانەی گەرموگوڕ، داگیرکاری و زانیاریی بەریەککەوتنی کولتووری
Orientalists in Love: Intimacy, Empire, and Cross – Cultural Knowledge

پەراوێز:
* I wish to thank Michael Adas for helping me with the development of this article
and Rebecca Scales for her insightful observations on an earlier draft. The article has also
benefited, at several stages in its evolution, from the comments of anonymous reviewers.
سوپاسنامەی نووسەر: دەخوازم سوپاسی مایکڵ ئەداس بکەم بۆ هاوکاری کردنی لە گەڵاڵە کردنی ئەم بابەتەدا، لەگەڵ رێبیکا سکێڵس بۆ سەرنجە وردەکانی لەسەر رەشنووسە بەراییەکە. هەروەها بۆ پوختکردنی بابەتەکە لە قۆناخی جیاجیادا سوود لە سەرنج و تێبینی گەلێک لەو کەسانە وەرگیراوە کە پێیداچوونەتەوە.

1. Gertrude Bell correspondence, 4 June 1922, Gertrude Bell Archive, http://www.gerty.ncl.ac.uk (Newcastle
University).
نامەکانی گێرتروود بێڵ، ٤ی حوزێرانی ١٩٢٢، ئەرشیفی گێرتروود بێڵ.

2. Ibid. هەمان سەرچاوە
3. Ibid.
4. Ibid.
5. Ibid.
6. H. V. F. Winston, Gertrude Bell (London: Jonathan Cape, 1978), p. 200.

ئێج. ڤی. ئێف. وینستن، گیرتروود بێڵ ….
7. Janet Wallach, Desert Queen: The Extraordinary Life of Gertrude Bell; Adventurer,
Adviser to Kings, Ally of Lawrence of Arabia (New York: Nan A. Tales, 1996), p. 176.
جانێت واڵاش، شاژنی بیابان: ژیانی نائاسایی گێرتروود بێڵ؛ سەرکێش، راوێژکاری پاشایان، هاوکاری لۆرەنسی عەرەب ….
8. Lora Lukitz, A Quest in the Middle East: Gertrude Bell and the Making of Modern Iraq
(London: I. B. Taurus, 2006), p. 3.
لۆرا لوکیتز، لێکۆڵینەوەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا: گەرتروود بێڵ و دروستکردنی عێراقی نوێ …..
9. Winston, Gertrude Bell, p. 233.
10. Charles Tripp, A History of Iraq (Cambridge: Cambridge University Press, 2000), p.48
11. Peter Sluglett, Britain in Iraq: Contriving King and Country (London: I. B. Taurus,
2007), p. 37.
پێتەر سڵاگلێت، بەریتانیا لە عێراقدا: پاشا و وڵاتی ساختە …….
12. Tripp, History of Iraq, p. 48. تریپ، مێژووی عێراق …………
13. Ibid., p. 52.
14. Ibid., p. 53.
15. Ibid.
16. Ibid.
17. Wallach, Desert Queen, p. 323. واڵاش، شاژنی بیابان………
18. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 25 September 1921, Gertrude Bell Archive.
نامەی گێرتروود بێڵ بۆ تۆماس هیو بێڵ ….. ئەرشیفی گێرتروود بێڵ
19. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 30 January 1922, Gertrude Bell Archive.
20. Ibid.
21. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 30 July 1922, Gertrude Bell Archive.
22. Wallach, Desert Queen, p. 360.
23. Quoted in ibid.
24. Wallach, Desert Queen, p. 321.
25. Quoted in ibid., p. 359.
26. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 18 December 1921, Gertrude Bell Archive.
27. Quoted in Wallach, Desert Queen, p. 335.
28. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 22 June 1922, Gertrude Bell Archive.
29. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 31 July 1921, Gertrude Bell Archive.
30. Ibid.
31. Gertrude Bell correspondence, 8 July 1921, Gertrude Bell Archive.
32. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 6 August 1921, Gertrude Bell Archive.
33. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 16 February 1922, Gertrude Bell Archive.
34. Ibid.
35. Gertrude Bell correspondence, 4 June 1922, Gertrude Bell Archive.
36. Quoted in Wallach, Desert Queen, p. 345.
37. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 21 August 1921, Gertrude Bell Archive.
38. Ibid.
39. Gertrude Bell correspondence, 4 June 1922, Gertrude Bell Archive.
40. Ibid.
41. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 30 July 1922, Gertrude Bell Archive.
42. Gertrude Bell correspondence, 4 June 1922, Gertrude Bell Archive.
43. Ibid.
44. Ibid.
45. Toby Dodge, Inventing Iraq: The Failure of Nation Building and a History Denied (New
York: Columbia University Press, 2003), p. 21.
تۆبی دۆج، داهێنانی ساختەی عێراق: شکستی دروستکردنی وڵات – گەل و نکووڵی کردنێک لە مێژوو ….
46. Quoted in Wallach, Desert Queen, p. 332.
47. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 21 August 1921, Gertrude Bell Archive.
48. Quoted in Wallach, Desert Queen, p. 345.
49. Gertrude Bell to Thomas Hugh Bell, 30 January 1922, Gertrude Bell Archive.
50. Quoted in Winston, Gertrude Bell, p. 263.
لە کتێبی گێرتروود بێڵ وەرگیراوە ….

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...