سەرەکی » دۆسێ » ئەمریكا قۆناغی دووەمی سزاكان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

كەرتە سەرەكییەكانی ئابووری وڵاتەكە دەكاتە ئامانج

ئەمریكا قۆناغی دووەمی سزاكان بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت

مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، هۆشداریی دەدات لە بەكارهێنانی گوشارێكی توندتر لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكانەوە بۆسەر ئێران، گەر وڵاتەكە رەفتارەكانی خۆلا نەگۆڕێت.
ئەم لێدوانەی پۆمپیۆ دوای سەساندنەوەی هەموو سزا ئابورییەكانی واشنتۆن بوو بەسەر تاران كە پێشتر للە دوای رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی نێوان ئێران و هێزە خۆرئاواییەكان لە ساڵی 2015دا هەڵگیرابوون، سزاكانی ئەم جار كە بە قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمریكا دادەنرێن، كەرتە سەرەكییەكانی ئابوری ئێرانی دەكەنە ئامانج.
لەبەرانبەردا، حەسەن رۆحانی سەرۆكی ئێران وەك شێوازێكی رووبەڕبوونەو بۆ ئەو رێوشوێنەی ئەمریكا لە دژی وڵاتەكەی گرتییەبەر، رایگەیاند»ئێران بەردەوام دەبێت لەسەر فرۆشتنی نەوت و شانازیی بەوەوە دەكەین كە سزاكان پێشێل دەكەین»، ئەم قسانەی رۆحانی لە میانی كۆبوونەوەیەكیدا بوو لەگەڵ گروپێكی ئابوری حكومەتەكەی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو»ئێران دوو رێگەچارەی لەبەردەمدایە: یان دەبێت 180 پلە گۆڕانكاریی بەسەر ئاراستەی ئێستای وڵاتەكەیدا بهێنێت كە سەرپێچی یاسا دەكات و وەك دەوڵەتێكی ئاسایی هەڵسوكەوت بكات، یان دەبێت داڕمانی ئابوری وڵاتەكەی ببینێت».

ئەمریكا چی لە ئێران دەوێت؟
بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، 20 دەوڵەت بە تەواوەتی هاوردەكردنی نەوتی ئێرانی راگرتووە، هەناردەكردنی نەوتی ئێرانی رۆژانە نزیكەی ملیۆنێك بەرمیل كەمی كردووە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، وڵاتانی ئەوروپا كە تائێستاش لایەنێكی رێكەوتنە مێژووییە ئەتۆمییەكەن دەڵێن، باز بەسەر سزاكانی ئەمریكادا هەڵدەدەن و یارمەتی كۆمپانیاكانیان دەدەن لەو رووەوە، بەڵام تواناكانیان لەو باریەوە تائێستا جێگەی گومانە.

