سەرەکی » ئابووری » بەرەو حكومەتێكی خزمەتگوزار

بەرەو حكومەتێكی خزمەتگوزار

نوخشە ناسح

هاوكێشەیەكی سادەو ساكار تایبەت بە دەوڵەتداری‌و شێوازی بەڕێوەبردنی حكومەت هەیە كە ئەویش دەڵێت: «لەدوای قۆناغی قەیرانەكاندا، دەبێت، (نەك پێویستە)، بەڵكو دەبێت لە پلەی یەكەمدا گرنگی بە كەرتی خزمەتگوزای بدرێت».
پێناسەیەكی سەرەتایی خزمەتگوزاری، بریتییە لە دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكانی كۆمەڵگە، ئاو، كارەبا، نەخۆشخانەكان، قوتابخانەكان، جادەو پرد، هەر ئەمانەشە كە پێیان دەگوترێت ژێرخانی ئابووریی.

كەرتی خزمەتگوزارییەكان پاشان وەبەرهێنان
لەڕاستیدا، چەمكی ژێرخانی ئابووری لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لە ساڵانی دوای 1945 بەدیاریكراوی لەساڵی 1947 لەپلانی مارشاڵ بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەوروپا بەرجەستەبوو، ئەو دەمەی كە زۆربەی زۆری وڵاتانی كیشوەری ئەوروپا لەسەروبنیاندا هیچ شتێك نەبوون جگە لە وێرانەیەك‌و ئەمریكا ترس‌و لەرزی بڵاوبوونەوەی هزری كۆمەنیستی لێنیشتبوو، بۆیە بڕیاریدا بە خەرجكردنی بڕی زیاتر لە 12 ملیار دۆلاری ئەمریكی لەو وڵاتانە خەرج بكات تا ئاستی گوزەرانی خەڵك بەرزبكەنەوەو لەڕووی ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی‌و ئەمنییەوە سەقامگیری دابین بكەن.
بێگومان لەقۆناغی یەكەمی هاوكارییەكاندا تیشكیان خستەسەر كەرتی خزمەتگوزارییەكان پاشان وەبەرهێنان لە پیشەسازی‌و كشتوكاڵی‌و كەرتەكانی دیكە كرا.
هیچ گومانی تێدا نییە كە ژێرخانی ئابووریی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ ئەوەی ئەوروپا لە دوو سێ ساڵی دوای جەنگی جیهانی دووەم، باشترە، بەڵام هۆكاری وەبیرخستنەوەی هاووڵاتییانی كوردستان بەو رەوشەی ئەو دەمەی ئەوروپا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە قەیران یان نیمچە قەیرانی ئابووریی كوردستان كە هێشتا ئێمە تێیدا هەین‌و دەژین پێویستی بە هەڵمەتێكی نیشتمانی لەلایەن نوخبەو شەقامی كوردستانی هەیە تا بە ئاراستەی پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزار هەنگاو بنەین‌و كار بكەین.

یەكڕیزی ناوماڵی كورد
كاتێك كە چاو بە ناوەڕاست‌و باشووری عیراق دەخشێنین‌و دەبینین كە لەدوای نزیكەی 16 ساڵ، كەرتی خزمەتگوزاری هێشتا لە چوار گۆشەی یەكەمدایەو پێشناچێت لە 4 ساڵی سەردەمی عەبدولمەهدیدا گۆڕانكاری بەسەر ئەو واقیعە تاڵ‌و تاریكەی خزتمەتگوزراییەكانی عیراق، بهێنرێت.
بۆیە جێی خۆیەتی لێرە بە هاوڕێیان‌و هاوپیشەییان‌و سیاسەتڤانان‌و بڕیاردەرانی كوردستان بڵێم، بەرەی شەڕی داهاتوومان پێشكەشكردنی باشترین ئاستی ژیانە بۆ كوردستانیان سەرجەم ئەوانەی كە لەسەر خاكی ئەم نیشتمانەدا دەژین.
بەڕای بەندە، گۆڕەپانی پێشمەرگایەتی چەند ساڵی داهاتوومان، دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانەو چەكی دەستەبەركردنی ئەو ئامانجانە سەرەتا بە یەكڕیزی ناوماڵی كورد دەستپێدەكات‌و پاشان بە شەفافییەت‌و رووبەڕووبوونەوەی راستەقینەی گەندەڵی كە من پێموایە ئەگەر نییەتێكی جددی هەبێت، ئەوا دەكرێت لەكابینەی نوێی هەرێمی كوردستاندا، گەندەڵی لە رەگ‌و ریشەدا بنبڕ بكرێت.
دەبێت دوا ئامانج لەگفتوگۆكانی تایبەت بە پێكهێنانی حكومەت لە چوارچێوەی خزمەتكردنی گەل‌و وڵات بێت، نەك پێچەوانەكەی.
قسەكردن لەسەر چەند وەزارەتێك لێرەو لەوێ نابێت ببێتە كۆسپ لە بەردەم رێگە سەرەكییەكەمان‌و پێویستیشە لە ئەزموونە كۆن‌و مێژووییەكانی گەلانی جیهان پەند وەرگرین‌و باشیشە ئەوەمان بیربێت كە ئەو پلانەی مارشاڵ كە لەسەرەوە باسم كرد، هەر ئەوە بوو بە سەرەتایەك بۆ دامەزراندنی بنچینەی یەكێتی ئەوروپاو هەر ئەوەش بوو كە وایكرد ئەوروپییەكان لەدوای نزیكەی 42 ساڵ دیواری دابەشكاری بەرلین بڕوخێنن‌و ئەوروپا وەك نەتەوەو قەوارەی سیاسی یەكبخەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

(%32) كاره‌كانی پڕۆژەی سایلۆی كه‌لار ته‌واو بووه‌

یەکەی ئابووری جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، پڕۆژەی سایلۆی کەلاری بەسەرکردەوە. ...