سەرەکی » دۆسێ » میرەكانی میرنشینی بابان

میرەكانی میرنشینی بابان

مەحموود پاشای یەكەم (دوازدەیەم و کۆتایی)(1778-1782)

عومەر ئیسماعیل مارف

مەحموود بەگ، چوارەم كوڕی (خالد پاشای یەكەم1723-1743ز)ی كوڕی (تەیموور خان بەگ1698-1703ز)ی كوڕی (فەقێ‌ ئەحمەدی دارەشمانە1610-1660ز) بووە. ئەگەرچی بە روونی ساڵەكەی دیار نیە، بەڵام لە قەڵا چوالان لەدایك بووە و هەر لەوێش گەورەبووە و فێری خوێندن و سوارچاكی كراوە.
سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1774ز)، دوای لادانی محەمەد پاشای برای لەلایەن (عومەر پاشا1764-1776ز)ی والی بەغدا بە فەرمی وەكو میری بابان دامەزراوە و پلەی پاشایەتی پێ‌ بەخشراوە، بەڵام لەبەر رێزی برا گەورەیی و بەرزی رەوشتی كۆمەڵایەتی، دوای ئازادكردنی ئەحمەد پاشای برای لە زیندانی قەڵای سرۆچك، بۆ ئەو دەستبەرداری فەرمانڕەوایی میرنشینەكە بووە.
كاتێكیش ئەحمەد پاشا لە رێگای چوونی بۆ بەغدا رۆژی (24-7-1778ز) كۆچی دوایی كردوە و هەواڵەكە گەیشتووە بە (حەسەن پاشا1778-1790ز)ی والی ئەو كاتەی بەغدا، بە فەرمی مەحموود بەگی بە فەرمانڕەوای بابان و كۆیە و هەریر دامەزراندوە و بە تەتەرێك دا فەرمان و خەلعەتی پاشایەتی بۆ ناردوەتە قەڵا چوالان. داواشی لێ‌ كردوە هەمان ئەركی برا كۆچ كردوەكەی تەواو بكات و بە مەبەستی سەركوتی گێرەشێوێن و یاخی بووەكان لە كەمترین ماوەدا بگاتە بەغدا. مەحموود پاشاش دوای رێ‌ و شوێنی پیرۆزبایی بە خێرایی و بە هێزێكی تۆكمەی ئامادەوە كەوتووەتە رێ‌.

یەكیانگرتووەتەوە
دوای ئەوەی لەگەڵ سوارەكانی هۆزی (عوبێد) بە سەركردایەتی حاجی سلێمان بەگی شاوی و هێزەكانی والی بە سەركردایەتی عوسمان ئاغای كەهیە یەكیانگرتووەتەوە، مەحموود پاشا لەگەڵ عوسمان بەگی كوڕە گەورەی زۆر بە تووندی روو بە رووی یاخی بووەكان بوونەتەوە و لە پێكدادانێك دا لە (خاڵس)ی باكووری بەغدا و دواتریش لە نزیك مەندەلی، تەنها محەمەد ئاغای عەجەم ئۆغڵو و ئەحمەد ئاغای كوڕی خەلیل سەرۆكی هۆزی وەند توانیوویانە دەربازببن، بەڵكو زوربەی لایەنگر و سەربازەكانیان كەوتوونەتە بەر شمشێری هێزەكانی والی و (200) كەسیان لێ‌ بەدیل گیراوە، وەكو دەستكەوتی شەڕیش دەست بەسەر ماڵ و كەلوپەل و ئاژەڵەكانیان دا گیراوە.
دوای (18) مانگ والی بوون، كاتێك حەسەن پاشا دوورخراوەتەوە و بە فەرمانی بابی عالی و سوڵتان (عەبدولحەمیدی یەكەم1774-1789ز)ی عوسمانی، سلێمان ئاغای موتەسەللیمی بەسرە لە نێوان ساڵانی (1780-1801ز) بووە بە والی بەغدا. لە یەكەم كاری دا، بڕیاری داوە هۆزە عەرەبە سەرەڕۆ و یاخیەكانی ناوەڕاست و باشووری ئێستای عێراق سەركوت بكات و لە هەوڵدابووە بۆ گێڕانەوەی ئاسایش و هێمنی و دابینكردنی ئارامی تەواوی ناوچەكە. لەبەر ئەوە كەوتووەتە گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی كە بەدیهێنانی ئەو مەبەستەیان مسۆگەر كردوە. نامەیەكی بۆ مەحموود پاشای میری بابان ناردوە، بۆ ئەوەی بێ‌ دوا كەوتن بە هێزەكەیەوە بگاتە بەغدا، بەڵام مەحموود پاشا لە بەرامبەردا عوسمان بەگی كوڕە گەورەی بە (500) سوارەوە ناردوە. هەرچەندە عوسمان بەگ لەو هەڵمەتەدا ئازایەتیەكی بەرچاوی نواندوە و توانراوە ئەحمەد ئاغای سەرۆكی هۆزی وەند بكوژرێت، بەڵام سلێمان پاشا لەو هەڵوێستەی مەحموود پاشا زۆر توڕە و نیگەران بووە و بڕیاری داوە لە دەرفەتێك دا تۆڵەی ئەو نا فەرمانیەی لێ‌ بكاتەوە.

