ئادوێڵ ماجا پیه‌رس
له ئینگلیزییه‌وه: فاروق هۆمه‌ر
من ئه‌و ڕۆژگاره ته‌مه‌نم دوانزه ساڵان بوو. پاشنیوهڕۆییهك باوكم به‌ر له واده‌ی ئاسایی خۆی به هه‌ڵه‌داوان خۆی كرده‌وه به ماڵه‌وه‌دا.
״ژنه‌كه״ هاواری بۆ دایكم كرد كه له پشته‌وه سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی خوانی ئێواره بوو. ״ژنه‌كه له‌وه ده‌چێ هیچ دهنگوباسێكت نه‌هاتبێته گوێ؟״.
من به شوێن باوكمه‌وه بووم، به‌وپه‌ڕی ئاسوده‌ییه‌وه به‌ناو ماڵه‌كه‌دا ده‌هات و ده‌چوو.
دایكم گوتی: ״ئه‌رێ تۆ شه‌رم له‌خۆت ناكه‌یت، پیاوێكی گه‌وره و گران وه‌كو منداڵێكی بچكۆلانه به‌ناو ئه‌و ماڵه‌دا هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێتی. پێم ناڵێی چی بووه؟״.
״ ئۆجوكو، ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆی بۆ بیافرا ڕاگه‌یاند. ئێمه چیتر خه‌ڵكانی نه‌یجیریا نین. گوێت لێمه؟״ باوكم به‌ده‌م خهندهیهكهوه ده‌یگوت ״ئێمه خه‌ڵكانی بیافراین״.
دایكم گوتی ״ ئێ جا ئه‌وه چییه؟״.
״ژنه‌كه تۆ بۆ خۆشت نازانی چی ده‌ڵێیت؟ تۆ هه‌ست ناكه‌یت ئه‌مڕۆ ڕۆژێكی پڕ شكۆیه، ڕووداوێكی مێژووییه؟״.
دایكم له شوێنی خۆی وه‌ستابوو و هه‌ردوو ده‌ستی نابووه لاكه‌له‌كه‌ی. ڕوخساری له‌به‌رده‌م بڵێسه‌ی ئاگره‌كه‌دا چۆڕاوگه‌ی ئاره‌قه‌ی لێ ده‌چۆڕا. ئه‌وجا گوتی: ״ده‌ی سا خۆ ئێمه له نه‌یجیریا بین یاخود له بیافرا، ئه‌وه كۆته‌ره دارێكی سووتان چییه له ماڵه‌كه‌ماندا نییه״.
باوكم هه‌ردوو ده‌ستی بۆ ئاسمان به‌رزكردبووه‌وه.
״ڕوداوێكی ئه‌وتۆ گرنگ له‌و دونیایه‌دا خه‌ریكه شوێن ده‌گرێ و تۆش هاتووی باسی داری سووتاندنم بۆ ده‌كه‌یت. ده‌ی فه‌رموو ئه‌وه‌ش ژن״. باوكم ئه‌وه‌ی گوت و چووه ده‌ره‌وه.
ئه‌و ئێواره‌یه به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه و سه‌رتاش و ئه‌و پیاوه‌ش كه خاوه‌نی پۆسته‌خانه بوو هاتن بۆ ماڵمان.
״كوڕێژگه، ئاده‌ی وه‌ره ئێره‌وه״ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه بانگی كرد.
״وه‌ره و گوێ بنێ به قسه‌كانی مامۆستاوه بزانه چیت لێ ده‌پرسێ״. باوكم فه‌رمانی دا.
״حه‌وت جار نۆ ده‌كاته چه‌ند؟״.
״شه‌ست و سێ ״ من وه‌ڵامم دایه‌وه.
״زۆر چاكه. پرسیارێكی تر. ئه‌گه‌ر بیست سه‌ربازی نه‌یجیریا به‌ره‌و گونده‌گه‌ی ئێمه هاتن و پێنج ژنی بیافرایی لێیان هاتنه ده‌ست و به قاپ تێ‌یان بكه‌ون، كێ شه‌ڕه‌كه ده‌باته‌وه؟״. سه‌رتاشه‌كه له‌ناو پێكه‌نینا خۆی خست به پشتا.
دایكم هات په‌لی گرتم و له ژووره‌كه‌ی بردمه ده‌رێ. به‌ڵام خۆمم لێ دزییه‌وه و جارێكی دی گه‌ڕامه‌وه و له نزیكی ده‌رگاكه‌وه وه‌ستام.
باوكم گوتی: ״ئه‌و ڕۆژه چیم پێگوتی؟ نه‌مگوت ئه‌و ئۆجوكویه پیاوێكی گه‌وره‌یه. له‌و سه‌ركردانه‌یه كه بۆی ده‌كرێ هه‌موو كارێك بخاته سه‌ر پێی خۆی. ئه‌و نه‌یجیرییه هیچوپووچانه سه‌ری خۆیان ده‌كێشن به به‌ردا، گه‌ر بیر له‌وه بكه‌نه‌وه په‌لاماری ئێمه بده‌ن. با شتێكت بۆ ڕوون بكه‌مه‌وه״.