رەوشی ئێستا
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە مانگی ئایاری 2018، پاشەكشەكردنی وڵاتەكەی لەو رێكەوتنە ئەتۆمییە راگەیاند كە هێزە خۆرئاواییەكان لە ساڵی 2015دا لەگەڵ وڵاتەكەدا ئیمزایان كردبوو، سەرۆكی ئەمریكا ئەو رێگەوتنەی بە «خراپترین گرێبەست لە مێژووی ولایەتە یەكگرتووەكان»دا وەسفكردبوو.
لە رێكەوتنەكەدا ئاماژە بە سوككردنی سزاكامن كرابوو لەسەر ئێران، لەبەرانبەر كەمكردنەوەی چالاكاییەكانی پەرەپێدانی ئەتۆمی، ئەمەش لەلایەن ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمەوە تەئكیدی لەسەر كرابۆوە ئاماژە بە پابەندبوونی تاران كرابوو بە رێكەوتنەكە.
لەبارەی سزا نوێیەكانەوە، ترەمپ رایگەیاندبوو»لەڕێی گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە دەیانەوێت گوشاری زیاتر لەسەر ئێران دروستبكەن تا بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان»، ئیدارەكەشی باسی لەوەكردبوو كە ئامانج لە سزاكان رێگرتنە لەبەردەوامبوونی تاران لە چالاكییە «گڵاوەكان»ی بە چەتەیی ئەلكترۆنی، و تاقیكردنەوەی موشەكە بالیستییەكان، و پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەكان و میلیشیاكان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
سەرۆكی ئەمریكا پێیوایە»ستراتیژی بەكارهێنانی ئەوپەڕی گوشارەكان سودی دەبێت»، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا رایگەیاندبوو كە دەیەوێت بەشێوەیەكی پلەبەندی سزاكان بسەپێنێت تا بەدووربن لە بەرزبوونەوەی خێرای نەوت لە بازاڕەكانی جیهان.
بە گوتەی ترەمپ»دەتوانم دەستبەجێ‌ هەناردەی نەوتی ئێرانی بگەیەنمە سفر، بەڵام ئەوە دەبێتە مایەی شۆك بۆ بازاڕەكان، لەكاتێكدا ئێمە نامانەوێت نرخی نەوت بەرزببێتەوە».
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، سێ‌ پرۆژەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتیخوازیی لە رێكەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015دا ئاماژەیان پێكراوە و «لەژێر بەرزترین ئاستی چاودێری» رێگە بە بەردەوامبونیان دەدەرێت.
ئیدارەی ئەمریكا هەشت وڵاتی لەو سزایانە بەدەركرد كە بەسەر هەناردەی نەوتی ئێرانیدا دەیانسەپێنێت تا ئەو وڵاتانە بۆ ماوەی 180 رۆژ بەردەوامبن لە هاوردەكردنی نەوتی ئێران، ئەو وڵاتانەش بریتین لە چین، و هیندستان، و ژاپۆن، و تایوان، و كۆریای باشوور، و ئیتاڵیا، و یۆنان، و توركیا.

واشنتۆن پێیوایە ئێران بەهێزترین پشتیوانكارە بۆ تیرۆر لە جیهاندا
لە ساڵی 1979 و لەو دەمەی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێراندا بەرپابوو، ولایەتە یەكگرتووەكان لە حاڵەتی دوژمنایەتیدایە لەگەڵ تاران. لەو دەمەوە واشنتۆن پێیوایە ئێران پشتیوانی و كۆمەكی گروپە چەكدارەكان دەكات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەكانی تر.
ئەو گروپە چەكدارانە لەوانە حزبوڵڵای لوبنانی، هێرشی خوێناوییان ئەنجامدا لە دژی سەربازگە ئەمریكاییەكان لە بەیروت لە ساڵی 1983 و تێیاندا 241 سەربازی ئەمریكایی و 58 كەس لە هێزە نیمچە سەربازییەكانی فەرەنسا كوژران. بەڵام ئێران رەتیكردەوە دەستی لەو هێرشەدا هەبێت.
واشنۆن بە راشكاوی ئێران بە پیلاندانان و جێبەجێكردنی ئەو هێرشانە تۆمەتبار كرد كە تەقینەوە و تیرۆركردنی بەدرێژایی ئەو ماوەیە لەخۆگرتبوو. بەپێی راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش، ئێران لە ساڵی 2012وە نزیكەی 16 ملیار دۆلاری بۆ پشتوانی و كۆمەكی گروپە چەكدارەكانی سەر بە وڵاتەكەی لە ناوچەكە و بۆ پشتیوانی لە بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، خەرج كردووە.
ئێران تۆمەتەكانی ئەمریكا لەو بارەیەوە رەتدەكاتەوە كە لەنێوان ئەو وڵاتانەدا پۆلێنی دەكات كە تیرۆر هەناردە دەكەن.

