پاکانە!

من تا ئەوکاتەی هۆنراوەی (پاکانە) کە شاعیری شەهید دڵشاد مەریوانی وەریگێڕاوەتە سەر کوردی و هونەرمەندی شۆڕشگێڕ حەمە جەزا گوتی، نەمدەزانی هۆنراوەکە هی شاعیری گەورەی بەصرە (مڤفر نواب)ە، وامئەزانی هی شاعیرێکی کوردە و بۆ ئێمەی کورد نوسراوە چونکە ئەوەندە لەگەڵ هەندێک بەرپرسی کورد ئەهاتەوە!
ئێستاش لە سەنگەرگواستنەوەیان پاکانەیەک ئەکەن وەک بڵێی حزبە تازەکە هەنگوین بێ لە کلۆرەدار دۆزیبێتیانەوە، ئەوەندە شیرینە لایان!
ساڵی 88 دوای ئەنفالی بەدناو، هێزی پێشمەرگە پاشەکشەی کرد و چوونە ئێران، زۆربەی پێشمەرگە خێزاندارەکان بە ژن و مناڵەوە و هەندێک لە بێ ژنەکان دایک و خوشکیشیان لەگەڵ خۆیان برد.
ئەو کات براکانم، کاک هاوار و کاک نیاز بە ماڵ و مناڵەوە و کاک ئالانیش خێزاندارنەبوو، پێشمەرگەبوون و لەگەڵ هێزی پێشمەرگە ئاودیوبوون.
ئازار و دەردەسەری گەیشتن بەودیو و ژیانی ئەوێش مەگەر هەر ئەوانە بزانن کە تەنها پێشمەرگەبوون نەک مەسۆل، چونکە ئەوکاتیش ستایلی ژیانی مەسۆلەکان و خۆشگوزەرانیان هەر جیابووە لە ژیانی پێشمەرگەی ئاسایی!
هێشتاش، ئەوانەی باری ئابووریان نالەباربوو خۆڕاگرتربوون لە خۆشگوزەرانەکان، هەیانبوو ئەهاتەوە و رۆژی پاشتر لە گۆشەیەکی رۆژنامەی ئاسۆ یا هاوکاری یا بزاڤ یا پاشکۆی عێراق پاکانەیەکی ئەنووسی لە بەشان و باڵ هەڵدانی بەعس و دابەزینە سەر شۆڕش و پێشمەرگە.
ئێستا هەندێکیان لەوانە لە دەزگای ڕاگەیاندنی پارتی کارئەکەن!
بەڵام هەمیشە ئەو بودەڵانە وەک قەلەڕەشکە دیارن و لە پێشمەرگە بوێر و خاوەن هەڵوێست و خۆڕاگرەکان جیائەکرێنەوە!!
لەبیرمە، ساڵی 89 دوو بنەماڵەی دیاری پارتی خۆیان ڕادەستی رژیم کردەوە و لە گۆڤاری الوگن العربی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کرا.
رۆژێک لە کتێبخانەی التأمیم لەناو بازاڕی شێخ اللەی هەولێر بەرگی گۆڤارەکەم کەوتەبەرچاو نووسرابوو(…..) قال، الکورد یقول:
الحرب احسن من بگالە!
دیدارەکە نزیکەی چوار لاپەڕ بوو، لە دیدارەکە بەرپرسە پارتیەکە کە پارێزەریش بوو، هەموو کوردی تاوانبارکرد کە میللەتێکن حەزیان لەشەڕە و بۆیە یاخی بوونە و شاخ و کێویان گرتۆتەبەر و چوونە ئێران.
ئەو دوو بنەماڵەیە پەشیمانی خۆیان دەرخست و داوای لێبوردنیانکرد و کۆمەڵێک پۆخڵەواتی پارتی و بنەماڵەی بارزانیشیان باسکرد لەو دیدارە، ئێستاش پلەدارن لەناو پارتی، پارێزەرەکە پەرلەمانتێری پارتیش بوو لە پەرلەمانی عێراق و بە شان و باڵی ئەو حزبەدا هەڵدەدەن کە بە یاخیبوو و خائین ناویان ئەبرد!

 448 جار بینراوە