سەرەکی » راپۆرت » دیدگای سەرۆك كۆمار بۆ حكومەتی داهاتووی عیراق

دیدگای سەرۆك كۆمار بۆ حكومەتی داهاتووی عیراق

ڕاپۆرتی / یادگار عەلی

لە مەراسیمی یادی (37) ساڵەی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق، لە بەغداد بەئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و سەركردەی بەشێكی زۆر لە هێزو لایەنە سیاسیەكان، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق وتارێكی پێشكەشكرد، تێیدا تێڕوانین و ڕوئیای خۆی بەرامبەر بە پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق خستەڕوو.
سەرۆك كۆماری عیراق، پێكهێنانی حكومەتی پشكپشكێنەی سیاسیی بەنا پێویست زانی، داوای لە سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت كرد، حكومەتێك پێكبهێنێت خزمەتكاری وڵات بێت. سەرۆك بەرهەم ساڵح داوای لەلایەنە سیاسیەكانیش كرد، هاوكاری سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بن بۆ پێكهێنانی حكومەتی خزمەتكاری هاووڵاتیان حكومەتێك نەخشەی سیاسی لەپێشچاوبێت و پشتبەستوو نەبێ بە پشكپشكێنە. وتیشی: عیراقیەكان دەیانەوێت گۆڕانكاری ڕیشەیی لە شێوازی حوكمڕانی بێتەئارا و حكومەتێكیان هەبێت كار بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی بكات و پابەندبێت بەدەستوور و ڕێز بگرێت لە ئازادیەكان و فرەیی و پارێزگاری لەمافی هەمووان.
سەرۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ، وتیشی: دەبێت حكومەتی نوێ هەڵەكان چارەسەر بكات، چونكە عیراق جارێكیتر قبوڵی گەڕانەوەی تیرۆر ناكات و دەمانەوێت وڵاتەكەمان سەنتەری ئەمنی و سیاسی بێت لەناوچەكە و بنچینەی ئەو سەنتەرەش لەسەر پێكەوەیی و هەماهەنگی بێت لەپێناو بەرژەوەندیەكانی عیراق و سەقامگیری ناوچەكە.
وتیشی: بەركەوت و ئەركی گەورە ترمان لەبەر دەمدایە، پەیامی هەڵبژاردنەكانی پێشوو پەیامی بەسرە و موسڵ و ئەركەكانی ئاوەدانكردنەوە و گەڕ‌اندنەوەی ئاوارەكان و پێداویستی هاوڵاتییان كە لانی كەمی خزمەتگوزاریی و حوكمی رەشیدن، پەیام بەهەمووان دەگەیەنێت باشتر ئەركەكان رابپەڕ‌ێنین. بۆیە پێویستە دەستبەرداری ئەو دەستەواژەنە بین كە بەسەر كاری سیاسییماندا زاڵ ببوون لە رابردودا. هەروەها وتیشی: بەدڵنیایشەوە نابێت وەك رابردوو هەر پشت ببەستین بە موحاسەسەی سەپێنراو كە زەرەرمەندی گەورە هاوڵاتیی عیراق و بێ ئۆقرەیی ئەم وڵاتە بووە.
سەرۆك كۆماری عیراق، لەدرێژەی خستنەڕووی دیدگا و ڕوئیای خۆی بۆ حكومەتی نوێ‌، وتیشی: پێویستە بە جدیی هەوڵ بدەین بۆ پابەند بوون بە دەستوور وەك مەرجەعیەتییەك كە تواناكانی بنیاتنانی وڵاتێك بۆ هەمووان بێ جیاوازی زامن بكات، كار بكرێت بۆ كارا كردنی رێزگرتنی فرەیی وەك بناغەیەك بۆ مافەكان و ئازادییە دیموكراسیی و مەدەنییەكان، دەبێت وەك زامنێكی پاراستنی مافی هەمووان بێ جیاكردنەوە و بە یەكسانیی شەریك و هاوبەش بن. هاوبەش بن لە نیشتمان و چارەسەركردنی كەموكورتیی هەڵەكاندا و پێكەوە كار بكرێت لە بونیاد نانی ئایندە و بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەكاندا.