كاریگەرییە چاوەڕوانكراوەكانی سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا
ئیدارەی ئەمریكا لە مانگی ئابی رابردووەوە، سزا ئابورییەكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، بەڵام شرۆڤەكاران پێیانوایە قۆناغی سەرەكی ئەو سزایانە لە 5ی تشرینی دووەمی 2018وە دەستیان پێكردووە و كاریگەریی گەورەیان لەسەر وڵاتەكە دەبێت.
لیستی سزاكان، 700 كەسێتی و دامەزراوەی بازرگانی و كەشتی دەریایی و بانكی گەورە، و هەناردەكەری نەوت و كۆمپانیای بازرگانی دەگرێتەوە.
تۆڕی «سویفت» بۆ پێدانە بانكییەكان لە برۆكسل تەئكیدی لەسەر دەستكردن بە راگرتنی مامەڵە تایبەتییەكان كردووە لەگەڵ ژمارەیەك لە بانكە ئێرانییەكان، ئەمەش وادەكات ئێران لەڕووی سیستمی دارایی جیهانییەوە دووچاری گۆشەگیری ببێت.
لە دوای راگەیاندنی سەپاندنەوەی سزاكانی بەسەر ئێراندا، ژمارەیەك بڕیار لەلایەن كۆشكی سپییەوە دەرچوو كە تێیاندا بەشێوەیەكی كاتی هەشت وڵات لەو سزایانە دەبەخشرێت كە سەپێنران بەسەر هەناردەكردنی نەوتی ئێران و ئەو وڵاتانە دەتوانن بۆ ماوەی 180 رۆژی تر نەوتی ئێرانی هاوردە بكەن، دەركەتووترین ئەو وڵاتانەش، چین و هیندستانن كە بە گەورەترین هاوردەكەری نەوتی ئێرانی دادەنرێن.
ئابوری ئێران لە دۆخێكی باشدا نەبوو تەنانەت بەر لە سەپاندنەوەی ئەو سزایانەش، بەوپێیەی دراویی ناوخۆیی لە ساڵی رابردوودا لەبەرانبەر دۆلاری ئەمریكایی دووچاری داڕمان هات، ئەمەش بووە مایەی بەرزبوونەوەی زۆری كاڵا سەرەكییەكان لە زاڕەكانی ئێراندا.
جۆن بۆڵتۆن، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا، لەم ماوەیەی دواییدا گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتری لە دژی ئێران راگەیاندبوو.

هەڵوێستی وڵاتانی تر بەرانبەر بە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێران
بریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا، ئەو سێ‌ وڵاتەن ئەوروپاییەن كە تائێستاش پابەندن بە رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران و پشتیوانی لە كۆمپانیا ئەوروپاییەكان دەكەن بچنە «كاریی بازرگانی شیاو» لەگەڵ ئێران.
ئەو وڵاتانە میكانزمی جێگرەوەیان داناوە بۆ ئاڵوۆگڕە بازرگانییەكان، كە خۆی لە «پرۆگرامی مەبەستە تایبەتییەكان»دا دەبینێتەوە وەك لەلایەن ئەو وڵاتانەوە ناوی لێنراوە، ئەو پرۆگرامانە یارمەتی كۆمپانیاكان دەدەن بەردەوامبن لە كاریی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەبێ‌ ئەوەی دووچاری سزاكانی ئەمریكا ببنەوە.
بەڵام شارەزایان گومانیان هەیە هەڵوێستی ئەو وڵاتە ئەوروپاییانە ببێتە مایەی لاوازكردنی كاریگەرییە چاوەڕوانكراوەكانی سزاكانی ئەمریكا، ئەمەش لەژێر رۆشنایی گرنگی ولایەتە یەكگرتووەكان سەبارەت بە بازرگانی جیهانی.
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، لەگەڵ ئاماژەكردن بە سەپاندنەوەی سزاكان لەلایەن ولایەتە یەكگرتووەكانەوە، زیاتر لە 100 كۆمپانیای جیهانی پاشەكشەیان كردووە لە ئێران.
تەنانەت لەگەڵ ئامرازی پێدانی جێگرەوەش لەڕێی «پرۆگرامی مەبەستە تایبەتەكان»، هەموو كۆمپانیایەكی ئەمریكایی رووبەڕووی سزاكان دەبێتەوە گەر هەماهەنگی لەگەڵ ئێراندا بكات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، چین كە یەكێكە لەو وڵاتانەی رێكەوتنی ئەتۆمی ئیمزاكردوو، نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا دەربڕی، و تەئكیدی لەسەر پێویستی رێزگرتن لە بازرگانی یاسایی لەگەڵ ئێراندا كردەوە.
لەبەرانبەردا، ئیسرائیل كە بە دوژمنی دێرینی ئێران دادەنرێت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، رێوشوێنەكانی ئەمریكای بە «هەنگاوێكی ئازا و بوێر و بڕیارێكی گرنگ» وەسفكردبوو.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...