سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » سعودیە، كەوتنێكی ناوەخت، بەڵام كاتی!

سعودیە، كەوتنێكی ناوەخت، بەڵام كاتی!

دوای ئەوەی لە2ی مانگی ئۆكتۆبەرەوە ڕۆژنامەنوس و ڕەخنەگری سعودی و بەئەسڵ توركی (جەمال خاشقچی) لەكونسوڵخانەی سعودیە دیارنەماو پەردەی ڕەشی تاوانەكە بەڕووی سعودییەدا هەڵدرایەوە ، دواجار لە19ی مانگدا داواكاری گشتی سعودیە هەموو گومانەكانی ڕەواندەوە لەسەر تاوانەكە، بەڵام هێشتا ئەوەی داواكاری سعودیە دەیڵێت وێنەگەورەكە نییە و بەجۆرێك لەجۆرەكانیش داواكار دەیەوێت سعودیە و محەمەد بن سەلمان و تەواوی دەسەڵاتی سعودیە لەتاوانەكە دوور بخاتەوە.كەناڵی CNN ئەمریكایش بەڵگەیەكی لەخێزانەكەی شاوە بڵاوكردۆتەوە كە خاشقچی خنكێنراوە.
بەهەر بارێكدا كۆتایی ئەم شانۆگەرییە لێكبدەینەوە مەملەكەتی سعودیەی شازادەكان بێبەش نابن لەتاوانەكەو ڕۆژنامەی نیۆرك تایمزیش دەڵێت ئەو پانزدە كەسەی كە بەتێوەگلان لەتاوانەكە دەستگیركراون پەیوەندی ڕاستەخۆیان بەمیرەكەی تەختی پاشایەتی سعودیەوە هەیە. ئەم ڕۆڵ بینینەی سعودیە لەم شانۆییەدا بەئاگایی بوبێت یان بەنائاگایی ئێستا سعودیە تێوەگلاوە و بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبییە دژەكانی سعودییەیش بێت ، (سەلاح ئەلتەبیقی)و ژمارەیەك كەسی تایبەتی سعودی نزیك لەشا محەمەد بن سەلمان بەتایبەت (ماهیر عەبدولعەزیز ئەلمترب) كە لەسەر دۆسییەكە گیراون هەستاون بەكوشتنی خاشقچی و بەمینشارپارچەپارچەیان كردووە و لەكاتی ئەنجامدانی كردەوەكەشیاندا گوێیان لەمۆسیقا گرتووە!. تەنانەت ئەو میدیایانە دەڵێن ئەم كردەوەیە بەپێش چاوی كونسوڵی سعودیەوە لەتوركیاو لەژورێكی كونسوڵخانەكەدا ئەنجام دراوە.
لەدوای دەركەوتنی سعودیە وەك دەرهێنەری شانۆییەكە ! كەواتە لێرەوە وێنەی سعودیە و دەسەڵاتدارانی ئال سعود لەسەر شاشەی ڕوداوەكانی ناوچەكە چۆن دەبێت؟ ئەی ئەمریكاو وڵاتانی گەورەی جیهانی چۆن لەسەر ڕووداوەكە دێنەدەنگ؟ ئەی كارتەكانی سعودیە چین بۆئەوەی بەرگری لەخۆی بكات و لەپێگەی سیاسی خۆی نەیەتە خوارەوە و توشی داكشانی سیاسی نەبێت؟ ئەی ئایا مانەوەی سعودیە بۆ ناوچەكە گرنگ دەبێت یاخود نەخێر سعودیەیش وەك هەر دیكتاتۆرێكیتری بەهاری عەرەبی لەدوای ڕووداوی خاشقچی بارگەی دەپێچێتەوە و لەسەر تەختەی شانۆی سیاسی ناوچەكە دێتەخوارەوە و ئیدی پەردەی ئەم شانۆگەرییە دادەدرێتەوە؟