والی داوای لێ‌ كردوە
هەر بۆیە سلێمان پاشا داوای لە (برایم بەگ)ی كوڕی ئەحمەد پاشا و برازای مەحموود پاشا كردوە بچێت بۆ بەغدا كە لەو كاتەدا یەكێك لە دیارترین و بە ناوبانگ ترین گەنجە هەڵكەوتووەكانی ناو بنەماڵەی بابان بووە. دوای گەیشتنی برایم بەگ، والی داوای لێ‌ كردوە بە هەر بیانوویەك بێت مەحموود پاشای مامی دەستگیر بكات بۆ ئەوەی ئەو لە شوێنەكەی بكات بە میری بابان، بەڵام ئەو كاتە برایم بەگ لە هەڵوێستێكی زۆر مەردانەدا، ئەو بەڵێن و داوایەی والی پەسەند نەكردوە و بەوە وەڵامی داوەتەوە؛ «مەحموود پاشای مامم لە شوێنی باوكمە، مادام بەسەر زیندوە من لە ئێستادا كاروباری میرایەتی وەرناگرم».
ئەگەرچی سلێمان پاشا خۆشی لەو قسانەی برایم بەگ نەهاتووە، بەڵام بڕیاری داوە ماوەیەك لە بەغدا بیهێڵێتەوە بۆ ئەوەی لە ژێر چاودێری خۆی دا باشتر پەروەردەی بكات و بتوانێت تێڕوانین و بیركردنەوەی بەرامبەر مامی بگۆڕێت، دواتریش بە ئاسانی پیلان و مەبەستەكەی بە ئەنجام بگەیەنێت و ركابەرێكی بە هێز لە بەرامبەر مەحموود پاشادا دروست بكات.
جێگای ئاماژەیە، یەكێك لە رووداوە دیار و خەمناكەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی مەحموود پاشا و بە تایبەت لە ساڵی (1780ز)دا، هەڵواسینی دوو براكەی خۆیەتی لە قەڵا چوالان! ئەویش دوای ئەوەی چەند گەورە پیاوێكی ئەردەڵان، لەوانە؛ محەمەد رەشید بەگی وەكیل و كەهزاد خانی كوڕی سوبحان وێردی خانی والی پێشووتری ئەردەڵان كە هەمان كات مامی (خووسرەو خانی دووەم1755-1793ز)ی والی ئەو كاتەی ئەردەڵان بووە، دڵیان رەنجاوە و پەنایان هێناوە بۆ دەرباری مەحموود پاشا.
لەو رۆژگارەش دا، دووبەرەكی و ململانێیەكی قوڵ لە ناو بنەماڵەی فەرمانڕەوایی بابان سەریهەڵداوە و لە دژی مەحموود پاشا دەنگ و باسێكی زۆر لە ناو خەڵك دا بڵاوبووتەوە، لەو بابەتەدا پەنجەی تۆمەت بۆ محەمەد پاشای كوێركراو و عومەر بەگی براكانی مەحموود پاشا درێژكراوە. هەر بۆیە هەردووكیان هەڵاتوون بۆ دیووی میرنشینی ئەردەڵان، ئەوانیش پەنایان بردوەتە بەر سۆز و بەزەیی خووسرەو خان، بەڵام دواتر مەحموود پاشا و خووسرەو خان لەسەر ئەوە رێككەوتوون پەنادراوەكان بگۆڕنەوە. دوای گەڕانەوەی محەمەد پاشا و عومەر بەگ، هەمان ساڵ و بە بیانووی خیانەت و تێكدانی یەك ریزی بنەماڵەی بابان بە فەرمانی مەحموود پاشا لە ژێر دارەگەورەكەی قەڵا چوالان بە هەڵواسین خنكێنراون! بە پێی تۆمارەكەی مەلا عومەری رەنجوری شاڵەبەگی؛ ئەو رووداوە لە مانگی رەمەزان، سبتێمبەری ساڵی (1780ز) بووە.

