سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » ئەمریكا و توركیا لە دۆستایەتییەوە بۆ دوژمنایەتیپەڕە 27

دەر و دراوسێ

ئەمریكا و توركیا لە دۆستایەتییەوە بۆ دوژمنایەتی

ئەگەرچی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەنتیك ناسراو بە( ناتۆ)لە ساڵی 1949 دامەزرێنرا بە سەركردایەتی ئەمریكاو وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی، دەوڵەتی توركیاش لە بەرواری 18 شوباتی 1952 ەوە بە ئەندامی ئەو هاوپەیمانێتیە وەرگیرا، لەوساوە تا ساڵی 2002 كە ئەكەپە واتە پارتی دادو گەشەپێدان دەسەڵاتی توركیای گرتۆتە دەست، توركیا هاوپەیمانی ئەمریكا بووەو بەرگری لە بەرژەوەندییەكانی كردووە، جگە لە ساڵی 1975 كاتێك توركیا باكووری دوورگەی قوبرسی داگیر كرد ئەمریكا نیگەران و ناڕازی بوو بۆیە چەك فرۆشتنی بە توركیا قەدەغەكرد و توركیاش لە بەرامبەردا هەموو بنكە سەربازییەكانی ئەمریكای لەسەر خاكەكەی داخست و دوای سێ‌ ساڵ دانوستانی درێژ و پڕ لە هەورازو نشێو ئینجا پەیوەندیەكانیان ئاسایی كردەوە.
پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو واشنتۆن مێژووییەكی دوور و درێژی هەیە لە نەوەد ساڵی ڕابردوودا، ئەوەی ئێستا زیاتر خەریكە گەورە دەبێتەوەو درزی ڕاستەقینە دەخاتە نێوانیانەوە، ئەوەیە كاتێك سەرۆك ترەمپ و جێگرەكەی هەڕەشەی ئەوەیان لە توركیا كرد ئەگەر قەشە ئەمریكیەكە (ئەندریۆ برانسۆن ) كە بە تۆمەتی یارمەتیدانی تیرۆر و هەواڵگری گیراوە ئازاد نەكەن ،ئەوا سزای ئابووری قورس دەخەنە سەر توركیا، هەروەها ئەو سزانەی خرانە سەر هەردوو وەزیری دادو ناوخۆی توركیا زیاتر پەیوەندییەكانی ئاڵۆز كردو توركیاش هەمان هەنگاوی نا بەرامبەر بە وەزیرەكانی ئەمریكا .
هەرچەندە كاربەدەستانی توركیا چاودێران و نووسەرانی تورك لە وەڵامی ترەمپ دا دەڵێن: ئەمە كەیسێكی یاساییە و دەسەڵاتی دادوەری یەكلایی دەكاتەوە و ئیدارەی ئەمریكا هەڵوێستی گۆڕیوە بەرامبەر بە توركیا و دەخوازێت وەكو كەیسەكانی ئێران و كۆریا سەیری بكات و هەروەها هۆشدارییان داوە لەوەی كە لۆبی و ناوەندی هێزو بڕیار هەن لە ئەمریكادا، لە هەوڵی تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان دوو وڵاتن بۆ بەرژەوەندی لایەنی تر كە مەبەستیان ئیسرائیلە بە دیدی من ، لە هەمان كاتدا كاربەدەستانی گەورەی توركیا لە پێش هەموویانەوە ئەردۆغان ڕایگەیاندووە كە لە ژێر فشاردا ناچنە ژێرباری هیچ كام لە داخوازییەكانی ئەمریكا .
گرنگترین خاڵە ناكۆكەكانی نێوان ئەنقەرەو واشنتۆن
1.كەیسی قەشە برانسۆن .
2.پەیوەندییەكانی ئەمریكا و هەسەدە واتە ڕۆژئاوای كوردستان كە هەماهەنگی پەیوەندییەكی توندو تۆڵ سیاسی و سەربازی گەرم لە ساڵی 2014 بەرامبەر داعش و تیرۆر كە توركیای زۆر نیگەران كردووە .
3.كێشەی كڕینی سیستمی ڕۆكێتی S400 ڕووسی كە پێچەوانەی ڕێكەوتننامەی ناتۆیە كە توركیا ئەندامە تێیدا كە بە نیازە نەوەی پێنجەم لە فڕۆكەكانی F35 ئەمریكی بكڕێت كە بۆندەكەی واژۆ كراوەو یەكەم فڕۆكەش بۆ ڕاهێنان وەرگیراوە بەڵام ئێستا كۆنگریسی ئەمریكا بۆندەكەی وەستاندووە .
4.كێشەیەكی تازەتر لەم ڕۆژانەدا كە سزاكانی ئەمریكا بۆسەر ئێران دەستی پێكردووە سەری هەڵداوە ئەویش ئەوەیە توركیا بڕیاری داوە پا بەند نابێت بەو سزانەی ئەمریكاوە بۆیە ئەمەش دەبێتە كەلێنێكی گەورەی تر لە نێوان ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانەدا .
كێشەكان لە كوێ وە سەرچاوەی گرتووە؟
1.هەرچەندە لە ساڵی 2002 ەوە ئاكەپە تاكە پارتی فەرمانڕەوای ڕەهای توركیایە كە باكگراوندێكی ئیسلامی ئیخوانی هەیە، بۆیە ناكۆكیەكی ئیدیۆلۆجی سەری هەڵداوە لە نێوان توركیاو ئەمریكا و ئەوروپاش ئەگەر ئاوڕێك بدەینەوە بۆ دواوە و ساڵی 2003 كاتێك ئەمریكا عیراقی داگیركرد توركیا كە ئەندامی كارای ناتۆیە بواری نەدا هێزەكانی ئەمریكا و ناتۆ خاكی توركیا بەكاربهێنن بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەمە خاڵی جەوهەری بنەڕەتی و سەرتاو سەركی ململانێكانە.
2.داواكردنی فەتحوڵاگویلەن ئەو پیاوە ئاینی و بانگخوازەی كە لە ولایەتی پانسلڤینیای ئەمریكایە و توركیا بە پلان دانەرو نەخشەڕێژی كودەتاكەی 16 تەمووزە 2016 دەزانێت .
3.كاتێك فڕۆكە سیخۆكەی ڕوسیا لەلایەن توركیاوە خرایە خوارەوە و تێكشكێنرا هاوپەیمانەكانی لە ناتۆ هەڵوێستیان نەبوو بەرامبەر هەڕەشەكانی ڕووسیا لە توركیا
4.هەندێک شیكاری تر هەیە باس لەوە دەكەن كە ترەمپ و جێگرەكەی دەخوازن كەڵك لەم ناكۆكیە ئاینیەی نێوان توركیا و ئەمریكا وەربگرن بۆ ڕاكێشانی دەنگی مەسیحیە توندڕەوەكان لە هەڵبژاردنی تەواوكاری چەند مانگی داهاتوو بۆ بەرژەوەندی خۆیان كە سەرۆكێكی ئیسلامی و پارتێكی ئیسلامی قەشەیەكی ئینجیلیان زیندانی كردووە .
بە هەرحاڵ لە كۆتاییدا ئەوەی گرنگە توركیا جگە لەوەی پێگەیەكی جیۆسیاسی گرنگی هەیە بۆ ئەمریكاو ناتۆ، خۆیشی زیرەكانە كەڵكی لە ململانێ‌ ی نێوان ڕووسیاو ئەمریكا وەرگرتووەو زۆرترین قازانجی كردووە چ لە سوریا و كێشەكانی تری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە ئێستاشدا شاندێكی توركیا لە ئەمریكایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

 229 جار بینراوە