سەرەکی » ئابووری » بەغدا داوای لیستی پارەی جووتیاران دەكات

بەغدا داوای لیستی پارەی جووتیاران دەكات

بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە ئاشكرایدەكات: وەزارەتی بازرگانی عیراق داوای لیستی پارەی گەنمی ئەمساڵ و سێ ساڵی پێشتری جووتیارانی پارێزگای سلێمانی كردووە و ئەوانیش لیستەكەیان رەوانەكردووە.
ئەندازیار ئەمین محەمەد ئەمین، بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە رایگەیاند: وەزارەتی بازرگانی عیراق داوای سەرجەم بڕی پارەی گەنمی ساڵانی (2014 – 2015 – 2016 – 2017)ی گەنمی جووتیارانی پارێزگای سلێمانی كردووە، كە لای حكومەتی بەغدا ماوە و داوایكردوە بە نووسراوی رەسمی بۆیان بنێرین، لەكاتێكدا پێشتر لەڕێگەی ئیمەیڵەوە رەوانەمان دەكرد.
وتیشی: «لەسەر داوای وەزیری بازرگانی عیراق لیستی سەرجەم بڕی ئەو پارەیەی كە ماوە رەوانەكراوە كە بڕەكەی 188 ملیار دینارە، بە نووسراوی فەرمی لەڕێگەی كۆمپانیای گشتیی بازرگانی خۆراكی عیراقەوە رەوانەی وەزارەتی بازرگانیمان كردوە».
بەڕێوەبەری لقی سلێمانی كۆمپانیای دابەشكردنی دانەوێڵە ئاشكراشیكرد: داواكردنی نووسراوی ئەمجارە جیاوازە، چونكە خودی وەزیر خۆی داوایكردووە و پێدەچێت بەرزیبكاتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی خەرجكردنی.
ساڵانە حكومەتی عیراق بەرهەمی كشتوكاڵی جووتیارانی هەرێمی كوردستانی بە نرخێكی گونجاو دەكڕی‌و رەوانەی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقی دەكرد، بەڵام لەساڵی 2014وە تا ئێستا حكومەتی عیراق پارەی جووتیارانی هەرێمی بە تەواوەتی نەداوە و ئەوەش نیگەرانی لای جووتیاران دروست كردووە و وای لێكردون كە لە كشتوكاڵكردن پەشیمان ببنەوە.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*