نیگەران و یاخی بووە
لەلایەكی ترەوە، دوای ئەوەی عوسمان ئاغای كەهیەی حەسەن پاشای والی پێشووتری بەغدا لە سلێمان پاشای والی نیگەران و یاخی بووە، هەڵاتووە بۆ كوردستان و لای مەحموود پاشا گیرساوەتەوە. دواتر لەگەڵ هەریەكە لە مەحموود پاشا و عوسمان بەگی كوڕی كە ئەو كاتە قایممقامی كۆیە و هەریر بووە، بە شێوەیەكی نهێنی بەرنامە و پیلانی دژی سلێمان پاشای والی داڕشتووە.
لەبەر ئەوەی دەمێك بووە سلێمان پاشا چاوەڕوانی بیانوویەكی لەو شێوەیە بووە، هەر بۆیە لە یەكەم مانگی بەهاری ساڵی (1781ز)دا، هێزێكی لە هۆز و خێڵەكانی ناوخۆ كۆكردوەتەوە و لەگەڵ هێزە مەشق پێ‌ كراوەكانی خۆی دا بەرەو كوردستان و بە مەبەستی لەسەر كار لابردنی مەحموود پاشای میری بابان كەوتوونەتە جوڵە و لە ماوەیەكی كەم دا گەیشتووەتە كەركوك.
لای خۆشیەوە، مەحموود پاشا لەگەڵ عوسمان بەگی كوڕی و عوسمان ئاغای كەهیە و نزیكەی (6) هەزار سوار و پیادەی شەڕكەر لە دەربەندی بازیان دامەزراون. لەو كاتەدا حەسەن بەگی كوڕی خالد پاشای كوڕی سلێمان پاشای كوژراو كە هەمان كات كوڕی برازای مەحموود پاشا بووە لە هەوڵێكی نابەرپرسانەدا ریزەكانی بابانی جێهێشتووە و چووەتە پاڵ هێزەكانی والی بەغدا.
دواتر سلێمان پاشا بە فەرمانێك حەسەن بەگی بە ناونیشانی میری میران و فەرمانڕەوای میرنشینی بابان، مەحموود بەگی كوڕی تەیموور پاشاش لە شوێنی عوسمان بەگ بە قایممقامی كۆیە و هەریر دیاریكردوە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو بڕیارە، مەحموود پاشا دەستەیەكی ناوبژی لە چەند پیاوێكی ماقوڵ و مەلای بە ناوبانگ ناردوە بۆ لای سلێمان پاشا بە مەبەستی گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن. مەحموود پاشا لە نامەیەك دا بۆ سلێمان پاشا نووسیوویەتی؛ بنەماڵەی بابان هەمیشە و لە كۆنەوە ملكەچی حكومەتی عوسمانیە و باجی داوە، هێشتا گوێڕایەڵی هەموو فەرمانێكیەتی و بە هیوایە دەست هەڵبگرێت لە پیلانی تەفروتوناكردنی لە رێی پارچە پارچەكردنی ریزەكانی ئەم بنەماڵەیە و خەریك كردنی ئەندامانی بە یەكتری كوشتن و سڕینەوەی شوێنەواریان.