سعودیە، كەوتنێكی ناوەخت! بەڵام كاتی
چیرۆكی كوشتنی ڕۆژنامەنووس (جەمال خاشقچی) كەوتنێكی سیاسی سعودیەیە بەپێش چاوی هەموو نەیارە ناوخۆیی و جیهانی و ناوچەییەكانییەوە پێش هەموویان قەتەر كە لەگەڵ دروستبوونی ئەم ڕووداوە هێرشە میدیاییەكانی بۆسەر سعودیە دەستپێكردووە و دەیەوێت كەیسەكە لەسودی خۆیی و بەزیانی سعودیە بشكێنێتەوە.
نەدەبوو سعودیە لەم كاتەدا بكەوێت!. دەبوو سعودیە لەسەر تەختەی شانۆیی سیاسی و ئابوری ناوچەكە زۆر وریایانە لەم كاتەدا هەنگاوی بنایەو ڕۆڵی گەورەی خۆیی وەك سەرداری كەنداو پێشان بدایە. ئەم كەوتنە كەوتنێكی ناوەخت و گوماناوییە، كەس نازانێت هۆكاری كردەیەكی لەم شێوەیە بۆ چی دەگەڕێتەوە و كێ لەپشتییەوە وەستاوە . بەڵام ئەم كەوتنە كەوتنێك نییە هەستانەوەی نەبێت، كەوتنێكە سعودیە زۆر بەئاسانی دەتوانێت تێیپەڕێنێت و هەڵسێتەوە. ئەم كەوتنە كەوتنێكی كاتییە بۆ سعودیەو بن سەلمان، ئەمەش بەزیرەكی و لۆژیكی سیاسی بن سەلمان‌و دەستوپێوەندەكانی نا بەڵكو بەپێوەری ئەو مێژووەی سعودیە هەیەتی لەگەڵ ئەمریكادا.
ئەمریكا لەپشت كەوتنی سعودیەوە!
وەك چۆن هەر گەورەبوون و ڕاوەستانێكی سیاسی و كرانەوەیەكی سیاسی بەچەندان كۆڵەكە و ڕاگیرەی دەرەكی وەستاوە، بەهەمانشێوە هەر كەوتنێكی سیاسی لینكێكی ڕاستەوخۆی بەدەرەوەی خۆیەوە هەیە و لەكاتی بچڕانی ئەو لینكە دەرەكییەدا، ئەوا ئەویش دەكەوێت. ئەم كەوتنانەیش بەپێوەری بەهێزی ئەو لینكە دەبێت كە دەیبەستێتەوە بەدەرەوەی خۆیەوە.
ئێستا ئەم لێكدانەوەیە بۆ سعودییەیش دەگونجێت و هەمان شێوەیە. ئایا كەوتنەكەی سعودیە گەورە دەبێت یاخود گەوتنێكی ئاساییە و لەكەمترین ماوەدا هەڵدەستێتەوە و هەموو برینە سیاسییەكانی چارەسەر دەبێت و تێیدەپەڕێت؟
ئەبێت بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لەبەهێزی ئەو لینكە سیاسییە بنواڕین كە سعودیەی بەستووەتەوە بەدەرەوەی خۆیەوەو بەوئەندازەیە گەورەی كردووە. وەك دەزانین ئێستا سعودیە لینكە بەهێزەكەی ئەمریكایە و ئەوەی وایكردووە كە سعودیە بەبەهێزی لەجیهان و ناوچەكەیشدا دەربكەوێت و مامەڵە بكات ، ئەوە بەهێزی لینكەكەیەتی لەگەڵ ئەمریكادا كە ئەمریكا ڕێگا خۆشكەرە بۆ ئەوەی سعودیە گەورە دەربكەوێت و بتوانێت لەناو یاریە سیاسی و ئابورییەكەی جیهاندا ڕۆڵی هەبێت . بۆیە بەم پێوەرە كەوتنەكەی سعودیە كەوتنێكی گەورە نابێت.
هەموو ئەو گەورانەی لەناوچەكە و جیهاندا ونبوون و كەوتن و نەمان، ئەمریكا یان خۆی ڕاستەوخۆ لەكەوتنیاندا دەستی هەبووە و پاڵنەری كەوتنەكەیان بووە، یان هاوكارێكی باشی هەموو ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆن و خۆپیشاندانانەبووە كە تاڕادەی كەوتن و وەدەرنانی دیكتاتۆرەكان درێژەی كێشاو دواتر بەهاری عەرەبی بەدوای خۆیدا هێنا. لەمەڕ پرسی دەست سوربوونی سعودیەیش بەخوێنی خاشقچی ئەمریكا ناتوانێت تاقانە دۆستەكەی كەنداو لەدەست بدات، تەنانەت میدیا دژەكانی سعودیەیش دەڵێن : ترامپ ڕاستەوخۆ پشتیوانی میر محەمەد بن سەلمان دەكات، لەكاتێكدا ئەمریكا داوای لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكە دەكات كەچی ئەمریكا وەزیری دەرەوەی خۆی (مایك پۆمپیۆ) دەنێرێتە سعودیەو بڕی 100 ملیۆن دۆلار بەدیاری وەردەگرێت.
مەككە و مەدینەی پیرۆز، یان نەوت؟
كارتە بەهێزەكەی سعودیە بۆ بەرگریكردن لەخۆی تەنها نەوتە. ئەگەر سعودیە ئەم تیكە گەورە چەورە نەخاتە خزمەت ڕووداوەكەوە بۆ بەرگریكردن لەخۆی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە ئیحراجییەی تێیكەوتووە، ئەوا سعودیە هێندە لێزان و پسپۆڕ نییە لەسیاسەت و جوڵەی سیاسیدا كە بتوانێت بەجوڵەی سیاسی یان دپلۆماسی و پەیوەندی بەهێزی بەجیهانی دەرەوە بتوانێت بەرگری لەخۆی بكات و واقیعی ئەم كەتنە بەسەدو پەنجا پلە پێچەوانە بكاتەوە و بەبێ هیچ پاشقولگرتنێكی ئەمریكا لێیدەربچێت و هەر وەك گەورەی كەنداو بمێنێتەوە.