״ئه‌و قسه‌یه‌تم زۆر پێخۆشه. با خۆیان تاقی بكه‌نه‌وه. بیافرا وه‌ك شاخ ڕواوڕوویان ده‌وه‌ستێته‌وه״ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه گوتی.
به‌ڕێوه‌به‌ری پۆسته‌ش گوتی: ״تا ئێستا پێنج وڵات دانی به‌سه‌ربه‌خۆیی ئێمه‌دا ناوه״.
دایكم بانگی كردم. ״ئه‌وه بۆ كوێ چووی؟ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی چاوم لێخافڵ كردی كتوپڕ خۆت ده‌دزیته‌وه و گوێ له‌و پیاوه بێمێشكانه ده‌گری چی ده‌ڵێن؟ نه‌یجیریا، بیافرا، نازانم ئه‌وانه چی لێكیان جیا ده‌كاته‌وه. ئه‌وه له كوێوه په‌یدابوو دوو كه‌لله‌سه‌ر له‌سه‌ر گه‌ردنێك قووتببنهوه؟ ده‌ی بجوڵێ و بڕۆ ئه‌و بزنانه ببه‌ره‌وه گهوڕهكهیان و جوان ده‌رگاكه‌یان له‌سه‌ر پێوه بده بۆ ئه‌مشه‌و״. دایكم ئه‌وه‌ی گوت و جارێكی دی هاواری لێ به‌رزبۆوه و گوتی ״ئه‌وه ئێستاش ئه‌وانه بزنی بیافرایین، ده‌بێ زیاتر نازیان بكێشین״.
به‌درێژایی چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوو باس‌وخواس هه‌ر له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ده‌خولایه‌وه. هه‌ر وه‌كو دایكم به‌رده‌وام ده‌یگوت، ته‌نیا جیاوازییه‌ك هاتۆته گۆڕێ، هه‌ر ئه‌وه‌یه كه نرخی خواردن چۆته سه‌رێ.
واتهواتێك كه‌وتبووه ناو خه‌ڵكه‌وه كه سه‌ربازانی فیدڕاڵی به‌ره‌و لای ئێمه‌وه دێن. ئه‌و شه‌وه سه‌ربازه‌كانی بیافرا په‌یدابوون، به جلوبه‌رگه سه‌ربازییه تازهكانیانهوه و به تفه‌نگه بریقهدارهكانیانهوه زۆر وریاییان ده‌نواند. به ماشێنه دوابهتاڵهكانیانهوه ده‌هاتن و ده‌چوون و له هه‌ر شوێنێكه‌وه تێده‌په‌ڕین، له‌دوای خۆیانه‌وه ته‌نیا ته‌پوتۆز و خۆڵیان جێده‌هێشت. هه‌موو هاوڕێكانم شانازییان پێوه ده‌كردن.
به‌ره‌به‌یانییه‌ك له خه‌و ڕابووم له دووره‌وه گوێم له ده‌نگی گولله بوو. فڕۆكه‌یه‌كیش به ئاسمانه‌وه به‌سه‌رماندا ده‌فڕی.
باوكم هاواری كرد ״خێراكه‌ن، گوڕ بده‌نه خۆتان په‌لامار ده‌درێین״.
״تۆ كوێراییت داهاتووه ژنه‌كه، چاوت لێنییه ئه‌و خه‌ڵكه تێكڕا به‌ره‌و دارستانه‌كه هه‌ڵدێن؟״.
״ئه‌ی سه‌ربازه‌كانی خۆمان له كوێن؟״ من پرسیم.
״سه‌ربازی چی؟ هه‌ر ئه‌مشه‌و هه‌موویان هه‌ڵاتن״.
دایكم به‌خێرایی خۆی كرد بهژوورهكهدا و خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی جلوبه‌رگ بوو.
باوكم گوتی ״ئێستا كاتی ئه‌وه نییه״.
كاتێ چوومه ده‌ره‌وه هه‌موو ئه‌و ڕووداوانه‌م به چاوی خۆم بینی ڕاستی بوون. خواروژووری گونده‌كه خه‌ریك بوو به‌ره‌و دارستاكه هه‌ڵده‌هاتن. به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه له‌پێش هه‌موویانه‌وه بوو. دوو شه‌و و دوو ڕۆژ له‌ناو دارستانه‌كه خۆمان حه‌شار دا.
دایكم گوتی ״ئه‌وه بیافرای گه‌وره‌تانه. ئه‌رێ پێم ناڵێی ئۆجوكوتان له كوێیه؟ له هیچ شوێنێكه‌وه دیاری نییه؟״.
״ده‌مت دابخه ژنه‌كه״ باوكم به‌سه‌ریا نه‌ڕاندی.
ڕۆژی سێیه‌م باوكم داوای لێكردم ״بڕۆ و ته‌ماشایه‌كم بۆ بكه بزانه سه‌ربازه‌كان هه‌ر له‌وێ ماون״.
״تۆ ده‌ته‌وێ مناڵه‌كه به‌كوشتن بده‌یت؟״ دایكم ئه‌وه‌ی گوت و توند باوه‌شی پیاكردم.