والی بڕیاری داوە
دوای دانیشتن و كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژ، سلێمان پاشای والی بڕیاری داوە بە جێبەجێ‌ كردنی ئەم خاڵ و مەرجانەی خوارەوە كە بە حاجی سلێمان بەگی شاوی دا ناردویەتی لە مەحموود پاشا ببوورێت؛
1-پێویستە (300) تورەكە (ئاقچە)* بە بێ‌ دواكەوتن رادەست بكرێت.
2-وازهێنان لە ناوچەكانی هەریر و كۆیە.
3-دەركردنی عوسمان ئاغای كەهیە لە سنووری میرنشینی بابان.
4-یەكێك لە كوڕەكانی وەكو بارمتە لە بەغدا نیشتەجێ‌ بكرێت.
مەحموود پاشا بە ناچاری مەرجەكانی قبوڵ كردوە، دوای ماوەیەكیش سلێمان بەگی كوڕی ناردوە بۆ بەغدا.
دوای ئەوەی بە هۆی سەركێشی و لاساریەكانی مەحموود پاشای فەرمانڕەوای ئەو كاتەی كۆیە و هەریر كە لە سنوور دەرچوون و بوونەتە هۆی بێزاری مەحموود پاشای بابان، هەمان ساڵی (1781ز) هێزێكی سەربازی بە فەرماندەیی عوسمان بەگی كوڕی ناردوەتە كۆیە و فەرمانی پێ‌ كردوە، دوای دەستگیركردن یان كوشتنی مەحموود پاشا، خۆی ببێتە موتەسەڕیفی هەریر و كۆیە. سەر ئەنجام، مەحموود پاشا دەستگیركراوە.
كاتێكیش ئەو هەواڵە گەیشتووە بە سلێمان پاشای والی بەغدا، لەبەر ئەوەی هەمیشە چاوەڕێی دەرفەت و بیانوویەكی گونجاوبووە بۆ ئەوەی بتوانێت كێشە و ناكۆكی و ململانێ‌ بخاتە ناو بنەماڵەی دەسەڵاتداری بابان، بەڵكو سلێمان پاشا هەتا ئەو كاتە توانیوویەتی هەموو خوو رەوشتێكی باش و رەسەنی برایم بەگی كوڕی ئەحمەد پاشا بگۆڕێت و تۆوی هەڵپە و فراوانخوازی لە دەرونی دا بچێنێت، هەروەها هەرچی هەست و سۆزی رێز و خۆشەویستی برازا بۆ ئەو مامەی كە لە شوێنی باوكی بووە لە دڵی دەربهێنێت!
كاتێك سلێمان پاشا بڕیاری داوە بۆ ئەو سەربزێویە، سوپایەكی گەورە بنێرێتە سەر مەحموود پاشا، بەڵام پێش ئەوەی هیچ شەڕ و روو بە رووبوونەوەیەك دروست ببێت، هەردووك لا لەسەر ئەوە رێككەوتوون فەرمانڕەوایی هەریر و كۆیە نە بۆ مەحموود پاشای كوڕی تەیموور پاشا بێت و نە بۆ عوسمان بەگی كوڕی مەحموود پاشای بابان، بەڵكو بە فەرمانێك برایم بەگ كراوە بە فەرمانڕەوای ئەو ناوچانە.

