سەرەکی » دۆسێ » روسیا پێكهێنانی لیژنەی دەستووری لەگەڵ ئەسەد تاوتوێ‌ دەكات

لە جنێڤ كۆدەبێتەوە

روسیا پێكهێنانی لیژنەی دەستووری لەگەڵ ئەسەد تاوتوێ‌ دەكات

ئەلكسەندەر لاڤرنتییڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا، وردەكاریی توێژەكانی لوتكەی ئیستەنبوڵی لەبارەی سوریاوە لەگەڵ بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا، تاوتوێ‌ كرد كە لە كۆتایی لوتكەكەدا داوای پێكهێنانی لیژنەی دەستوری كرابوو لە كۆتایی ئەمساڵ كە بەپێی زانیارییەكان وابڕیارە لە جنێڤ كۆببێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵی چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە سوریا.
ئەژمارەكانی سەرۆكایەتی سوریا لەسەر پێگە كۆمەڵایەتییەكان، باسیان لەوەكردبوو كە لە چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ لاڤرنتییڤ و وەفدی هاوڕێی» باس لە بابەتی پێكهێنانی لیژنەی گفتوگۆكردن لەسەر دەستوری ئێستا كراوە و رێكەوتوون لەسەر بەردەوامبوون لەسەر كاریی هاوبەشی نێوان روسیا و سوریا لەپێناو نەهێشتنی ئەو ئاستەنگانەی دێنە رێی پێكهێنانی لیژنەكە».
بەپێی ئەو سەرچاوانە وەك ئاژانسی (فرانس پرێس) ئاماژەی پێكردوون»لاڤرنتیڤ، ئەسەدی لە تەواوی ئەو وتوێژە چوارقۆڵییە ئاگاداركردووە كە لەم ماوەیەی دواییدا لە ئیستەنبوڵ سازكرا، لەگەڵ ئەو هەوڵانەی كە مۆسكۆ دەیانخاتەگەڕ لەگەڵ هەموو لایەنە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان بەمەبەستی نەهێشتنی ئاستەنگەكانی بەردەم هێنانەدی پێشكەوتن لەسەر رێڕەوی سیاسی و هاوبەشیكردن بۆ كۆتایهێنان بە جەنگ لە سوریا».
لە 27ی تشرینی یەكەمی 2018، لوتكەیەكی چوارقۆڵی بێ‌ پێشینە لە ئیستەنبوڵ سازكرا و تێیدا سەرۆكەكانی توركیا و روسیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بەشدارییان كرد، لە بەیاننامەی كۆتایی لوتكەكەشدا داوای پێكهێنانی لیژنەی دەستوری كرا بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، لەگەڵ ئاسانكاریكردن بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكان بە سوریا.
لەمڕۆدا بە روونی دەردەكەوێت كە هەوڵەكان بە ئاراستەی چارەسەری سیاسیین بۆ ناكۆكییەكانی سوریا كە لە بانگەشەی پێكهێنانی لیژنەی دەستورییەوە سەرچاوەیان گرتووە كە بەرەنجامی كۆنگرەی دیالگۆی سوریا بوو بە سەرپەرشتی روسیا لە سوچی لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوو، لەو نێوەندەشدا ستیڤان دی مستۆرا نێردەی نێودەوڵەتی بۆ سوریا راسپێردرابوو لیژنەكە پێكبهێنێت و 150 ئەندام لەخۆبگرێت و لە جنێڤ كۆببێتەوە.
هەریەك لە دیمەشق و ئۆپۆزسیۆن، لیستێكیان بە ناوی پەنجا نوێنەری خۆیان پێشكەش كردبوو، ئەمەش لەكاتێكدایە هەوڵەكانی دی مستورا كە دەبوو لیستی سێیەم بە ناوی پەنجا كەسەوە ئامادە بكات شكستیهێنا. بۆیە كاتێكی زۆری لەبەردەستدا نەماوە بۆ بەئەنجامگەیاندنی كارەكە دوای ئەوەی رایگەیاند كە لە كۆتایی ئەم مانگەدا دەستبەرداری پۆستەكەی دەبێت.
لەمیانی كۆبوونەوەیەكیشیدا لەگەڵ وەلید موعەلیم وەزیری دەرەوەی سوریا لە 24ی تشرینی یەكەمی رابردوو، دی مستۆرا لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان رایگەیاندبوو، موعەلیم رازیی نەبووە بە رۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەڵبژاردنی لیستی سێیەم، و حكومەتی سوریاش پێشتر پێشنیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ تاوتوێكردنی راستەوخۆی لیژنە دەستورییەكە رەتكردبۆوە.
خوێندنەوەكانی هەریەك لە حكومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن بۆ ئەرك و كارەكانی ئەو لیژنەیە خراونەتەڕوو،لەكاتێكدا دیمەشق دەسەڵاتەكانی لیژنەكە لە گفتوگۆكردنی دەستوری ئێستادا كۆدەكاتەوە، ئۆپۆزسیۆن دەڵێت ئامانج لێی دانانی دەستورێكی نوێیە.
لەساڵی 2016وە نۆ گەڕی وتوێژی ناڕاستەوخۆی نێوان حكومەتی دیمەشق و ئۆپۆزسیۆنی سوریا بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دووچاری شكستبوون، ئەمەش لەكاێكدایە كە مۆسكۆ و ئەنقەرە لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ كۆتایهێنان بە جەنگ، وێڕای ئەوەی هیواكان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی، تائێستاش دوورەدەستن.
لە لوتكەی چوار قۆڵی ئیستەنبوڵ كە لە 27ی تشرینی یەكەمی 2018 لەنێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا و فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، و ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاریی ئەڵمانیا سازكرا، ئامادەبوان بابەتی پێكهێنانی لیژنەیەكیان بۆ دانانی دەستورێكی نوێ‌ بۆ سوریا تاوتوێكرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەردۆغان ئاماژەی بە تاوتوێكردنی مەسەلەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی پەنابەرانی سوریا كردبوو بۆ وڵاتەكەیان و نەتەوە یەكگرتووەكانیشی هاندابوو، كۆمەك و یارمەتییەكانی بۆ پەنابەران زیاد بكات.
ئە ردۆغان داوای پێكهێنانی دەستەیەكی دەستوری كردبوو بۆ داڕشتنی دەستوری نوێی سوریا بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، تا رێگە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد و دادپەروەرانە لە وڵاتەكەدا خۆش ببێت.
لای خۆیەوە ئەنگێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا جەختی لەسەر پێویستی چارەسەركردنی قەیرانی سوریا كردبۆوە و رایگەیاندبوو كە ناكرێت رێگەچارەكە سەربازی بێت و پێویستە پرۆسەی سیاسی لەخۆبگرێت لەژێر سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئامانجی كۆتایی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئازاد بێت لە سوریا.
بە گوتەی مێركڵ»لە كۆتایی ئەو پرۆسەدا، پێویستە هەڵبژاردنە ئازادەكە هەموو سورییەكان تێیدا بەشداربن، بەوانەشەوە كە لە دەرەوەی وڵاتەكەن».
فلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیاش، بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو، هاوبەشە توركەكان لەگەڵ روسیا پابەندن بە بە رێكەوتنی تایبەت بە ناوچەی ئیدلیبی سوریا، چونكە دەزانن پرۆسەكە ئاسان نییە، بۆیە بەنیازن بەدروامبن لە هەماهەنگییان لەگەڵ توركیا، بەپێویستیشی زانیبوو دەستەی دەستوری سوریا دەست بەكارەكانی بكات بۆ داڕشتنی دەستوری وڵاتەكە.
لای خۆیەوە سەرۆكی فەرەنسا داوای لە روسیای هاوپەیمانی سەرۆكی سوریا كردبوو، گوشاری زیاتر بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی دیمەشق.
چوار سەرۆكەكە، لە بەیاننامەی كۆتاییاندا، بەپێویستییان زانیبوو پارێزگاریی لە ئاگربەست بكرێت لە پارێزگای ئیدلیب كە دوایین مۆڵگەی ئۆپۆزسیۆنی سوریایە.
لە لوتكەكەدا، وێڕای چوار سەرۆكەكە، ستیڤان دی مستۆرا نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سوریا كە لە كۆتایی ئەم مانگەدا واز لە پۆستەكەی دەهێنێت لەبەر هۆكاریی خێزانی، بەشداریی كردبوو.
تەنگژەكانی سوریا لە ساڵی 2011وە بەردەوامن و لەدوای جەنگێكی ئەهلی ناقۆڵا كە بووە مایەی كوژرانی زیاتر لە 360 هەزار كەس (بەپێی ئامارە ناڕەسمییەكان) و ئاوەربوونی نیوەی دانیشتوانی وڵاتە لە ناوخۆ و دەرەوە، لەئێستادا هێزەكانی سوپای سوریا بە پشتیوانی روسیا كە هاوپەیمانی سەرەكی حكومەتی دیمەشقە، توانیویانە ناوچەیەكی بەرینی وڵاتەكە بخەنەوە ژێر ركێفی خۆیان و ئۆپۆزسیۆن و گروپە چەكدارەكان لە هەندێك شوێنی بەرتەسكدا گەمارۆبدەن، ئەمەش بە بۆچوونی زۆرێك لە چاودێران، دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێی ململانێكە دەگەیەنێت كە لە بەرژەوەندی بەشار ئەسەد هاوپەیمانەكانییەتی.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...