״لێی دووربكه‌وه. ئه‌وان له منداڵ ناده‌ن״ باوكم ئه‌وه‌ی گوت و وه‌كو ئه‌وه‌ی له شتێكم دڵنیا بكاته‌وه، لێم وردبۆوه.
״به‌جۆرێك ده‌ڕۆی خۆت نیشان ناده‌یت، گوێت لێمه؟״.
به‌ره‌و كه‌ناری دارستانه‌كه هاتم و له‌وێوه ته‌ماشایه‌كم كرد. بێجگه له چه‌ند مریشكێك، گونده‌كه سه‌راپای چۆڵه‌وانییه‌ك بوو بۆ خۆی. چاوم كه‌وته سه‌ر بزنه‌كانمان له نزیكی پۆستهخانهكهوه، خه‌ریك بوو ده‌له‌وه‌ڕان. ده‌زانم خاوه‌نه‌كه‌ی به بینینی ئه‌و دیمه‌نه ئاسووده نابێت. گوێم به ئامۆژگارییه‌كه‌ی باوكم نه‌دا و له‌پڕ ده‌ستم كرد به ڕاكردن به‌ره‌و ناو گوند. له نزیكی سهرتاشخانهكهوه سێ سه‌ربازی نه‌یجیری هاتنه ده‌رێ. هه‌رسێكیان تفه‌نگه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه گرتبوو. له‌وێدا چاوه‌ڕێم بوون.
یه‌كێك له سه‌ربازه‌كان گوتی ״خه‌ڵكه‌كه‌تان له كوێن؟״.
منیش ده‌ستی ئاماژه‌م به‌ره‌و دارستانه‌كه هه‌ڵبڕی.
״ئه‌وان له ئێمه ده‌ترسێن؟״.
سه‌رێكم بۆ له‌قاندن.
״بڕۆ و پێیان بڵێ ئێمه ئازاری كه‌س ناده‌ین״.
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی گه‌ڕامه‌وه بۆ ناو دارستانه‌كه، هه‌رچییه‌ك له‌وێ بوو پێكه‌وه كه‌وتنه پرسیاركردن. ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كان به‌سه‌ر من هاتبوو، پاكیم بۆ گێڕانه‌وه. ئه‌وجا ورته‌ورت ده‌ستی پێكرد. هه‌ندێك له‌وان ئاره‌زوویان ده‌كرد هه‌ر له‌وێ بمێننه‌وه و هه‌ندێكیشیان بڕیاریان دابوو بگه‌ڕێنه‌وه. به‌ڵام هه‌ر هه‌موومان برسیمان بوو و خواردنێكیش له‌وێ نه‌مابۆوه. به‌هۆی مێشوولهشهوه كه‌سێك بۆی نه‌كرابوو به ئارامی بنوێت. ئیدی ئه‌وه بوو هه‌موو گه‌ڕاینه‌وه. سه‌ربازه‌كان له‌سه‌ر قسه‌ی خۆیان سووربوون و ئازاری كه‌سێكیان نه‌دا. بۆ ڕۆژی دواتر هه‌موو شتێك گه‌ڕایه‌وه باری ئاسایی خۆی. له كۆتایی ئه‌و هه‌فته‌یه‌شدا سه‌ربازه‌كان هه‌موو پاشه‌كشه‌یان كرد.
ئێواره‌یه‌ك سه‌رتاشه‌كه و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه و كابرای پۆسته‌خانه هاتن بۆ ماڵمان. باوكم ڕه‌وانه‌ی كردم بۆ ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند شووشه‌یه‌ك بیره‌یان بۆ بكڕم. كاتێك ده‌گه‌ڕامه‌وه گوێم لێ‌بوو باوكم ده‌یگوت ״بۆم باس نه‌كردی، ئه‌و بیافرییانه هه‌تابڵێی هیچ له‌بارانه‌بوون. هه‌ر وه‌كو هه‌میشه‌ی خۆیان خه‌ریكی چه‌ندوچوون بوون. هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش كه‌وتنه چه‌ندوچوون ئیدی ئه‌وه‌ی جووڵه‌یه‌ك بوو نه‌یانكرد״.
به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه بانگی كردم و گوتی ״كوڕێژگه، ئه‌گه‌ر سه‌ربازانی بیافرایی بیست فرسه‌خ له ڕۆژێكدا ببڕن، به چه‌ند ڕۆژ ده‌گه‌نه كامیرۆن؟״.
سه‌رتاشه‌كه لایه‌كی ڕوخساری خۆی داپۆشی و ناڵه‌یه‌كی لێوه هات.
باوكم گوتی: ״گوێیان پێ مه‌ده ״.
دایكم له‌پشته‌وه بانگی كردم و گوتی ״بڕۆ ئه‌و بزنه نه‌یجیرییانه كۆ بكه‌ره‌وه״.
*ئۆجوكو: فه‌رماندارێكی سوپای نه‌یجیری بوو، گیانێكی جوداخوازی تیا‌بوو و كه‌وته ئاره‌وزووی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی بیافرا.
سه‌رچاوه:
Loyalties, and other short stories
By Adewale Maja-Pearce
126 جار بینراوە