ئەوەی دەتوانێت شەفاعەتێك بۆ سعودیە بكات لەم ڕووداوەدا ئەوە هەردوو شارە پیرۆزەكەی سعودیە (مەككە و مەدینە) نییە كە ساڵانە بەهەزاران كەس بۆ فەریزەی حەج ڕووی تێدەكەن و بەلای موسڵمانانەوە خاتری زۆرەو جێگای ڕێزلێگرتنە، بەپێچەوانەوە ئەوە نەوتە كە سعودیە دەتوانێت بیكات بەپارویەكی گەورەی ئەوتۆ لەقوڕگی ترامپ و ئەمریكییەكاندا دەرفەتی هەناسەدانیان لەسەر كەیسی خاشقچی ببڕێت و بێزمان و قسەیان بكات لەئاست ڕووداوەكە.
وەك چۆن هەردوو شاری پیرۆزی مەككە و مەدینە ناتوانن بەرگریی لەسعودیەو شازادەكانی بكەن و هێزی پیرۆزی خۆیان بخەنەگەڕ لەپێناو پاكبوونەوەی سعودیە لەم تاوانەو سعودیە بێگوناح و بێتاوان لەدادگای ئەمریكا دەربهێنن و بیسمیلی بكەن، بەهەمانشێوە ئەمریكاو ترامپیش ناكەونەژێر كاریگەرییە ئاینی و پیرۆزییەكەی خاكی سعودیەو هەردوو شاری مەككەو مەدینەوە، بەڵكو ئەوە نەوت و شیرینییەكانی نەوتە دەتوانێت زیاتر لەهەر سیمبوڵ و سیگناڵێكیتری پیرۆزی خاكی سعودیە كاریگەری لەسەر بێدەنگكردن و كۆدكردنی ئەمریكا هەبێت لەئاست سعودییەدا.
ئەم كارتەی سعودیە بەهێزە و لەپێشوویشداو لەساڵی 1973ەوە سعودیە لەگەڵ ئەمریكادا بەكاری هێناوە و لەبەرامبەر هەر پەستانێكی ئەمریكادا بۆسەر سعودیە، سعودیە توانیویەتی بەهێزی نەوت و سەفەقاتی نەوت هێزی پەستانەكەی ئەمریكا لەسەر خۆی كەم بكاتەوە و باری سەرشانی سوك بكات و لێی ڕزگارببێت و ببێتە گەورەی كەنداو، وەك ئەوەی لەلوتكەی ڕیازدا بینیمان.
ئیسرائیل و بێدەنگبوونی ئەمریكا لە كەیسی خاشقچی!
ئێستا یارییەكی گەورەی ئابوری و سیاسی لەنێوان سعودیە و ئیسرائیلدا لەناوچەكە هەیە بەچاودێری ئەمریكا، سعودیە دەرفەت و كارئاسانی زیاتر دەدات بە ئیسرائیل بۆ كرانەوە و پەلهاویشتنی زیاتر و دروستكردنی پەیوەندی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكەو جیهان، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئەمریكا زیاتر سعودیە وەك سەرداری كەنداو بهێڵێتەوە و زیاتر توشی هەڵكشانی بكات بەڕابەرایەتی ئال سعود.
تەنانەت ئێستا سعودیە لەهەوڵی ئەوەدایە ئیسرائیل بەشداری پێبكات لەپرۆژەی «نیۆم»دا، هاوكات داوای لەدەوڵەتی میسریش كردووە كە ڕێگە بە پاپۆڕە ئیسرائیلییەكان بدات بەژێر ئەو پردەدا بڕوات كە لەسەر دەریای سوری نێوان سعودیە و میسر دروستكراوە.
ئەم هەوڵانەی سعودیە هەروا بەبێ بەرامبەر و لەخۆڕا نییە و لەبەرامبەر هەر هاوكارییەكدا سعودیە پێشكەشی ئیسرائیلی دەكات ، هێندەش بەرامبەر وەردەگرێتەوە.
بۆئەمجارەیش لەكەیسی كوشتنی جەمال خاشقچیدا سعودیە خزمەتێكیتر پێشكەش بەئیسرائیل دەكات و ئەمریكایش پاداشتی خزمەتەكەی سعودیە بۆ ئیسرائیل بەبێدەنگبوون لەكەیسی خاشقچی دەداتەوە و ڕەوڕەوەی ڕوداوەكانی دێنەوە سەر هەمان ڕێڕەوی خۆیان و هیچ ڕووداوێكی گەورەو هەژێنەری ئەوتۆ ڕوونادات كە ئەمریكا تەواوی هێزی نەرمی خۆی یان تەواوی هێزی ڕەقی خۆیی بۆ بەكار بهێنێت. بەڵام لەسەر ئاستی تاك و وەك ڕۆژنامەنوسێك تیرۆری خاشقچی بۆ ئەمریكا گرنگە و ڕەنگە لاپەڕەیەكی تایبەت لەمەلەفی سعودیە لەلای ئەمریكا بكاتەوە، بەڵام هەرگیز لەسیاسەتی ئەمریكادا ڕۆژنامەنوسێك گەورەتر نییە لەتەواوی ئەو پرۆتۆكۆڵات و سەفەقاتە نەوتییانەی ئەمریكا دەبەستێت بەوڵاتێكیترەوەو لەخزمەت بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمریكادایە.

print

 37 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*