سەرەکی » دۆسێ » ئیسرائیل و فەلەستینییەكان ئاگربەست رادەگەیەنن

بە نێوەندگیری میسرە

ئیسرائیل و فەلەستینییەكان ئاگربەست رادەگەیەنن

بە نێوەندگیری میسر، هێزە فەلەستینییەكان لە كەرتی غەززە، لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاگربەست رادەگەیەنن.
ژووری هاوبەشی لایەنە فەلەستینییەكان لە غەززە لە 13ی تشرینی دووەمی 2018 رایگەیاندبوو، پابەند دەبن بەو راگەیاندنە، تا ئەو كاتەی ئیسرائیل پابەند بێت.
ئەم ئاگربەستە لەكاتێكدا بوو كە پێكداهەڵپژان لەنێوان هێزە ئیسرائیلییەكان و چەكدارانی كەرتی غەززە دروستبوو، ئەم پێكداهەڵپژانەش لەماوەی چوار ساڵی رابردوو بە توندترین دادەنرێت.
ئیسرائیل رایگەیاندبوو، بەردەوام دەبێت لە بۆردومانەكانی لەهەر كاتێكدا پێویست بكات.
لەم چەند رۆژەی دواییدا، لانی كەم شەش فەلەستینی بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە كوژران.
لەبەرانبەردا فەلەستینییەكان بە هەڵدانی چەند موشەكێك وەڵامی بۆردومانەكانی ئیسرائیلیان دایەوە و لە ئەنجامدا ئیسرائیلییەك كوژرا.
سوپای ئیسرائیل هێزی سەربازی بەرەو سنورەكانی باشوور رەوانە كرد، حكومەتیش بابەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تاوتوێ‌ كردبوو.
ئیسرائیل، زیاتر لە 150 پێگەی لە كەرتی غەززە بۆردومان كردبوو، لەنێوانیاندا بارەگای هەواڵگری سەربازی بزوتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس) لە باكووری كەرتی غەززە.
چەكدارانی هێزە فەلەستینییەكانیش لانی كەم 400 موشەكیان بەرەو باشووری ئیسرائیل هەڵدابوو.
دروستبوونی ئاڵۆزییەكان، دوای ئۆپەراسیۆنێكی نهێنی تایبەتی ئیسرائیل بوو لە 11ی تشرینی دووەمی 2018، كە تێیدا 7 فەلەستینی لە نێوانیاندا فەرماندەیەكی حەماس لەگەڵ ئەفەسەرێكی ئیسرائیلی كوژران.
دوابەدوای ئەو رووداوانە ئەنجومەنی ئاسایش بۆ تاوتوێكردنی توندوتیژیی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان كۆبوونەوەیەكی سازكرد، كوەیت وەك نوێنەری عەرەبی و بۆلیڤیا بۆ ئەو كۆبوونەوەیە بانگهێشت كران تا گوێ‌ بگرن لە راپۆرتێكی تایبەت بەو قەیرانە.
ولایەتە یەكگرتووەكان هێرشەكانی سەر ئیسرائیلی لە كەرتی غەززەوە ئیدانەكرد، پشتیوانی بۆ ئیسرائیلیش دەربڕی بۆ «بەرگریكردن لەخۆی».
ئاژانسی (رۆیتەرز) لە زاری هازر نویرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفراسێكی رۆژنامەوانی بڵاویكردبۆوە»بەتوندی ئەو هێرشانە ئیدانە دەكەین كە لە كەرتی غەززەوە بە موشەك دەكرێنە سەر ئیسرائیل، پشتیوانیش لە ئیسرائیل دەكەین لەڕووی بەرگریكردن لەخۆی».
دوای خۆپیشاندانەكانی ئاداری رابردوو كە تێیاندا زیاتر لە 200 فەلەستینی كوژران، نەتەوە یەكگرتووەكان و میسر، هەوڵە دیپلۆماسییەكانیان خستۆتەگەڕ بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە سنورەكانی غەززە.
ئیسرائیل بە بەكارهێنانی هێزی لەرادەبەدەر لە دژی خۆپیشاندەرانی فەلەستینی تۆمەتباركرابوو، بەڵام رایگەیاندبوو كە سەربازەكانی بۆ بەرگریكردن لە خۆیان تەقە دەكەن و بەرپەرچی ئەو هێرشبەرانە دەدەنەوە كە لەنێو خۆپیشاندەراندا دەیانەوێت دزە بكەنە نێو ئیسرائیل.

