شیعر

له‌ دوای من

گه‌شاوه‌ جاف

دوای من،
خۆم ده‌ده‌مه‌ ده‌ستی با
بمهێنێ و بمبا بێ ئاڕاسته‌
وه‌ك كایه‌كردن له‌ نێو
ده‌ستی منداڵێكا.

دوای من،
به‌ تۆچی ئاوه‌دانی شار
یان وێرانبوونی نیشتمان
له‌توێشووی ئه‌هریمه‌ن
یان ونكردنی شووناسی خۆم
تۆ! ده‌ده‌مه‌ ده‌ستی
ره‌شه‌باكه‌ی سلێمانی
با به‌ ویستی خۆی
به‌ لێواری ئه‌زمڕ و
گۆیژه‌ ستیتدا بدات
وه‌ك جه‌سته‌ی هه‌ر ئاهورامه‌زدایه‌ك
بكه‌وییه‌ لاڕێی رێبوارێك.
ده‌تده‌مه‌ ده‌ستی گه‌رده‌لوولی ناوه‌ختی ژیان
تاوه‌ك خانووه‌كان له‌ بنه‌وه‌ هه‌ڵته‌كێنێ
له‌ ناچیزه‌یی،
خۆم ده‌ده‌مه‌ ده‌ستی گڕكانه‌كان
كه‌ له‌ ناخی زه‌ویدا سه‌رده‌ردێنن
تا بمكه‌نه‌ قه‌قنه‌س.

له‌ دوای تۆ
خۆم ده‌ده‌مه‌ ده‌ستی قه‌ده‌ر
قه‌ده‌رێكی ناكۆتا!
من و چاره‌نووس
دوو ڕێبواری ئه‌به‌دین له‌ زووڵمه‌تی شه‌ودا،
دوو تووڕه‌بوونین
له‌سه‌ر لێواری هه‌ڵسانه‌وه‌.

له‌ دوای من،
هه‌رچی ره‌نگه‌كانی شادیی هه‌یه‌
له‌سه‌ر ده‌روونی ره‌شه‌با كۆ بكه‌ره‌وه‌.

له‌ دوای تۆ،
هه‌رچی ئه‌دره‌س هه‌یه‌
له‌ خودای ئه‌سه‌نم
لێره‌وه‌، زوڵمه‌تی شه‌و ده‌سپێرین
به‌ ئه‌هریمه‌نێكی دی،
لێره‌وه‌
شادییه‌ كورتخایه‌نه‌كان
له‌ ئاسمانی ئه‌زمڕدا ئه‌گوازمه‌وه‌،
دواجاركه‌ خۆم به‌ ده‌سته‌وه‌دا
كه‌وتمه‌ده‌ستی ئه‌وان!؟
شتێ نامێنێ به‌ ناوی عه‌شق
به‌ ناوی پاكیزه‌یی…

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*