بابانیەكان بكات بە دوو
بەو شێوەیە سلێمان پاشا توانیوویەتی یەكەم هەنگاوی مەبەست و مەرامە دوژمنكارانەكەی بە ئەنجام بگەیەنێت و بە دروست كردنی ناكۆكی و ململانێ‌، بابانیەكان بكات بە دوو بەرەی نەیاری یەكتری و خزمایەتیەكەیان بۆ دوژمنایەتی بگۆڕێت.
ئینجا دوای ئەوەی سلێمان پاشا لەوە دڵنیابووە، برایم بەگ گەیشتووەتە ئاستێك كە بتوانێت نیاز و پیلانەكانی بە سەركەوتوویی بەدی بهێنێت، بە نهێنی لەگەڵی دا رێككەوتووە لە جێگای مەحموود پاشای مامی دا بیكات بە میری بابان. هەر بۆیە ساڵی (1782ز) بە مەبەستی هێرش كردنە سەر قەڵا چوالان و لادانی مەحموود پاشا، بە سوپایەكی گەورەوە هاتووەتە كەركوك.
هەمان كات والی داوای لە برایم بەگی موتەسەڕیفی كۆیە و هەریر كردوە بۆ ئەوەی لەو شەڕەدا هاوكاری بكات، ئەویش لەگەڵ هەر یەكە لە خالد بەگ و عەزیز بەگی برای و حەسەن بەگی كوڕی شێر بەگی كوڕی (میر بەكرەسوور1703-1714ز)ی بابان و حسێن بەگ و كۆمەڵێك لە گەورە پیاوانی لایەنگری خۆی بە هێزێكی تۆكمەوە چووتە كەركوك و پەیوەستی سوپاكەی سلێمان پاشا بووە.
دوای گەیشتنی ئەو هەواڵە، مەحموود پاشاش لەگەڵ عوسمان بەگی كوڕی دا بە هێزێكەوە چوونەتە دەربەندی بازیان و سەنگەری بەرگری و روو بە رووبوونەوەیان دروست كردوە، بۆ ئەوەی لە سەر لوتكە شاخەكانی دەربەندەكەوە رێ‌ لە هاتنە ناوەوەی سوپای والی بەغدا بگرن، بەڵام لەو كاتەدا و بە هۆی تێكچوونی ریزەكانی هێزی پاشای بابان كە زوربەی پیاوە شەڕكەر و ناودارەكان لە مەحموود پاشا جیابوونەوە و چوونەتە پاڵ هێزەكەی برایم بەگ، ناچار مەحموود پاشا بۆ رێگری كردن لە خوێن رشتن و روونەدانی شەڕ لە نێوان سەربازانی بابانی دا، لەگەڵ تەواوی دەست و پێوەند و پیاوەكانی لایەنگری خۆی بەرەو سنەی پایتەختی میرنشینی ئەردەڵان كۆچی كردوە.
دوای ئەو رووداوە، سلێمان پاشای والی بەغدا فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان و بەڕێوەبردنی ناوچەكانی كۆیە و هەریری بە برایم بەگ بەخشیووە، ئەویش وەكو میری بابان لە ساڵی (1782ز)دا، چووەتە قەڵا چوالان و دەسەڵاتی گرتووەتە دەست. دوو ساڵ دواتر لە (1784ز)دا، بڕیاری دروست كردنی شاری سلێمانی دەركردوە.

فەرماندەی سوپای كەریم خانی زەند
لەولاشەوە، دوای نیشتەجێ‌ بوونی مەحموود پاشا لە گوندی (باینچو)ی نزیك سنە، عوسمان بەگی كوڕی بە دیاریەكی زۆرەوە ناردوە بۆ لای (عەلی موراد خانی زەند) لە ئیسفەهان كە دوای مردنی (كەریم خان1747-1779ز) لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی بەشێك لە وڵاتی ئێران دانیشتووە. ئەگەرچی كاتێك فەرماندەی سوپای كەریم خانی زەند بووە لە ساڵی (1774ز)دا، وەكو هێزی پشتیوانی محەمەد پاشای بابان هاتووە بۆ گرتنی قەڵا چوالان، بەڵام لەو شەڕەدا لەلایەن عوسمان بەگی كوڕی مەحموود پاشاوە بە دیل گیراوە و رێزی زۆری لێ‌ گیراوە. هەر بۆیە لەو كاتەوە خۆشەویستی و دۆستایەتی لە نێوانیان دا دروست بووە.
لەو كاتەدا، مەحموود پاشا داوای لە عەلی موراد خان كردوە فەرمانڕەوایی میرنشینی ئەردەڵانی پێ‌ ببەخشێتەوە، چونكە بە مافێكی رەوای خۆی دەزانێت و پێشتریش هەر یەكە لە (خانە محەمەد پاشا1719-1729ز)ی مامی و (خالد پاشا1723-1743ز)ی باوكی و (سلێمان پاشای كوژراو1747-1765ز)ی برای فەرمانڕەوایەتی ئەو ناوچەیەیان كردوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێكە بە هۆی بارودۆخی ئەو كاتەی ئێران لە بنەماڵەی بابان سەنراوەتەوە.
لەبەرامبەر ئەوەدا، فەرمانێكی بۆ مەحموود پاشا دەركردوە و لە شوێنی (بوداخ خان)ی كوڕی شێخ عەلی خان كردویەتی بە میری سابڵاخ-مهاباد، چونكە هەتا ئەو كاتە دانیشتوانی ناوچەی موكریان ملكەچی دەسەڵاتی عەلی موراد خان نەبوون.
كاتێك مەحموود پاشا فەرمانی دامەزراندنەكەی لەگەڵ خۆی بردوە و گەیشتووەتە سەقز، ئینجا ناوەرۆكەكەی بە بوداخ خان راگەیاندوە، بەڵام ئەو زۆر بە تووندی وەڵامی نامەكەی داوەتەوە و ملكەچی فەرمانەكە نەبووە، بەڵكو هێزێكی گەورەی بە هاوكاری و پشتیوانی خانەكانی (ئوور و میە، خۆیە، سڵماس و مەراغە) پێكهێناوە و سوپایەكی (12) هەزار سەربازی كۆكردوەتەوە و بۆ شەڕی مەحموود پاشای بابان خۆی ئامادەكردوە. لەبەر ئەوەی هێزی مەحموود پاشا تەنها (500) سەرباز بووە، هەر بۆیە بڕیاری داوە شەڕی ئەو هێزە زۆرەی بوداخ خان نەكات، بەڵام ئەورەحمان بەگی كوڕی هانی داوە و ورەی بەبەرداكردوە. لەو كاتەدا هێزەكانی خانی موكریان لە دوو لاوە روو بە رووی مەحموود پاشا بوونەتەوە، ئەوانیش هێزەكەیان كردوە بە دوو بەشەوە، بەشێكی لە ژێر فەرماندەیی خۆی و بەشەكەی تریش بە فەرماندەیی ئەورەحمان بەگی كوڕی هێرشیان دەست پێ‌ كردوە.
دوای ئەوەی ئەورەحمان بەگ توانیوویەتی قۆڵی بوداخ خان بشكێنێت و ئەو هەواڵە گەیشتووە بە مەحموود پاشا، چونكە ئەویش لای خۆیەوە كەمێك سەركەوتنی بە دەستهێناوە، بە مەبەستی پشوودان و چاوەڕێی گەڕانەوەی هێزەكەی ئەورەحمان بەگ، لەسەر كانیەكی نزیكی ئەو شوێنە لایداوە، بەڵام بێ‌ ئاگا لەوەی بەشێك لە پاشماوەی هێزە پەرتەوازەكەی بوداخ خان لەسەر چیایەكی سەروو ناوچەكە ماونەتەوە، لەو كاتەدا گوللەیەكی وێڵ بەر سەری مەحموود پاشا كەوتووە و هەمان كات گیانی دەرچووە! دوای ئەوەی پیاوەكانی بە پەلە تەرمەكەیان پێچاوەتەوە، بەرەو سەقز پاشەكشەیان كردوە و شوێن و سەنگەر و كەلوپەلە سەربازیەكانیشیان كەوتووەتە دەست دوژمن.

