سەرەکی » دۆسێ » ته‌نگژه‌ی‌ نێوان قه‌ته‌ر و وڵاتانی‌ كه‌نداو به‌رده‌وامە

تیلرسۆن: لایه‌نه‌كان ئاماده‌ی‌ دیالۆگ نین

ته‌نگژه‌ی‌ نێوان قه‌ته‌ر و وڵاتانی‌ كه‌نداو به‌رده‌وامە

سه‌ردانه‌كه‌ی‌ ریكس تیلرسۆن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا بۆ ده‌وحه‌، نه‌بووه‌ مایه‌ی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ته‌نگژه‌كانی‌ كه‌نداو، له‌پاش كۆبوونه‌وه‌كانیشی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ قه‌ته‌ر تیلرسۆن رایگه‌یاند، هیچ «ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ به‌هێز» نییه‌ كه‌ ئاماژه‌ به‌ ئاماده‌یی‌ لایه‌نه‌كان بكات بۆ دیالۆگ.
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا نیگه‌رانی‌ ده‌ربڕی‌ كه‌ ئێران «تاكه‌ كایه‌ی‌ ئاسمانی‌ ره‌خساوه‌ بۆ قه‌ته‌ر» به‌هۆی‌ بایكۆتی‌ سعودیه‌ و میسر و ئیمارات و به‌حره‌ین بۆ ده‌وحه‌.
 به‌ بۆچوونی‌ چاودێران، ته‌قینه‌وه‌ی‌ ته‌نگژه‌كان له‌ نێوان قه‌ته‌ر و وڵاتانی‌ كه‌نداو، وابه‌سته‌ی‌ پرسێكی‌ په‌یوه‌ندیدار به‌ وڵاتی‌ ئێرانه‌، به‌ تایبه‌تی‌ دوای‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ سعودیه‌ كه‌ تێیدا داوای‌ راگرتنی‌ سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی‌ داعش و كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ژمونی‌ ئێرانی‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا كردبوو، وڵاتی‌ قه‌ته‌ریش ئه‌و داوایه‌ی‌ ره‌تكردبووه‌وه‌، به‌ڵام به‌پێی‌ راپۆرته‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان، دواتر ته‌واوی‌ زانیارییه‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئاژانسی‌ هه‌واڵی‌ قه‌ته‌رییه‌وه‌ ئاشكرا كراوه‌، ئه‌وه‌ش وڵاتانی‌ كه‌نداوی‌ گه‌یاندبووه‌ ئه‌و بڕیاره‌ی‌ كه‌ له‌ڕووی‌ دیپلۆماسی‌ داراییه‌وه‌ قه‌ته‌ر په‌راوێز بخه‌ن»، به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ پێیانوابووه‌ قه‌ته‌ر به‌ مه‌به‌ست ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ ئاشكرا كردووه‌ و ئامانجی‌ سه‌ره‌كیشی‌ له‌و كاره‌، بریتی‌ بووه‌ له‌ ده‌رخستنی‌ راستگۆیی‌ و دڵسۆزیی‌ بۆ ئێرانییه‌كان.
ریكس تیلرسۆن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ دوایین سه‌ردانی‌ بۆ ده‌وحه‌ رایگه‌یاندبوو»لایه‌نه‌كانی‌ ته‌نگژه‌كانی‌ كه‌نداو به‌ تایبه‌ت  سعودیه‌ و قه‌ته‌ر، تائێستاش ئاماده‌ی‌ دیالۆگ نین».
ئه‌ركه‌ نوێیه‌كه‌ی‌ تیلرسۆن بۆ ناوچه‌كه‌، هاوشێوه‌ی‌ سه‌ردانه‌كانی‌ پێشووی‌ بوو له‌ ته‌مموزی‌ 2017 و نه‌بووه‌ مایه‌ی‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ ده‌رچه‌یه‌ك بۆ ته‌نگژه‌كان و كۆتایهێنان به‌و ناكۆكیانه‌ی‌ له‌نێوان قه‌ته‌ر له‌لایه‌ك و سعودیه‌ و ئیمارات و به‌حره‌ین و میسر له‌لایه‌كی‌ تر دروست بوو.
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ پرێس كۆفرانسێك له‌ ده‌وحه‌ رایگه‌یاندبوو»له‌ میانی‌ چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان جێنشینی‌ شاهانه‌ی‌ سعودیه‌ له‌ ریاز، داوام لێكرد دیالۆگ ده‌ستپێبكه‌ن».
 به‌ وته‌ی‌ تیلرسۆن»هیچ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی‌ به‌هێز نییه‌ كه‌ لایه‌نه‌كان ئاماده‌یی‌ دیالۆگ بن، ناشكرێت خه‌ڵكی‌ ناچاری‌ وتوێژ بكه‌یت له‌كاتێكدا ئاماده‌ییان تێدا نییه‌».
به‌ر له‌وه‌ی‌ به‌ره‌و وڵاتانی‌ كه‌نداو به‌ڕێبكه‌وێت، تیلرسۆن له‌ واشنتۆن ئاماژه‌ی‌ به‌ نائاماده‌یی‌ (سعودیه‌ و میسر و ئیمارات و به‌حره‌ین) كردبوو بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، له‌دوای‌ گفتوگۆكانیشی‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌، جارێكی‌ تر ریاز و قاهیره‌ و ئه‌بو زه‌بی‌ و مه‌نامه‌، ره‌تیانكرده‌وه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ده‌وحه‌دا بكه‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا له‌م ماوه‌یه‌ی‌ دواییدا ئاماده‌یی‌ ده‌ربڕیبوو رۆڵی‌ ناوبژیوانی‌ بگێڕێت و پێشبینیشی‌ كردبوو به‌خێرایی‌ قه‌یرانه‌كه‌ كۆتایی‌ بێت، به‌ڵام تیلرسۆن باسی‌ له‌وه‌كرد كه‌ «هیچ بانگێهشتنامه‌یه‌ك له‌لایه‌ن كۆشكی‌ سپییه‌وه‌» نییه‌، به‌ڵێنیشی‌ به‌ به‌رده‌وامبوونی‌ كاره‌كان دابوو له‌پێناو رێخۆشكردن بۆ دیالۆگ و وتوێژ بۆ كۆتایهێنان به‌و ناكۆكیانه‌.
