سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » ترەمپ: نابێت پێش رووداوەکان بکەوین

ترەمپ: نابێت پێش رووداوەکان بکەوین

لە درێژەی هەواڵی دیارنەمان و کوشتنی جەمال خاشقجی رۆژنامەنووسی سعودی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیەنێت: نابێت پێش رووداوەکان بکەوین و بڕیاری کۆتایی بددەین. دەشڵێت: حکومەتی سعودیە ئاگاداری ئەو تاوانە نەبووە. گەرچی مایک بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سعودیەوە رایگەیاند: حکومەتی سعودیە ئامادەیە هەموو ئەو کەسانەی کە تاوانبار دەکرێن، رادەستی دادگای بکات.

نابێت پێش رووداوەکان بکەوین
لەمیانی دیدارێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیدی پرێس، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: دەبێت سەرەتا ئێمە بە دوای زانیارییەکان دا بگەڕێین پاشان بڕیاری کۆتایی بددەین. وتیشی: نابێت جیهان پەلە بکات لە بڕیاڕدان و تاوانبارکردنی سەرانی عەرەسبتانی سعودیە، دەبێت پێش هەموو شتێک زانیاری تەواومان لە بارەی کوژرانی خاشقجی دەستبکەوێت، ئینجا خەڵكی تاوانبار بکەین. راشیگەیاند: بە پێی هەموو یاساکان، تاوانبار هەتاوەکو بەڵگەی دروست نەبێت بۆ سەلماندنی تاوانەکەی، کەس ناتوانێت تاوانباری بکات.

محەمەد بن سەلمان ئاگادار نەبووە
لە دیدارێکی تریدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی فۆکس بیزنس دۆناڵد ترەمپ ، لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا مەلیک و جێنشینەکەی ئاگادار بوون، رایگەیاند: پێش هەموو شتێک ئەوەی گرنگە بەلای منەوە ئەوە نییە، کە ئایا ئەوان ئاگادار بوون یان نا، بەڵکە ئەوەی گرنگە دەبێت ئێمە بزانین ئەم کەسە چۆن کوژراوە. وتیشی: گەر مەلیک یان جێنشینەکەی ئاگاداری ئەم کارە بووبێتن، ئەوا کارێکی ئێجگار خراپ و ترسناکە. لە لایەکی ترەوە ترەمپ رایگەیاند: میر محمەمەد بن سەلمان جێنشینی مەلیکی سعودیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی راگەیاندووم: هیچ ئاگاداری کوشتن یان دیارنەمانی جەمال خاشقجی نییە.

حکومەتی سعودیە ئامادەی هاوکاریکردنە
رۆژی سێ شەممە مایک بۆمبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە سعودیە و لەگەڵ مەلیک و سەرانی حکومەتی سعودیە کۆبۆوەو پاشانیش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی راگەیاند: حکومەتی سعودیە بەڵێنی پێداوین، هەرکەسێک بەو تاوانە تاوانبار بکرێت، سزا دەدرێت. لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا، ئایا گەر ئەو کەسە ئەندامی بنەماڵەی ئال سعود بێت هەمان هەڵوێستیان دەبێت، بۆمبیۆ رایگەیاند: بەڵێ هەر کەسێک بەو تاوانە تاوانبار بکرێت، سزا دەدرێت و حکومەتی سعودیەش پێیان راگەیاندووە، کە پارێزبەندی بۆ هیچ کەسێک ناکەن.

کەسێکی نزیکی میر محەمەدە
هەرلەمبارەیەوە رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکا لە راپۆرتێکیدا رایگەیاند: ئەو کەسەی کە ئەم تاوانەی کردووە، کەسێکی نزیکی میر محەمەد جێنشینی مەلیکی سعودیەیە و پێشتریش لە سەردانەکانی بۆ فەرەنسا و ئیسپانیا و ئەمریکا لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەو کەسە لەگەڵ میر محەمەد بووە. لە درێژەی راپۆرتەکەشدا هاتووە، پۆلیسی تورکیا ئەو کەسە تاوانبار دەکات و پێشتریش وێنەی ئەو کەسە لە فرۆکەخانەی ئەستەنبووڵ گیراوە.
جێگەی ئاماژەیە لە سەرەتای ئەم مانگەوە، جەمال خاشقجی رۆژنامەنووسی ناوداری سعودیە، لەپاش سەردانی بۆ کونسووڵگەری سعودیە لە ئەستنەبوڵ، هەواڵی دیار نەمانی بڵاوکرایەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

قەتەر دژی ئەسەدە و ئیماراتیش باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق دەکاتەوە

ماوەی چەند ساڵێکە تەواوی وڵاتانی کەنداو دژی رژێـمی ئەسەد بوون، ...