بە خۆی و هێزەكەیەوە
بەپێی تۆمارەكەی مەلا عومەری رەنجووری شاڵەبەگی؛ مەحموود پاشا رۆژی یەك شەممە (27-3-1784ز) لە ناوچەی سابڵاخ و (ئێلتیمور) كوژراوە.
كاتێك ئەورەحمان بەگ بە كوژرانی باوكی زانیووە، بە خۆی و هێزەكەیەوە لەگەڵ كەژاوەی تەرمەكەدا بەرەو سەقز گەڕاوەتەوە و هەواڵی ئەو كارەساتەی بە عوسمان بەگی برای راگەیاندوە لە سنە. دوای ئەوەی لە گۆڕستانی سەقز تەرمی مەحموود پاشا بە خاك سپێردراوە، ئینجا بە مەبەستی تۆڵەكردنەوە عەلی موراد خان هێزێكی باشی خستووەتە بەر دەستی عوسمان بەگ و ناردویەتی بۆ سەر خانی موكریان، بەڵام لەبەر ئەوەی (عەباس قولی خان)ی والی سەقز ژێر بە ژێر كەوتووەتە پەیوەندی لەگەڵ بوداخ خان، عوسمان بەگ لە تۆڵەی باوكی كوشتوویەتی و سەقزیشی تاڵان كردوە. دواتر بە هێزەكەیەوە هێرشی كردوەتە سەر سابڵاخ و گەمارۆی بوداخ خانی داوە.
دوای ئەوەی دەنگ و باسی كوشتنی عەباس قولی خان و تاڵان كردنی سەقز گەیشتووە بە دەرباری عەلی موراد خان، زۆر بەو كارەی عوسمان بەگ نیگەران و توڕەبووە و لە یارمەتی دانەكەشی پەشیمان بووەتەوە. ویستوویەتی لە نامەیەكی نهێنی دا پیاوەكانی كە لەگەڵ هێزەكەی عوسمان بەگ بوون لەوە ئاگادار بكاتەوە بە هەر شێوەیەك بووە لە دەرفەتێك دا بە قۆڵ بەست كراوی عوسمان بەگ بهێنن بۆ ئیسفەهان یان بیكوژن! بەڵام كاتێك ئەورەحمان بەگ لە نزیك سەقز نامەبەرەكەی دەستگیركردوە، پیلانەكەی عەلی موراد خانی بۆ ئاشكرا بووە و دوای خوێندنەوەی راستەوخۆ نامەكەی ناردوە بۆ عوسمان بەگی برای لە سابڵاخ. ئەویش دوای ئەو هەوڵە بە ناچاری پاشەكشەی كردوە و بە پەلە هەموو خێزانە بابانیەكانی نیشتەجێی سەقزی بە هاوكاری و یارمەتی پیاوەكانی هۆزی (بڵباس) لەگەڵ ماڵ و منداڵ و دەستوپێوەندەكانی خۆیان دا گەڕاونەتەوە بۆ ئەودیوو سنوور و لە رەواندز نیشتەجێ‌ بوون.

*-پارەیەكی زیوییە، یەك تورەكە (500) قرۆش بووە.
تێبینی: لە ئایندەیەكی نزیك دا، تەواوی سەردەمی ژیان و فەرمانڕەوایی ئەو دوازدە میرەی بابان لە دووتوێی كتێبێك دا لەلایەن نوسەرەوە چاپ و بڵاودەكرێنەوە.

سەرچاوەكان لە ئەرشیفی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ دا پارێزراون.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...