لەدوای ئاگربەست
لەدوای ئەو ئاگربەستەی بە نێوەندگیری میسر، لایەنە فەلەستینییەكان لەگەڵ ئیسرائیلدا رایانگەیاند، بێ‌ دەنگییەكی بەئاگا لە كەرتی غەززە بەدی دەكرێت، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش لە میانی كۆبوونەوەیەكی داخراویدا كە 50 خولەكی خایەندبوو، نەیتوانی بگاتە رێكەوتن لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ رەوشی غەززەی گەمارۆدراو. لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا حەوت فەلەستینی بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائسیلەوە كوژران.
دوای ئەو تەنگژە سەربازییەی كە لە ساڵی 2014وە بە توندوترین دادەنرێت، بێدەنگییەكی بەئاگا باڵی بەسەر كەرتی غەززەدا كێشا، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەستی لەلایەن هێزە فەلەستینییەكان لەگەڵ ئیسرائیل كە بزوتنەوەی «حەماس» لەنێوانیاندایە و بە نێوەندگیری میسر بەئەنجام گەیشت. لای خۆیەوە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی شكستخواردوو بوو لە گەیشتن بە رێكەوتنێك لەبارەی چارەسەركردنی رەوشی چەقبەستووی كەرتی غەززە كە ماوەیەكی زۆرە گەمارۆدراوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە 13ی تشرینی دووەمی 2018، كۆبوونەوەیەكی داخراوی سازكرد كە 50 خولەك بەردەوامبوو، لە كۆبوونەوەكەدا تەنگژە سەربازییەكانی ئەم دواییەی كەرتی غەززە تاوتوێكران. كۆبوونەوەكە لەسەر داوای هەریەك لە كوەیت وەك نوێنەری وڵاتانی عەرەبی لە ئەنجومەنەكە، و بۆلیڤیا بوو، بەڵام وەك باڵێوزی كوەیت بە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو»ئەنجومەنی ئاسایش ئیفلیجە و ناتوانێت بەرپرسیارێتییەكانی خۆی لەئەستۆبگرێت و توندوتیژییەكان رابگرێت».
بە گوتەی باڵێوزی كوەیت لە ئەنجومەنی ئایاشی نێودەوڵەتی»دەوڵەتێك دەرگای دیالۆگی داخستووە» وەك ئاماژەكردنێك بە ولایەتە یەكگرتووەكان كە بە بۆچوونی زۆرێك لە چاودێران، لەو دەمەی دۆناڵد ترەمپ پۆستی سەرۆكایەتی وەرگرتووە، تا دێت هەڵوێستی وڵاتەكە لە نەتەوە یەكگرتووەكان بەلای ئیسرائیلدا دادەشكێت.
باڵێوزی كوەیت رایگەیاندبوو، زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش، بەپێویستیان زانیبوو كە دەبێت ئەنجومەنەكە «شتێك بكات»وەك ئەنجامدانی سەردانێك بۆ ناوچەكە، بەڵام هیچ بڕیارێكی لەوبارەیەوە دەرنەكرد.
دانی دانون، باڵێوزی نەتەوە یەكگرتووەكان پێش دانیشتنەكە رایگەیاندبوو»لایەنێك هەیە هێرش دەكات و 400 موشەك بە مەدەنییەكانەوە دەنێت، لایەنەكەی تریش مەدەنییەكان دەپارێزێت».
وەك وەڵامێك بەرانبەر هێرشی موشەكی بۆسەر خاكی دەوڵەتی عیبری، لەم چەند رۆژەی رابردوودا ئیسرائیل كەرتی غەززەی بۆردومان كرد و حەوت فەلەستینی كوژران.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

ئەمریكا كارمەندە ناسەرەكییەكانی لە عیراق پاشەكشە پێدەكات

ئەمریكا داوا لە كارمەندە ناسەرەكییەكانی دەكات لە عیراق، وڵاتەكە بەجێبهێڵن، ...