ڕوونیشیكردەوە، عیراق لەڕێی تێكۆشانی گەلەكەی و قوربانییان و كاری دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەكانی ئەم وڵاتەوە لە سوپا و حەشد و پێشمەرگە و حەشدی عەشاییرەكان و هێزەكانی ترییەوە، ‌توانا و ئازایەتیی خۆی سەلماند لە تێكشكاندنی سەربازیی تێرۆردا. نابێت ئەم دەستكەوتانە بە هەند وەرنەگیرێت. نابێت عیراق قبوڵ بكات و رێگە بدات سەرلەنوێ تیرۆر بگەڕ‌ێتەوە، نابێت ئەم ناوچەیە سەرلەنوێ تاوانەكانی گەڕ‌اندنەوەی تێرۆری بخرێتەوە ئەستۆ.
سەرۆك بەرهەم ساڵح لەدرێژەی جەختكردنەوە لە ڕوونكردنەوەی دیدگای خۆی بۆ حوكمڕانی لە عیراق، وتی: دەمانەوێت عیراق ببێتە سەنتەر و خاڵی سیستەمی ئەمنیی و سیاسیی نوێ لە ناوچەكەدا، بناغەكەیشی هاریكاریی و هاوكاریی نێوان گەلانی ئەم ناوچەیە بێت بۆ تێكشكاندنی تیرۆر و تەكفیریی و توندڕ‌ەوی. ببێتە سەركەوتن بەرەو دابینكردنی بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابووریی و سیاسیی. من گەشبینم بە ئایندە چونكە چەندین قۆناغی دژوارمان بینی و تێپەڕ‌اند، ئێوەش پیاوان و خەباتگێڕ‌ەكانی عیراقن. قوربانیتان داوە لە پێناوی سەركەوتن بەسەر سەركوتكردن و تیرۆردا، ئەم گەلە كە بەخششی داوە دەتوانێت روبەڕ‌وی ئەم كێشانە ببێتەوە، ئومێدم بە برایان و هاوڕ‌ێیانمان لە ئەنجومەنی باڵایە، هەر وەك پێشتریش ئومێدمان پێیان بووە و پێشەنگ و پێشڕ‌ەوی پشتیوانیكردن بن لەم پرۆژە نیشتمانییەی كە پشت بە دەستوور دەبەستێت و مەبەستێتی عیراق ئارام بێت لەگەڵ گەلەكەی و دراوسێكانیدا، عیراق نموونەی ئاشتیی و تەبایی بێت لە ناوچەكەدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، بڵاویكردەوە، بەپێی دوائەنجامی ئەو فۆرمە ئەلیكترۆنییەی بۆ وەرگرتنی سیڤی هاوڵاتیانی عیراق بەمەبەستی وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان بڵاویانكردووەتەوە، (15) هەزار و (184)كەس سیڤیان پڕكردووەتەوە. وتیشی: لەو ڕێژەیە (1778)كەسیان كە دەكاتە (12%) بەشداربووان خاوەن بڕوانامەی دكتۆران، هەروەها (2200) كەسیان كە دەكاتە (14%) هەڵگری بڕوانامەی ماستەرن، هەروەها (15%) ڕێژەكە لە ژنان و (85%) لە ڕەگەزی نێرن، لەگەڵ ئەوەشدا (96%) ئەوانەی سیڤیان بۆ وەرگرتنی پۆستە وەزارییەكان پڕكردووەتەوە خەڵكانی بێلابەن و سەربەخۆن.
نووسیوشیەتی: پاش شیكردنەوەی یەكەمی بەپێی پێوەرەكان، سیڤی (601)كەس جیاكراوەتەوە، هەروەها لیژنەیەك لە شارەزایان لەهەموو ئەو سیڤیانە دەكۆڵنەوە بۆ دەستنیشانكردنی باشترین لە كاندیدەكان بەمەبەستی ئەنجامدانی چاوپێكەوتن لەگەڵیان. دوای ئەوەی سەرۆك كۆماری عیراق، عادل عەبدولمەهدی راسپێرا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق و تا ئێستا نیوەی ئەوكاتە یاساییە كە لەبەردەمیدا تێپەڕیوە، بەڵام نەخشەی سەرەتای پێكهێنانی حكومەتی نوێ هێشتا بەتەواوی دەرنەكەوتووە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

كەركوك ‌و خانەقین؛ بەغدا و هەرێم دەخاتە جووڵەی بەپەلەوە

کوردستانی نوێ و یادگار عەلی: كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان ...