سەرەکی » ئابووری » رێكخراوی بوژاندنەوەی كەلەپووری كورد پڕۆژەیەك رادەگەیەنێت

رێكخراوی بوژاندنەوەی كەلەپووری كورد پڕۆژەیەك رادەگەیەنێت

رێكخراوی بوژاندنەوەی كەلەپووری كورد (RKHO) رێكخراوێكی سەربەخۆی ناحكومی قازانج نەویستە گرنگی دەدات بە بوژاندنەوەی كەلەپوروی كورد لەڕێی چین‌و توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگاو ئەنجامدانی كۆڕ و سیمینار و بەمەبەستی پاراستن‌و بوژاندنەوەی كەلەپووری كوردستان لە فەوتان‌و زیان بەركەوتن.

مۆزەخانەی خۆی هەیە
ئەم رێكخراوە لەساڵی ٢٠١٥دا دامەزراوەو بە فەرمی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە تۆماركراوە.
لەدەستپێكی كارو چالاكیەكانیاندا هەستاون بە كۆكردنەوەی دەیان دەستنوسی مێژووی جۆراو جۆر لەگەڵ دەیان پارچەی كەلوپووری‌و كەلتووری بە هەمئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی شوێنەوارو ئەنتیكی سڵێمانی، سەرەڕای سازدانی دەیان بۆنەی هونەری‌و مۆسیقا بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هونەرمەندو نوسەرو شاعیرە كۆنە كۆچكردوەكانی كورد كە خزمەتێكی بەرچاویان لە بواری نوسین‌و كەلتوور و مۆسیقاو گۆرانیدا كردوە.
رێكخراوی بوژانەوەی كەلەپووری كورد تاكە رێكخراوە لە عیراق بگرە لەناوچەكەدا وەك رێكخراوێك مۆزەخانەی خۆی هەبێت ئەمەش وایكردوە لەلایەن زۆربەی دانیشتووانە شارەكانی تری عیراق سەردان بكرێت‌و بۆتە جێی سەرنجی زۆرێك باڵوێز و كونسوڵ‌و نوێنەرانی وڵاتان كە بارەگایان لە كوردستان هەیە.
لەبەرخەمخۆری بۆ رزگاركردنی دەیان دەستنوسی كۆنی میلەتەكەمان بیرۆكەیەكیان گەڵالەكرد بۆ راهێنان وەرگرتن لەسەر چۆنێتی پاكردنەوەو چاكردنەوەو هەڵگرتن‌و ئەرشیفی كردنیان لەپێناوی پاراستنی شوناسی كورد وەك هەموو میلەتانی تری دنیا، بۆ ئەم مەبەستەش پەیوەندیان كرد بە پەیمانگای ئەرشیفی نیشتمانی بۆ كاری ئەرشیف كردن‌و هەڵگرتنی كەرەسەی كتێبخانەكان سەر بە ناوچەی بادن وتمبێرگ لە وڵاتی ئەڵمانیا، كە دیاریترین پەیمانگا لە ١١ نێو پەیمـانگای تایبەتمەندی ئەو وڵاتە بۆ چاكردن‌و بە ئەرشیف كردن‌و پاراستنی دەستنووسە مێژوییەكان.

پاككردنەوەو چاككردنەوەو ئەرشیفكردنی نووسراوە مێژوویەكان
خۆش بەختانە بیرۆكەكە پێشوازی گەرمی لێكراو لەلایەن پەیمانگای ناوبراو بەفەرمی بانگهێشت ئاراستەی رێكخراو كراو بۆ بەشداریكردنی لە خولی راهێنان بۆ پاككردنەوەو چاككردنەوەو ئەرشیفكردنی نووسراوە مێژوویەكان. بۆ ئەم مەبەسەتەش لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا سێ ستافی رێكخراو بەشداری خولەكەیان كردو زانیاری زۆر گرنگیان پێدرا بەشێوەی تیۆری‌و پراكتیكی لەلایەن تیمی پسپۆڕی چاككردنەوەی دەستنووس كە پیك هاتبوون لە خاتوو كۆرنێلیا باندۆ خاتوو سەرۆكی بەشی سازنگەی دەستنوس، خاتوو ئەندریا رێدلەر، خاتوو سارا مێناتۆ، خاتوو مایكە فۆیدل، خاتوو ریتا زێلا و پیتەر ئۆلپغیشت‌و بەهاوكاری پرۆفیسۆر دكتۆر جیراڵد مایە، جێگری سەرۆكی ئەرشیفی نیشتمانی لەهەرێمی بادن ڤوتمبێرگ، دكتۆر ئودۆ هێكەت، دكتۆر ئانا هابەدتزل لە پەیمانگای پاراستن‌و ئەرشیفكردنی كەرەستەكانی كتێبخانە لە هەرێمی بادن ڤوتمبێرگ.

پڕۆژەیەكی پاراستنی دەستنووسەکان
ئێستا ئەم شارەزاییە دەگمەنە بۆتە هۆی هۆكارێكی زۆر بەهێز بۆ رێكخراو كە بیر لە دامەزراندنی وەرشەیەكی گەورە بكاتەوە بۆ شرۆڤەكردن‌و پاككردنەوەو چاككردنەوەو ئەشیفكردنی دەستنووسە مێژووییەكان تا سەرجەم ئەكادیمی‌و خوێندكاری زانكۆكان‌و توێژەر و مێژووناسان سوود لەو سەرچاوانە وەرگرن بۆ لێكوڵینەوەو گەیشتن بە شارستانییە مێژوویەكان لە ناوچەكەدا.
ئێستاش رێكخراو لەسەرەتای جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی پاراستنی دەستنووسە كە لەلایەن یەكێك لە هەرە دەزگا بەناوبانگەكانی ئەڵمانیاوە كۆمەك دەكرێت. پڕۆژەكە لەمانگی ئاداری ٢٠١٩دا جێ بەجێ دەكرێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پڕۆژەی دووسایدی رێگای (كەلار – دەربەندیخان) دەستپێدەكات

یادگار عەلی سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، دەڵێت: «بە هەوڵی قوباد تاڵەبانی ...