سەرەکی » وەرزش » وه‌رزشی کچان له‌ قه‌یراندایه‌

وه‌رزشی کچان له‌ قه‌یراندایه‌

دیدار : محەمەد ئەحمەد

‎ژینەر فاروق فه‌تاح ساڵی ١٩٩٣ لە شاری سلێمانی لەدایكبووە، دەرچووی كۆلێژی پەروەدەی وەرزشیی زانكۆی سلێمانیە ئێستاش ڕاهێنەری لەشجوانیە لە شاری سلێمانی.
له‌ لێدوانێکیدا بۆ ستادیۆمی کوردستانی نوێ ووتی؛ خولیای وەرزشی من لە خوێندنگاوە بووه‌، لەسەرجەم چالاكییەكانی خوێندنگەكەمدا بەشدار بووم و ئەو كاتە یاری (بالە، باسكە، گۆڕەپان و مەیدان، تۆپی سه‌رمێز)م دەكرد، ‎دواتر گەیشتمە قۆناغی ئامادەیی و لەوێ زیاتر پەرەم بە وەرزش داو خولیای خۆمم لە (فوتسال)دا بینییەوە.
دواتر لەلایەن چەند یانەیەكەوە داواكرام، بەڵام سەرئەنجام تەنها بۆ پاڵەوانێتیەكی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ یانەی پیرەمەگرون بەشداریم كردوو پلەی دووەممان بە دەست هێنا.
دواتر كە لە كۆلێژی پەروەدەی وەرزشیی زانكۆی سلێمانی وەرگیرام، لەلایەن چەند ئەندامێكی یانەی ئافرۆدێتەوە داوام لێكرا لەو یانەیە یاری بكەم و منیش قبوڵم كرد، بۆ ماوەی دووساڵ لەو یانەیە بەردەوام بووم، دواتر لە ڕێگەی ڕاهێنەری یانه‌ی ئافرەتانی هەولێرەوە پەیوەندیم بەو یانەویه‌وە كرد و بۆ ماوەی دووساڵ له‌وێش یاریم کرد.
گرنترین دەستكەوتمان ئه‌وه‌بوو یەكەمی عێراق بووین كە هەتا ئێستا هیچ یانەیەكی كوردستان نەیتوانیوە ببێتە پاڵەوانی عێراق لەسەر ئاستی كچاندا و پاڵه‌وانێتییه‌که‌ش ساڵی ٢٠٠٤ لە بەغداد ئەنجام درا.
هه‌روه‌ها ووتی؛ ئێستا من لە یانەی ئافرۆدێت بەردەوامم كە پاڵەوانی پارێزگای سلێمانی و پلەی سێیەمی كوردستانمان بەدەست هێناوە و ئەمساڵیش وەك یاریزانی هەڵبژاردەی سلێمانی دەستنیشان كرام لەسەر ئاستی پارێزگاكانی كوردستان و پلەی دووەممان بەدەست هێنا.
له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌که‌یدا بۆ ستادیۆم ووتی؛ جێگای شانازیە بۆ من كە درێسی هەڵبژاردەی شاری خۆم سلێمانی بپۆشم بە ڕاهێنەرایەتی هەردوو بەڕێزان (شێخ سەلام و كاروانی شێخ زیرەك).
‎له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌دا که‌ به‌ چ یاریزانێک سه‌رسامه‌، ووتی؛ به‌ هێرشبەری بەرازیلی دیاردە ڕۆناڵدۆ و چاڤی هێرناندێزی ئیسپانی و یاریزانی ئێستای یانه‌ی سه‌دی قەتەری زۆر سه‌رسامم.
‎له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌شدا که‌ ئێستا وه‌رزشی کچان له‌ چ ئاستێکدایه‌، ووتی؛ لە ئێستادا وەرزشی كچان بە ئاقارێكی قورسدا تێدەپەرێت، لەبەرئەوەی وەك پێویست گرنگی پێ نادرێت و گرفتی دارایی و ڕەوشی كوردستان زیانی زۆریان پێ گه‌یاندووه‌، بۆیه‌ پێویستە زیاتر گرنگی بە وەرزشی كچان و یاری فوتساڵ بە تایبەتی بدرێت چونكە لە كوردستاندا زۆر یاریزانی لێهاتوو هه‌ن كە ئایندەیەكی گەشیان لێ چاوەڕێ دەكرێ.
هه‌روه‌ها ووتی؛ خەونی من ئه‌وه‌یه‌ کوردستان ببێته‌ دەوڵەتی سه‌ربه‌خۆ تا كچانی كوردستانیش له‌ هەڵبژاردەیەكی سەربەخۆدا به‌شداریی نێوده‌وڵه‌تیی بکه‌ن.
‎لە كۆتایدا ووتی؛ هیوام وایە کاروانی وەرزشی كچان بەرەو سه‌رکه‌وتنی زیاتر بڕوات و پاڵەوانێتی زیاتر بكرێتەوە و دەستی هاوكاری بۆ یانەكان درێژ بكرێت تا ئەوانیش بتوانن یارمەتی یاریزانەكان بدەن و وەرزشی كچان لەو نەهامەتیەی ئێستای ڕزگار بکه‌ن، هه‌روه‌ها سوپاسی هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە یارمەتیان داوم و هاندەری من بوون سوپاسی بێ پایانم بۆ دایكم و باوكم و خوشك و براكەم و هاورێكانم، سوپاسی زۆرم بۆ ڕاهێنەری ماندوو نەناس بەڕێز (كاروانی شێخ زیرەك) كە دڵسۆزانە ماندوو دەبێت لەگەڵمان، دووبارە سوپاس بۆ ستادیۆمی كوردستانی نوێش بۆ ئه‌م به‌سه‌ر کردنه‌وه‌یه‌.

 60 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*