سەرەکی » دۆسێ » دەستپێكردنەوەی هەڵمەتەكانی (هەسەدە) لە دژی داعش

توركیا بۆردومانەكانی رادەگرێت

دەستپێكردنەوەی هەڵمەتەكانی (هەسەدە) لە دژی داعش

دوای دە رۆژ لە راوەستانیان وەك وەڵامی بۆردومانەكانی توركیا بۆ ناوچە كوردییەكان لە باكووری سوریا، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە لە هاوپەیمانی نێوان هێزە كوردی و عەرەبییەكان پێكدێن، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان لە دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەسپێدەكەنەوە.
هێزەكانی سوریای دیموكرات لە بەیاننامەیەكیاندا لەو بارەیەوە رایانگەیاندبوو»لە ئاكامی ئەو پەیوەندییە چڕەی لەنێوان فەرماندەی گشتی هێزەكان و فەرماندەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی (بە سەركردایەتی واشنتۆن)، و بزاوتنی دیپلۆماسی چالاك بۆ كۆتایی هێنان بە ناكۆكییەكانی سەر سنورن فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات بەباشی زانی دەستبكرێتەوە بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە دژی رێكخراوی داعش».
(هەسەدە) تەئكیدی لەسەر بەردەوامبوونی «كاركردن بۆ تێكشكاندنی تەواوەتی داعش» كردبۆوە.
بەپێی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەكۆتایی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوو، هێزەكانی سوپای توركیا تۆپبارانی ئەو ناوچە سنوریانەیان كرد كە لەلایەن شەڕڤانانی كوردەوە كۆنترۆڵ كراون، ئەمەش بووە مایەی كوژرانی پێنج شەڕڤان و منداڵێك.
بەو هۆیەوە هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) كە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانیان لێدەكرێت، بەشێوەیەكی كاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی بۆ سەر دوایین مۆڵگەی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە پارێزگای دێر ئەلزور لە نزیك سنورەكانی عیراق، راگرت.
لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2018، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەوڵیدا تەنگژەكان لەو بارەیەوە بڕەوێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی توركیا و (هەسەدە) كرد و دەورەیە سەربازییەكانی خۆی لەسەر سنورەكانی توركیا خستەگەڕ.
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندبوو»لە میانی كۆبوونەوەیەكدا كە لەم ماوەیەی دوایی سازكرا، فەرماندەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە تایبەتیش ئەمریكایی و فەرەنساییەكان، بە هێزەكانی سوریای دیموكراتیان راگەیاندووە كە بەڵێنیان لە توركیا وەرگرتووە سەبارەت بەوەی لەمەودوا هێرش نەكاتە سەر ئەو ناوچانەی كە لە نزیك سنوری وڵاتەكەن».
لەو دەمەوە بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، بۆردومانەكانی توركیا راوەستان، دوای ئەوەی پێشتر ناوچەكانی كۆبانێ‌ (باكووری حەلەب) و گرێ‌ سپی (باكووری رەقە)یان دەكردە ئامانج.
ئەنقەرە بەشێوەیەكی بەردەوام هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی نوێ‌ دەكات لە دژی شەڕڤانانی كورد، دوای ئەوەی لەمساڵدا بە هەماهەنگی گروپە چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەستی بەسەر ناوچەی عەفریندا گرت (باكووری خۆرئاوای حەلەب) كە ناوچەیەكی كوردنشینە.
دوای ئەوەی كارە سەربازییەكانی لە ناوچەی هەجین (ئەوپەڕی دێرئەلزور) راگرت، ئۆپەراسیۆنە زەمینییەكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات، تەنیا خۆیان لە وەڵامدانەوەی هێرشەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا دەبینیەوە.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش لای خۆیەوە، هێرشە ئاسمانییەكانی لەدژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی رانەگرتووە لە ناوچەكەدا.
رامی عەبدولڕەحمان دەڵێت»هێزەكانی سوریای دیموكرات، هێزی سەربازیی زیاتر رەوانەی ناوچەكە دەكەن و خۆیان بۆ دەستكردن بە ئۆپەراسیۆنێكی زەمینی ئامادە دەكەن».
شارۆچكەی هەجین و چەند ناوچەیەكی تری دەوروبەری لە پارێزگای دێرئەلزور، تائێستاش لەژێر چنگی چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامیدان، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)ش كە لە هاوپەیمانی نێوان كورد و عەرەب پێكدێن، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە هەوڵی ئەوەدان دوایین مۆڵگەی داعش لەو ناوچانەدا كۆنترۆڵ بكەن و بەشێوەیەكی تەواوەتی رێكخراوە توندڕەوەكە تێكبشكێنن.
لەم ماوەیەی دواییدا، وەك ناڕەزاییەك بەرانبەر بە بۆردومانەكانی سوپای توركیا بۆ ناوچە كوردییەكانی رۆژئاڤا، هێزەكانی سوریای دیموكرات ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانیان بەشێوەیەكی كاتی لە دژی رێكخراوی دەولەتی ئیسلامی راگرت، لەئێئستاشدا و لە دوای چارەسەركردنی ئەو تەنگژەیە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ توركیا، (هەسەدە) دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنەكانی لە دژی داعش رادەگەیەنێت و دەیەوێت بەشێوەیەكی تەواوەتی دوایین ناوچەی جوگرافی لە سوریا، لە چەكدارانی داعش پاكبكاتەوە.
توركیا یەكینەكانی پاراستنی گەلی كورد لە رۆئاژئاڤا، كە پێكهاتەی سەرەكی هێزەكانی سوریای دیموكراتن، بە درێژكراوەی پارتی كرێكارانی كوردستان دادەنێت كە بۆ دەیان ساڵە خەباتی چەكداریی لە دژی دەوڵەتی توركیا دەستپێكردووە، و پێیوایە ئەو هێزانە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی دروست دەكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...