له‌ 5ی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردوو، دوای‌ دوو هه‌فته‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ تره‌مپ بۆ ریاز، چوار وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ دیپلۆماسییان له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ردا پچڕاند و ده‌وحه‌یان به‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ له‌ تاران و كۆمه‌ككردنی‌ «تیرۆر» تۆمه‌تباركرد.
قه‌ته‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی‌ ره‌تكرده‌وه‌ و رازیی‌ نه‌بوو مل بۆ ئه‌و داواكاریانه‌ كه‌چ بكات كه‌ له‌لایه‌ن چوار وڵاته‌كه‌وه‌وه‌ پێشكه‌شی‌ كرابوون كه‌ دواتر ئابڵوقه‌ی‌ ئابورییان به‌سه‌ردا سه‌پاند.
چاودێران ده‌ڵێن، گۆشه‌گیركردنی‌ قه‌ته‌ر وا له‌و وڵاته‌ ده‌كات زیاتر له‌ ئێران نزیك ببێته‌وه‌ كه‌ ركابه‌ریی‌ ئیقلیمی‌ سعودیه‌یه‌.
وه‌ك تیلرسۆن ئاماژه‌ی‌ پێده‌كات»ئێران له‌ئێستادا تاكه‌ كایه‌ی‌ ره‌خساوه‌ بۆ قه‌ته‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و بایكۆته‌، ئه‌وه‌ش نمونه‌یه‌كی‌ ئاساییه‌ كه‌ نیگه‌رانی‌ كردوین».
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا، ستایشی‌ ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ی‌ كردبوو كه‌ قه‌ته‌ر له‌ بواری‌ بنه‌بڕكردنی‌ تیرۆر هێناویه‌تیه‌دی‌، به‌ڵام محه‌مه‌د بن عه‌بدولڕه‌حمان ئال سانی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر له‌ پرێس كۆنفرانسه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ تیلرسۆن ، ته‌نگژه‌كانی‌ به‌ ئاسته‌نگ دروستكردن له‌به‌رده‌م هه‌وڵه‌كانی‌ ده‌وحه‌ بۆ بنه‌بڕكردنی‌ تیرۆر، وه‌سفكردبوو.
وه‌ك وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ قه‌ته‌ر ئاماژه‌ی‌ پێكردبوو»وڵاته‌كه‌ی‌ دژی‌ هه‌ر كاریگه‌رێكی‌ نه‌رێنییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌»، به‌و كاریگه‌ریانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر ئێران دروست ده‌بێت، چوار وڵاته‌كه‌یشی‌ به‌ به‌رپرس له‌به‌رانبه‌ر ته‌نگژه‌كاندا تۆمه‌تبار كردبوو.
تیلرسۆن لای‌ خۆیه‌وه‌، خواستی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ بۆ پته‌وكردنی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ئابورییه‌كان له‌گه‌ڵ ده‌وحه‌ دوپاتكردبۆوه‌ و سوپاسی‌ ده‌وحه‌شی‌ كردبوو بۆ ئه‌و كۆمه‌كه‌ی‌ پێشكه‌ش به‌ قوربانیانی‌ زریان و لافاوه‌كه‌ی‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ كردبوو كه‌ بڕه‌كه‌ی‌ گه‌یشتبووه‌ 30 ملیۆن دۆلار.
دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌ و ئیمارات و میسر و به‌حره‌ین، ده‌وڵه‌تی‌ قه‌ته‌ریان به‌ كۆمه‌ككردنی‌ تیرۆر تۆمه‌تبار كرد، له‌ مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ رابردووه‌وه‌ ته‌واوی‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسی‌ و ئابورییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ده‌وحه‌دا پچڕاند و بۆ مه‌به‌ستی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ش، لیستێكی‌ داواكارییان پێشكه‌ش به‌ قه‌ته‌ر كرد، تا له‌پاش جێبه‌جێكردیان په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ ئاسایی‌ بكه‌نه‌وه‌، له‌به‌رانبه‌ردا ده‌وحه‌وه‌ تۆمه‌ته‌كانی‌ ره‌تكرده‌وه‌ و داواكارییه‌كانیشی‌ به‌ ناپه‌سه‌ند و پێشێلكردنی‌ سه‌روه‌ریی‌ خاكی‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی‌ وه‌سفكرد.
سعودیه‌ و ئیمارات و به‌حره‌ین و میسر، بایكۆتی‌ ده‌وحه‌یان كردووه‌ و له‌ئێستاشدا له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاتانه‌وه‌، ئابڵوقه‌یه‌كی‌ ئاسمانی‌ و وشكانی‌ و ده‌ریایی‌ به‌سه‌ر قه‌ته‌ردا سه‌پێنراوه‌.
وێڕای‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ بۆ ئاسایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كان و چاره‌سه‌كردنی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی‌ ناوچه‌كه‌ و خۆرئاوا و به‌ تایبه‌ت ئه‌مریكاوه‌ خرانه‌گه‌ڕ، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا چاره‌سه‌رێكی‌ پراكتیكی‌ بۆ قه‌یرانه‌كه‌ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌ و ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌رنه‌كراون.

 172 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*